viber_image_2021-12-21_02-39-17-002.jpg

وتاری واساوا شیمبۆرسكا لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبڵی ١٩٩٦

 

شاعیر و جیهان

وتاری واساوا شیمبۆرسكا لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبڵی ١٩٩٦

 

وەرگێڕانی: تارا شێخ عوسمان

 

هەمیشە دەوترێت یەكەمین ڕستە لە هەر وتارێكدا ئەستەمترینە، كەواتە ئێستا ئەوە لە دوامەوەیە، بەڵام من هەست دەكەم ڕستەكانی دواتر، سێیەم، شەشەم، دەیەم و تا كۆتایی بە هەمان شێوە ئەستەمن، چونكە دەبێت قسە لەسەر شیعر بكەم، زۆر بەكەمیی قسەم لەسەر ئەو بابەتە كردووە، بە نزیكیی هیچ، بەڵام هەركات شتێكم وتبێت ترسێك ناخی داگیر كردووم بەوەی من هەرگیز باش نەبووم لەوەدا، لەبەر ئەوە قسەكانم درێژ ناكەمەوە، ئەگەری كەموكورتی كەمتر دەبێت گەر بە ڕێژەی كەم پێشكەش بكرێت.

ئەمڕۆ شاعیران بە گومان و بێ متمانەن، ڕەنگە بەر لە هەموو شت و كەسێك، بەرامبەر خۆیان، ئەمەش لەبەر ئەوەی تا دەتوانن خۆیان وەك شاعیر ناناسێنن، وەك ئەوەی شەرم بكەن ئاماژە بەوە بدەن، بەڵام لەم سەردەمە پڕ ژاوەژاو و جەنجاڵییەدا ددان پێدانانی خەوشەكانتان لانی كەم گەر بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش و داپۆشراو بێت ئاسانترە لە زانینی باشە و چاكەكان، چونكە ئەوە لە ناخدا شاردراوەتەوە و هەستی پێ ناكەین. كاتێك شاعیران زانیارییەك پڕ دەكەنەوە یان قسە لەگەڵ بێگانە دەكەن، بە مانایەكی تر، كاتێك ناتوانن دەستبەرداری پیشەكەیان بن، زاراوەیەكی گشتی بەكاردێنن (نووسەر) یان وشەی (شاعیر) دەگۆڕێت بۆ نازناوی هەر پیشەیەك كە جگە لە نووسین پێوەی سەرقاڵن.

بیرۆكراتەكان و سەرنشینی پاسەكان بە جۆرێك لە بێ متمانەیی و ترسێكەوە مامەڵە لەگەڵ شاعیردا دەكەن، وا هەست دەكەم فەیلەسوفەكانیش ڕێكەوتی هەڵویستی هاوشێوە دەكەن، سەرەڕای ئەوە ئەوان دۆخیان باشترە لە دۆخی شاعیران، چونكە ئەوان زۆر جار دەتوانن پەیامەكەیان بە نازناوێكی زانستیی بڕازێننەوە، مامۆستای فەلسەفە، ئێستا ئەو نازناوە زۆرتر ڕێزلێگیراوە. هیچ مامۆستایەك نییە تایبەتمەند بێت بە شیعر، ئەگەر شتێكی وا هەبێت، ئەوا لە كۆتاییدا شیعر پیشەیەكە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند و تاقیكردنەوەی ڕێكخراو و بابەتی تیۆری و سەرچاوە و پەراوێز هەیە، دواتریش بڕوانامەیەكی دەرچوون كە لەنێو ئاهەنگ و ڕێوڕەسمێكدا پێشكەش بكرێت، ئەمەش لای خۆیەوە مانای ئەوەیە، ئەوە بەس نییە مرۆڤ لاپەڕەكان پڕ بكاتەوە، تەنانەت بە جوانترین قەسیدەش بێت بۆ ئەوەی ببێتە شاعیر، چونكە توخمی یەكلاكەرەوە لەو پارچە كاغەزەدا مۆرێكی ڕەسمییە.

با پێكەوە شانازیی شیعری ڕوسی (جۆزیف پرۆدسكی) و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بێنینەوە یادی خۆمان، جارێك حوكمی دوورخستنەوەی ناوخۆیی لە وڵاتەكەیدا بەسەردا سەپێنرا، لەبەر ئەوەی تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵ كە (مشەخۆر)ە، چونكە بڕوانامەیەكی ڕەسمی نەبوو مافی ئەوەی بداتێ كە شاعیر بێت. بەر لە چەند ساڵێك بە خۆشحاڵییەوە شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا كە چاوم بە پرۆدسكی بكەوێت، ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام ئەوەبوو بە پێچەوانەی هەموو ئەو شاعیرانەی ناسیومن تەنها كەس بوو كە چێژی لەوە بینی خۆی وەك شاعیر بناسێنێت و وشەكە بەبێ هیچ شەرمێك گۆ بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە وشەكەی زۆر ئازادانە گۆكرد كە جۆرێك لە قێزهاتنەوەی لە مەترسی دەخستە ڕوو، پێم وابێت هۆكاری ئەوە بیركەوتنەوەی ئەو هەموو ڕیسواییە بوو كە لە گەنجێتیدا چەشتبووی.

لە وڵاتە خۆشبەختەكاندا كە لە یەكەمین بۆنەدا كەرامەتی مرۆڤەكان ڕوبەڕووی دوژمنكاریی نابێتەوە، شاعیرەكان پەرۆشن بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمە شیعرییەكانیان و قەسیدەكانیان بخوێنرێتەوە و خەڵك تێیان بگات، شتێكی كەم دەنووسن، یان هیچ نانووسن بۆ ئەوەی جیاواز بن لە خەڵكە گشتییەكە و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. زۆر دوور نییە، لە دەیەكانی یەكەمی سەدەی بیستەمدا، شاعیرەكان هەوڵیان دەدا و دەیانویست بە جلوبەرگ و ڕووكەشە زۆر لە خۆكردووەكانیان و هەڵسوكەوتیان تووشی هێدمەمان بكەن، بەڵام ئەوە نمایشێكی ئاشكرا بوو بۆ جەماوەر، لەگەڵ ئەوەدا ساتێك هەبوو كە تێیدا شاعیرەكان دەرگایان لەسەر خۆیان دادەخست و جلوبەرگە سەیروسەمەرەكانیان لە خۆیان دادەماڵی و بێدەنگ و ئارام چاوەڕوانی خودە ڕاستەقینەكەی خۆیان دەكرد- لاپەڕەیەكی سپی خامۆش- چونكە لە كۆتاییدا ئەوە بوو حسابی بۆ دەكرا.

ڕێكەوت نییە فیلمی ژیاننامەی زۆر دەربارەی چەندین زانا و هونەرمەندی گەورە بەرهەم هێنراوە، دەرهێنەرانی خاوەن خەونی گەورە هەوڵ دەدەن بۆ دووبارەكردنەوەی باوەڕپێهێنەری كارە داهێنەرەكان كە بوونەتە هۆی دۆزینەوەی زانستیی گرنگ یان دەركەوتنی كاری هونەری ناوازە، ڕەنگە مرۆڤ سەركەوتوو بێت لە وێنەگرتنی چەندین بابەتی دیاریكراوی هەوڵی زانستی، تاقیگە و ئامرازی جۆراوجۆرو ئامێری ورد كە ژیانی بەبەردا دەكرێت، ئەو جۆرە دیمەنانەش بۆ ماوەیەك كاریگەریی لەسەر جەماوەر دادەنێن، بەڵام ئەو ساتانەی گومان -ئایا ئەو تاقیكردنەوەیەی كە هەزاران جار دووبارە كراونەتەوە لەگەڵ هەندێك چاكسازیدا دەگاتە ئەنجامی داواكراو- ڕەنگە زۆر سەرنجڕاكێش بێت، ڕەنگە ئەو فیلمانەی باس لە نیگاركێشێك دەكەن، كاریگەرییەكی بینراوی گەورەیان هەبێت، لەو كاتەی هەموو نیگاركێشانەكە دەبینرێت، هەر لە سكێچەوە تا كۆتایی كە بەكارهێنانی دوا مووی فڵچەیەكە. هەروەها موزیك لەو فیلمانەدا كۆدەبێتەوە كە باس لە ژیانی موزیسیانێك دەكات كە ئاوازەكانی سەرەتا پارچە مۆزیكێكی پێ دەست پێ دەكات كە لە گوێی مۆزیسیانەكەدا دەنگدانەوەی هەیە تا كۆتایی كە دەبێتە كارێكی پێگەیشتوو لە شێوەی سیمفۆنیادا.

ئەمانە هەمووی شتێكی تەواو ساویلكانەن و ئەو حاڵەتە هزرییە سەیرە ڕوون ناكاتەوە كە لای خەڵك بە (ئیلهام) ناسراوە، بەڵام لانی كەم شتێك هەیە كە گوێی لێ بگیرێت و سەیری بكرێت.

لە هەموو ئەوانەدا شاعیرەكان خراپترینن، هەموو كارەكەیان وێنەیەكی پەسەندنەكراوە و هیچ سوودی نییە، یەكێك دەبینرێت لە پشت مێزێكەوە دانیشتووە یان لەسەر قەنەفەیەك ڕاكشاوە و بێ جووڵە سەیری دیوارەكە یان ساپیتەكە دەكات، ئەو كەسە ناوبەناو حەوت دێڕ دەنووسێت و دوای (١٥) خولەك دێڕێكیان دەكوژێنێتەوە و پاشان سەعاتێك تێدەپەڕێت و هیچ ناكات.... كەواتە كێ بەرگەی سەیركردنی ئەو دیمەنانە دەگرێت؟

باسی ئیلهامم كرد، شاعیرانی هاوچەرخ كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێ دەكرێت، جۆرێك وەڵام دەدەنەوە كە دوو مانا لە خۆدەگرێت، ئەگەریش بە ڕاستی هەبێت، شتەكە ئەوەنییە كە هەرگیز ئەو پاڵنەرە پێویستەی ناخیان تاقی نەكردووەتەوە، بەڵكو ئاسان نییە شتێك بۆ كەسێكی تر ڕاڤە بكەن كە خودی خۆیان تێیناگەن.

كاتێك لە بۆنەیەكدا پرسیاری ئەوە لە من دەكەن، بە مەبەست ئەو پرسیارە بە دیوارێك گەمارۆ دەدەم، بەڵام وەڵامەكەم بەم شێوەیەیە، ئیلهام شتێكی تایبەت نییە بە شاعیران و هونەرمەندان بەگشتی، چونكە هەمیشە لە ڕابردوو و ئێستاشدا گروپێكی دیاریكراوی خەڵك هەن، ئیلهامیان بۆ دێت، ئەو گروپەش بریتین لەوانەی بە هۆشیارییەوە پەیامەكەیان هەڵبژاردووە و ئەركەكەی خۆیان بە خۆشەویستی و خەیاڵدانەوە ڕادەپەڕێنن، ئەو گروپەش پزیشك و مامۆستا و باخەوان لەخۆدەگرێت و دەشتوانم سەدان پیشەی تریش بڵێم كە كاری ئەوانە سەركێشییەكی بەردەوامە و گەر بتوانن هەموو جارێك ئاڵنگارییەكی تێدا بدۆزنەوە، سەرەڕای لەمپەر و نەهامەتی و دۆڕاندنەكان پەرۆشی و كونجكۆڵییان كەم ناكات، لە هەموو پرسێكی چارەسەركراودا كۆمەڵێك پرسیاری نوێیان لا دەوروژێت، ئیلهام هەرچییەك بێت لە بەردەوام وتنی (نازانم)ەوە لەدایك دەبێت. بەڵام نمونەی ئەو كەسانە كەمینەیەكی ناو زۆرینەی دانیشتوانی سەر زەوین كە هەوڵ دەدەن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، كار دەكەن، چونكە دەبێت ئەوە بكەن. ئەوان ئەو كارانەیان هەڵنەبژاردووە لەبەر خۆشەویستی و پەرۆشییان بۆ ئەو كارانە، بەڵكو دۆخی ژیانیان بۆی هەڵبژاردوون، كارێك بەدەرە لە خۆشەویستی، بێزاركەرە، كارێك بە تەنها لەبەر ئەوەی گرنگە، چونكە كەسانی تر دەستیان نەكەوتووە، هەر چۆنێك بێت لە خۆشەویستی بەدەرەو پڕە لە بێزاری، ئەمەش خراپترین و دڵڕەقانەترین چەرمەسەری مرۆییە. هیچ ئاماژەیەكیش نییە پێشبینی ئەوە بكات كە سەدەكانی داهاتوو هیچ گۆڕانكارییەكی بەرەو باشتر تێدابێت.

لەبەر ئەوە دەتوانم بڵیم لە ڕاستیدا سەرەڕای ئەوەی نكوڵی لەوە دەكەم كە شاعیران (ئیلهام)یان قۆرغ كردبێت، بەڵام هێشتا لەنێو ئەو گروپە دەستەبژێرە ئەسیرییەیان دادەنێم لە لای خواوەندی بەختباشی و دەتوانن گومان لای گوێگر دروست بكەن.

لەم خاڵەدا و سەرەڕای ئەوەی گومانێك لای گوێگرانی ئامادە بوو دروست دەبێت، بەڵام هەموو جەلاد و دیكتاتۆر و نەریتپارێزان و توندڕەو و جەماوەری چاپلوس و ئانارشیستەكان، ئەوانەی دەیانەوێت بە دروشمی باقوبریق بگەنە دەسەڵات، ئەوانیش هەست بە چێژ دەكەن لە كاتی ڕاپەڕاندنی كارەكانیان و كارەكانیان بە چەشەی داهێنەرێكەوە دەكەن، بەڵێ، بەڵام دەزانن، ئەوەی دەشیزانن بەسیانە بۆ یەكجار، بۆ هەتا هەتایە و لەوەش زیاتریان ناوێت، چونكە ڕەنگە ئەو زانینە هێزی پاساوەكانیان لاواز بكات.

هەموو زانینێكیش بۆ خۆی پرسیاری نوێ دروست ناكات، بە خێرایی دەمرێت و گەرمیی گونجاو بۆ مانەوە بە زیندوویی لەدەست دەدات، بەڵكو لە ئەوپەڕی حاڵەتەكانی تووندڕەویدا حاڵەتێك كە باش و ناسراوە و لە مێژووی كۆن و هاوچەرخەوە وەرگیراوە، دەكرێت هەڕەشەیەكی بكوژ بۆ كۆمەڵەكان بخاتە ڕوو. لەبەر ئەوە دەمبینن زۆر بەها دادەنێم بۆ ئەو وشەیە (نازانم)، دەستەواژەیەكی بچوكە، بەڵام دوو باڵی بە هێزی هەیە، ژیانمان بۆ بەرفراوان دەكەن كە لە ناخماندا پەنهانە بە پانتاییەك كە زەوییە بچوكەکەمانی پێوە هەڵواسراوە.

ئەگەر ئیسحاق نیوتن بە خۆی نەوتایە (نازانم) ڕەنگ بوو سێوەكان لە باخەكەیدا بە بەرچاویەوە وەك كلوە بەفر دابارینایە و لە باشترین حاڵەتدا دانەویبایە و بە چێژەوە یەكێكیانی بخواردایە، ئەگەر (ماری سكلۆدۆڤسكا- كۆری)ی هاووڵاتیم نەیوتایە (نازانم) ڕەنگە مامۆستای بابەتی كیمیا بووایە لە ئامادەییەكی كچانی خێزانە خانەدانەكان و ڕۆژەكانی ژیانی بە پیشەیەكی شایستەوە تێپەڕاندایە، بەڵام بەردەوام دەیوت (نازانم)، ئەم وشەیەش نەك جارێك، بەڵكو دوو جار گەیاندییە ستۆكهۆڵم، ئەو شوێنەی هەندێك جار خەڵاتی نۆبڵی تێدا دەبەخشرێتە مرۆڤە ڕۆح نیگەران و پرسیاركەرەكان.

ئەركی شاعیرانە، ئەوانەی لەو كانزا ڕەسەنەن، هەمیشە وشەی نازانم دووبارە بكەنەوە، هەموو قەسیدەیەكیش هەوڵێكە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو قسەیە، بەڵام شاعیر هەر كە دەگاتە ڕستەی كۆتایی لە لاپەڕەكەدا، دوودڵ دەبێت، تێدەگات ئەو وەڵامە بەتەواوی تەنها بەڕێكردنێكی ناتەواوە و هەرگیز سودی نییە، بەم شێوەیە شاعیران بەردەوام دەبن و زوو یان درەنگ مێژوونووسانی ئەدەبی ئەم دەرەنجامە یەك لەدوایەكانەی هەستی ناڕازیبوونی شاعیران كۆدەكەنەوە و بە گیرەیەكی گەورە پێكەوەی دەبەستن و ناوی دەنێن (كۆبەرهەم).

زۆر جار خەونی بارودۆخ گەلێك دامدەگرێت كە شیاوی هاتنەدی نین، بۆ نمونە، بوێری دەكەم و خەیاڵ دەكەمەوە كە بوارم بۆ ڕەخساوە و قسە لەگەڵ نووسەری سفری جامعە لە سەردەمی كۆندا (مەبەست لێی سلێمانی كوڕی داود پێغەمبەرە ئەو كتێبەی نووسیوە و بۆ ئەوەی هەر كەس گوێی لێ بوو بە ڕێگەی گوناه و تاواندا نەڕوات و یارمەتی هەموو تاوانكار و گومڕایەكیش بدات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕیگەی ڕاست و تێدا باسی لە بێهودەیی ژیان كردووە، بۆیە پێشی دەوترێت جامعە یان بە نووسەری كتێبەكە دەوترێت جامعە، چونكە وشەی جامع بە زمانی عەرەبی واتە كۆكەرەوە و سلێمانیش گەلەكەی كۆدەكردەوە بە مەبەستی قسەكردن لەگەڵیان و ئامۆژگاریكردنیان- و.ک) ئەو نووسینە وەك لاوانەوەیەكی كاریگەرە دەربارەی بێهودەیی كارەكانی مرۆڤ، لەبەردەمیدا بە بەوپەڕی خاكەڕاییەوە دەچەمێمەوە، چونكە لانی كەم بە لای منەوە مەزنترین شاعیرە و پاشان دەستی دەگرم و لێی دەپرسم: (هیچ شتیكی نوێ لەژێر خۆردا نییە) تۆ وات وتووە (جامعە)، بەڵام خودی خۆت بە نوێیی لەژێر خۆردا لەدایك بوویت. ئەو قەسیدەیەش كە تۆ نووسیوتە مادەم هیچ كەسێك نییە پێش تۆ نووسیبێتی ئەویش نوێیە لەژێر خۆردا. هەروەها لەبەر ئەوەی ئەوانەی پێش تۆ بوون و نەیانتوانیوە ئەو قەسیدەیەت بخوێننەوە، كەواتە خوێنەرەكانیشت نوێن لەژێر خۆردا، ئەو درەختی سەرووەی تۆ لە ژێریدا دانیشتووی لە بەرەبەیانی مێژووەوە نەبووە، بەڵكو ئەویش نوێیە لەژێر خۆردا و لە درەختێكی سەرووی هاوشێوەی ئەوەی تۆوە دروست بووە. بەم پێیە دەمەوێت لێت بپرسم: ئێستا بەنیازی چ شتێكی نوێ بنووسیت لەژێر خۆردا؟ ئایا پاشكۆی ئەو بیرۆكانەیە كە پێشتر خستووتەڕوو؟ یان ڕەنگە ئێستا شتێك فریوت بدات و پێچەوانەی ئەو شتانە بكەیت كە نووسیوتە؟

لە قەسیدەكەی پێشووتدا باسی (شادی)ت كردووە، چۆنە ئەگەر ئەوە شایەنی لەناوچوون بێت؟ كەواتە ڕەنگە قەسیدە نوێیەكەت كە لە ژێر خۆردا دەینووسیت دەربارەی شادی بێت؟ بڵێی هێشتا تێبینییەكانت نووسیبێت، ئایا ڕەشنووسەكانت دەپارێزیت؟

لە ڕاستیدا من گومان دەكەم لەوەی بڵێیت "هەموو شتێكم نووسیوە و هیچم نییە زیادی كەم" هیچ شاعیرێك نییە لە جیهاندا بتوانێت وا بڵێت، لانی كەم شاعیرێكی مەزنی وەكو تۆ.

جیهان -هەرچۆنێك بیری لێ بكەینەوە، لە گەورەیی و بەرفراوانییەكەی دەترسین، لە لاوازیمان بەرامبەری، خەم لە بێباكییەكەی دەخۆین- بەتایبەت بەرامبەر ئازاری تاكەكان و مرۆڤەكان و ئاژەڵ و تەنانەت هەسارەكانیش، بۆ هێندە متمانەمان هەیە كە هەسارەكان هەست بە ئازار ناكەن، چەندە بڕوامان بە مەودا فراوانەكانیان هەیە كە تیشكی ئەستێرەكانیان دەیانبڕێت، ئەو ئەستێرانەی كە هێندە نابێت دۆزراونەتەوە كە هەسارە بە دەوریاندا دەسوڕێتەوە، ئایا هەر بەڕاست هەسارەكان پێشتر مردوون؟ ئایا هێشتا مردوون؟ ئێمە نازانین، هەرچەندیش بیر لەو شانۆ مەودا فراوانە بكەینەوە كە ناتوانرێت مەوداكانی پێوانە بكرێت و بلیتمان بۆ بڕیوە، بەڵام بلیتەكان كاتێكی دیاریكراوی كورتیان هەیە كە مایەی پێكەنینە و مەحكومە بە دوو وادە كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی دانراوە، هەرچەندە بیر لەم جیهانە بكەینەوە سەرسوڕهێنەرە، بەڵام (سەرسوڕهێنەر) وشەیەكە داوێكی لۆژیكی دەشارێتەوە، چونكە ئێمە هەموو ئەو شتانە سەرساممان دەكەن كە دوور دەكەونەوە لەوەی نەریتێكی باو، یان ددانپێدانراون و دوورن لەو واقیعەی كە لەسەری ڕاهاتووین، بەڵام ئەو جۆرە جیهانە هەرگیز بوونی نییە، سەرسامبوونمان شتێكی سەربەخۆیە و لە هیچ بەراوردكارییەك لەگەڵ هیچ شتێك سەرچاوەی نەگرتووە.

لە ڕاستیدا ئێمە لە قسەكردنی ڕۆژانەماندا ناوەستین، بۆ ئەوەی سەیری هەموو وشەیەك بكەین، چونكە هەموومان دەستەواژەكانی (جیهان ئاساییە) و (ژیان ئاساییە) و (ڕێڕەوی ڕووداوەكان ئاساییە) بەكار دێنین، بەڵام لە زمانی شیعردا، كاتێك هەموو وشەیەك كێشی خۆی دەبێت، هیچ شتێك ئاسایی و سروشتی نییە، نە هیچ بەردێك ئاساییە و نە ئەو هەورەش كە بەسەر سەریەوەیەتی ئاساییە، نە تەنها ڕۆژێك هەیە، نە تەنها شەوێكی دوای ئەو ڕۆژە، بەر لە هەموو ئەوانەش بوونێكی تاك و تەنها نییە، كەواتە هیچ زیندەوەرێك لە جیهاندا بوونی نییە، پێدەچێت هەمیشە شاعیران ئەو كارەیان هەبێت كە بۆیان ئامادە كراوە.

 

* محاضرات نوبل.. ١٩٨٦- ٢٠٠٥، ترحمة: عبد الاله الملاح، دار النشر العبيكان، المملكة العربية السعودية، الطبعة الاولى- ٢٠٠٩.


ئەم بابەتە 127 جار خوێندراوەتەوە