viber_image_2021-12-22_01-49-21-906.jpg

دووژن لەژنێکدا

 

شەماڵ بارەوانی


شاکارێکی تری مرۆڤە بوێر و ژنە بەهێزو داهێنەرو یاخییەکەیە،خاتوو نەوال سەعداوی ژنە پزیشک و بنووس و بوێژی بەتواناو ناوداری کۆچکردووی بەڕەگەز میسریە،
«دووژن لەژنێکدا»
ڕۆمانێکی قەبارە مام ناوەندەو لە١٤١ لاپەڕە پێک هاتووەویەکەم چاپی لەساڵی١٩٧١بڵاوبووەوە.
نووسین و بەرهەمەکانی نەوال سەعداوی زۆربەی بەدەوری بابەتەکانی کۆمەڵیی پیاو سالاری و مافەکانی ژن و ناخۆشی و ئازارو ئازادییەکانی ژن دا دەخولێنەوەو دەتوانین هەر یەک لەبەرهەمەکانی ناو بنێین خەباتنامەی ژن، یاخوت نەهامەتی نامەی ئافرەت،
ئەو ڕۆمانەیش یەکێکیترە لەو خەبات نامەو نەهامەتی نامانەی خاتونەوالی ژنە نووسەری نەمر،
«دووژن لەژنێکدا»
هێمایە بۆ ناکۆکی و ململانێی نێوان دووکەسایەتی دژو پێچەوانە لەجەستەی ژنێکدا، ژنێک لەنێو پارادۆکسەکانی دەروونی خۆی و جڤاتدا دەژیت، جڤاتێکی تاسەر
مۆخی یەسقان پاتریارکی، جڤاتێک ئازادییەکانی ژنی زەوتکردووە، دەرفەت نادات ژن بەپێی ئارەزوو و حەزە سرووشتییەکانی خۆی بژیت و مومارەسەی ئازادییەکانی خۆی بکات، جڤاتێکی بێ بەزەیی و داچۆڕاو لە ویژدان، جڤاتێک بەزۆر تێڕوانینە سەقەتە نێرسالارییەکانی خۆی بەسەر مێینەدا دەسەپێنێت و ژن ناچار دەکات بەپێی نەریتی باو و دۆگمای پیاوسالاری ڕفتاربکات،
«دووژن لەژنێکدا»
چیرۆکی ژنێکە دەیەوێ ئەو تێڕوانینە نامرۆڤانەیەی نێرسالاری تێبپەڕێنێت و ئازادییە زەوتکراوەکانی خۆی بەدەست بێنێتەوەو دووبارە بگەڕێتەوە سەر سرووشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ بوون و مێ بوونی خۆی و ببێتەوە بەخۆی سەربەخۆیی خۆی بەدەست بێنێتەوەو لەژێر هەژموون و قەڵەم ڕەوی حوکمی پیاو سالاری ڕزگاری بێت و جاڕی نیشتمانێک بدات بەناوی مرۆڤ سالاری و مەملەکەتێک ڕۆبنێ و بکات بەناوی مەملەکەتی یەکسانی جێندەری و ئیمپڕاتۆڕییەتێک ژن تێیدا باڵادەست بێ، بەناوی ئیمپڕاتۆڕییەتی ژن، بەهیه کچێکە ژیانی بە دنیایەک تابوو دەوردراوەو تەنانەت لەهەڵبژاردنی ئەو خواردن و پاروە نانەی دەیخاتە دەمیشیەوە ئازادی بۆی نییه و بەسەریدا فەرزکراوە لەخۆی دەپرسێت"بۆچی ئەو هەموو شتانەی ئەو خۆشی دەوێن تابوون؟ تەنانەت جۆرە خواردنانێکی بەسەردا دەسەپێنن کە ئەو حەزیان پێ ناکات، دایکی بەزۆر دەیخاتە دەمیەوە".بەهیە
لەتەمەنی١٨ساڵیدایەو لەخانەوادەیەکی مام ناوەندایە،کە لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسردا دەژین،بەهیه خۆندەکارە لەکۆلێژی پزیشکی،باوکی"محەمەدشاهین"بەڕێوەبەرە لە وەزارەتی تەندرووستی و دایکیشی ژنێکی ئاساییه، بەهیە کچێکە، وەڵێ ئەو کچێتی لێ زەوتکراوەو کەسانی تر تەحەکوم و یاری بەژیانییەوە دەکەن و پێی دەڵێن چی بکات و چی نەکات و چۆن بژیت و چی بخوێنێت و هاوسەرگیری لەگەڵ کێ ئەنجام بدات و لەپێناو چی بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، ژیانێک بەهیه تێیدا لەڕۆبۆتێک زێدەتر نییە، ئیرادەی خەفەو خۆزگەکانی تێدا زیندانی کراوە"ژیانی هەمووی هیچی لەدەستە خۆیدا نییە، هیچی بە ویستی خۆی بەڕێوەناچێت، دایکی ئەمی هێناوەتە بوون، و باوکی خستیە بەرخوێندنی پزیشکی و ناردی بۆ کۆلێژی پزیشکی، پورەکەی کەنەخۆشی سینگی هەیە دەیەوێ بەهیە لەو بوارەدا"نەخۆشییەکانی سینگ" لەپزیشکیەکەی پسپۆڕی پەیدا بکات، خاڵەکەی دەیەوێت ببێتە پزیشکێکی سەرکەوتوو و ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکەی کە دەرچووی بەشی بازرگانییه پێک بێنێت ، پارەو سامانێکی زۆر لەڕێگەی پزیشکی و بازرگانییەوە بخەنە سەر یەک و منداڵ بخەنەوەو ببن بە میراتگری سامانەکەیان،... هەموو یەکێک لەوان پێی دەگووت چی لێی دەوێت، بەڵام کەسیان نەیان پرسی ئاخو بەهیە چی دەوێت. لەڕاستیدا ئەو هیچ شتێک لەو شتانەی نەدەویست کە ئەوان دەیان ویست".
بەهیە هیچ هەست بەکچێتی بوونی خۆی و مرۆڤبوونی خۆی ناکات و دەستەوسانە لەبەردەم دیاری کردنی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیدا، "لێیان دەدام لەبەر ئەوەی کچێکی تر ناوی بەهیە بوو وەک من، بەڵام ئەو گوێ ڕایەڵ و بەئەدەب بوو!". بەڵام بەهیەکەی پاڵەوانی خاتو نەوال بەهیەیەکە دەیەوێ جیاواز بێت لەهەموو ئەو هەزاران بەهیەی تر و لەکەسیان نەچێت، بەهیەک بێت خۆی بێت و هیچیتر.
بەهییە جەنگێک بەرپادەکات لەدژی هەمووان، دژی خانەوادەی نەریتی، دژی کۆمەڵی باوکسالاری،بیرو باوەڕە تاریکەکان و داب و نەریتە کۆنەکان و ئایدیۆلۆژیان
 

باوەکان،تاوەکو بتوانێ دووبارە ناسنامەی ڕاستەقینەی مێ بوون و مرۆڤ بوونی خۆی ئاشکرا بکات و کەسایەتی خۆی وەک ژنێک و مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن ماف بدۆزێتەوە. ئەو دەچێتە قوڵایی ژێرزەمینی دەروونی خۆی و هەموو کونج و کەلەبەرێکی جەستەی و دەست دەکات بە گەڕان لە ناو هەموو ئەو تابوویانەی لەدەورو بەری ژیانیدا قووتکراونەتەوە تاوەک ئارەزووە ڕاستەقینەکانی ژن و مرۆڤ ئاشکرابکات و مەعریفەو زانیارییان لەبارەوە بەدەست بێنێت.
لەو کۆمەڵەی کۆمەڵێک نەریت و هێڵی ئێکسپایەر و کۆدی نامرۆڤانە یاری بەژیانی ژن و مرۆڤەکانەوە دەکەن و ئەقڵیەتی نێرسالاری لەو پەڕی دایەو هێز و باز و بڕیاردەر خێڵ و پیاو و نەریتە،
لەسایەی ئەو کۆمەڵە بتە دەستکردە خۆسەپێنەدا، کە جڵەوی فەرمان ڕەوایەتیەکی ناڕەوایانەی بەربەریانە و هۆڤانەیان گرتووەتە دەست، ناسنامەی ژن ون کراوەو پێشمەرجەکانی ژیان سڕکراوەو بەهاکانی مرۆڤ ژێر پێ خراون،
بچوکترین دەرفەتی ژیان و ئازادی هەڵبژاردن و مافی بڕیاردانیان لەبەردەم ژن وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەو هێز و ماف و کەڕامەت و ڕێز نەهێشتووەتەوەو دەستیان بەسەر تەواوی ژیانی ژندا گرتووەو کردوویانە به بارمتەیەکی بێ دەسەڵاتی ژێر قامچی ئەمرو نەهیەکانی خۆیان و چۆنیان بوێت وا لەگەڵی دەجوڵێنەوەو بڕیاری بەسەردا دەسەپێنن. بەبێ ئەوەی ئەو بوونەوەرە بەستەزمانە هیچ مافێکی هەبێت سەرەتاترین بەرگری لەخۆی بکات!
بەهیەشاهین
کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، ژنێکە لەدژی کۆمەڵی پیاوسالاری یاخی دەبێت، نایەوێ لەکەس بچێت جگە لەخۆی نەبێت. دەیەوێ دووبارە ژن بوون و مرۆڤ بوونەکەی بۆ بگەڕێتەوه.
ناخوازێت چیتر داب و نەریت و قامچی دەستی پیاو یاری بەژیانی ژنەوە بکەن و بڕیار لەسەر چارەنووس و حەزەکانی بدەن و هێڵ لەبەردەم ئازادییەکانی بکێشن و کۆمەڵێک بت لەبەردەم کەسایەتیدا قووت بکەنەوەو سنوور بۆ خواستەکانی دابنێن و بەبڤەوتابووکان ژیانی بکەن بە دۆزەخ،
بەهیە ژنێکە ئیدی قبوڵ ناکات ئەو وەک مەڕێک لەناو مێگەڵێکی دەستەمۆکراو لێبخوڕدرێت و پیاو شوان و سەردار و لێ خوڕی بێت و چۆنی ویست ئاوا ئاراستەی لەوەڕی بکات و کەی ویستی بەگۆچانەکەی دەستی لێی بدات و کەی ویستی ئالیکی وێ بدات و کەیش ویستی سەری ببڕێت،
نەخێر بەهیه ئیدی ڕازی نابێت، هیچ کەسێک وەک مرۆڤێکی ناتەواو مەڕێکی نێو مێگەڵ لێی بڕوانێت، بەهیە ژنێکە دەیەوێ کۆمەڵ لەخەرەندی نێرسالاری بێتەدەرو بەرەو تڕۆپکی مرۆڤ بوون و لوتکەی یەکسانی جێندەری هەنگاو بنێت، چیتر دەست بەرداری نەریتی خێڵ و ئەقڵیەتی نێرگەرێتی بێت، چاوەکانی بە ڕووی دنیای مۆدێڕنێتەو شارستانییەت و ئەقڵانییەتدا بکاتەوەو لەو گۆشەگیرییە دواکەوتووییە و لە قاوغە تەقلیدی و تونێڵی کۆنە پەرستیە پاتریارکیە بەربەرییە بێتە دەرو تێکەڵ بە پڕێنسیپەکانی تازەگەرێتی و ئاوێتەی یاساکانی فێمێنیزیم بوون بێت،


بەهیە خەبات دەکات تاوەک ژن بگات بە ئازادییەکانی، ئەو دەخوازێت چیتر کەس ژن نەچەوسێنێتەوەو لەمرۆڤ بوونی نەدات و کەرامەتی ژێر پێ و خواستەکانی پێشێل نەکات،
چیتر لەکۆمەڵ لەتێڕوانینێکی ئینسانی ئەبستکڕات و ڕووت و بەچاوی یەکسانی لەهەردوو ڕەگەز بڕواندرێت، پیاو نەکرێت بە ئاغاو کەڵەگاو دوژمنی مافەکانی ژن، پەروەردەی تاک پەروەردەیەک بێت، هێزی خۆی لە بنەماکانی یەکسانی جێندەری وەرگرتبێت و مرۆڤ بوون سەرچاوەکەی بێت، نەک ئەقڵیەتی خێڵ و کۆدەکانی هزری نێرسالاری، کۆمەڵ کۆمەڵێکی یەکسانی خواز بێت، نەک کوشتەی دەستی نەخۆشی بیری جیاکاری ڕەگەزی، دەرفەتی کارو خوێندن و ژین بۆ کچ و کوڕ، واڵا بکرێت و هیچ جیاوازییەک لەگەڵ کچ و ڕەگەزی مێیینە پێڕەو نەکرێت و وەک مرۆڤێک و هاوشانی کوڕ و نێرینە لێی بڕواندرێت و هیچ ڕێگری و کۆسپ و بەربەستێک لەسەر ڕێگەی هێز و لەبەردەم بەهرەو تواناکانی ژندا درووست نەکرێت،
خاتوو نەوال لەڕێگەی کارەکتەری
بەهیەی پاڵەوان ڕەخنەی کۆمەڵی باوک سالاری و نێرسالاری دەکات و لە پارادۆکس و دژبەرەکانی نێو ئەو کۆمەڵەیە دەدوێت،
 
بەهیە هەر لەمنداڵیەوە دەست بەسەر کەسایەتی و هەموو جۆڵەیەکی ژیانیدا دەگیرێت و جیهانی منداڵی دەشێوێندرێت، ڕێگری لە بەختەوەری و چێژ و خۆشییەکانی ژیانی زارۆکینی دەکرێت، دایکی دەرفەتی نادات لە یاریکردن و بازدان قەدەخەی دەکات، بەپاساوی نەوەک پەردەی کچێنی لەدەست بدات لەکاتی یاری بازداندا، بەهیە لەناو بەرداشی نەریتگەرایی و نێرگەرێتیدا ژیانی چەشنی گرتوخانەیەک لێدێت، ئەو نێرسالاری و نەریتگەراییەی وەک تارمایی و کابووسێکی ترسناک ژیانی بەهیە قوت دەدەن،
«دووژن لە ژنێکدا»
چیڕۆکی هەموو ژنێکی چەوساوەی کۆمەڵی نێرسالارییە،
کۆمەڵێک ژیان لەسەر جیاوازی ڕەگەزی و چینایەتی ڕەگی داکوتاوەو ژن و مێینە لەسەرەتاترین مافە سرووشتیەکانی بێ بەش کراوەو ژیانی ژن بە کۆمەڵێک ئازار و دنیایەک نەهامەتی و ڕستێک تراژیدیا دەور دراوە،
کۆمەڵێک پیاو ناخوازێت ژن بخوێنێت و هۆشیار بێتەوە، ئاخر هۆشیار بوونەەوەو بێداربوونەوەی ژن، یەکسانە بەهەڵوەشانەوەی ئۆتۆریتەی پیاوسالاری و ڕووخانی سیستەمی فاشیانەی جیاکاری ڕەگەزی و لەناو چوونی دەسەڵاتی نێر،
بۆیە ئەو پیاوانەی تێڕوانین و دیدەنیگای باوک سالارانەیان بەسەردا زاڵە، ڕقیان لەچەمکی یەکسانییەو ئازادی ئافرەت و مافی مێینە بە بۆمبێکی مەترسیناک بۆ سەر قەڵەم ڕەوی خۆیان دەبینن و ناچارن بۆ پارێزگاری کردن لە هێزی نەریتیانەو نێرسالارانەو خێڵەکیانەی خۆیان، یەکسانی جێندەری و فێمێنیزم بوون بە بەڕەڵایی و بێ ئابڕۆیی پێناسەبکەن و دژی بوەستنەوەو بەردەوام هەوڵی بە دەعباکردن و ناشیرین کردنی بدەن و وەک دێوەزمەیەکی پیاوخۆر و نەریت خۆر و خێڵ خۆر بە کۆمەڵی بناسێنن!
بەڵام بەهیەکان هەرگیز گوێ بەو تۆمەتە بێ بنەماو قسە پڕو پوچانە نادەن و بەردەوام دەبن لەڕۆیشتن لەسەر ڕێباز و ڕێڕەوی فێمێنیستانەی خۆیان و هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ و وەستانەوە لەدژی قامچی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکەی سیستەمی نێرسالاری و پاشەکشێ ناکەن لە داواکردنی یەکسانی و چەسپانی مافەکانی ژن و بەدەست هێنانەوەی ئازادییەکانی.
« دووژن لەژنێکدا»
پێمان دەڵێ ژن لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییە نێرسالارییەکاندا
لەململانێ و ناکۆکییەکی سەختی دەروونی قوڵدا دەژیت، ململانێیەک لەگەڵ ئەو کەسایەتییەی خۆی دەیەوێت، کەسایەتییەک ئازاد بێت لەهەموو کۆت و بەندەکانی نێرسالاری و کۆدەکانی کۆمەڵ،کەسایەتییەکی تریش،دەستەمۆکراو چەوسێندراو، کەسایەتییەکی ژێردەستەو ماف خوراو سەربەستی زەوتکراو بەش خرورا،
بەوچەشنە کەسایەتی ژن هەر لەمنداڵیەوە بەسەر ئەو دوو ئاڕاستە پێچەوانەو کەسایەتییە دژ بەرەدا دابەش دەبێت و بوونی دوو کەرت دەبێت، لەلایەک دەیەوێ یاخی بێت لە پێناو ئازادی و کەرامەت و مافەکانی و خۆی ئازاد بکات لە کۆدەکانی کۆمەڵی باوک سالاری، لەلایەکەیتریش خۆی ڕادەستی چارەنووس و چەوسانەوەو بێ هێزی و دۆڕان دەکات و سەری ژن بوونی خۆی شۆڕدەکاتەوە کۆشی و دەستەو سان و بێ جۆڵەو هەوڵ و یاخی بوون و شۆڕش و خەبات لێی دادەنیشێت، ئەو ناکۆکی و ململانێیەی ژن، ژیانی منداڵی، قوتابخانەو خوێندن، هاوسەرگیری لە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی بەردەوامی دەبێت و ژن دایمە لەناخی خۆیدا لەنێوان ئەو بەرداشی یاخی بوون و تەسلیم بوونەدا ژیانی وێران دەبێت و کەسایەتی دەتلێتەوەو هەموو تەمەنی بەدەست ئازاری ململانێی ئەو دووکاسەیەتیەی ناخەوەی دەناڵێنێت و ئازار دەچێژێت، کەسایەتییەکی بوێرو یاخی ،کەسایەتیەک دایمە دنەی دەدات بۆ دەنگ هەڵبڕین و نەڕازی بوون و یاخی بوون، کەسایەتییەکەی تریشی کەسایەتییەکی ترسنۆک و بێ دەسەڵات و دۆڕاو شکست خواردوو، بەردەوام تۆی وسوەسەی کۆیلێتی و دەستەمۆیی لەدەروونیدا دەچێنێت و ئاوازی خۆڕادەستکردن بەقەدەرو بەرەنگاری نەکردن بە گوێچکەکانی دا دەچرپێنێت و پێی دەڵێت چیتداوە لە یەکسانی و ئازادی ژن، بەوە سوپاس گوزارو ڕازی بە پیاو پاروەنانێک و قومێک ئاوت بۆ دابین بکات و پێڵاو دەستەجڵێکت بۆ بکڕێت و چێشتخانەیەکی ڕێک و پێکت بۆ درووست کات و تۆیش ئاقڵ و بێ دەنگ و سەلامەت هەر خەریکی چێشتخانەبەو چێشتی خۆش لێ بنێ و وەچە بۆ مێردەکەت بخەوەو ئارەزوە سێکسیەکانی تێربکە، ژیانت لەنێوان چواردیواری زیندانی ماڵەوەدا بخوڵێنەوە، ئێ چیترت دەوێ خانم گیان لەوە زیاتر مەگەر بەترانی و بەڕەڵایی!
«بەهیە شاهین لە کەسایەتییە ڕاستەقینەکەی دەترسا،
بەهیە شاهین، لەو مرۆڤەی لەناوەوەی دەهات و دەچوو،ئەو ئەهریمەنەی بەهەموو توانایەوە سەیری شتەکانی دەکرد... ئەو مرۆڤەی بەرەو پێشەوە دەچوو، بەرەو پێشەوە بەتەنها... بەڵام بەهیە شاهین تووشی دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی دەبوو، دەوەستا لەنیوەی ڕێگا، لەکۆتاییەکەی دەترسا،کۆتایی لەتێڕوانینی ئەودا کۆتایی بوو... کۆتایی ئەو خاڵەی کۆتایی بۆشایی ئاسمان بوو ، نەشتێکیتر لەپێشەوەی هەبوو نەهیچیتر لەدواوە، ئەوە لوتکەی سەختی بوو، کۆتاییەکەی لەناو چوون بوو، لەنیوەی ڕێگا دەوەستا، دەیزانی ئەو وەستاوە، بەڵام ئەو پارێزراوە لەو خاڵی ناوەڕاستەدا، خاڵی ناوەڕاست لە پەتێکی توند یەکسانە بە هێزێکی توند، و خاڵی سفر، هێزەکەی یەکسانە بە هیچ و بەرگریکردن و بەرەنگارییەکەیشی یەکسانە بە هیچ. ئەوە خاڵی وەستانێکی تەواو پارێزگارییەکی تەواوە هیچ شتێک نابێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی، بەواتایەکی تر ئەوە خاڵی مردنە.»
خاتوو نەوال پێمان دەڵێ وەستان لە جوڵەو خەبات و خوڵانەوەی ژن لەناو بازنەیەکی داخرا. ڕازی بوون بەو چارەنووسە دەستکردە نێرسالارییەی بەدەوری ژیانی دا وەک پەرژینێک چندراوە یەکسانە بەمردن، جوڵە ماکی ژیانە، ئازادی خوێن و خۆڕاگری و هیلاکی و هەنگاو شەو نخوونی و قوربانی دەوێت، ئەی ژن نەکەی تووشی ترس و نائومێدی بیت، هەرگیز بەیداخی خۆ ڕاستدەکردن بەرزنەکەیتەوەو جاڕی دۆڕان نەدەیت، بڕۆ و بڕۆ بۆ کەشکەڵان و بۆشایی ئاسمان، لەڕیۆشتن نەکەویت، ئامان وەستان یەکسانە بە لەناو چون و فەنابوون، جوڵە بکە، کۆڵنەدە، بەوە ڕازی مەبە پیاو بۆی دیاری کردووی و وەک منەتێکیش پێت دەفرۆشێتەوە، تۆ زۆر لەوە زیاتر مافت هەیە، یاخی بەو بوێری بنوێنەو خۆت بسەلمێنەو هەرگیزاو هەگیز سازش لەئازادییەکانت نەکەیت و نەوەستیت، تا دەگەیت بە ئامان
 

جەڕەواکان و مافە زەوتکراوەکانت. "بەهیە هەستی بەوە نەدەکرد بەو وەستانەی ئەو لەناو دەمی مەرگدایه، بێ گومان ئەو دەمرێت و هیچ ئەملاو ئەولایەکی تیانییە، ئەقڵی دەستەوسان بوو لەبەرامبەر بینین و تێگەیشتن لەو ڕاستیە،
زۆر بەسادەیی وای هەست دەکرد کە ئەو بەوەستانی لەو شوێنەو نیوەی ڕێگادا ڕزگاری دەبێت لە مەترسیەکان. بە بێ جووڵەیی دوور دەکەوێتەوە لە ناوچەی ژیانی ترسناک، ئەقڵی پەی بەوە نەدەبرد کە ئەو لەناو دڵی مەترسیەکەدایە، هەر جوڵەو بزاڤێک جوڵەو بزاڤە بەرەو ڕزگار بوون ، بەرەو ئاڕاستەی ژیان، بەڵام ئەو نەیدەزانی چۆن خۆی ڕزگار بکات، و بۆچی خۆی ڕزگاربکات، بەواتایەکیتر نەدەیزانی ئامانج لە ژیانی ئەودا چییە.".
نەوال بەهەموو ژنانی جڤاتە نێرسالارییەکان دەڵێت
مەترسن، نەوەستن،کۆڵنەدەن، شۆڕش بکەن، لەبێ جوڵەییدا ژیانتان بۆگەن دەکات و بوونتان لەمەترسیدایە، هەوڵدەن و بخەبتن و تێبکوشن و تا خۆتان ڕزگار دەکەن لە بەندیخانەی جڤاتی پیاو سالاری،
کەسایەتییە پاسیف و نەرێنی و نێگەتیڤەکەی ناخەوەتان بکوژن و ببن بەلایان گری ئەو کەسایەتییەی تری دەروونتان، کە بانگتان دەکات بۆ کۆشین و یاخی بوون و بزاف و بەدەنگەوە چوونی هاواری بزووتنەوەی فێمێنزم و دەستگرتن بە چەمکی یەکسانی جێندەری،
ترسانتان لە ئەژدەهای نێرسالاری و کەڵبەی نەریتەکان و دێوەزمەی مینتەڵێنتی خێڵگەرێتی و پاشەکشێتان لەگۆڕەپانی خەبات، یەکسانەی بە مەرگی حەتمی خۆتان، بوێری بدەنە بەرخۆتان و گوێ بۆ دەنگی کەسایەتییە یەکسانی خوازەکەی ناخەوەتان ڕادێرن و شوێن درووشمەکانی بکەون و خواستەکانی جێ بەجێ بکەن و چی پێ گوتن وابکەن.
ئەو کات کەسایەتییە نێرسالارخواز و لاوازو ترسنۆکەکەی ناختان لەبەرامبەرکەسایەتییە بەهێز و بوێر و یەکسانی خوازەکە چۆک دادەدات و شکست دێنێت و خۆ ڕادەستی واقیع دەکات و سەری خۆڕادەستکردن شۆڕ دەکات و کپ و بێدەنگ دەبێت و لەئاکام دا وەک بەفری بەرخۆرەتاو ناتوانێت خۆی لەبەردەم تیشکی گەرمی ڕۆناکی خۆر بگرێت و دەرەنجام دەتوێتەوەو دەمرێت،
چیڕۆکی ژیانی بەهیه شاهین.
بەرجەستەکەری بەسەرهاتی ژیانی هەموو ژنێکی کۆمەڵە، ژنێکی بوێر و یاخی،ژنێک کە لە هەموو کۆت و بەندێکی کۆمەڵی باوکسالاری و نەریتی نێرسالاریدا یاخی دەبێت،
«دووژن لەژنێکدا»
پێمان دەڵێت هەموو کچێک لەناخەوەیدا ڕۆحیەتێکی بەهیانەی تێدایە، وەڵێ بۆدەربڕین و بەرجەستەکردنی هەوڵ و خەبات و دەرفەت و حیکمەت و بوێری دەوێت،
بوێرییەک ئیتر هەموو بەهییەکان پڕ بەدەنگ هاوار بکەن مێینەکانی جیهان یەکبگرن، هەستنەوە لەخەوی چەوسانەوەو بێ ئاگایی و چیتر قبوڵ نەکەن پیاوە تێڕوانینە باوک سالارەکان دەست بەسەر ژنبوون و ژیانتاندا بگرن و ئازادییەکانتان پێشێڵ بکەن و ژن بوونتان بکوژن،دەی دەست بدەنە چەکی زانست و چرای ئەقڵانییەت و بەهاکانی مۆدێڕنیتە، هەنگاو بنێن بەرەو تێکشکاندنی بتەکانی کۆمەلی نێرسالاری و کۆت و بەندەکان گڕ تێبەردەن.


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە