viber_image_2021-12-28_01-51-43-267.jpg

کوڕە بەنگلادیشییەکە

 

کورتە چیڕۆک

رەسوڵ بەختیار


بەسەرسامی سەیری دیمەنەکانی دەوروبەری دەکرد، لەگەڵ ئەوەی جیاوازییەکی ئەوتۆی نەدەدۆزییەوە، کە جیاوابێ لەو وڵات و شارەی لێیهاتووە، تەنیا جیاوازیش ئەوەبوو، لە نیشتمانەکەیدا کار نییە، گویی لەهەر کەسێک رادەگرت بەزمانێک قسە دەکات، کەچی جیایی نەدەکردەوە، کامە زمان کوردییە، گۆیی لەوشە ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و فارسی دەبوو، لەگەڵ ئەو پێویستی بەهیج لەزمانەکان نەبوو، چونکە ئەو کۆمپانیایەی کاری بۆ دۆزیبۆوە جادەی باتای پێسپاردبوو بۆ خاوێنکردنەوە، بەڵام حەزی دەکرد، لەگەڵ خەڵکی شارەکە پەیوەندی ببەستێ و برادەر هاوڕێ پەیدا بکات...لەسەر شەقامەکە بەتاسەوە سەیری کچەکانی دەکرد، هەندێجاریش تەلەفۆنەکەی دەردەهێنا و لەرێگەی شۆسیالمیدیاوە قسەی لەگەڵ دەزگیرانەکەی دەکرد، بەزمانی بەنگالی وەسفی جادە و بان و کچ و پیاو و نەریت و چێشتخانەکانی دەکرد، لەچاوان و جوولەی دیار بوو، وەک شتێکی ئاسایی باسی لێوەدەکات، جارناجاریش باسی لەپارە و دەوڵەمەندی خەڵکی ئەم دەڤەرەی دەکرد.....چەند رۆژێک لەدوورەوە دەمبینی، بڕێکجار فرمێسک لەچاوانی دەهاتەخوار، هەندێکجاریش بزە و خەندە لەسەر لێوانی بوو، کەجی لەپڕێکدا لەجادەی باتا بەدەرنەدەکەوت، ماوەیەکی زۆری پێچوو نەمدەبینی، بەرێککەوت رۆژێک هاوڕێکم تەلەفۆنی بۆ کردم، باسی لەوەکرد، ئەو کوڕە بەنگلادیشیە لەباڕێکدا کار دەکات و باڕمانەو لەکارەکەی زۆر زیندووە و هەردەم داواکاری نێو باڕەکە جێبەجێ دەکات....رۆژێک بۆ بینینەوەی چوومە ئەو باڕە و خۆم لێی نزیک کردەوە و گوتم:لەمێژە کاری پاککردنەوەی ئەو جادەیە ناکەی؟ ئەو وەک ئەوەی وەکخۆم بمناسێ، کەس بەکاری خاوێنکردنەوە دەوڵەمەند نابێ، کەسم لەئێوە نەدی ئەو کارە بکات، منیش وەک ئێوە دەمەوێ لە 10 و 11ی پێش نیوەڕۆ لەخەو هەڵسم،..
لەوێدا بۆم دەرکەوت لەگەڵ کچە بیانی و عەرەبەکان دەستی تێکەڵکردووە، رێبوارانی ئەو باڕە، کاتێک دەیانویست قسە لەگەڵ کچە بیانییەکان بکات، دەبوایە لەرێگەی ئەو کوڕە بەنگلادیشییەوە بێ.
لەدوورەوە جار نا جارێک سەیرێکی دەکردم، وەک ئەوەی بڵێ تەنیا بەوجۆرە دەوڵەمەند دەبم.......
چەند ساڵێکی پێچوو، رۆژێک زۆر بەپۆشتەیی بینیم، یەکسەر منی ناسییەوە، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەم گوتی: زۆربەی ئەو شتانەی لەمنداڵییەوە پێیگۆشکرابووین، درۆ دەرچوو، ئێستا من لەشارەکەمدا لەبەنگلادیش یەکێکم لەدەوڵەمەندەکان و زۆر خزمەتی هەژار و نەدارانیش دەکەم.....
هیچ قسەیەکم نەکرد، بەڵام ئەو لەقسەکردن بەردەوامبوو: من تا ئێستا لەئێوە نەگەیشتووم، نازانم وەسفتان بکەم، بڵێم کەسی باوەڕدارن یان گومڕا، ئێوە زۆرجاران رقتان لەهەموو شتێکە، لەپێش هەموو شتێکیش رقتان لەنیشتمانەکەی خۆتانە.


ئەم بابەتە 210 جار خوێندراوەتەوە