viber_image_2021-10-14_02-57-33-141.jpg

سۆراغ و شین نەبوونەوه

 

دونیا تاریک نەبووبوو هێشتا
ڕامکرد و لەسەر شەختەبەندەکان ڕاوەستام هەتا پەیکەرم ببێت بە ئاو،
بەنێو سەهۆڵاندا تاریکایی دەبوون بە هەزار پارچەوە،
ئەوەی خۆشبەختە منم، کە تەنها تاریکییەک بووم و دادەچۆڕام،
سکێچێکی ناتەواو ناوی منی بەرز ڕاگرت،
نەمتوانی حاشای لێبکەم، چونکە لەگەڵ دڵۆپەکاندا دادەکەوتم.
دڵم پڕ پڕ بوو لە سەهۆڵ،
خوێنساردی زەمەنیش ئیتر دەرەقەتی ئەو گڕە نەدەهات کە بووبوو بە من.

نە جارێک، نە دوو، بۆ دەیەها کەڕەت؛
ددانم لە تەلبەندی ڕۆژگار گیربوو و خوێنم تا دەهات خەستتر دەبووەوە.
نە جارێک و نە… هەروەک سەرەتا؛
وەک پەڕۆیەکی خوێناوی بە تەنافی ڕۆژگارەوە گیرسامەوە،
ئەوەندە تەنها بووم، ئەوەندە تەنافەکان لە چۆڵەوانییدا هەڵواسرابوون؛
بە خولیای گەردەلوول و تۆفانێکەوە مردم تا دەنگم بگەیەنێت…
هەنووکە ئەوەی تێمدایە بە قسە دەرنایەت،
گەر بێتە دەرەوەش؛
هیچکەس لەم زمانە نوێیەم ناگات کە وشە دەخواتەوە.

هەموو شتێک لە دەرەوەیە،
ئێستا ئاوازی ئەم ژیانە نوێیەم لێ بزربووە کە بە تەنها  دەمتوانی خۆم بیژەنم،
هەموو شتێک لە ناتەواویدا هۆکاری هەیە،
چونکە سەرسامە،
منیش تەنها لە خەمخۆریمە بەم سەرمایە؛
بۆ هەر ئەسەفێک دەگەڕێم کە ناوی منی لەسەر نوسراوە،
تا بیسڕمەوە.

ئینجا هاوڕێم،
شێتانە بەنێو قوڵاییدا ڕۆچووم،
«شێتییەک کە قوڵایی نەبوو.»
تا بگەم بە لم،
تا خاک و شارستانییەت بدۆزمەوە،
ئینجا هاوڕێم،
ئەڤینم هەڵبژارد و لەکوێ دەمزانی گۆرانی نازانم و
لەکوێ دەمزانی دوا وێستگەی ئەم تروسکەیە؛ شەڕە؟

«ئاه دیسانەوە وەک کارەسات بەردەوامم،
ئەمەیە ڕەنجانی من و دونیا.»
ئەی ئاو ئەگەر دەمتوانی نەختێک بەستەڵەک بم،
هەرگیز خۆم لەچارەی تاریکیدا نەدەنووسی،
هەرگیز باوەشێنی ئەو میزاجەم نەدەکرد؛
لەو دەمانەی وەک دیلێک بەسەر خوێنی مەیوی برینەوە،
خۆشحاڵ و نەخۆش بووم و ڕامدەبوارد.

***

ئیتر حیکمەتی هاتنم لەبیر دەکەم،
دەزانم ئەم بەرەبەیانە چەقۆیەکە و دەبزوێ،
دێت تا شینم دەکات بە دوو لەتەوە،
دێت تا نەخۆشییەکەم بە حەقیقەت بناسێنێت،
هاوڕێم،
من کێم ماوە؟
بۆ کوێ بڕۆم تا حیکمەتی لەناچوونم بدۆزمەوە؟


ئەم بابەتە 387 جار خوێندراوەتەوە