viber_image_2022-01-01_03-47-14-762.jpg

بەفرەکەی دواین ڕۆژی ساڵ

 

چیرۆک

هێمن مەحمود


لەشەوەکانی پێشوترەوە بەفر دەباری، وەکچۆن سوپایەکی داگیرکەر شارەکە داگیربکات، ئاوەها بەفر تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی شارەکەی داگیرکردبوو، لەناوەڕاستی شارەکەدا زیاتر ئۆردوی بەستبوو. ناوەڕاستی شارەکەش وێستگەی شەمەندەفەرەکەبوو.
بەبیری نایەت هیچ کۆتایی ساڵێک ئەوەندە بەفر باریبێت..ئەوە نزیکەی دە ساڵبوو ئەو لەم شارەدا، لەناوەڕاستی ئەوروپادا دەژیا بەفر بارینێکی وای نەبینیبوو کەوا چەند شەو لەسەر یەک ئاوەها بەفر ببارێت و نەهێڵێت ئاسمان هەناسەیەک بدات، لەدڵەوە هەستی بە خۆشی و ئارامییەکی زۆر کردبوو. وتبوی سەری ساڵ یانی بەفر، یانی سپی بوونی دونیا و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و داخستنی دەفتەرێکی ڕەشداهەڵگەڕاوی سێ سەدو شەست و پێنج لاپەڕەیی کۆنی تەمەن کە ئیدی جێگای هیچی تیادا نەدەبوویەوە.
هەمیشە بە هاتنی ساڵێکی نوێ دڵی خۆشبوو، لەدڵی خۆیدا هەزاران خەون و خەیاڵی نوێی دادەنا، پلانی نوێی بۆ ژیان هەبوو، بەهیواوە دەژیا و بیری لە تێپەڕینی ڕۆژەکانی زوو نەدەکردەوە(بەتایبەت لەو دە ساڵەی کە هاتبووە ئەوروپا) و بۆ ئایندە دەژیا...ئایندەی ئەو کەی بوو..؟ خۆشی ئەوەی نەدەزانی.
بەڵێنی بەهاوڕێیەکی دابوو ئێوارەی کۆتایی ساڵ خۆی بگەینێتە لای و پێکەوە بە دەم سڕینەوەی خەم و خەفەتەوە ئەو شەوە مێژووییە بەسەر بەرن و بۆ هەمیشە ساڵی ڕابوردوویان بیربێچتەوە.هاوڕێکەی چوار سەد کیلۆمەترێک لەئەمەوە دووربوو، دەبوو لە دوو وێستگەی شەمەندەفەری جیاوە خۆی بگەیەنێتەلای، لە وێستگەکەی شارەکەی خۆیەوە بۆ شارێکی ترو لەو شارەشەوە بۆ شاری هاوڕێیەکەی.
بەفر هێشتا دەباری.جانتاکەی پێچایەوە و لە شوقەکەی هاتە خوار و بەپێ تا وێستگەی شەمەندەفەرەکە هات، تکتێکی بڕی و لە شوێنی چاوەڕوانییەکەدا دانیشت تا شەمەندەفەرەکەی دەگات. هێشتا چارەکێک کاتی بە دەستەوە مابوو. هەستا..لەبەردەمی دەرگای سەرەکی وێستگەکەدا کە زوو زوو ڕێبوارەکان دەیانکردەوە و دایاندەخست و هەواکە کلوە بەفری پەڕاگەندەی دەهێنایە ژوور، تەماشای هاتنە خوارەوەی بەفرەکەی دەکرد.
ڕۆژێکی زۆر دووری بیرکەوتەوە، ڕۆژێکی بەفربارین کە حەوشەکەیان بەفر داگیرکردبوو، وتبویان گۆشتی چۆلەکە خۆشە، ئەمیش وەک مناڵێکی حەوت هەشت ساڵە ویستبوی بزانێت وایە یان نا تەپکەی نابویەوە و چۆلەکەی گرتبوو، بەڵام بیری نەمابوو چۆلەکەکەی خواردبوو یان بەرەڵای کردبوو. بەفر هێشتا دەباری.
لە دەنگی هاتنی شەمەندەفەرەکە بە ئاگاهات. بەپەلە خۆی گەیاندە ناوی و بۆ ئەوەی سەیری دەرەوە بکات شوێنێکی لەتەنیشت پەنجەرەکە گرت. شەمەندەفەر کەوتە ڕێ و سنگی بەفرەکەی هەڵدڕی.
بەبیری دێت ساڵانی زوو، ئەوکاتانەی ئەم مناڵبووە و دونیا جۆرێکی تربووە کاتێک بەفر دەباری وەک هاتنی خێر و خۆشی تەماشاکراوە و خەڵکی گەڕەک و شار سوکە ئاهەنگێکیان بۆ ئەنجامداوە. ئاهەنگێک بەبێ گۆرانی، بەڵام بە دڵخۆشی و شادی و پێکەنین و شەڕە بەفر و گۆڕینەوەی خواردنی دراوسێکان دەستیپێکردووە، ئەوەشی هێندەی تر ئاهەنگەکەی خۆشترکردووە ئەوەبووە ئەم بەفرە ساڵی جارێک یان دووجار بەمیوانی هاتووە. تەماشاشی دەکرد لێرە بەفر کەس دڵخۆشناکات و هەموان سەریان بەسەر مۆبایلەکانیاندا شۆڕکردۆتەوە و تەماشای بارینی ناکەن بەتایبەت موسافیرەکانی ناو ئەم شەمەندەفەرە.
بەفر هێشتا دەباری و تەواوی دونیای دەرەوەی سپی کردبوو.ئەم هێشتا لەشەمەندەفەرەکەدا بەدەم تەماشاکردنی دیمەنی دەرەوە و بارینی بەفرەوە خەیاڵی دەکرد و کەمە کەمە پێدەکەنی.
گەیشتنە وێستگەی یەکەم، دەبوو شەمەندەفەرەکەی بگۆڕێت، تەنها دە دەقیقەی بەدەستەوە بوو. ڕۆیشتە دوکانێکەوە تا شتێکی گەرم بخوات و هەندێکیش ئارامی بداتە دەروونی. عەسرێکی درەنگبوو.
چەند خولەکێکی کەمی پێچوو، بە کافێیەکەوە هاتە دەر، لای کردەوە بە لای ڕاستدا تا تەماشای کاتی هاتنی شەمەندەفەرەکە بکات، کتوپڕ چاوی ڕۆیشتە سەر ژن و پیاوێک، باوەڕی نەکرد. کوپەکەی لە دەست کەوتە خوار. خۆی بوو.
هێشتا باوەڕی بە چاوەکانی نەدەکرد، زۆرتر ڕۆیشتە پێشەوە و چەند هەنگاوێکی کەمی مابوو پێیان بگات..گوێی لێ بوو بە کوردی قسە دەکەن. پیاوەکە پشتی لەمبوو، ژنەکەش بەرامبەری وەستابوو، وەک ئەوەی خەیاڵی ڕۆیشتبێت تەماشای شوێنێکی دوورتری دەکرد.
ئێوارە باشی لێکردن و پیاوەکە لای کردەوە، ژنەکەش چاوی بڕییە ناوچاوی و پێی سەیربوو بەم درەنگوەختە ئەم کوردە لەم وێستگەیەدا چی دەکات. وەڵامیان دایەوە و خۆشحاڵی بە ڕوخسارییانەوە دیاربوو.
سەرسامییەکی زۆر دایگرتبوو، لە دڵی خۆیدا وتی ئەگەر ئەمە خۆی بێت ئەی چۆن نایناسێت؟ بۆچی کاردانەوەی نەبوو؟ بۆچی سەیرکردنەکانی وەکجاران نەبوو؟.
دوو دڵبوو..خۆی پێناساندن، ئەوانیش خۆیانیان ناساند. ناوەکەی ئەو نەبوو.
زۆری بەلاوە سەیر بوو، ئاخۆ دەبێت خۆی بێت و ناوی گۆڕیبێت؟ ماقوڵ نیە نەیناسێتەوە؟ دەڵێن ئافرەت توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ شاردنەوەی هەستەکانیان..بیری نایەت ئەمەی لە کوێ خوێندبویەوە بەڵام بیری کەوتبووەوە. تۆ بڵێی ئەمیش هێندە بەهێزبێت هەستەکانی خۆی شاردبێتەوە.نا..نا..باوەڕی نەدەکرد..ئەو لەوانە نەبوو.
دەیناسی..لە زووەوە دەیناسی..ئەو کچەی بە دیار نامەیەکی ئەوەوە دەگریا، چاوەڕوانی دوو دێڕی ئەمبوو بۆی بنوسێت قابیلە ئێستا هێندە بەهێزبووبێت خۆی بکاتە نەناس.
دەستپێشخەری کرد و پرسیاری کرد خەڵکی کوێن..؟خەڵکی لای خۆیان نەبوو. هێشتا دڵنیا نەبوو. پرسی چەند ساڵە لێرەن..زۆر لەپێش ئەمەوە هاتبوون، کەواتە خۆی نەبوو.
ژنەکە وەک ئەوەی دڵی خەبەری دابێت..سەیرکردنەکانی گۆڕان..پڕبوون لە پرسیار و تێڕامان، وەک ئەوەی یادەوەرییەکی کۆنی خۆی بیرکەوتبێتەوە زوو زوو خەیاڵ دەیبردەوە، بەڵام ئەو نەبوو.خۆی نەبوو.
ئێستا ئیدی دڵنیابوو خۆی نەبوو، نە ئەو کچەبوو کە جاران خۆشیدەویست و بەڵێنی دابوو بیهێنێتە ئەوروپا کەچی دواتر وتبویان شویکردوە و ڕۆیشتووە بۆ شارێکی تر، هەندێکی تریش وتبوویان دەزگیرانداربووەو لەهاتنی بۆ ئەوروپا لە ئیجە خنکاوە، هەندێکی تریش وتبوویان خۆی خستۆتە ناو ئاوەکەی دوکانەوە و لاشەکەی نەدۆزراوەتەوە. هیچ ئاسەوارێکی نەمابوو.
بەلایەوە سەیربوو..ناکرێت خۆی نەبێت..هەمان زەردەخەنە و پێکەنین..هەمان رەنگی چاو و هەمان نیگ..هەمان لاکردنەوە و هەمان سەربادان..هەمان لوت و لێو و هەمان پانی دەموچاو. وتی هەر خۆیەتی..لە دڵی خۆیا وای وت. وتی ئێوە دەیناسن..؟ نەیانناسی..ژنەکە ڕەنگێکی هێناو برد، بەڵام نەیهێنایە سەر خۆی..وتی ئەو کچە چی تۆ بوو؟ وتی ناسراوێک..؟ نەناسێک..! هیچ..!
شەمەندەفەرەکەی هات..ژن و پیاوەکە بۆ شارێکی تر دەڕۆیشتن، هێشتا شەمەندەفەرەکەیان پێنج خولەکێکی مابوو بێت. ئەم داوای لێبوردنی کرد و وتی دەبێت من بڕۆم.ماڵئاوا.
کاتێک شەمەندەفەرەکە کەوتە ڕێ..ئەم لەپەنجەرەکەوە تەماشای دەکردن..بەفر هێشتا دەباری و ژن و پیاوەکەش پێدەکەنین..دەستێکی بۆ بەرزکردنەوە و بەدەم بارینی بەفرەوە ئاواتە خوازبوو بۆ جارێک لەجارەکان و لەیەکێک لە وێستگەکاندا بۆ جارێکی تر بەدەم بارینی بەفرەوە ڕووداوی وا دووبارە بێتەوە و پێ بنێتە ساڵێکی نوێترەوە.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە