viber_image_2022-01-01_03-28-58-712.jpg

ھەر كەس بیت تا ئێستا ئەم زانیاریانەت لەسەر ژیانی ماركیز نەزانیوە

 

گابرێل گارسييا ماركيز
و.ئارام ڕەشيد

يەكێك لە براكانى ماركيز: "ئێمە بە بيجامەوە دانيشتبووين قسەمان دەكرد، لەوبەرەوە سەرۆككۆمار چاوەڕوان بوو سڵاوێك لە گابۆ بكات."


ساڵى 2000 سيلڤانا پاتيرنۆسترۆ سەفەرى كرد بۆ چەند شوێنێكى تايبەتى ئەمەريكاى لاتين -برنكيا، كارتاخينا، بۆگۆتا، مەكسيكۆسيتى- بۆئەوەى لەگەڵ دۆست و ئاشنايانى گابرێل گارسييا ماركيز بۆ ئامادەكردنى ژياننامەيەكى زارەكيى ديمانە ساز بكات. ئۆتۆبيۆگرافى لە چيرۆكەكانى ماركيزدا ڕۆڵێكى بنەڕەتييان هەيە و سيلڤانا دەڵێت: "كونجكۆڵ بووم بزانم ئەو كەسانەى لە بەرهەمەكانى ئەودا دەركەوتوون و گابۆيان ناسيوە، چۆن بە يادى دەهێننەوە. ئەو خەڵكە لە گێڕانەوەى يادەوەرييەكانياندا فرە دەست و دڵ كراوە بوون. وا دەردەكەوت گشتيان چاويان بەو نووسەرە نۆبڵبردووە كەوتبێت و پاشنيوەڕۆيەك بەدەم چا خواردنەوەوە بەديار چيرۆكەكانيەوە دانيشتبن. لە برنكيا، لەگەڵ هاوسێكانى ماركيز لە ئاراكاتاكا (كە شارى بەناوبانگى ماكۆندۆى "سەد ساڵ تەنيايى" لەسەر ئەوێ نووسراوە) قسەم كرد؛ ئەو شارەى ماركيز تێيدا لە دايك بووە و ساڵيانى ساڵ لەگەڵ باپيرە و داپيرەيدا لەوێ ژياوە. هەروەها لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێيانى لە سوكرێ (ئەو شارەى كە چيرۆكى "ڕاپۆرتى مەرگێكى پێشوەخت ڕاگەيەندراو" تێيدا ڕووئەدات). ماركيز لە تەمەنى 13 ساڵدا ڕۆيشت بۆ ئەو شارە بۆئەوەى لەگەڵ دايك و باوكى بژى. پاشنوەڕۆى ڕۆژێك، رافاێل ئۆيڤا يەكێك لە ناسراوەكانى ماركيز، بە باوەشێك ڕۆژنامەى "ئێل هيرالدۆ"ەوە هات و گشتيانى بۆ نووسينى ئەم ژياننامە زارەكييە، بە من بەخشى. "ئێل هرالدۆ" ئەو ڕۆژنامەيە بوو كە گابۆ وەختێ لە برنكيا بوو، گۆشەيەكى تێيدا هەبوو. پاداشتەكەى لەم ڕۆژنامەيەدا هێندە كەم بوو، كە تەنيا لە عۆدەى بەكرێگرتنى ژوورێك دەهات لەناو قەحبەخانەيەك. هەر ئەم ڕۆژنامەيە دواترێك هەواڵى بەخشينى خەڵاتى نۆبڵى بە ماركيز، بڵاو كردەوە.
ئەوەى لێرەدا دەيخوێننەوە، بەشێكى بچووكە لە كتێبى "تەنيايى و كۆمپانيا" كە ژياننامەيەكى زارەكييە لەسەر ژيانى گابرێل گارسييا ماركيز.
ئێدواردۆ مارسلس داكۆنتێ، ڕەخنەگرى هونەرى لە ئاراكاتاكا: باپيرەى من لە ئيتالياوە ڕۆيشت بۆ ئاراكاتاكا و لەوێ دوكانێكى كردەوە، دوكانێك كە پتر مەكۆى خەڵكە خۆجێييەكە بوو. باپيرەم گرامافۆنێكى لەناو دوكانەكە دانا و لە حەوشەكەى ماڵەوەش فيلمى نمايش دەكرد. بە قيتار لە سانتا مارتاوە فيلميان بۆ دەنارد. باپيرەى ماركيزيش زۆربەى جار سەردانى ئەوێى دەكرد، قاوەيەكى دەخواردەوە و لەگەڵ ئەوانى تر قسەى دەكرد. هەندێجار نەوەكەيشى لەگەڵ خۆى دەهێنا. خەڵكى ئاراكاتاكا مۆم و چراى نەوتييان هەبوو. ئێمە لە تاريكييدا پێكەوە دادەنيشتين و هەردەم كەسێك هەبوو چيرۆكگەلى پڕ ڕاز و نهێنى و ترسناك و زەندەقبەر بگێڕێتەوە. وەختێ لەو تاريكييە تۆقێنەرە دەگەڕامەوە بۆئەوەى لەناو جێگەكەم بخەوم، لە ترساندا وەختەبوو جەڵتەى لێى دەدام. گابۆ ئەو چيرۆكانەى لەياد ما، ئەو چيرۆكانەى كە زۆربەى خەڵك لەياديان دەكرد. يادگەى گابۆ هێندەى فيلێك دەبێت. وەختێ كە منداڵ بوو و دەيانگوت جنۆكە لەناو مەركانەى ئاوەكان لانەيان كردووە، دەچووە سۆراغى مەركانەكان بۆئەوەى جنۆكەكان دەربهێنێت. پەرداخەكانى ئێمەى پڕ دەكرد لە ئاو تاكوو ئەم كورتەبنانە بەدەست بهێنێت. ئاوێكى فێنكى بەلەزەت. هيچ كات لە ژيانمدا ئيدى ئاوێكى وام نەخواردەوە. كەس نەيدەزانى ئاراكاتاكا لە كوێيە، ئەوە گابۆ بوو جێگەكەى لەسەر نەخشەى جيهان ئاشكرا كرد. گابۆ چارەنووسى ئەم شارەى گۆڕى. گەشتيارەكانى بۆ ئەم شارە ڕاكێشا. ڕێستورانت لەدواى ڕێيستورانت كرانەوە. ئابووريى شارى هەڵاوگێڕ كرد. ئەو گەشتيارانەى دەهاتن بۆ شار، دەڕۆيشتن بۆ ئەم ڕێستورانتانە و لەناو ئەم هۆتێلانەدا دەمانەوە. خانووەكەى گابۆ لەم شارەدا كراوە بە مۆزەخانە. چەند بەشێك لە خانووەكەيان نۆژەن كردووەتەوە، بەڵام بۆ نموونە وازيان لە مەتبەخەكە هێناوە هەروەكوو ئەو كاتە بمێنێتەوە كە گابۆ تێيدا دەژيا.
كارلمۆ مارتينێز، هاوڕێى منداڵيى ماركيز لە سوكرێ و باشترين هاوڕێى ئەو كوڕە گەنجەى كە كوشتنەكەى لە ڕۆمانى "ڕاپۆرتى مەرگێكى پێشوەخت ڕاگەيەندراو" كراوە بە چيرۆك: باوكى گابۆ كەسێك بوو بە خەياڵكردنەوەيەكى زۆرەوە. پێم وايە گابۆ بۆ خەياڵەكانى قەرزاربارى ئەوە. باوكى گابۆ بەدرێژايى ژيانى پێى وابوو براوەى يانسيب دەبێت.
رافاێل ئۆيڤا، يەكێك لە خزمە دوورەكانى ماركيز لە باوكەوە: باوكى گابۆ وايدەزانى منداڵەكەى بليمەتە، بەڵام كەس بڕواى نەدەكرد. ئەو پێى وابوو گابۆ دوو مێشكى هەيە. گابۆ وەختێ لە برنكيا دەژيا؛ زۆربەى جار دەهات بۆ سەردانى پوورەكانى، منيش لەوێ دەمبينى. كەسێكى سەير و سەمەرە بوو، سەر و شكڵيشى سەمەرە بوو: گۆرەوى لە پێ نەدەكرد، كراسى گيرفاندارى هاوينەى دەپۆشى. خەڵك پێيان دەگوت: كوڕە سواڵكەر. گابۆ بۆ هەر گوتارێك كە دەينووسى، تەنيا دوو پيزۆى وەردەگرت. بۆيە هەر لە عۆدەى كرێى ژوورەكەى دەهات. هەندێجار لە نهۆمى دووەم يان سێيەمى خانووەكەى ئەوبەرى شەقامەكە دادەنيشت، قەحبەخانەيەك بەرامبەرى بوو. لەوێوە دەيتوانى ژنەكان ببينێت كە خەريكى خزمەتكردنى مشتەرييەكانيان بوون، جاروباريش ژنێكى بەدبەخت پەنجەرەكەى دەكردەوە بۆئەوەى هەوايەك وەربگرێت و فێنكى ببێتەوە.
خوانچۆ خينتێ، خاوەن باڕ: هەندێك كەس دەهاتن بۆ ئاراكاتاكا و ناونيشانى ماكۆندۆ -شارى خەياڵى سەد ساڵ تەنيايى-يان دەپرسى.
ئێنريكە سكۆپيل، وێنەگر: زۆربەى كات ئێواران كۆدەبووينەوە و حسابمان دەكرد بزانين پارەمان چەند پێيە... گابۆ هەموو كات موفليس بوو. پاشان دەڕۆيشتين بۆ كتێبفرۆشيى مۆندۆ و باڕى تەنيشت كتێبفرۆشييەكە... گابۆ هەردەم دەستنووسى "سەد ساڵ تەنيايى" لە بن باڵيدا بوو... هەمووان لەگەڵ دەيانبينى دەيانگوت ديسانەوە ئەم پەڕەشووتەوانە هات. هەميشە لەناو باڕەكە لەگەڵ ئێمە بوو، بەڵام زۆر بە كەميى مەشروبى دەخواردەوە. گوێى بۆ قسە و بەسەرهاتەكانى ئێمە شل دەكرد و دواترێك دەينووسين. من لەو كاتەوەى "سەد ساڵ تەنيايى" چاپ بووە؛ نەمخوێندووەتەوە، بەڵام مليۆنێك جار خوێندوومەتەوە، چونكە گابۆ هەموو ڕۆژێك بەشێكى بۆ دەخوێندينەوە كە شەوەى پێشتر نووسيبووى. ئەگەر لەگەڵ لەشفرۆشێكى هەرزانباييدا سێكسى كردبا، دەيتوانى بەشێكى لەبارەوە بنووسێت.
رافاێل ئۆيڤا: گابۆ لەگەڵ شۆفێرى تاكسييەكان دەسووڕايەوە و شەيداى لەشفرۆشەكان بوو. بەناو گەڕەكە مەترسيدارەكاندا دەخوولايەوە و لەگەڵ ژنەكان دەيخواردەوە، لەبەر ئەوەى پارەى نەبوو دەستنووسەكانى بە بارمتە دادەنا.
ماريا لوييسيا ئيليۆ، فيلمسازى ئيسپانى "سەد ساڵ تەنيايى" پێشەكەشى ئەو كراوە: گابۆ وەختێ مێرسيدس (هاوسەرەكەى) بينى كيژۆڵەيەك بوو. وەختێ تەمەنى نزيكەى يانزە ساڵێك دەبوو گابۆ لە دەرمانخانەكەى باوكى بينى و گوتى: "كاتێك گەورە بووم، دەمەوێت هاوسەرگيرى لەگەڵ تۆ بكەم." كيژۆڵەكە كە گەورە بوو، گابۆ پێى گوت: "تۆ دەبێت هاوسەرگيرم لەگەڵ بكەيت، لەبەر ئەوەى ڕۆژێك من دەبم بە كەسێكى گرنگ و بەناوبانگ." وەك بڵێى هەر لە سەرەتاوە ئاگادارى هەموو شتێك بێت.
گيرمۆ ئانگۆلۆ، وێنەگر و هاوڕێى ماركيز لە پاريس: ڕۆژێكيان گابۆ پۆستكارتێكى پيرۆزبايى لە لايەن هاوڕێكانيەوە بەدەست گەيشت، كە وێنەى چڵە خورما و خۆرى تێدا بوو... گابۆ پۆستكارتەكەى بينى و گوتى: "خوێرى هيچوپوچانە؛ لەبريى ئەوەى پارەم بۆ بنێرن، قسەى قۆريان نووسيوە." پاشان پۆستكارتەكەى فڕێدا.
ئێنريكە سكۆپيل: ئەو كاتانە نەدەكرا لە ڕێگەى پۆستەوە پارە بنێريت. ئەلڤارۆ نەوەد دۆلارى نارد و منيش دە دۆلار... لەزگەى زەرفەكە باش نەبوو، ئەگەر كەمێك شێى بكردبايەوە، دەتتوانى زەرفەكە بكەيتەوە. سەرەنجام ئەلڤارۆ سەد دۆلارەكەى خستە ناو زەرفەكە.
گيرمۆ ئانگۆلۆ: دواى چەند ڕۆژێك پۆستێك گەيشتە دەستى گابۆ، لەسەرى نووسرابوو: "لەبەر ئەوەى زۆر كەريت، دڵنياين نەتزانيوە سەد دۆلارمان خستووەتە ناو نامەكەى پێشتر." گابۆ ڕايكردە دەرەوە، بۆ ئەو شوێنەى خۆڵ و خاشاكى هۆتێلەكەيان تێ دەكرد. بيرى لێ بكەنەوە، لەناو ئەو هەموو خاشاكە؛ دونيايەك كۆندۆم، دواجار پارەكەى دۆزييەوە. شەمە بوو و دۆزينەوەى شوێنێك كە بكرێت دۆلار بە نرخێكى نزم بە فرانك بگۆڕيتەوە فرە سەخت بوو. گابۆيش دەربەدەر بەدواى گۆڕينەوەى پارەكەوە بوو، چونكە زۆرى برسى بوو. هاوڕێيەك باسى ژنێكى كرد بە ناوى لا پوپا كە تازە لە ڕۆما گەڕابووەوە. گوتى: "بەدڵنياييەوە پارەى هەيە." گابۆ ڕۆيشت بۆ لاى ژنەكە. باش خۆى پێچابووەوە، چونكە زستان بوو. لا پوپا بە ڕووتى دەرگاكەى كردەوە. ژنێكى جوان نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەى جەستەيەكى جوانى هەبوو هەرچييەك بووايە خێرا خۆى ڕووت دەكردەوە. گابۆ دەيگوت: "ژنەكە دانيشت و قاچى نايە سەر قاچ و دەستيكرد بە قسەكردن دەربارەى كۆڵۆمبيا و ئەو كۆڵۆمبيايانەى كە دەيناسين." ئەوەى زۆر گابۆى بێتاقەت كردبوو ئەوە بوو ژنەكە بە جۆرێك ڕەفتارى كردبوو وەك ئەوەى ڕووت و قووت نەبێت. گابۆ سەبارەت بە كێشەكەى قسە لەگەڵ ژنەكە دەكات، ژنەكەش دەڕوات بۆلاى دۆڵابێك پارە بهێنێت. گابۆ دەزانێت ژنەكە دەيەوێت سێكسى لەگەڵ بكات، بەڵام تەنيا شتێك كە گابۆ دەيويست ئەوە بوو نان بخوات. لا پوپا خواردن بە گابۆ ئەدات، گابۆش لە تاو برسييەتى هێندە دەخوات تا چەند ڕۆژێكيش لە حەيبەت ئازارى مەعيدە لەناو جێگە دەكەوێت.
ئەلبێرتۆ سابالتا، مۆزيكژەن و گۆرانيبێژ: لە ڕۆژنامەدا خوێندمەوە گابۆ خەڵاتێكى سەد هەزار دۆلاريى بردووەتەوە و خەڵاتەكەى بەخشيوە بە زيندانييە سياسييەكان. ديسانەوە خەڵاتێكى دى بردەوە و ديسانەوە پارەكەى بەخشى بە زيندانيانێكى تر.
ماريا لوييسيا ئيليۆ: لە ميوانييەك، گابۆ هەموو چيرۆكەكەى بۆ گێڕامەوە. پێم گوت ئەگەر ئەم كتێبە بنووسيت وەكوو ئەوە وايە ئينجيلت نووسيبێت. گوتى بەدڵت بوو؟ گوتم زۆر شازە. گوتى باشە، كەوايە بۆ تۆ. پێم وايە بە ڕادەيەك مەعسومانە گوێم دەگرت، گابۆ لە دڵى خۆيدا گوتوويەتى با ئەم كتێبە پێشكەشى ئەم گەمژەيە بكەم. گابۆ ئەو كاتە هێشتا دەستى نەكردبوو بە نووسينى كتێبەكە. تەنيا سەرەقەڵەمى نووسيبوو. ئاگادار بووم، چونكە ئەو ژوورەى كە مێرسيدس دەيويست لەناو ماڵەكەيان بۆى دروست بكات بۆئەوەى بەدرێژايى ڕۆژ كارى تێدا بكات، هێشتا دروست نەكرابوو. ئەوان لە خانوويەكى بچووكدا دەژيان و مێرسيدس لەناو ژوورى دانيشتنەكەيان ديوارێكى تا سەقفەكە دروست كرد و دەرگايەكى تێ خست بۆئەوەى دەنگى دەرەوە نەچێتە ژوورەوە. گابۆ دەچووە ناو ئەم ژوورە و ڕۆژ تا شەو دەينووسى. گابۆ گوتبووى: "من ناچارم ساڵێك خۆم بێ سەروشوێن بكەم و كار نەكەم. بزانە چيت پێ دەكرێت بۆئەوەى خەرجيى گوزەران پەيدا بكەيت." ئەوە بوو مێرسيدس هەرچييەك لە توانايدا بوو كردى.
سانتياگۆ مۆتيس، شاعير و يەكێك لە هاوڕێ نزيكەكانى ماركيز: "پارەكان تەواو بوون و مێرسيدسيش بۆئەوەى گابۆ ئيزعاج نەكات مجەفيفە و عەسارەكەى بە بارمتە دانا.
گيرمۆ ئانگۆلۆ: گابۆ شتێكى هەيە كە لە كۆڵۆمبيا بوونى نييە: ديسپلين. پێش ئەوەى هاوسەرگيرى بكەم، ڕووداوێكى ناخۆشم بەسەرهات. ئەو شەوەى گيرۆدەى دوو ژن بووم. ئەمە ناخۆشترين و خراپترين ڕووداوە بەسەر پياوێك بێت. پێم وابوو گابۆ دەتوانێت كێشەكە چارەسەر بكات. ڕۆيشتم بۆ لايى و گوتى: "من دەبێت پێداچوونەوە بۆ بەشى سيانزەى كتێبەكەم بكەم." لێم پرسى بەڵێننامەيەكى هەيە كە دەبێت ئيلا و بيلا ئەو كارە بكات؟ لە وەڵامدا گوتى ئەو مۆڵەتى بۆ خۆى داناوە و بڕيارە تا كۆتايى شەو ئەو بەشە هەڵەبڕيى بكات. هيچ ڕێگايەكى تر نەبوو بۆ قايلكردنى.
ئێنريكە سكۆپيل: كاتێك خەريكبوو "كەس نييە نامە بۆ كۆڵۆنێڵ بنێرت"ى دەنووسى پرسيارنامەيەكى بۆ ناردم دوو هەزار پرسيار دەبوو، چونكە من هەموو ژيانم لەگەڵ كەڵەشێرى شەڕكەر گوزەراندووە.
ماريا لوييسا ئيليۆ:"زۆربەى جار پەيوەندى پێوە دەكردم دەيگوت: "دەمەوێت بەشێك لە كتێبەكەت بۆ بخوێنمەوە و بۆچوونى خۆتم پێ بڵێيت." يان دەيگوت: "دەمەوێت بزانم ژنەكان چۆن پۆشاك دەپۆشن. پێتوايە چ پۆشاكێكى تر دەپۆشن؟ پۆشاك دەبێت چ ڕەنگێك بێت؟" يان: "دەمەوێت ئەم وشەيە بەكاربهێنم، بەڵام نازانم واتاكەى چييە. پوورەكانى تۆ ئەم وشەيان بەكاردەهێنا؟ پوورەكانى من بەكاريان دەهێنا." زۆر شاز بوو.
ئێنريكە سكۆپيل: گابۆ "سەد ساڵ تەنيايى" نارد بۆ ئەرجەنتين، مەكسيك و ئيسپانيا و هەموويان كتێبەكەيان ڕەت كردەوە. ئيسپانى و مەكسيكييەكان گوتيان حەزيان لە چاپكردنى نييە. ئەرجەنتينييەكان گوتيان بەگشتيى واز لە نووسين بهێنێت و خۆى بە كارێكى ديكەوە سەرقاڵ بكات.
سانتياگۆ مۆتيس: گابۆ سەفەرى كرد بۆ ئەرجەنتين، لەبەرئەوەى داوەرى يەكێك لە فێستيڤاڵەكانى چيرۆكنووسين بوو. "سەد ساڵ تەنيايى" يەك هەفتە پێشتر بڵاو بووبووەوە. وەختێ هاتە ناو هۆڵەكە وەكوو نووسەرى "سەد ساڵ تەنيايى" ناسانديان. هەرچى لە هۆڵەكەدا بوون هەستانە سەر پێ و چەپڵەيان بۆ لێدا. ڕۆژ ڕۆژى ئەو بوو. ژيانى خەڵكى كۆڵۆمبيا بەستراوە بە كولتوورە زارەكييەكانەوە، ئەم كولتوورەش لە دەمى لەناوچووندا بوو. شارەكان ڕۆڵێكى سەرەكيان لەم كارەدا دەگێڕا. وەختێ كولتوورى گشتى كەوتە ژێر هەڕەشەوە -ئەوەى كە ئيدى كولتوورى زارەكى بە جددى وەرنەگيرێت- گابۆ هەر لەوێدا كارەكەى گرتە دەست. ئەم كولتوورەى وەكوو دەرزى بۆ ئەدەبيات كرد و دەستى كرد بە بڵندكردنى: ئەوەى كە باوك و دايكى، خێزانەكەى، هاوڕێكانى گرنگن. كولتوور پاپا و دايك و باوكى هونەرە. گابۆ ئەمەيە.
خۆزێ سالگار، ئيديتيۆرى ماركيز لە ڕۆژنامەى ئێل ئيسپيكتادۆر: كۆنتسێكى پۆڵەندى كاتژمێر پێنجى بەيانى لە ڕۆماوە پەيوەندى بە گابۆوە كرد لە پاريس و گوتى پاپا دەيەوێت چاوى پێى بكەوێت. گابۆ ڕۆيشت بۆ ڕۆما و چاكەتێكى لە يەكێك لە هاوڕێكانى بە ئەمانەت وەرگرت، كە زۆر تەنگ بوو بە بەرى. كاتى چاوپێكەوتنەكە پاپا سەراپا سپى بوو و گابۆش سەراپا ڕەش. گابۆ سەرنجى دەچێتە سەر مێزێكى ناو ژوورەكە و زەويە بريقەدەرەوەكە. شەو كە مێرسيدسى هاوسەرى گابۆ دەبينێت، پێيوايە گابۆ نائاسايى دەنوێنێت. دەپرسێت ديدارەكە چۆن بوو و بەسەرهاتەكە دەست پێدەكات. "نازانم... ڕاوەستە. مەسەلەى قۆپچەكە هاتە پێش. چاكەتەكەم تەنگ بوو، لە كاتى كڕنۆشبردن قۆپچەكە پچڕا. گوێم لە دەنگى بوو كە كەوتە ژێر مێزەكە. پاپا چەمايەوە بۆ ژێر مێزەكە و قۆپچەكەى هەڵگرتەوە و خستيەوە ناو دەستم." بەسەرهاتەكە درێژ و درێژتر بووەوە، لەگەڵ بەسەرهاتى كۆنتس ئاوێتە بوو و سەروكەللەى لە "سەد ساڵ تەنيايى-دا دەركەوت. ڕياليزمى جادويى ئەو مۆرە بوو كە پاش بەناوبانگبوونى كتێبەكە، لێى درا. گابۆ كارى بەسەر ئەم كارانەوە نەبوو. ئەو تەنيا خەمى يەك شتى بوو: ئەوەى كە چيرۆك بگێڕێتەوە. بەدواى پارەوە نەبوو، بەدواى خەڵاتەوە نەبوو. هۆكارى گابۆ بۆ نووسين تەنيا ئەوە بوو كە دۆستەكانى زياتر خۆشيان بوێت.
نيرۆ لۆپێز وێنەگر: بڕيار بوو لەگەڵ گابيتا بۆ وەرگرتنى خەڵاتى نۆبڵ بڕۆم بۆ سويد. پێيان گوتبووين كچانى سويديى شەيداى پياوانى ئەمەريكاى لاتينن. هەربۆيە هەموومان دەمانويست هەر كچێكمان دەست كەوت سوارى ببين. ڕۆژى سێيەم بينيمان هيچ لە گۆڕێ نييە. ڕۆيشتين بۆ باڕى ستريپ تيز. گاڵتەجاڕ بوو! سەماكەرەكان كۆمەڵێك ڕاهيبە بوون كە هەموو جەستەى خۆيان داپۆشيبوو و جاروبار تۆزێكى مەمكيان دەردەخست. فرە سارد بوو. وەختێ يەكێك لە هاوڕێكانمان ڕۆيشت بۆ ميزكردن. هاتەوە و گوتى: "كێشەيەكم هەيە دەبێت يارمەتيم بدەن. دەمەوێت ميز بكەم، بەڵام كێرم نادۆزمەوە." نەيدەزانى وەختێ بگەڕێتەوە وڵات، چۆن وەڵامى ئەو سێ ژنە بداتەوە كە پەيوەندى لەگەڵيان هەبوو. گوتم: "كوڕى باش بە نيازى چيت؟ بۆچى ڕۆيشتيتە دەرەوە لە كاتێكدا توالێتەكە لە نهۆمى خوارەوەيە؟ ئێ بەو هەموو بەفرەى كە باريوە لەناو ئەم بەستەڵەكەدا هەر دەبێت لە حەيبەت سەرما كێرى خۆت پێ نەدۆزرێتەوە."
ماريا لوييسا ئيليۆ: تا ئێستا لەگەڵ ماركيز ڕۆيشتوويتە دەرەوە؟ كچان كۆڵى لێ نادەن. سەرنجڕاكێش نييە. حاڵەتێكى وا بۆ ئۆكتاڤيۆ پاز ڕووى نەدا. من نەوەكوو جارێك، هەزاران جار لەگەڵ پاز ڕۆيشتوومەتە دەرەوە. تا ئێستا نەمبينيوە كەس ئێخەى بگرێت ياخود ماچى بكات يان لێى بپرسێت ئايا ئەو ئۆكتاڤيۆ پازە يان نا. حاڵەتى گارسييا ماركيز زۆر تايبەتە. كارێزماى ماركيز گەلێك گەورەيە.
ئێلسيۆ ئەلبێرتۆ، شاعيرى كوبايى: لەگەڵ گابۆ لە كارتاخنا بووين كە گوێمان لێبوو كەسێك بانگى دەكات. ئاوڕمان دايەوە و بينيمان كچێكى گەنجە دەست ڕادەوەشێنێت و دەيەوێت بڕۆين بۆ لاى. كاتێك ڕۆيشتين بۆ لايان، كچەكە دەستى گابۆى گرت و گوتى: "گابۆ تكايە يارمەتيم بدە. ئەم پياوە بڕوا بە قسەكانم ناكات. تكايە پێى دەڵێيت من عاشقى ئەوم."
خيمێ گارسييا ماركيز، يەكێك لە براكانى ماركيز: گابۆ وەختێ دێت بۆ كۆڵۆمبيا، ناهێڵن ئيسراحەت بكات. چەند ساڵێك پێش ئێستا، ئێمە بە بيجامەوە دانيشتبووين قسەمان دەكرد، لەوبەرەوە سەرۆككۆمار چاوەڕوان بوو سڵاوێك لە گابۆ بكات.
* سيلڤانا پاتيرنۆسترۆ (1962 باررانكيلا – كۆڵۆمبيا) ڕۆژنامەنووسێكى كۆڵۆمبياييە كە ژمارەيەكى زۆر بابەتى لەسەر ئەمەريكاى لاتين بە تايبەت كوبا و كۆڵۆمبيا نووسيوە. هەروەها خاوەن چەند كتێبێى چاپكراوە. سيلڤانا لە بوارى مافەكانى ژنان كار دەكات، بە تايبەتتر مەسەلەى ئەيدز. لەسەر بزووتنەوە شۆڕشگێرييەكان، ئەدەبيات، مۆسيقا، كولتوور و سياسەت و ئابوورى نووسيويەتى و دەشنووسێت.


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە