viber_image_2022-01-06_02-36-34-026.jpg

بڕوانە فوڕات خوێناوی یە

 

ھیوا موسا

ئەمڕۆ بۆ دووەمین جار ڕۆمانی (بڕوانە فوڕات خوێناوی یە)ی نوسەری کورد یەشار کەمال م تەواکرد، ئەڵبەت ئەم ڕۆمانە بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕۆمان بەناوی چیرۆکی دورگە، کە خۆی لەچوار بەرگدا دەبینێتەوە. بەرگی یەکەمی کەدەکاتە ئەم کتێبە پێنج سەدو دە لاپەڕەیە، ڕۆمانێکی قەبارە گەورەیە لەچاو قەبارەی ئەم ڕۆمانانەی کە ئێستا بڵاودەکرێنەوە. ڕۆمانەکە لەلایەن کاک (ڕێباز مستەفاوە) کاری وەرگێرانی بۆکراوە، پاش پەیوەندیم بەوەرگێرەوە، ئەوەم زانی کە دوو بەرگەی کەشی بەناوەکانی (ئاوخواردنەوەی مێروولە) لەگەڵ (کەڵەشێرەکانی بەرەبەیان) لەلایەن هەمان وەرگێڕەوە کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ زمانی کوردی.

زمانی یەشار کەمال زمانێکی پڕ لەوەسف و کارکردنە لەناو وشەدا، وەسفی زۆرو ڕووداوی کەم ، بیگومان خوێنەر ماندوو دەکات. دواتر بەهۆی ئەوەی کە نوسەر لەنەوەی پێشوی کۆمەڵگای کوردی یە، ئەو نەوەیەی کە بەبۆن وبەرامەی گوند گەورە بوە،لەبەرئەوە دەبینیت دەسەڵاتێکی ئێبجگار فراوانی هەیە بەسەزمان و دروستکردنی وێنە و وەسفکردنی گرتەکاندا. لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەم قسەیەم بە هەڵە لێک نەدرێتەوە دەتوانم بڵێم : وەرگێرانی یەشار کەمال بۆ وەرگێڕە نوێیەکانی ئێمە بەئاسانی دەستنادات، مەگەر کەسێک بێت ئاگاداری زمانی گوندو سروشتەکەی گوند بێت. لەبەر ئەوەیە کە ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە توانای وەرگێڕت بۆ دەردەکەوێت کە چۆن دەسەڵاتی شکاوە بەسەر ئەوزمانە ئاڵۆزەی یەشار کەمالدا،بەڕاستی جێگەی دەستخۆشی یە لەوەرگێڕ.

ئەدەبێکی بەسیاسیکراو .

لەدوای دروستبونی دەوڵەتی نوێی تورکی ئەدەبیات بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی دەخرێتە خزمەتی یەک نەتەوەو یەک ئاڵاو یەک زمانەوە. رۆماننوسێکی بەناوبانگی وەک خالیدە ئەدیب خانم کە زیاد لە بیست ڕۆمانی هەیە هەموی خراوەتە خزمەی دەسەڵات و سیستم و ڕوئیای دەوڵەتی مۆدێرنی تورکییەوە. ئەدەب بەگشتی ئەو شوناسەی خۆی لەدەستدەدات کە ئازادی یە و هەڵگری بەیداخی ئازادی یە. ڕۆمانی تورکی لەو دەمەدا بەدێڕیکیش ناتوانێت قسە لەسەر ئازاری نەتەوەو کەمە نەتەوەییەکانی تری ناوتورکیا بکات، ئەدەب وەک ئەوەی ئوزلەم بەلچیم دەڵێت بەسیاسی کرابوو لەتورکیا. لەژێر هەژمون و دیدگای سیاسەتی دەوڵەتدا کاری خۆی دەکرد. بەڵام لەدوای پەنجاکانەوە زەمین لەرزەی سیاسی لەو وڵاتەدا ڕودەدات، بەجۆرێک تورکیا لە تاک حیزبەوە دەبێت بە فرە حیزبی، کرانەوەیەک بەڕوی ئەکتەرە سیاسیەکانی ناوتورکیادا دەکرێتەوە، ئەم گۆڕانکارییە ئەگەرچی کودەتای شەست و هەشتاکانی جەنەڕاڵەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەڵام تورکیا چیدی ناگەڕێتەوە بۆ پێش پەنجاکان، بەجۆرێک تورکیاو کودەتا چییەکان دەکەونە بەردەم رەخنەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە ئەوروپاوە. ناچار تورکیا دەست بە گۆڕان دەکات لەڕوی سیاسی یەوە، ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگدانەوەی بەسەرئەدەبیشدا هەیە، بەجۆرێک ئەدەب بەگشتی و ڕۆمانی تورکیش بەتایبەتی بە ناڕاستەوخۆ قسە لەسەر کیشەی ئیتنیکەکانی ناوتورکیا دەکەن.

لەم ڕوەوە یەشار کەمال لەڕۆمانی بڕوانە فوڕات خوێناوی یە قسە لەسەر دەرکردن ڕاگواستنی یۆنانییەکان دەکات لەدورگەو شوێنەکانی خۆیان ، ئەو دورگەو شارانەی کە سێ هەزار ساڵە بونیادیان ناوەو تێیدا نیشتەجێن. پویراز موسا کە کە یەکێکە لەپاڵەوانی ڕۆمانەکە ئەو بەڕەچەڵەک لەنەتەوەی چەرکەسە دەوڵەت وەک فەرماندەیەک شەڕی فەرەنسیەکان و ڕوسەکان و ئێزیدییەکانی پێدەکات و دواتریش لەکاتی گەڕانەوەیدا هیچ کەسێکی نەماوەو تەوای نەتەوەو کەس و کاری و گوندەکەی دەرکراوە و ڕاگوێزراون ناشزانێ بۆ کوێ براون ئایا کوژراون یان دیلکراون. فاسیلی کە بەڕەچەڵەک یۆنانی یە ئەو یەکێکە لەسەرکردەو سەربازە ئازاکانی دەوڵەت چەندین سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت بۆ دەوڵەت لەشەڕی ڕوسەکاندا. بەڵام نەتەوەکەی کە یۆنانین هەمویان لەلایەن دەوڵەتەوە دەردەکرێن بۆ یۆنانستان و دەوڵەتی نوێی یۆنان. بەڵام ئەو بڕیاردەدات کە بەتەنها بمێنێتەوە لە دورگەکەیداو نەڕوات. وەک خۆی دەلێت من یۆنان نازانم ، لەوێ نەژیاوم خاکی من ئێرەیە بۆ دەبێت دەرمکەن لەخاکەکەم.
یەشار کەمال ئەگەرچی خۆی دەبوێڕێ لەوەی کە ئەو زوڵم وزۆرە بخاتە ئەستۆی سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی نوێی تورکی و خودی کەمال ئەتاتورک بەڵام خوێنەر لەهەستی کاراکتەرەکانەوە ئەو فاشیزمە و سەرکردەکانی دەبینێت کەلەپشت ئەم تەرم و خوێنانەن لەسەر ئاوی فوڕات نیشتون. کە هەمویان کەلاک و تەرمی نەتەوەجیاوازەکانی ناوتورکیان جگە لەنەتەوەی تورک.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە