viber_image_2022-01-09_02-51-13-720.jpg

ئەوانەی بەمنداڵی دەستیان بۆبردوین

ئەوانەی بەمنداڵی دەستیان بۆبردوین ‏‎- حاجی ئاغا قاسم بە نموونە - ‏‎

شوان ئەحمەد

‏‎لەیەکێک لە بەرهەمەکانیدا بەناوی (بشرة سمراء اقنعة بيضاء) بیرمەند و ئەکادیمیستی ئێرانی – ئەمریکی حەمید دەباشی، نەسکێک(کە نەسکی سێیەمە بە ناوی ئەدەب و ئیمپراتۆریا) تەرخان دەکات بۆ پەلاماردان و سەرکۆنەکردنی ئازەر نەفیسی و کتێبە پڕفرۆشەکەی(خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران). ‏‎

دەباشی کە ساڵانێکە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زمانحاڵ و دەنگێکی دیاری قوتابخانەی پۆست کۆلۆنیالیزم، لە زانکۆی کۆلۆمبیا مامۆستای کورسی هاگوب کڤورکیانە تایبەت بەدیراساتی ئێرانی و ئەدەبی بەراوردکاری، کارو پیشەی داشۆرینی ئەمریکا و سەرزەنشتکردنی خۆرئاوایە، لەسەر چاپکردنی (خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران) بەگژ ئەو هاوڵاتی و هاوزمانەی خۆیدا دەچێتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی لەبەچاوی خۆرئاواییەکاندا ڕەخنەی زبر ئاڕاستەی ڕژێمی ئیسلامی دەکات و فەلاکەتباریی ژنانی موسڵمان، لە ژێر فشار و سانسۆری ویلایەتی فەقیهدا، نیشانی دۆست و دوژمن دەدات. ‏‎ئەو پێیوایە نوسەری ئەو کتێبە بەو کارەی خزمەتێکی گەورەی بە خۆرئاوا کردووەو کەرەستەیەکی دیکەی بۆ میدیای ئەمریکی فەراهەم کردووە، تا خەش و قینی خۆیان زیاتر و زۆرتر بە خۆرهەڵات و گەلانی موسڵمان بڕێژن. ‏‎خانمی نەفیسی پڕۆفیسۆری ئەدەبی ئینگلیزییە و هەنووکە تەمەنی حەفتاو چوار ساڵ دەبێت. دوای مانەوەی ساڵانێکی زۆر لە ئێران، دواجار ڕوو دەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو لەوێ دەگیرسێتەوە. جگە لە وانەوتنەوە لە زانکۆی جۆن هۆبکنز، نوسەرێکی دیارەو خاوەنی چوار بەرهەمی ئەدەبی تایبەت و چێژ بەخشە:( خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران، فلادیمێر نابۆکۆف لە ئێران، کۆماری ئەندێشە – ئەمریکا لە سێ کتێبدا -، لەگەڵ ئەو شتانەی لێیان بێدەنگ بووم). شایەنی باسە کتێبەکانی ئەم نووسەر و ئەکادیمیستە، زیاتر بایۆگرافی و تۆماری مێژوون، بەتۆنێکی ڕەخنەگرانەوە. ‏‎ئەوەی حەمید دەباشی ڕەخنەی دەکات و بە کتێبێکی پڕوپاگەندەئامێزی ئاست نزمی لە قەڵەم دەدات(واتە خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران)، ڕوماڵێکی واقیعی سیاسی ئێرانە(تاران وەک چەق و سەنتەری ئەو واقیعە)، لەژێر ڕکێف و سایەی ئاخوندەکاندا. نیشاندانی ئەو پەڵەو شوخت و برینانەیە کە گەلانی ئێران، ساڵانێکە دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەن و خەریکە دەبێتە قەدەر و چارەنووسیان. ‏‎بەڵام لە کتێبی (ئەو شتانەی لێیان بێدەنگ بووم)، نووسەرەکەی پێچێک دەکاتەوەو زومی کامێراکەی دەخاتە سەر واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێران و وەک نمونەیەکی بەرجەستەش دەکەوێتە کنەکردنی ڕابردووی خانەوادەکەی. واتە ئێمە لەم بەرهەمەدا واقیعی حاڵی ماڵباتی خانمی نەفیسی دەبینین، لەو ئانو ساتەوەی کە فامی کردۆتەوەو درکی بە شتەکان کردووە. ‏‎ئەم کتێبە جۆرێکە یان هەوڵێکە لە تابۆ شکێنی، ئەوەی پشتڕاستی ئەم بۆچونەش دەکات ئەوەیە کە نووسەر لە پێش وتاری نووسینەکەیدا باسی دەکات و دەڵێت:(بەشێکی بەهێزی کولتووری ئێرانی ئەوەیە، هەرگیز نابێت شتی نهێنی و تایبەتی خۆت بدرکێنیت. ناشێت شتە نهێنیەکانمان بۆ خەڵک باس بکەین). ‏‎بەڵام ئەو لەم بەرهەمەدا دژ بەو نەریتە دەوەستێتەوەو بۆ ڕەخنەکردنی ئەو ترادسیۆنە تەقلیدیەو ئەو دەزگا قەڵبەی ناوی خێزانە، هەنگاو بە هەنگاو و بەتەکنیکێکی گێڕانەوەی سەرنج ڕاکێش، هەموو ئەو شتانەمان بۆ باس دەکات کە باسکردنیان کاری نەکردە بووەو ئەو بابەتانەش بەدەنگ دەهێنێت کە تەمەنێک لێێان بێدەنگ بووە. ‏‎ساردو سڕی نێو خانەوادەکەی، نێوان خراپی باوکی و دایکی، خۆی و دایکی و زۆر شتی ورد و لابەلای دیکە، لەڕێی یادەوەرییەوە بەبیر دێنێتەوەو دەیانکاتە بابەتێکی ئەدەبی. ‏‎ئەوەی ئازەر نەفیسی ئەنجامی دەدات، چەندە نووسینەوەی ژیانی خانەوادەکەیەتی(بە پیتی درشت)، ئەوەندەش هەوڵێکە بەخاتری پەردە لادان لەسەر شانۆی سەردەمێکی شڵەژاو، لەمێژووی سیاسی و کولتووری ئێران. ‏‎وەک چۆن تەقەلایەکیشە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت:( قوربانی بۆ ئەوەی نەبێتە شەریکە تاوانی جەلاد، نابێت بێدەنگ بێت و دەبێت دەنگ هەڵبڕێت و قسە بکات). ئەزموونی تاڵی ژیانی منداڵی خۆی فێری دەکات کە(نا ئاسایی نابێت گەر قوربانیش هەست بە تاوان بکات، چونکە دواجار ئەویش بە بێدەنگی دەبێتە بەشداری تاوان). ‏‎قسەکردنی ئەم خانمە لەو شتانەی عەیامێکە لێیان بێدەنگ بووە، بەر لەهەر شتێ پاککردنەوەی ویژدان و دڵ و دەروونی خۆیەتی، تا وەک شەریکە تاوانێک نەمێنێتەوە. لە پەرەگرافێکدا بەکەسەرێکی زۆرەوە دەنووسێت:(دەسترێژی سێکسی و دووڕوویی، وەک عەشق و ئیرەیی، شتێکی جیهانییە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە ئەو شتانە تاڵ و ناخۆشتر دەکات ئەوەیە، بەئاشکرا باس ناکرێت و بێدەنگیان لێدەکرێت). ‏‎خانمی نەفیسی بە تەوس و توڕەییەوە دەنووسێت:(لە ماڵباتەکانی ئێمەدا کە منداڵین پێمان دەڵێن: مەهێڵن خەڵکی غەریبە دەستتان لێبدەن، بەڵام من بەر لە تەمەنی گەنجیم فێربووم، ئەوانەی کەمترین ئازارت پێدەگەیەنن خەڵکی غەریبەن.. ئەوانەی ئازارمان دەدەن ئەوانەن زۆر لێمانەوە نزیکن – شۆفێرە باشەکە، وێنەگرە بەتواناکە، مامۆستا میهرەبانەکەی مۆسیقا، مێردی هاوڕێ بەڕێزەکە و پیاوە لەخواترسەکە. ئەوانەی دایک و باوک بڕوایان پێیان هەیەو لێیان دڵنیان). ‏‎یەک لەو ئەزموونە بەئێشانەی ئەم خانمە دەیگێڕێتەوە، لەخۆی قەوماوە. سەبەبکارەکەی حاجی ئاغایەکی لەخواترسی نورانییە. پیاوێکی ناسیاویانە کە دایکی گوێڕایەڵی بووەو ڕێزی زۆری لێگرتووە. ‏‎ئەو کە وەک ئەزموونێکی کەسی و تایبەتی باسی دەستبردن بۆ منداڵێک دەکات لەلایەن پیاوێکەوە لەتەمەنی باپیریدا، دەیەوێت پرسەکە وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی پەردەپۆشکراو بوروژێنێ و نیشانی بدات کە کۆمەڵگەکانی ئێمە، لەژێر ئەو ماسکە ئەستوورەی ئاکار و ڕێزداری و خزمایەتیدا، چیها ناشیرینی تێدا دەگوزەرێ و کەسیش(بەقوربانیەکان خۆشیانەوە)، نوتق نادەن. ‏‎لەژێر تایتڵی (پیاوە پیرۆزەکە) یان ڕاسترە بڵێم (خوداناسە منداڵبازەکە)، خانم نەفیسی چیرۆکی تراژیدی سەردەمی منداڵی خۆی لەگەڵ حاجی ئاغا قاسمدا دەگێڕێتەوە. ئەو پیاوەی وەک زۆرێک لە ئاینخواز و لەخواترسە پیدۆڤیلەکان، ئامۆژگاری ئەخلاقی خەڵک دەکەن لەنێو کۆمەڵدا، کەچی ژێربەژێر و بە نهێنی دەستدرێژی دەکەنە سەر برازا و خوشکەزا و دۆست و ناسیاوەکانی خۆیان. ‏‎ئەو وەک دەیگێڕێتەوە:(حاجی ئاغا زۆر پیرۆزبووە. ناوەکەی شایەدی بۆ دەدا. لە ئەسفەهاندا وەک زانستکارێکی سۆفی ناسرابوو. شێوازی قسەکردنی بەجۆرێک بوو، تەنانەت بێبەهاترین قسەکانیشی مانایان دەبەخشی. کاتێک بۆ یەکەمجار لە تاران سەردانی کردین، من تەمەنم شەش ساڵان بوو. بەدایکمی ووت: تۆ وەک خوشکم وایت، ئەو منداڵە – مەبەستی من بوو – لە تەمەنێکی مەترسیداردایەو هەموو کەسێک وەک ئێمە لە خوا ترس نییە. ئێوە خزمەتگوزاری پیاوتان هەیەو لەوانەیە وا باشتربێت، جلی داپۆشراوتر بکاتە بەری و خۆی داپۆشێت. ئاگاداری پیاوی نامۆبەو مەهێڵە دەستی لێبدەن.. کەچی ئەم پیاوە نوورانییەی ئەو قسانەی دەکرد، هەرچی جارێک دەمویست سەعی بکەم، دەهات لەپشتمەوە دەوەستا و خۆی دەچەماندەوەو سەیری دەفتەرەکەی دەکردم. لێی دەپرسیم: چی دەنووسیت؟ هەر لەوکاتەی ئەوەی دەووت کتێبەکەمی هەڵدەگرت و تەنوورەکەمی ڕێک دەکرد و دەستی لە ڕانم دەخشاند... شەوێکیان دایک و باوکم چوون بۆ میوانی. حاجی ئاغاش کە لەماڵمان بوو، زوتر لە شەوانی پێشوو چووە ژوورەکەی. برا یەک ساڵەکەم لە ژووری داپیرەم خەوتبوو. منیش وەک هەموو جارێک کاتێک دایک و باوکم لە ماڵ نەبوونایە، لەسەر سیسەمەکەی ئەوان دەخەوتم. لەدوای لەدایکبوونی براکەم، پەرەم بەو نەریتە دابوو. هەرچی جارێک دایک و باوکم لە ماڵ نەبوونایە، براکەم لە ژووری داپیرەم دەخەوت و منیش هەستم بە جێمان و تەنهایی دەکرد. بۆیە لە ژووری ئەوان دەخەوتم، دواتر لە باوەشیان دەگرتم و دەیانبردمەوە ژوورەکەی خۆم. ئەوەش هەستێکی خۆشی دەدامێ. زۆر حەزم لەو سیسەمە گەورەیەی ئەوان بوو، چێژم لێدەبینی. لاقم لە شوێنە فێنکەکانی لێفەکە دەخشاند. ئەو شەوە بەدەنگی هەناسەیەکی نائاسایی تەنیشتم، بەخەبەر هاتم. کەسێک لەدواوە زۆر بەتوندی گرتبوومیە باوەش. دەستی بەخوارەوەی کەمەرمدا دەهێنا. بیجامەیەکی نەرم لە قاچە ڕووتەکانم دەخشا. لە دەست پیاهێنانەکەی نا، لە دەنگی هەناسەکەی دەترسام. کە توندتر بەخۆیەوە دەینووساندم، زیاتر هەناسەبڕکێی پێدەکەوت. ‏‎هەوڵمدا هەروا بمێنمەوەو هەناسە نەدەم و چاو بنوقێنم. وامدەزانی گەر جوڵە نەکەم، دەڕواو واز دەهێنێ. دڵنیانەبووم دەیەوێت چەندێک خۆیم پێوە بنووسێنێت. من نەجوڵام، تا خۆی لە پڕ هەستا. وەختێ ڕۆیشت، دەمتوانی دەنگی پێی ببیستم. تەنانەت دوای ڕۆیشتنیشی چاوم نەکردەوە، دەترسام بگەڕێتەوە بۆم. ئیتر لەو شەوە بەدوا، نەمتوانی بەتەنیا بخەوم. ساڵانێک زۆر دواتر، ئەو ئەزموونەم بۆ یەکێک لە ئامۆزاکانم باسکرد و ئەویش پێیووتم: خولیای حاجی ئاغا بۆ منداڵ ئاشکرابوو. ئێستا تێدەگەم مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەو ترسە لەگیانی دەرچێت و هاوکات بۆ نەوەکانی دوای خۆی ڕێ لە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕەفتارانە بگرێت، پێویستە توانای باسکردنیانی هەبێت. دەبێت دان بەوەدا بنێین ئەو دیاردانە لە کۆمەڵگەکانماندا هەن. ئەو حاڵەتەی بەسەرمدا هات وای لێکردم بۆ ساڵانێکی زۆر، هەست بە توڕەییەکی نەوتراو بکەم بەرامبەر بە دایک و باوکم. بەتایبەت دایکم کە نەیپاراستم. دایکم دەیویست من لە چاو و بینینی کوڕانی هاوتەمەنی خۆم بەدوور بگرێت، کەچی هەمیشە ئەو پیاوانەی ئەو پەسەندی دەکردن، ئازاریان پێدەگەیاندم). ‏‎دواجار دەبێت بڵێین نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەفتارە نەشیاوەکان بەبێدەنگی لێکردنیان چارەسەر نابن، بەڵکو بە بەدەنگ هاتن لێیان کاڵدەبنەوەو ئاوادەبن. یەکێک لە پەیامەکانی ئەم کتێبەی خانم نەفیسی (بەو بوێرییە زۆرەیەوە)، لەو پێناوەدایە.


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە