viber_image_2022-01-09_03-20-14-753.jpg

مارگرێت دوراس

مارگرێت دوراس

عاشقێکی بچکۆلە و عەشقێکی گەورە

سیامەند هادی

لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە، کۆمەڵێک تەوژم و گروپی جیاوازی ئەدەبی لە فەرەنسا سەریان هەڵدا. دەرکەوتنی چەند نووسەرێکی گەورە و بوونی چەندین ڕێباز و ئایدیۆلۆژیا لەو سەردەمەدا، کەشێکی ئەوتۆی دروست کردبوو، کە زۆر قورس بوو نووسەرێکی نوێی جیاواز لەو ناوەندەدا دەربکەوێت. (مارگرێت دوراس) ئەو ژنە نووسەرە بوو کە توانی لەنێو ئەو هەموو دەنگ و نووسەرە خاوەن پێگەیەدا، بەهۆی جیاوازبوونی لە نووسیندا، وەک دەنگێگی نوێ خۆی بە خوێنەران بناسێنێت. ئەو دەرکەوتنەی دوراس لەو سەردەمەدا، بەتەنها بۆ کاتێکی دیاریکراو نەبوو، بەڵکو دواتر و تا ئێستاش بە یەکێک لە نووسەرە تایبەتەکان دادەنرێت و بەردەوام خوێنەری خۆی هەیە و بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

بەرهەمەکانی دوراس هەڵگری هیچ ئایدیۆلۆژیا و تەیار و تەوژمێکی دیاریکراو نەبووە، هەربۆیە ناسینەوە و دەرخستنی ئەدگاری دەقەکانی ئاسان نییە و ناتوانرێت وەک هەندێک لە نووسەرانی سەردەمەکەی خۆی، هێڵی کارکردنی دیاری بکرێت. بۆ ئەوەی لە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە تێبگەین و ڕوانین و چنینی دەقەکانی بدۆزینەوە، پێویستە زۆر بە وردی لەسەر تەواوی وشە و دەستەواژە و وێنە و میتادەقی بەرهەمەکانی بوەستین.

 

ژیاننامەی دوراس

نووسەری فەرەنسی (مارگرێت دوراس) لە ٤ی نیسانی ١٩١٤ لە هیندی چینی (ڤێتنامی ئێستا) لەدایک بووە، بەدیاریکراوی نزیک شارۆچکەی سایگۆن. باوکی مامۆستای بیرکاری بووە و دایکیشی هەر مامۆستا بووە. دوای مردنی باوکی لە ساڵی ١٩٢٤دا، دوراس لەگەڵ دایکی و دوو براکەیدا چوون بۆ (مادیک) و پاشان چوونە (فینگ لۆنگ) لەسەر کەناری ڕووباری (میکۆنگ). بەهۆی هەژارییەوە ئەو مناڵە کە تەنها تەمەنی دوانزە ساڵ بوو، تووشی قەیرانێکی دەروونی بوو، ئەو حاڵەتەش تا ساڵانێکی زۆر ئازاری دا. دواتر دوراس ڕایگەیاند کە ئەو قەیرانە دەروونییە وای کرد ببێت بە نووسەر و واقیعی مناڵیی خۆی و ماندوویی دایکی بەهۆی نەدارییەوە و دوو برا دژبەیەکەکەی لە هەڵسوکەوتدا بنووسێتەوە. دوو براکەی دوراس یەکێکیان دوژمنکار و شەڕانگێز و تووند، ئەوی تریان هێمن و شەرمن و ناتەندروست، ئەو تایبەتمەندییانەش نووسەر لە ڕۆمانی (بەنداو ڕووبەڕووی باسفیک)دا تۆماری کردوون. وەک چۆن ئەو چیرۆکە خۆشەویستییە تووندوتیژەی لە هەرزەکاریدا و ئەو کاتەی قوتابی بوو لە بەشی ناوخۆیی سایگۆن، بە جوانی لە ڕۆمانی (عاشقەکە)دا وێنای کردووە.

ڕۆمانی (عاشقەکە) ناوبانگێکی زۆری بۆ دوراس پەیدا کرد و لە ساڵی ١٩٨٤دا خەڵاتی گۆنکۆردی پێ بەخشرا، بە ملیۆنەها دانەی لێ فرۆشرا و بۆ زیاتر لە سی زمان وەرگێردراوە و فیلمێکی سەرکەوتووشی لێ بەرهەم هاتووە. دوراس دەربارەی ئەو ڕۆمانە دەڵێت (چیرۆکێکی تووندوتیژ و کاریگەرە بەتایبەتی لەڕووی سێکسییەوە، لە سەروو وزەی خۆمەوە بوو، ددانم پێدانا کە ئەوە شێوازی منە لە نووسیندا).

ساڵی ١٩٣٢ دوراس هیندی چینی بەجێهێشت و بۆ خوێندنی زانکۆ چووە پاریس و یاسا و ڕامیاری خوێند، لەوێ بووە هاوڕێی (فرانسوا میتران) و ڕەخنەگری بەناوبانگی فەرەنسی (مۆریس بلانشۆ) و نووسەر و شاعیر (کلۆد ڕوا). دۆراس لە سەرەتادا مەیلی بۆ بیروڕای ڕاستڕەوی هەبووە، بەڵام دواتر وردەوردە بیروڕای گۆڕا و بەشداری دانیشتنەکانی چەند هاوڕێیەکی چەپڕەو دەکرد، کە لە شوقە ئاساییەکی ئەودا کۆدەبوونەوە، کە دەکەوتە سەر شەقامی (سان بینوا) لە پاریس. لە ٢٣ی ئەیلولی ١٩٣٩دا هاوسەرگیری لەگەڵ (ڕۆبێرت ئەنتێلمێ) کرد، لە ئایاری ١٩٤٢ کوڕێکیان بوو، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت مرد. ساڵێک دوای ئەوە یەکەمین کتێبی لە دەزگای (گالیمار) بڵاوکرایەوە، لە سێ ڕۆمانی سەرەتایدا لەژێر کاریگەریی ڕۆمانی ئەمەریکیدا بووە، بەتایبەت هەمەنگوای، بەڵام دواتر هەوڵیدا لەژێر ئەو کاریگەرییە دەربازی بێت.

 ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی کرد بە یەکێک لە شانەکانی بەرگرییەوە کە (فرانسوا میتران) سەرکردایەتی دەکرد و سۆشیالست بوون و پشتیوانی (ژان مۆلان) بوون کە نازییەکان کوشتیان. ساڵی ١٩٤٤ پیاوانی گيستاپۆ (ڕۆبێرت ئەنتێلمێ)ی هاوسەری دوراسیان دەستگیر کرد، ئەوەش لە ڕۆمانی (ژان)دا دەگێڕێتەوە، کە ڕەخنەگران بە یەکێک لە باشترین بەرهەمەکانی دوراسی لەقەڵم دەدەن.

پاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، پەیوەنی کرد بە حیزبی شیوعی فەرەنسییەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (بەنداو ڕووبەڕووی باسفیک) لە ساڵی ١٩٥٠دا سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەست هێنا. لە حیزبی شیوعی جیابووەوە، بەڵام لە تێکۆشانی سیاسی دانەبڕا. کاتێک جەنگی ڕزگاریخوازی جەزائیر هەڵگیرسا، دوراس بە تووندی ئیدانەی کردەوەی ژەنەڕاڵە فەرەنسییەکانی کرد کە لە دژی خەڵکی جەزائیر پەیڕەویان دەکرد. جگە لەوەش سەردانی ئاوارەکانی جەزائیری کرد و قسەی لەگەڵ ژن و مناڵەکان کرد. وتاری تووندی لە دژی ئەو ستەمکارییەی فەرەنسا دژی جەزائیرییەکان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەکردەوە.

دوراس چالاکییەکانی لە ڕۆمان و شانۆ و فیلمدا فراوان بوون، فیلمی (ئەندیا سۆنگ)ی دوراس بووە ناوبانگێکی زۆر بۆ ئەم نووسەرە، بەڵام لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناوبانگێکی زۆر گەورەی پەیدا کرد، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەسەر ڕۆمانی (عاشقەکە) خەڵاتی گۆنکۆردی پێ بەخشرا. ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیری تری ئەو کاتەی فەرەنسا بە فەرمی لە لایەن (فیدڵ کاسترۆ)وە بانگهێشت دەکرێن بۆ کوبا و ماوەی بیست ڕۆژ لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە کوبا و لای کاسترۆ دەمێننەوە.

ساڵی ١٩٥٩ ڕۆمانی (خۆشەویستەکەم هێرۆشیما)ی دوراس لەلایەن دەرهێنەری بەناوبانگی فەرەنسی (ئالان ڕێنێ) فیلمێکی لێ دروست کرا، کە لەسەر ئەو تراژیدیایەی ژاپۆن بوو بەهۆی یەکەمین بۆمبی ئەتۆمییەوە لە ساڵی ١٩٤٥. خۆشەویستەکەم هێرۆشیما پەیوەندی نێوان دوو کەسی زۆر لەیەکدی جیایە، لە ڕووی جوگرافیا و فەلسەفە و مێژوو و ڕەگەزەوە ئەو دوو کەسە زۆر لە یەکتری دوورن. بابەتی ڕۆمانەکە لێدوانە لە جەنگ و خۆشەویستی. کات مانگی ئابی (١٩٥٧)ە لە هێرۆشیما. ژنێکی فەرەنسی کە تەمەنی سی ساڵە و لەو شارەدایە، داوای لێ دەکەن لە فیلمێکدا ڕۆڵ ببینێ کە لەسەر ئاشتییە. چیرۆکەکە یەک شەو پێش ئەوە دەست پێ دەکات کە ژنەکە دەگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا. ئەو ژنەی لەنێو دەقەکەدایە بە هیچ شێوەیەک ناوی ناهێنرێت، لەگەڵ ئەندازیارێکی ژاپۆنیدا یەک دەبینین و چیرۆکێکی کورتی خۆشەویستی لەنێوانیاندا دروست دەبێت.

دوراس نووسەرێکی عاشق بوو، بەردەوام لە جیهانی تایبەتی خۆیدا دەژیا و بیری دەکردەوە و دەینووسی. بەهۆی ئەو عەشقەوە کە هەیبووە بۆ نووسین و لە ڕۆمانی عاشقەکەشدا ئاماژەی پێ کردووە، وای کرد بەرهەمێکی زۆر بنووسێت و کار لە چەند بوارێکی دیکەشدا بکات، وەک شانۆ و سینەما. دوراس بە هەمان شێوەی نووسین، عاشقی سینەماش بوو، جگە لەوەی کە چەند بەرهەمێکی خۆی کراون بە فیلم، لە چەند بەرهەمێکی تری سینەماییدا کاری کردووە. هەر ئەو عەشقە بوو بۆ نووسین کە وای کرد تا کۆتایی ژیانی بۆ ساتێک دانەبڕێت و بەردەوام بنووسێت. دوراس لە ٣ی مارسی ١٩٩٦ لە تەمەنی هەشتا و دوو ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد.

پاش ساڵێک لە مردنی دوراس، لور ئەدلێر ساڵی ١٩٩٧ کتێبێکی لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بڵاوکردەوە. ئەدلێر لەو کتێبەدا زۆر بە وردی و بە درێژی لەسەر دوراس دەوەستێت و زۆربەی گۆشەکانی ژیانی ئەو نووسەرەی بەسەر کردووەتەوە. هەر لەو کتێبەدا نووسەر باس لە پەیوەندی خۆی و دوراس دەکات و ئاماژە بە دانیشتنەکانی دەدات لەگەڵ نووسەردا.

 

بەشێک لە بەرهەمەکانی دوراس

١- بێ ئابڕووەکان- ١٩٤٣

٢- ژیانی ئارام- ١٩٤٤

٣- بەنداو ڕووبەڕووی باسفیک- ١٩٥٠

٤- دەریاوانەکەی گیبرالتار- ١٩٥٢

٥- ئەسپە بچوکەکانی تارکینیا- ١٩٥٣

٦- تەواوی ڕۆژەکان لەنێوان درەختەکاندا- ١٩٥٤

٧- باخچە- ١٩٥٥

٨- لوسکوێر- ١٩٥٥

٩- مودیراتۆ کانتابیل- ١٩٥٨

١٠- خۆشەویستەکەم هێرۆشیما- ١٩٥٩

١١- پاشنیوەڕۆی بەڕێز ئەندێسماس- ١٩٦٠

١٢- دە و نیوی شەو لە هاویندا- ١٩٦٠

١٣- فڕاندنی لول ف. شتاین- ١٩٦٤

١٤- جێگری باڵیۆز- ١٩٦٥

١٥- عاشقە ئینگلیزییەکە- ١٩٦٧

١٦- وتی وێرانکردن- ١٩٦٩

١٧- ئابان، سابانا، دەیڤد- ١٩٧٠

١٨- ئاهـ ! ئیرنستۆ- ١٩٧١

١٩- خۆشەویستی- ١٩٧٢

٢٠- ژنە قسەکەرەکان- ١٩٧٤

٢١- سوزانا ئاندلەر- ١٩٧٥

٢٢- هاوین ٨٠- ١٩٨٠

٢٣- ئەو پیاوەی لە ڕاڕەوەکەدا دانیشتووە- ١٩٨٠

٢٤- ڤێرا باکستەر، یان کەنارەکانی ئەتڵەنتیک- ١٩٨٠

٢٥- دەرەوە- ١٩٨١

٢٦- ئاگاسا- ١٩٨١

٢٧- نەخۆشیی مەرگ- ١٩٨٢

٢٨- پیاوی ئەتڵەنتیک- ١٩٨٢

٢٩- عاشقەکە- ١٩٨٤

٣٠- ژان- ١٩٨٥

٣١- ژیانی ماددی- ١٩٨٦

٣٢- سۆزانییەکەی کەناری نۆرماندی- ١٩٨٦

٣٣- ئیمیلی ل- ١٩٨٧

٣٤- چاوە شینەکان و قژی ڕەش- ١٩٨٧

٣٥- چاوە سەوزەکان- ١٩٨٧

٣٦- پەرۆشیی هەڵپەسێردراو- ١٩٨٩

٣٧- بارانی هاوین- ١٩٩٠

٣٨- عاشقەکەی چینی باکور- ١٩٩١

٣٩- یان ئەندریا شتاینەر- ١٩٩٢

٤٠- نووسین- ١٩٩٣

٤١- گشتی ئەمەیە- ١٩٩٥

 

تایبەتمەندی نووسینی دوراس

دوراس لە سەردەمێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند و ئاراستە جیاوازەکانی ڕۆماندا دەرکەوت. ئاسان نەبوو لەنێو ئەو پانتاییە فراوانەی ئەدەبی فەرەنسی ئەو سەردەمەدا، کە کاریگەریی سارتەر و کامۆ و بوونیادگەرییەکان و گروپی ڕۆمانی نوێ و چەندین ڕوانگە و تەیاری جیاواز ئامادەبوون، نووسەرێک بتوانێت بە بەرهەمەکانی سەرنجی خوێنەران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بە مەرجێک بەرهەمەکانی هەڵگری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نەبوون و هیچ ڕوانگەیەکی پێشتر لەقاڵبدراویان نەبووە. وەک ئاماژەمان بۆ کرد، لە چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک تەوژمی جیاوازی ئەدەبی لە فەرەنسا دەرکەوتن. بوونگەراییەکان و پووچگەرایی و پاشان دەرکەوتنی گروپێک بە ناوی ڕۆمانی نوێی فەرەنسییەوە. دوراس لەو سەردەمەدا نووسینەکانی بەشێوازێکی تایبەت و جیاواز لە دەوروبەری دەنووسی، هەربۆیە بەرهەمەکانی لە نووسەرانی سەردەمی خۆی جیادەکرێتەوە. کێشەکە ئەوەیە جیاوازبوونی دوراس لە نووسەرانی دەوروبەری، لەبەر ئەوەی دەکەوێتە دەرەوەی گوتارێکی ئایدیۆلۆژی و تەکنیکی نوێ و جیاواز، ئاسان نییە بە وردی هێڵەکانی ئەو جیاوازبوونە بدۆزینەوە. تا ڕادەیەک قورسە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بە کۆمەڵێک ئەدگار و ستوونی تۆکمەی ئاشکرا دیاری بکرێت، چونکە ئەو گۆڕانکاری و جیاوازییەی بوونەتە سیمای دەقەکانی دوراس، زیاتر خۆی لە کارکردن لە ڕیتم و موزیکی ناوخۆیی دەق و نمایشی زمان و بیرۆکە و وێنە و گوزارشتی کورتئامێز و ڕێڕەوی نەرمی گێڕانەوە و هەستێکی ورد و تایبەتی سروشتی کاراکتەردا دەبینێتەوە. هەستکردن بەو شێوە کارکردنەش، بۆ خوێنەر ئاسان نییە و وردبینی و شارەزاییەکی زۆری دەوێت. ئێمە دەتوانین ئەدگارەکانی نووسینی سارتەر بناسینەوە، هەروەها کامۆ و بوونیاتگەرییەکان و پوچگەراییەکان و تا ڕادەیەک بەرهەمەکانی ڕۆمانی نوێش بە هەمان شێوە. زۆربەی خوێنەران کاتێک بەرهەمەکانی دوراس دەخوێننەوە، وا هەست دەکەن بەر کۆمەڵێک ڕوانین و وێنە و بابەتی زۆر ئاسایی دەکەون و چەند شتێکی سادە و ئاساییان بەرچاو دەکەوێت. بەرهەمەکانی دوراس ئاڵۆز نین بۆ تێگەیشتن، بەڵام هەموو خوێنەرێک ناتوانێت بەتەواوی لە دەقەکانی ئەم نووسەرە تێبگات. دوراس لە نووسیندا جۆرێک هارمۆنیا لەنێوان زمان و وێنە و ڕوانیندا دروست دەکات، کە چنینێکی ناوخۆیی سادە لەنێو دەقەکانیدا دەخوڵقێنێ و زۆر بە نەرمی و ئاسایی دەیخاتەڕوو. کاتێک نەتوانیت دەزوولە وردەکانی ئەو چنینە بدۆزیتەوە، ئەوا ناتوانیت بەتەواوی لە هێڵی کارکردنی ئەم نووسەرە تێبگەیت.

کارەکانی ئەم نووسەرە جیاوازە لە کاری بوونگەراکان و پووچگەراکان و تەنانەت بەرهەمی نووسەرانی ڕۆمانی نوێی فەرەنسیش، ئەگەرچی لە چەند ڕوویەکەوە نزیکایەتی لەگەڵ چەند بەرهەمێکی ئەواندا هەیە. وەک دەبینین ڕۆمانەکانی دوراس بە ستراکچەر و چنین و ڕوانین و گوتاری دەقدا، جیاوازە لە بەرهەمەکانی (ئالان ڕۆب گرێ و ناتالی ساروت و کلۆد سیمۆن و میشێل بۆتۆر و ڕۆبێرت بنژنێ) و بەتەواوی ناچێتە چوارچێوەی کارکردنی ئەو گروپەوە، بەڵام بەهۆی چەند هێڵێکی هاوبەشەوە، هەندێک کەس دوراس بە یەکێک لە گروپی ڕۆمانی نوێی فەرەنسی دادەنێن. لە بەرهەمەکانیدا لە ڕووی تەکنیکەوە هاوشێوەی بەرهەمەکانی ئەوانە، بەتایبەتی لەگەڵ ئالان ڕۆب گرێدا. زۆربەی ڕۆمانەکانی بەشێوەی گێڕانەوەی خێرا و گرتەی سینەمایی نووسیوە، کە ئەو شێوازەش پێویستی بە وشەی کەمە، بەڵام لە خستنەڕوودا پێویستی بە هونەرێکی ناباو و تا ڕادەیەک ئاڵۆز هەیە.

موزیکێکی ناوخۆیی لە دەقەکانی دوراسدا هەیە کە هەموو شتە زوو تێپەڕەکان تۆمار دەکات، زۆر جار چەند شتێکی سادە و ئاسایی بەهۆی شێوازی خستنەڕووی دەقەکانیەوە، نووسینێکی تایبەت دروست دەکات. ئەم نووسەرە لە ڕۆمانەکانیدا بازدانی گەورە و تەنکیکی زۆر جیاواز و شتی زەق و زۆر دیاری ئەنجام نەداوە، کە ئەوانەش زوو لەلای خوێنەر ئاشکرا دەبن و دەتوانێت بە ئاسانی درکیان پێ بکات. کاتێک دەقەکانی دوراس دەخوێنیتەوە، هەست بە دەنگێکی بڵند و جۆرێک لە پشێوی گەورە و هەنگاوی درشت ناکەیت، ئەو زۆر بە سادەیی و بە هەنگاوی ورد و زمانێکی پوخت و نەرم و ڕیتمێکی هێواش دەنووسێت. هەربۆیە زۆر جار خوێنەر لەگەڵ نووسینەکانی دوراسدا، ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، چونکە نووسین لای دوراس جۆرێکە لە بێدەنگی، کارکردنە لەنێو زماندا لەپێناوی نووسیندا. ئەو نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست بکات و سەرنجیان بەلای نووسینەکانیدا ڕابکێشێت، بەڵکو نووسین لای ئەو ئەزموونکردن و ئاشکراکردنی تواناکانی زمانە. دوراس لە دەقەکانیدا هەندێک یاری لە ڕێزمان و گوزارشتدا دەکات بە تێکەڵکردنی کاتی ئێستا و داهاتوو، یان دەمی ڕاگەیاندن و دانانی، کە وا دەکات لە وەرگێڕاندا گرفت بۆ خوێنەری زمانەکانی تر دروست بکات. بەشێک لە ئاڵۆزیی دەقەکانی ئەم نووسەرە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یارییە زمانەوانییەی لە هەندێک شوێنی دەقەکانیدا دەیکات، بەڵام یارییەکان لەپێناوی ئاڵۆزبووندا نین، بەڵکو سروشتی ئەو جۆرە کارکردنەی کە وەک سیمای تایبەتی دەقەکان ئەم نووسەرە دەردەکەوێت، وای کردووە بەو شێوەیە بکەوێتەوە. دوراس هەموو بابەت و وێنە و گوزارشتێک دەکات بە نووسین، بۆ ئەوەی هەردوو جیهانەکە تێکەڵ بکات، جیهانی نووسین و جیهانی ڕاستەقینەی ژیان و کارەساتەکانی. لە دواچاوپێکەوتنیدا دەڵێت (نووسین هەیە، ژانیش بە کارەساتەکانیەوە، هەروەها ستەمەکانی. ناتوانین هەردووکیان پێکەوە کۆبکەینەوە، ئەو کاتە نەبێت کە ژیان و کارەساتەکانی بکەینە بابەتێک بۆ نووسین). دوراس هەموو ژیانی خۆی و ئەوەی لە دەوروبەری ڕوویدا، کردی بەنووسین، هەربۆیە زۆرێک لە بەرهەمەکانی وەک بیۆگرافیای خۆی دەردەکەون، بەتایبەتی ڕۆمانی (عاشقەکە) زۆر لە لە ژیانی خۆیەوە نزیکە.

 

ڕۆمانی عاشقەکە

ئەگەرچی دوراس خاوەنی بەهەمێکی زۆرە و بەشێک لە بەرهەمەکانیشی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون، بەڵام زیاتر ناوی ئەم نووسەرە دەبەسترێتەوە بە ڕۆمانی عاشقەکەوە. هەر کاتێک باسی دوراس بکرێت، ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ ڕۆمانی عاشقەکە دەچێت. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٩٨٤دا نووسراوە و هەر لە هەمان ساڵدا خەڵاتی گۆنکۆردی پێ بەخشراوە و ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن دەرهێنەری فەرەنسی (ژان ژاک ئەنو) کراوە بە فیلم و باسی ساڵی ١٩٢٩ دەکات.

بونیادی ڕۆمانەکە لەسەر ئازاری خۆشەویستی و جیابوونەوە و لەدەستچوون ڕۆنراوە. هەردوو کاراکتەری ڕۆمانەکە کە بە هیچ شێوەیەک ناویان نییە لە دەقەکەدا، هەر لە سەرەتای خۆشەویستییەکەیانەوە بەتەواوی ئەوە دەزانن کە پەیوەندییەکەیان هیچ داهاتوویەکی نابێت، بەڵام ئەو دۆخە قبوڵ دەکەن و بە جۆرێک لە بێزاری و ئازارەوە درێژە بە پەیوەندییەکەیان دەدەن. پەیوەندییەکەش لە ڕووکەشدا زیاتر وەک پەیوەندییەکی سێکسی دەردەکەوێت، ئەویش بەهۆی دووبارەبوونەوەی هەموو ئەو پەیوەنییە سێکسییانەی لە دەقەدا هەن. دوراس لە گێڕانەوەدا شێوازێکی تایبەتی هەیە، کە لە نووسەرانی سەردەمی خۆی جیای دەکاتەوە. کاتێک لە ڕۆمانی (عاشقەکە)دا هەندێک جار باسی گفتوگۆی کچەکە و دایکی دەکات، یان لە زۆر شوێنی دیکەشدا، بە گوزارشتی کورت، یاری لەنێوان ئێستا و ڕابردوودا دەکات. ئەم ڕۆمانە بونیادێکی تا ڕادەیەک بازنەیی داخراوی هەیە، گێڕەرەوە لە پیریدا دەست بە گڕانەوەی مناڵی و لاوێتی خۆی و ژیانی خێزانەکەی دەکات، دواتر لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە سەرەتای دەقەکە.

ڕۆمانی (عاشقەکە) باس لە خێزانێکی فەرەنسی دەکات کە لە هیندی چینی دەژین، دوای مردنی باوک، دایک و دوو کوڕ و کچێک ژیانێکی هەژارانە بەسەر دەبەن. ئەوەی دەبێتە گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە کچەکەیە، بەڵام لە تەمەنی پیریدا. ئەو ژنە بەتەمەنەی کە لە ساتی گێڕانەوەی دەقەکەدا لە فەرەنسایە، زۆر بە کورتی باسی چەند گرتەیەکی ئێستای خۆی دەکات، هەموو ساتێک ئەو گرتەیە ڕادەگرێت و بە فلاشباک دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی ڕابردووی، ژیان و گوزەرانی خێزانەکەی. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە ئەو ژنەیە کە بە فلاشباک دەگەڕێتەوە بۆ پەنجا ساڵ پێشتر و باسی ئەو کاتەی خۆی و خێزانەکەی دەکات کە لە ڤێتنام ژیاون لەدوای مردنی باوکەوە.

کچەکە تەمەنی پانزە ساڵ و نیوە، بە کەشتی دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکەی لە سایگۆن. لە کاتی گەڕانەوەدا پیاوێکی ڕێکپۆشی دەوڵەمەند دەبینێ کە لەناو سەیارەیەکدایە و تەماشای ئەم دەکات. دوای ئەوەی پیاوەکە دەچێتە لای کچەکەوە و چەند پرسیارێکی لێ دەکات، پێی دەڵێت کە دەتوانێت لەگەڵ ئەودا بڕوات تا بیگەیەنێتە بەشە ناوخۆییەکەی سایگۆن. خێزانی کچەکە بە هەژاری دەژین، دایکی دەیەوێت کچەکەی بخوێنێت و ببێت بە مامۆستای بیرکاری، بەڵام ئەو کچە وەک یاخیبوونێک لە بنەماڵە و فەرمانەکانی دایک، بەتەنها ئەوەی بەلاوە گرنگە ببێت بە نووسەر. پیاوە چینییەکە جارێکی تر لەبەردەم قوتابخانەی کچەکەدا دەوەستێت و دەیەوێت بە ئۆتۆمبێلەکەی بیگەیەنێتەوە بۆ بەشی ناوخۆیی، هەربۆیە پاش دووەم دیدار پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەنێوانیاندا دروست دەبێت.

ئەو کچە هەوڵ دەدات لەو هێڵە باوانەی خێزانەکەی بچێتە دەرەوە، هەربۆیە زۆر بە خێرایی و لە تەمەنی پانزە ساڵیدا پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو کوڕە دەوڵەمەندە چینییەی کە دوو تەمەنی ئەوی هەیە دروست دەکات، کە هەردوو خێزانەکە دژی ئەو پیوەندییەن. بەڵام ئەوان تا ئەو کاتەی خێزانی کچەکە دەگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا، پەیوەندییەکەیان هەر دەمێنێت. لە ماوەی ئەو ساڵ و نیوەی کە پێکەوە دەبن، ئەوان باسی داهاتووی خۆیان ناکەن، بەڵکو تەنها باسی خێزانەکانیان دەکەن.

ڕۆمانی عاشقەکە ڕۆمانی یاخیبوون و هەوڵدانی کچێکە بۆ گەیشتن بە خەونەکانی، بەبێ گوێدانە هەموو ئەو بەربەستانەی لەبەردەمیدایە، واتا خۆشەویستییەکە بەرەنگاری هەموو ڕێگرییەکان دەبێتەوە. ئەو کچە هەوڵ دەدات لەو کەشە خنکێنەرە هەڵبێت، کە خێزانەکەی تێیدا دەژین، بەهۆی فەرامۆشکردنی ئەو کچەوە لەنێو خێزانەکەیدا، ئاساییە کە هەوڵ بدات بۆ کەسێک بگەڕێت گرنگی پێ بدات و ئەو بۆشاییەی بۆ پڕبکاتەوە. هەربۆیە بە گفتوگۆیەکی سادە لەگەڵ کوڕێکی دەوڵەمەنددا لەگەڵی دەچێتە نێو سەیارە لیمۆزینەکەیەوە. دایکی کچەکە بەو پەیوەندییە ڕازی نییە و باوکی کوڕەکەش وەک بەرەڵایەک تەماشای خۆشەویستی کوڕەکەی دەکات و ڕازی نییە ئەو کچە بکاتە هاوسەری. لەنێو خێزانی کچەکەدا هیچ شتێکی هاوبەش نییە و هیچ شتێک پێکەوە کۆیان ناکاتەوە. وەک دەبینین ڕۆمانەکە ئەو خێزانە وەک بەرد وێنا دەکات، تەنانەت تەماشای یەکتریش ناکەن و هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانیاندا نییە.

ئەو عەشقەی لە ڕۆمانی عاشقەکەدا دەیبینین، عەشقێکە ڕەگێکی قووڵی لەنێو ناخی هەردوو کاراکتەردا داکوتاوە، کە لە ئاستیدا هەموو لەمپەر و کێشەکانی دەوروبەر دەکەونە پەراوێزەوە. عەشقێک کە تێپەڕینی ڕۆژەکان و دوورکەوتنەوە و دابڕان کاڵی ناکاتەوە. ئەو کچە بەتەواوی ئاگای لەوەیە کە بەهۆی ئەو عەشقەوە هەموو دەوروبەر بە چاوێکی نزم تەماشای دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت کە ناتوانێت بگات بە عاشقەکەی، بەڵام بێباکە بەرامبەر ئەوانە و لەسەر پەیوەندییەکەی بەردەوام دەبێت. بە دیوێکدا هەست بەوە ناکرێت عەشقێکی گەورە و ئومێدێکی ڕۆشن ئەو پەیوەندییەی هێشتبێتەوە، بەڵکو زیاتر لەوە دەچێت وەک هەڵهاتنێک لەو دۆخەی کچەکەی تێدایە، خۆی داوەتە دەست پەیوەندییەکە و خۆشی نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات. پیاوە چینییەکەش لەبەر ئەوەی دەزانێت ئەو پیوەندییە داهاتووی نییە، دەیەوێت وای پیشان بدات کە ئەو کچە دوای دەوڵەمەندییەکەی کەوتووە. بەهۆی نەبوونی داهاتووی ئەو عەشقەوە، وای کردووە لە پەیوەندی ئەو دوو کەسەدا هەست بە ساردییەک بکەین، چونکە هەردووکیان دەزانن کە ئەو عەشقەیان هیچ داهاتوویەکی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی هەردووکیان بەشێوەی جیاواز لەڕووی دەرونییەوە تەواو جێگیر نییە. کچەکە خۆی دەڵێت کە بەردەوام جۆرێک لە بێتاقەتی لەگەڵدایە.

ئەو عەشقەی لەم ڕۆمانەدایە، شێوازێکی تایبەتە لە پەیوەندی و خۆشەویستی. کچێکی مناڵ بە ڕێکەوت و لەسەر کەشتییەک سەرەتای پیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێکی چینیدا دروست دەکات. پەیوەندییەکە لەسەر ئەو هێڵە باوانەی پەیوەندی خۆشەویستی ناڕوات کە پێشتر پێی ئاشنا بووین، بەڵکو شێوەیەکی تایبەتە و لە زۆر ئەدگاردا ناچێتەوە سەر پەیوەندییە باوەکانی خۆشەویستی. لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەندێک گریمانە بۆ جۆری پەیوەندییەکە دادەنێین، بەڵام بە هەندێک ئاماژە و شێوازی هەڵسوکەوتی هەردوو کاراکتەرەکەدا، گومان لەسەر گریمانەکان دروست دەبێت. ئایا ئەو کچە لەبەر دەوڵەمەندیی پیاوەکە دەچێتە ئەو پەیوەندییەوە؟ ئایا بەڕاستی خۆشیدەوێت؟ ئایا ئەو پیاوە چینییە بەتەنها بۆ سێکس لەگەڵ ئەو کچەدایە؟

لە زۆر دەقی دیکەدا ئەوەمان بینیوە کە کاتێک کچ و کوڕێک یەکترییان خۆشدەوێت، یەکێک لە خێزانی ئەو دووانە یان هەردوو خێزانەکە بەوە ڕازی نابن ئەو دوو خۆشەویستە بەیەک بگەن، هەربۆیە ئەو دوو کەسە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەو بەیەکگەیشتنە و قوربانی دەدەن و لەپێناوی خۆشەویستییەکەیاندا دەستبەرداری هەموو شتێک دەبن. لە ڕۆمانی (عاشقەکە)دا هەردوو خێزانەکە بەوە ڕازی نابن ئەو دوو کەسە پێکەوە بژین، تا ئێرە چیرۆکەکە ئاساییە و پێشتر بەو جۆرە چیرۆکانە ئاشنا بووین، بەڵام شێوازی ئەو عەشقەی لە پێش خۆی جیاوازە، ئەوەیە کە هەردووکیان بەو بڕیارە قایلن و لە یەکدیش جیانابنەوە، بەڵکو زۆر ئاسایی و بێ هیچ ئامانجێک بۆ ئایندە درێژە بە پەیوەندییەکەیان دەدەن. لە هەندێک ڕووەوە ڕەنگە ئەو پەیوەندییە بەتەنها وەک پەیوەندییەکی سێکسی تەماشا بکرێت، واتا بەتەنها وەک ئارەزووی سێکسی و تێرکردنی حەزەکانیان درێژە بەو پەیوەندییە دەدەن، بەڵام بە چەند ئاماژەیەک لە دەقەکەدا، پەیوەندییەکە لەو شێوە ڕاوانینە دووردەخرێتەوە. ئەو پیاوە چینییە چەند پەیوەندییەکی سێکسی زووتێپەڕی لەگەڵ چەند کچێکدا هەبووە، هەر سەرەتا کاتێک کچەکە دەبات بۆ ئەو شوێنەی بۆ ئەو پەیوەندییانە دایناوە، ئەوە بە کچەکە ڕادەگەیەنێت. کاتێک پەیوەندی لەگەڵ ئەو کچەدا دەبەستێت، ناتوانێک وەک پەیوەندییەکی کاتی تەماشای بکات، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکەیان بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەوەش باسی ئەوەی لەگەڵ دەکات کە باوکی بەوە ڕازی نابێت کە ئەو کچە بخوازێت، کەواتە دەیەوێت لەگەڵی بژی. لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئەوەی ئەو پیاوە چینییە عاشقی ئەو کچە دەبێت، هیچ ئاماژەیەک نابینین کە پەیوەندی لەگەڵ کەسی تردا هەبێت، ئەوەش پەیوەندییەکە لەوە دووردەخاتەوە کە بەتەنها پیوەندییەکی سێکسی بێت.

لە هەمان کاتدا کچەکەش بەتەنها وەک پەیوەندییەکی سێکسی و تێرکردنی ئارەزووەکانی تەماشای ئەو پەیوەندییە ناکات، چونکە ئەویش باسی ئەوە دەکات کە خێزانەکەی ڕازی نابن هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی چینیدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کچە لەو ماوەیەدا و دواتریش پەیوەندی لەگەڵ هیچ پیاوێکدا نییە و تەنها لەگەڵ ئەو پیاوە چینییەدا سێکس دەکات. ئەگەر وەک تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی تەماشای پەیوەندییەکەی بکردایە، ئەوا بەتەنها لەگەڵ یەک پیاودا نەدەبوو.

بەشێوەیەکی گشتی لە هەندێک ڕووەوە هەست بە جۆرێک لە ساردیی دەکەین لە پەیوەندی نێوان ئەو دوو کەسەدا. ئەگەر ئەوە بۆ نەبوونی دواڕۆژی پەیوەندییەکەیان بگەڕێتەوە ئاساییە، بەڵام ڕەنگە خوێنەر وا هەست بکات ئەو پەیوەندییە بەتەنها پەیوەندییەکی سێکسییە، ئەویش زیاتر بەهۆی دووبارەبوونەوەی سێکسی ئەو دوو کاراکتەرە، کە لە فیلمەکەشدا بەتەواوی گرتە سێکسییەکان پیشان دەدرێت، ئەوەش وا دەکەوێتەوە کە ئەو دووانە بێ هیچ پاڵنەرێک درێژە بە پەیوەندییەکەیان دەدەن، ئەوا بوونی عەشق لە دەقەکەدا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام لە کۆتایی دەقەکەدا بە ئاماژەیەک و لە ڕێگەی چەند وشەیەکەوە، ئەو پەیوەندییە لەو ڕوانینە دووردەخاتەوە و دەیکاتە عەشقێکی گەورە کە سەردەم و کاتەکان تێدەپەڕێنێت. ئەویش کاتێک کچەکە کەوتووەتە تەمەنەوە و لە پاریس دەژی، تەلەفۆنێکی بۆ دەکرێت، ئەو پەیوەندییە لە پیاوە چینییەکەوەیە. ڕۆمانەکە بەو چەند وشەیەی ئەو پیاوە چینییە کۆتایی دێت، کە پێی دەڵێت هەرگیز ناتوانێت ئەو خۆشەویستییەی ئەو لە دڵی دەربکات، بۆیە تا مردن خۆشی دەوێت.

 

سەرچاوەکان:

١- عاشقەکە، ڕۆمان، مارگرێت دوراس، وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاهۆ حەسەنپور، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٠٧.

٢- عاشق، ڕۆمان، مارگرێت دوراس، وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: کافیە جوانڕوودی، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم، بانە ٢٠١٤.

٣- سۆزانییەکەی کەناری نۆرماندی، کۆمەڵە چیرۆک، مارگرێت دوراس، وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: فازڵ مەحمود وەلی، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١٧.

٤- الحبيب، رواية، مارغريت دوراس، ترجمة: د. خليل أحمد خليل، دار الحداثة للطباعة والنشر والتوزيع، الطبعة الاولى، بيروت ١٩٩٣.

٥- موديراتو كانتابيل، رواية، مارغريت دوراس، ترجمة: نهاد التكرلي، دار المدى للثقافة والنشر، الطبعة الاولى، بيروت ٢٠٠٦.

٧- عيون زرق شعر أسود، رواية، مارغريت دوراس، ترجمة: كامل عويد العامري، دار نينوى للدراسات والنشر والتوزيع، الطبعة الاولى، دمشق ٢٠١٨.

٨- الحب، رواية، مارغريت دوراس، ترجمة: أسكندر حبش، منشورات الجمل، الطبعة الاولى، بيروت ٢٠١٧.

٩- هيروشيما حبيبي، رواية، مارغريت دوراس، ترجمة: الدكتور سهيل ادريس، دار آلاداب، الطبعة الثانية، بيروت ١٩٩٠.

١٠- العاشرة والنصف ليلا في الصيف، رواية، مارغريت دوراس، ترجمة: أسكندر حبش، منشورات الجمل، الطبعة الاولى، بيروت ٢٠١٧.

١١- الرواية الحديثة، پول ويست، ترجمة: عبدالواحيد محمد، دار الرشيد للنشر، الطبعة الاولى، بغداد ١٩٨١.

١٢- الرواية الفرنسية المعاصرة، ترجمة: د. جاسم الهاشمي- كامل عويد العامري، الموسوعة الصغيرة، الطبعة الاولى، بغداد ٢٠٠٢.

١٣- العرب، الاحد، ٢٩/١٠/٢٠١٧.

١٤- الحوار المتمدن، العدد (٦٢٧٢)، ٢٦/٦/٢٠١٩.

١٥- المستقبل، الثلاثاء، العدد (٥٤٨)، ٢/٥/٢٠٠٦.

١٦- المستقبل، الاحد، العدد (٣٦٢٠)، ٢٠١٠.

١٧- طنجة الادبية، ٢٨/٧/٢٠١٠.

١٨- الصوت الآخر، ١٩/٥/٢٠١٠.


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە