viber_image_2022-01-11_02-51-54-308.jpg

سەرما خوێن لە پەنجەکانم دەدزێ!


سەرهەد هادی - پەخشانە سوورەت

١
ئەو رۆژەی کە نیگام لە رووبارە بێ دەنگەکە بڕی و لەبەر خۆمەوە دەمگوت؛ تۆ... قەت نەتتوانی لەم قەلەمبازییەم تێبگەیت، کە منی وەک پەڕی باڵی نەورەسێک ھەڵدەوەراند.
بەر لەوەی لە مەرگ بگەڕێمەوە، من لە نێو تەنیاییمەوە دەستەویەخەی مەرگێکی لەسەرخۆ ببووم... باسی تەنیایی دەکەم، ئەو مەرگەی لەوێ لەنێو تەنیاییدا خۆی بۆ ئێمە مەلاس داوە زۆر هێمنانە، بەڵام زۆر بە دڵڕەقانە دەمانکوژێ... بەڵێ من خۆم خستە، قاوغی تەنیاییەوە بۆ ئەوەی رزگار ببم، تا چیتر وەک درەختێکی دڕ رەگ لە رۆحمدا، دا نەکووتی!
من دەمزانی تەنیایی دوو سەرەیە یان ژیانت پێ دەبەخشێتەوە، یانیش مەرگت پێ دەبەخشێ، یان دەتکات بە پێغەمبەر یان دەتکات بە مەیتەرەوان... بەڵام من رزگار نەبووم و بووم بە مەیتەرەوان، بەڵام مەیتەرەوانێک کە ھەمیشە بەدەنی خۆی بە شانەکانی ھەڵگرتبێت.
بەڵێ من بووم بەو بنیادەمە کە شەکەتی بەدەنی خۆمم... وەک ئەوەی دوا ڕێژگەی ڕووبارێک بم بە ڕژانی لە دوا قۆناغدا ببم بە هەڵمێک زەریا و ئاسمانێک نەبن بمگرنە خۆی. قورسە دەرک بەوە بکەیت کە بە قەد دووری نێوان ئەهریمەن و ئاهورامەزدا لە ڕۆحەوە دومەڵ و کێم و زوخاوم ھەڵگرتووە...!

٢
تەنیایی وەک ئەوەی بێ بەزەییترین ئافرێندراو بێ مرۆڤ دەخاتە تەڵەی بیرکردنەوەوە... وەک ئەوەی بیەوێ بێ ڕەحمانە بە بیرکردنەوەوە مرۆڤێک بکوژێ! من زوو دەمگوت، کە مرۆڤێک دەچێتە تەنیاییەوە، لەوێدا یان بە بیرکردنەوەوە ھەموو "لوو"ێک لە خۆیدا دەکوژێ یانیش بیرکردنەوە "ئەو" لەخۆیدا دەکوژێ!

من وەک ئەوەی ساوایەکی بێ دەسەڵات بم، کەوتمە داوی بیرکردنەوەیەکی بێ ئاممان... کە نەمدەزانی لە کام بیابانی نەفرەتییەوە کۆتاییم دێ... قوڵ بیرم دەکردەوە، قوڵ وەک ئەوەی پێغەمبەرێک بم و شار بۆ ئەشکەوتێک جێبھێڵم... بەڵام من وەک مردووێک ھاتمە دەرێ و نەمتوانی لە وێنەی پێغەمبەرانە، لە تەنیاییەوە لە دایک ببمەوە...! ئیت هاتم و خۆمم پێشکەشی دونیای تۆ کرد!

٣
بەڵێ هاتم و خۆم خستە نێو سنووری دونیاکەی تۆوە... بەڵام تۆ هەرگیز تێنەگەیشتیت کە من وەک ئاسکێک ھاتم، تا بە قاچە بێ گوناھەکانم، خاکەکەت پیرۆز بکەم... من رووەکخۆریکی بێ کەڵبە بووم، هاتم چەپکێک "گیاپەنجە" بخەمە سەر سینگی لا چەپت... هاتم تا گوڵی "پوشکینیا" لە هەوارت جێبهێڵم… بەڵام تۆ... تۆ ئەی گوناهبار... پێستەمت دەویست خۆت لە وەرزێکدا پێ گەرم بکەیتەوە... هاتم و جەستەی خۆمم پێشکەش کردیت و تۆش وەک کەمتیارێک لە جەستەمت خوارد و لەوێ جێت هێشتم... تێناگەم چۆن دەتوانیت گوڵ ببینیت و میهرەبان نەبیت! چەند بێ باوەڕیت بە کەوتن، چەند دڕندەیت لە ئاست کەوتنی ئەو فرمێسکانەی کە هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ چاو، چەند سارد بوویت لە ئاست هەورێک کە بۆت دەتوایەوە... تۆ منت بۆ ئەبەد کوشت و تا لە وەرزێکی سپڵەدا کەیف بکەیت... کێ دەتوانێ ئەم سپڵەییە بنووسێتەوە!

٤
باش بیرمە، ئەو ساتانەی کە وەک بەچکە پەنگوینێک ھەوڵی تەی کردنی کەنار دەریام دەدا و وەک ئەوەی لەمسی بوونم بکەم، کوڵمەکانم بە ناچاری دەنا بە رووی بەستەڵەکەوە... ئەو بەستەڵەکەی کە لەپەنجەکانم خۆی دەنواند...! من دواتر زانیم کە بەستەڵەکەکان لە بەستەڵەکی ناخت میهرەبانتر بوون.

 

٥
بەر لەوەی ببمە خۆراکی رۆحێکی نەگریسانەی تۆ خونچەیەک بووم و ھێشتا سەرم لە نێو وجودی خۆمدا دەرنەھێنابوو، دەبوو وەک وێنەی گوڵێک بدرەوشێمەوە، کێ لەم ناسکییەم تێدەگەیشت، ئاخر کەی خونچەیەک دەتوانێ وەک گوڵ جوانیی پەخش بکات، من دەبوو لە کاتی خۆیدا بەر جوانیی بکەوم، وەک ئەو گوڵەی وەک بەنازترین رووەکی یەزدان ناز بەچوار دەوریدا دەکات! کەچی تۆ منت لە رەگەوە دەرکێشا و فڕێتدایە دوا قورچنی بیابانێک!
بەڵێ... من کاریلەیەک بووم، ھێشتا لێوەکانم، تێر بەرکەوتنی گوانی پڕ بەرئاتی دایکم نەببوو، بووم بە کوژراوی چەقۆی بێ ویژدانی سەربڕێک... چ ئاسمانێک، چ زەمینێک دەتوانێ دوا نیگای ئەم کارە بخاتە نێو ھەناوی عەدەمەوە.... نا ھەرگیز.

٦
من کە تا ئێستاش سەرما خوێن لە پەنجەکانم دەدزێ، تۆ چۆن دەتوانیت وجودم بدزیت، من کە بە نیگای فریشتەیەک دەمرم، بۆ دەبێ بە زللەی ئیبلیس بمکوژیت، من کە بە نەختێک لە خەم و نیگەرانی پەنجەکانم سپی هەڵدەگەڕێن، تۆ چۆن خوێنی بەشەکانی تری جەستەم دەمژیت!
ئایی... من کە بە گۆچانێک جەستەم بئاوسێ، بۆ بە شمشێر هەلاهەلام دەکەیت، من کە بە بۆنی گوڵ دەمرم، بۆ بە هاڵاوی خوێن ئازارم دەدەیت... ئایی... من کە بە مشتێک خۆشەویستی دەمرم، بۆ لە بەرزاییەوە فڕێم دەدەیتە خوارەوە.
ئاخ... من لەوانە بووم کە بیرکردنەوە منی لە ھەموو ئەوانەدا کوشت کە دەمویست بە دەستەکانی خۆم لە بوونمدا بیانسڕمەوە، کێ دەتوانێ ئەو ئازارە بنووسێتەو. ئیتر بۆ من نە "یۆحەنا"یەک هەیە، نە "مۆغێک"!

٧
من هاتبووم داستانێکی پر لە عیشق لەگەڵت بنووسمەوە، کەچی تۆ منت خستە ناو جەنگێکەوە و کوشتمت. تۆ دەتزانی کە من هەرگیز نەمدەتوانی وەک تۆ ببم بە بکوژ و وەک جەنگاوەرێک باسی کوشتنێک بگێڕمەوە، نەمدەتوانی وەک راوچییەکی بێ ویژدان شانازی بە پێستەی گیاندارێکەوە بکەم...!
بەڵام من لە کۆتاییدا تەنھا ئەوەم بۆ مایەوە ژەھری یادگارییەکانم وەک سزادراوێک بخۆمەوە و نەمرم... بخۆمەوە و نەمرم!
 
 
 


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە