viber_image_2022-01-11_03-07-10-033.jpg

لێکدانەوەیەکی دەروونی دەربارەی فیلمی (Shutter Island)

 

 پەیوەند قەرەداغی

فیلمەکە لە ڕۆمانێکی نوسەر دینیس لیهین لەژێر هەمان ناونیشان وەرگیراوە کە لەساڵی ٢٠٠٣ بڵاوی کردەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوە سەرنجی گەورە دەرهێنەر مارتن سکۆرسیزی بەلای خۆی ڕاکێشا و لەساڵی ٢٠١٠ کرایە فیلم.

سکۆرسیزی مەزن ئاماژەکانی ناو فیلمەکەی بە جۆرێکی وەها ورد دەرهێناوە هەموو ئەوانەی تەماشای فیلمەکەیان کردووە هەردەم پرسیارێکی زۆریان لا دروستبووە دەربارەی هێماکانی ناو فیلمەکە، بە تایبەت کۆتاییە بێ کەزییەکەی، هەربۆیە کلیلی دەرگاکەی داوەتە دەست ئەو بینەرەی بە باشی هەڵێنجانی بۆ فیلمەکە کردووەو لە ڕووداوەکانی تێگەیشتووە، تاکو سەربەستانە کۆتاییەک بەخواستی خۆی بۆ دەستنیشان بکات.

سەرەتا پێش ئەوەی بابەتەکە بخوێنیتەوە، گەر تاکو ئێستە فیلمەکەت تەماشا نەکردووە، بچۆ سەیری یەکێک لە شاکارەکانی سینەمای جیهانی بکە، پاشان بگەڕێوە بۆ ئەم نوسینە و ئاماژەی کۆتایی فیلمەکە دەستخە، چون سپۆیڵکردن لە پێشتە. دواتر لەپێناو گەیشتن بە لێکدانەوەی فیلمەکە، لەسەرتە ئەم کەسایەتییە سەرەکیانەی ناو فیلمەکەت بیرنەچێتەوە:
١-لیوناردۆ دی کاپریۆ (ئەندرۆ لێدس/ئیدوارد تێدی دانێڵس)
٢-بێن کینگسلی (پزیشک. جۆن کاولی)
٣- مارک ڕوفالۆ (پزیشک. لێستەر شیهان/چاک ئەوڵ)
٤-میشێل ویلیامز (دۆلەریس چانەڵ)

بە پرسیارێک دەستپێدەکەین:
- ئایا ئەندرۆ لێدس (لیۆناردۆ دی کاپریۆ) دەبێت نەخۆشێکی دەروون شێواوبێت، یاخود قوربانی دەستی پیلانێک؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، بەکورتی دیمەنی (دۆلەریس چانەڵ) ـی هاوژینی ئەندرۆ دەهێنین و دەچینە ناو باسەکە...

ئەندرۆ و چانەڵ سێ منداڵیان هەیە. پیشەی ئەندرۆ پێشتر (سەربازێکی جەنگ) بووە. چانەڵی خێزانیشی خولیایەکی نامۆی هەیە کە خۆکوشتنە! چەندجارێک هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، زۆر خەریک دەبێت بە ئەندرۆ بڵێت هۆکار چییە کە دەیەوێت خۆی بکوژێت؟ بەڵام ئەندرۆ خواستی یارمەتی و گوێگرتنی لە هاوسەرەکەی نییە، نایباتە لای پزیشکی دەروونی، بگرە ئەو لایەنە تەواو فەرامۆش دەکات! هەر لەبەر ئەوە هەڵدەستێ بە سوتاندنی ئەو خانووەی لێی دەژین، لەگەڵ ژن و منداڵەکانی بۆ خانوویەکی نزیک کەناری دەریاچەیەک دەگوازنەوە بە ئومێدی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی هاوژینەکەی، وە باشترکردنی ژیانیان.
ڕۆژێک لەپاش گەڕانەوەی ئەندرۆ بۆ ماڵەوە دەبینێ چانەڵی خێزانی هەرسێ منداڵەکەیانی لەناو ئاوی دەریاچەکە خنکاندووە! و بە ئەندرۆ دەڵێت: کە لەو ژیانەی تێیدایە ڕزگاری بکات، ئەویش بە دڵتەنگییەکی زۆرو بوونی شۆکێکی فەرۆزەنەکراو دەیکوژێت. دواتر ئەندرۆ دەگوازنەوە بۆ چاکسازیخانەیەکی دەروونی sanatorium لە دوورگەی Shutter Island.
[دیمەنەکە بە یەکێک لە سامناکترین و تراژیدارترین دیمەنەکانی سینەمای هۆڵیود دادەنرێت و، تەواو جێدەستی سکۆرسیزی بلیمەتی پێوە دیارە].

چۆنێتی دیاریکردن و ناسینەوەی نەخۆشی (خاپاندن- وهم- delusion)
بینەری بە سەلیقە لەگەڵ سەرەتاکانی فیلمەکە بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ئەندرۆ نەخۆشییەکی دەروونی هەیە بە ناوی #خاپاندن کە لە بواری دەرونناسی کۆمەڵە بیروباوەڕێکی نـــاڕاستـی ژیلوارە، کەسی توشبوو کۆمەڵە بۆچوونێکی لا بەرجەستە دەبێت کە باوەڕی تەواوەتی پێیەتی، سەرەڕای نەبوونی هیچ بەڵگەیەک.
نەخۆشییەکە چەند جۆرێکە:
١-خاپاندنی سۆزداری
توشبوو وادەزانێت کەسێک عاشقی بووە.
٢-خاپاندنی گەورەیی
توشبوو لە جیهانی فەنتازیا دەژی، بە بڕوای ئەوەی لەناو خەڵکی زۆر بەناوبانگە.
٣-خاپاندنی چەوساندنەوە
توشبوو لە جیهانێک دەژی گوایە لەلایەن کەسێکی ترەوە دەچەوسێنرێتەوە. (ئەم جۆرەیان باوترینی نەخۆشییەکەیە).
٤-خاپاندنی تێکەڵکاری
قورسترینیانەو تووشبوو دووان یان هەرسێ جۆرەکەی پێشوتری هەیە.

لە ڕووانگەی ئەو جۆرانەی نەخۆشییەکە، دوای بینینی فیلمەکە بۆمان دەردەکەوێت:
١-ئەندرۆ خاپاندنی بەناوبانگبوونی هەیە کە گوایە وەک پشکنەرێکی پۆلیس بەناوی (تێدی) هاتووەتە دوورگەکە بۆ ئاشکراکردنی لایەنە شاراوەکانی ئەو تاقیکردنەوە سیاسیانەی لەسەر نەخۆشەکان وەک قوربانییەک دەکرێت.
٢-خاپاندنی چەوساندنەوە، دیسان لە کەسایەتی ئەندرۆ بەدیدەکرێت بە بڕوای ئەوەی پزیشکەکان یارمەتی نادەن لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، بگرە لە دژی پیلان دەگێڕن.
پەی بردن بەم لایەنە زۆر ئاڵۆزە، چون بۆ چەند ساتێکی سەرەتا ڕووکەشانە وا لە بینەر دەکات کردەوەکانی نەخۆشەکە جێی باوەڕبێت کە ئەوە هۆکاری سەرەکییە لە دژواری دیاریکردن و ناساندنی(تشخيص Diagnosis) دۆخی نەخۆشیەکە.
٣-دەکرێ ئەو دۆخەی ئەندرۆ تێیدایە، ناوی (وڕێنە) ـشی لێبنرێت؟ بەو پێیەی وڕێنەکردن ڕاستەوخۆ (خاپاندن)ـی بەدوادادێت و پەیوەستە بە هەستەکانەوە. وەک هەستی:
▪️بینین
بینینی شتگەلێ، کە لە بناغەدا نین.
▪️بیستن
باوترین جۆری وڕێنە کردنە، مەبەست لێی گوێبیست بوونی کۆمەڵە دەنگ و قسەگەلێکە کە بناغەیەکیان نییە.
▪️بەرکەوتن
بە مەزەندەکردنی بەرکەوتن بە تەنێک بێ ئەوەی لە ڕاستیدا ڕووی دابێت.
▪️بۆنکردن
بۆنکردنی شتگەلێ، سەرەڕای نەبوونی.
▪️تامکردن
دەگمەنترین جۆری وڕێنە کردنە، تیایدا کەسەکە تامی شتێک دەکات، بەڵام تامکردنەکە شتێکی ترە، یاخود بوونی هەر نەبووە.

لە فیلمەکەدا، بەتایبەت دیمەنی ئەشکەوتەکە؛ ئەندرۆ (وڕێنەی بینین و بیستن) هاوەڵی بوو، ئافرەتێکی دەبینی و گوێبیستی دەبوو کە باسی چۆنێتی هاتنی نەخۆشەکانی بۆ ئەو دوورگەیە دەکرد، لەگەڵ ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەریان دەکرێت.

٤-هەموو ئەوەی وادەکات ناساندن و دیاریکردنی نەخۆشییەکە دژواربێت، لەبەر ئەوەی (ئەندرۆ) و هاوشێوەکانی کەسانێکی کۆمەڵایەتین و لە بەستنی پەیوەندین لەگەڵ خەڵکی بەتوانان، بێجگەلەوەی خاوەن شیکارکردنێکی باوەڕپێکراون بۆ ئەو ڕووداوانەی لە دەوروبەر ڕوودەدەن.
ئەم خاڵە لە زۆرینەی دیمەنەکانی فیلمەکە دەخرێتەڕوو، بەتایبەتی دیمەنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پزیشکان لەسەر مێزی گفتوگۆکە؛ کاتێک ئەندرۆ دەگاتە شیکارکردنی ٦٦ نەخۆشەکە! پاش ئاشکراکردنی ئاماژەی کاغەزە چکۆلانەکەی لەسەری نوسراوە "یاسای ژمارە چوار، ژمارە ٦٧ کێیە؟،،
هەر ئەوەشە وایکردووە ئەندرۆی بێچارە، لەخۆڕا دوو ساڵ لەو خاپاندنەدا بـــژی کە سەرەنجام بڕیار دەدرێ کرداری laboratory بۆ بکرێت لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە.

لێرەدا بۆ ئەوەی لە کۆتایی فیلمەکە تێبگەین، مەرجە لەسەرمان بزانین ئەو نەشتەرگەرییە چییە، چۆنە؟
وەک دەزانین مێشک لە چوار لا پێکهاتوو:
▫️لا ناوچەوان
▫️ دیوارە لا
▫️لا جـــان
▫️لا پشتە سەر

ساڵی ١٩٣٥ زانایەک هەڵسا بە تاقیکردنەوەیەک لەسەر مەیمونێکی چیمپانزی. گەیشتە ئەو ئەنجامەی گەربێت و لامێشکی ناوچەوان-Frontal Lobes هەڵگیرێت کە بەرپرسیارە لە یادگە و هەستەوەرەکان، نەخۆشەکە دەبێتە کەسێکی تەواو لەسەرخۆ و نــاتوندوتیژ، بەڵام لە بەرامبەردا باجی دەرچوون لە مرۆڤبوون دەدات؟ چون کاردانەوەو هەستەوەرەکانی نامێنێت.
ئەو تاقیکردنەوانە؛ بیرۆکەیەکی بەخشییە زانای بواری پزیشکی پۆرتوگالی (ئەنتۆنیۆ ئیگاس مۆنێز) کە لەگەڵ نەخۆشانی مێشک شێواوی leucotomy مامەڵەی دەکرد، تاقیکردنەوەکان لە مەیمونەکانەوە بگوازێتەوە بۆ سەر خودی مرۆڤەکان لەژێر ناوی دۆزینەوە و چارەسەر و توێژینەوەی زانستی بەهۆی بوونی کێشە لە گەیەنکە دەمارەکانی(مشبك عصبي - Synapses) ئەو نەخۆشانە لە توێکڵی پێشەوەی مێشکییان، هەرچەندە (ئیگاس) نەیدەزانی چی هۆکارە بۆ تێکچونی گەیەنکەدەمارەکان! هەرلەبەر ئەوە پێشنیازی لابردنی لامێشکی ناوچەوانی کرد لەڕێی لابردنی ڕیشاڵە دەمارەکانیی (الياف عصبية - Nerve fiber).
ئەوەبوو یەکەم نەشتەرگەری لەسەر خانمێکی توشبووی تەمەن ٦٠ساڵ کرد، پاش کونکردنی کەللەسەری لە دوو شوێنەوە و کردنی دەرزی کهولی بۆی! نەشتەرگەرییەکان سەرکەوتوو دەبوون بە ڕووکەشی، لێ مرۆڤەکە جارێکی دی نەدەبووەوە خاوەن یادەوەری و کەسایەتی و هەستەوەرەکانی..
ئیگاس لە تاقیکردنەوەکانی بەردەوام دەبوو تاکو ڕێژەکە نزیکبووەوە لە ١٩ نەخۆش و گەشەی بەخشییە شێوەی نەشتەرگەرییەکە؛ ئەمجارە بە بێ کونکردنی کەللەسەری توشبووەکە، بەڵکو لە ڕێی چاوەکانیان دەرزییەکانی دەکرد! لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوەکانی وەک پڕۆپۆزڵێک بڵاوکردەوەو سەرکەوتن و چارەسەری هەمیشەیی ڕاگەیاند! بەوەش توانی جێی خۆی لەناو کایەی زانستی ئەو سەردەمە بکاتەوە و خەڵکانێکی زۆر بەتایبەت ئەوانەی سەربـــاز بوون و لە جەنگەکان دەگەڕانەوە و توشی شۆکی جەنگی جیهانی دووەم هاتبوون، بە خواستی خۆیان ئامادە دەبوون لەسەریان ئەنجام بدرێت. بەوەش ڕێژەی نەشتەرگەرییەکە تەشەنەی زۆری بە خۆوە بینی، بە ڕادەیەک لە ساڵێکدا لە ١٠٠ بۆ ٥٠٠٠ نەشتەرگەری بەرزبووەوە.
سەرەڕای ڕەخنەی زۆر و دژایەتیکردنی ئەو جۆرە چارەسەرییە و بناوزەندکردنی بە بێ مۆراڵێتی، (ئەنتۆنیۆ ئیگاس) توانی ببێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ١٩٤٩ لە بواری پزیشکی! بەڵام لەساڵی ١٩٥٢ بۆ هەتاهەتایی نەشتەرگەرییەکە قەدەغەکرا و دەنکە دەرمانەکان(حبوب دوائیة - pills) جێی گرتەوە.

بەستنەوەی شێوەی زانستی نەشتەرگەرییەکە بە ڕووداوەکانی فیلمەکە..
نەشتەرگەرییەکانی ئیگاس_مونیز ڕەنگدانەوەی چارەسەرکردنەکەیە لەناو فیلمەکە، بەهۆی مەترسی نەشتەرگەرییەکە کە وادەکات نەخۆشەکە لە بەرگی مرۆڤبوون دەرچێت و ئومێدێک نەمێنێتەوە بۆ چاکبوونەوەی. هەر ئەوەشە وادەکات دکتۆر جۆن کاولی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە چاکسازییە دەروونیەکە ڕازی نەبێت بە کردنی ئەو نەشتەرگەرییە لەسەر ئەندرۆ، بەڵکو داوادەکات ئەنجومەنی گشتی پزیشکانی نەخۆشخانەکە دوا هەل بدەن بە ئەندرۆ و کۆتا هەوڵی خۆیانی لەگەڵبدەن بە هیوای چاکبوونەوەی و درککردن بەوەی کە لە خاپاندنێکی قوڵدا دەژی و، نە پیشەکەی لێکۆڵەری پۆلیسییە و نە هیچ پیلانێک دژیشی دەگێڕدرێ..
هەر لەبەر ئەوە سەرجەم پزیشک وکارمەندەکان و پاسەوانەکان و تەنانەت خودی نەخۆشەکان بەشداری سیناریۆیەک پێدەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەندرۆ. دکتۆر کاولی هەڵەسێت بە پێدانی ڕۆڵی (چاک ئەوڵی) بە دکتۆر لیستەر شیهان کە یاریدەدەری لێکۆڵەر (تێدی دانێڵس (ئەندرۆ لێدس).
فیلمەکە ڕیتمی خۆی وەردەگرێت و لەسەر هێڵێکی ئاراستەکراوی بۆ کێشراو بەو پلانەی دانراوە دەڕوات. لە کۆتاییدا ئەندرۆ دەگاتە (منارەکە:*جێی نەشتەرگەری و تاقیکردنەوە پزیشکییەکانە لەسەر نەخۆشەکان).
دکتۆر کاولی لەگەڵ گەیشتنی تێدی، هەموو چیرۆکەکە وەکخۆی بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پێدەڵێت کە چیدی پێویست ناکات بەدوای ئەندرۆ بگەڕێت! خۆی ئەندرۆ لێدیسە و، سەربازێکی شۆکاوی دەروون شێواو بووە، پاش گەڕانەوەی لە گرتوخانەکانی نازییەکان هەرخۆی دەبێتە هۆکاری کوشتنی ژن و منداڵەکانی بە گڕ تێبەردانی خانووەکەیان.
هەرچی بابەتی ماڵەکەیان نزیک ڕۆخی دەریاچەکە و کوشتنی سێ منداڵەکە لەلایەن چانەڵی خێزانی بناغەیەکی نییە و، ئەمان بۆیان دروستکردووە وەک یارمەتیدانێکی بۆ دەرچوونی لەو دۆخە دەروونییەی تیایدا دەژی.
سا #ئەندرۆ دێتەوە هۆشخۆی و پلانەکەی دکتۆر جۆن_کاولی و سەرجەم ئەندامانی نەخۆشخانەکە سەردەگرێت و ئەندرۆ داندەنێت بە هەموو ڕاستییەکان و پاڵپشتی قسەکانی دکتۆر کاولی دەکات، بەڵام دکتۆر کاولی دەترسێت چارەسەرەکە کاتیی بێت! داوادەکات لە دکتۆر لیستەر شیهان بۆ ڕۆژی دواتر بگەڕێتەوە بۆلای تێدی بەمەبەستی دڵنیابوون! بەداخەوە بۆیان دەردەکەوێ سەرکەوتوو نەبوون و، دکتۆر شیهان بە سەری ئاماژەدەکات بۆ دکتۆر کاولی کە ئەندرۆ وەکخۆی لێ هاتۆتەوەو هەموو هەوڵەکان بێ هوودە بوون، لەبەرئەوە پێویستە ئەندرۆ ببرێت بۆ نەشتەرگەری دەرهێنان و جیاکردنەوەی frontal lobes ی مێشکی.

لێرەدا یەکێک لە جێ مشتومڕترین دیمەنەکان لە مێژووی سینەمای جیهانی لای هەواداران دێتە ئاراوە..
کاتێ وەک بینەر تەماشای دوا شۆتی فیلمەکە دەکەین، دەبینین ئەندرۆ و دکتۆر شیهان دانیشتوون. ئەندرۆ یەکێک لە گرنگترین ڕستەکانی ناوفیلمەکە دەڵێت لە شێوەی تێڕامانێک:
"دەزانی! ئەم شوێنە پرسیاری ئەوەم لا دروست دەکات، ئایا کام بژاردە سەختترە؟ وەکو دەعباو دێوێک بژیت، یاخوود وەک پیاوێکی چاک بمریت،،

ئەو دەستەواژەیە دەمانخاتە بەردەم دوو بژاردەی کراوە بۆ کۆتاییەکەی:
١-بە درێژایی فیلمەکە هەر پلانێک لەپێناو ئەندرۆ کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو خەڵکی و ژیانی ئاسایی خۆی بکات، هەمووی شکستخواردوو بووە.
٢-پلانی پزیشکەکان بۆ چاکبوونەوەی ئەندرۆ سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەندرۆ بەهۆی ئازاری ناخیەوە لەو تاوانەی کردوویەتی خۆی وا پیشان دەدات کە چاک نەبۆتەوە، بە ئومێدی ئەوەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکەن و ئەو ژیانەی کە ماویەتی دوور لە ئەشکەنجەی ویژدان، دوور لە هەموو هەست و یادگارییەکی مرۆڤبوون بباتەسەر.

ئێستە تۆی بینەر سەربەستی کام کۆتاییەت لا پەسەندە و هەستدەکەیت لە ژیربێژییەوە نزیکترە..

لە کۆتایی پەیڤەکاندا دەمەوێ ئەوەت بیرخەمەوە، بە پێی ڕۆمانەکە بێت ئەندرۆ گەڕاوەتەوە هەمان دۆخی دەروون شێواوی پێشووی، بەپێچەوانەی فیلمەکە کە دوای لێکدانەوەکەی سەرەوە دەگەیتە ئەو بڕوایەی ئەندرۆ تەواو چاکبۆتەوە، بەڵام دەیەوێت وەک پیاوێکی چاک بمرێت.


ئەم بابەتە 156 جار خوێندراوەتەوە