viber_image_2021-10-19_15-54-53-682.jpg

ژن و شیعر ...


بەیان ئیبراھیم

لەنێو ئەو دەق و تێکستانەی کە ژنانە دەنوسرێت ئەوە ھەیەلە ملاملانێدایە تا داگیر نەکرێ و ناسنامەکەی لێوەر نەگرێتەوە کەواتە بەردەوام شاعیری ژن لەبەرگریدایە لەگەڵ ئەو هێزەدا کە جارجاریش بەناوی گشت ژن و مێینە قسەدەکات،سەرچاوەی ئەم ڕوانینەش لە تێڕوانینی کۆمەڵگەوەیە کە تا ئێستا بە هزری پیاو سالاری، ژن پاشکۆی پیاوانەیەتی کە دەیپارێزێ و ناسنامەکەشی پێوەی بەندە، بەو واتایەی ژن دەبێتە موڵکی پیاو وخاوەندارێتی دەکات، هەرئەوەشە هەمیشە لەشیعری ژندا یان لە نوسینی ژنانەدا (من) ێک هەیەو زۆڵاڵانە دێتەگۆ و بە دەنگی بەرز هەموو پاساوی پیاوسالاران بێ بەهاو بنەما نیشان بدات،پێم وایە دەبێت ئەو (من)ە لەوپیاوانە بپرسێتەوەو پرسیار ئاژنیان بکات، چونکە بەدرێژایی مێژوو و بونی ئایدیاو ئایدۆلۆژییە سەپێنراوەکان گەلێک پاساو هەن بوونەتە مەرج بۆناسنامەی ژن، بۆ دەبێت چارەنوس و ژیانی بەدەست پیاوەوە بێت؟ بۆ وەک کاڵایەک سەیر بکرێت و بە لۆژیکی عەیبە هاوسەنگی لەنێو کۆمەڵگادا بشێوێنرێت،
ئەوەی دەبینرێت کە گوتاری شیعری ژنانە بێ هێزن و نەیتوانیوە وێنایەکی دروست بهێنێتەبوون لەبەرامبەرلەشکرو چینێکی بەهێزی نێو کۆمەڵ کەڕوانین و دیدی کۆمەڵایەتی پاڵپشتییەتی، مەبەست لە هەر هەموویان نیە تەنها چەند دانەیەک نەبێت توانیویەتی لەو ئەرکە نزیک بێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ژنانی شاعیر نەیانتوانیوە ژن وەک خوێنەر تێپەڕێنێن،
لە لێکۆڵینەوە فیمینیستەکاندا خوێنەر بوونی ژن بەرخۆری نوسینی پیاوانن کە بە باڵاتر خۆیان وێنادەکەن،
بۆیە دەبێت ژن خۆی بێت نەک هێزێک کەخۆی لەو بە ڕەسەنتر دەزانێ،لەکاتێکدا ژن وەک نووسەر یان شاعیر دێتە گۆڕەپانەکەوە جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ نوسینەوەی خود بەگشتی گوزارشتێکە بۆ ئازارەکانی،
ئەم جۆرە ڕوانینەی ژنان ململانێ و بەرەنگار بوونەوەیەکە لەبەرامبەر هزری پیاوانە هەرئەوەشە زۆرێک لەنێو پیاواندا هەن بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن فۆبیایەک لەلای ژنان دروستبکەن بەوەی شیعر، نوسینەکانیان، نوسینێکی ژنانەیەو بێ بەهاو کەم بایەخە،لەسەدەی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە نووسینی ژنانەیان بە چەمکی (ئەدەبی ژنان) ناوزەدکرد.
ئەم هەوڵەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینە پیاوسالارییەی ژن بە کەم ئەقڵ دەزانن و وەک تانەیەک لەسەر زاریانە، ئەمەیە وادەکات نوسینەکانی ژن پڕ کەم و کوڕی و بەناتەواوی بناسێنێ و زۆر جار ئەوەش دەوترێت کە نوسینەکانیان لەسایەی سێبەری پیاو دایە و تەنها دەنوسنەوە نەک نووسەر، بەڵام بەجۆرێکیتر زۆرن ئەو ژنانەی بە دەقە ئەدەبیەکانیان ئەوەیان سەلماندوە کە تێڕوانینیان بۆ شتەکان گەر لە توانای پیاو تێپەڕی نەکردبێت کەمتر نیە،گەلێک نموونەی بەرچاو هەن وەک (ڤێرجینیا وۆڵف، مارگرێت دۆلاس، تاد ) بەرهەمەکانی ئەم ژنانە جیهانین.
نووسینی ژنانە واڵاکردنی پەنجەرەکەیە بۆ هەناسەدان، ئەمەش وای لە بزوتنەوە ژنانییەکانکرد کە نووسین بکەنە ئەو هۆکارەی گوزارشت لە ئازادییەکانیان بکات، چونکە ئەوە ڕوون وئاشکراشە کە پیاوان ناتوانن دەربڕی گشت ئازارو خواستە ژنانەکان بن هیچ وێنایەکی ئازاری ڕاستەقینەی ژنانیان پێناکرێت.
چونکە پیاو هەمیشە دەستێکی پڕە لە گوڵ و بە دەستەکەی دیکە چەقۆی هەڵگرتووە،ئەمە نامۆ بوونی ژن نیشان دەدات لەدیدی پیاوانەوە وەک ئێلین شواڵتەر دەڵێت: جیاوازییەکی قووڵ هەیە لەنێوان ئەوەی ژنان دەینووسن و ئەوەی پیاوان دەینووسن، نوسینی ژنانە ڕوانینێکە بەوەی تێکشکاندنی ئەو وێنانەیە کە کەس نەبێتە دەمڕاستی ژنان و هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی هێز، لەنێو کلتوورێک چۆن وێنای ژن دەکاو بەو جیاوازییە فزیۆلۆژییەی نێوان ژن و پیاو نا، ئەوەیە کە کلتوور چۆن وێنای دەکات و ژن لە خودی خۆی دادەبڕێت، لێرەدا نوسینی ژنانە دەبێتە ڕووداوێکی ڕۆشنبیری گرنگ بۆ ئەدەبی کوردی و پاراستنی ژن لەسێبەری پیاو لە کایە ئەدەبییەکەدا، هەرئەوەندەنا دونیای نوسین ژن لەستەم دوورەخاتەوەو هۆشیارانە خودی خۆی دەدۆزێتەوە و لە کۆمەڵاگاو دەسەڵات دەپرسێت،
نەوال ئەسەعداوی یەکێک لەو ژنانەبوو، کە کۆمەڵگای میسری هەوڵی زۆریدا بێدەنگی بکات، بەردەوام چالاکییەکانی پەراوێز دەخرا، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دووچاری ڕاوەدوونان و زینیدانیش بووەوە، بەڵام نەوال ئازایانە هەموو کۆتوبەندەکانی بڕی و ڕۆژانێک توانی ژان و ئازارەکانی ڕەگەزی مێ بگەیەنێتە ئەوئاستەی ئیدی فزوڵکردنیان ببێتە مەرجێک بۆ بە مرۆڤ بوونی ڕەگەزی نێرو نێرایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا لە نێو ئەدەبی کوردیشماندا ئەوەی بینیومانە دوو چەمک بۆ نووسینی ژنانە بەدیدەکرێت، چەمکی نووسینی ژنانە کەهونەریانەتر دەنووسێ بەوەی تایبەتمەندی ژنی تێدایەو ئەو تێکستانەیە کە ژن نووسیونی، دووەمیان چەمکی مێیینەیە و جیاوازی ڕەگەزی تێدایە ئەمەشە کەوای کردووە دەبێت لە بەرامبەردا نووسینی پیاوانەیش بوونی هەبێت کە ئەم چەمکە زیاتر هەڵگری ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەش ئاشکرایە کە لە دیدی پیاوەوە ژن وەک جەستە وێنا دەکات کە جگە لە کورتکردنەوەی ناسنامەو بوونی لەچێژدا چیدی نیە، گەلێک بابەتی تایبەتی و گشتیش هەن کە ژن تێڕوانینی خۆی بەشێوەیەکی تایبەتی هەیە بۆی، مەبەست ئەوەیە کە ژن قووڵتر دەڕوانێت وەک لە دونیا بینی پیاوان، وەک خۆشەویستی، زۆر کات پیاو لەڕووی جەستەوە لە ژن دەڕوانێت بەڵام لای ژن جگە لەوەی پێوێستییەکە بەلایەوە لە هەستیش گەورەترە تا خودی خۆی بسەلمێنێ، خۆشەویستی بۆ ژن ئەستەم و دژوارە، هێز گەلێک ڕێگرن، ئەوە ژنە بەرگەی سەختییەکان دەگرێت بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی، لێرەوەیە چەمکی خۆشەویستی لە دیدی ژنەوە لە چەمکی جەستەو چێژ دادەماڵرێت، دەبێتە کەرەستەیەکی ڕۆحی و کرنگ لای ژن، ئەمە ئەو دەرچوونەیە لە کۆت و بەندی هێزەکان، هەوڵدانێکە بۆ دنیایەکی نوێ.


ئەم بابەتە 187 جار خوێندراوەتەوە