viber_image_2021-10-05_07-08-59-107.jpg

چوار شیعر : مەروان عەلی

 

 وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

 

(مەروان عەلی) یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، چەند دیوانێکی بە زمانی عەرەبی هەیە. ئەم چەند شیعرەی، كە لێرەدا وەرمانگێڕاون، لە دووتوێی کۆمەڵە شیعرێکدان، لە ئیتاڵیا چاپکراوە و ئێمەیش کردوومانە بە کوردی و بۆ چاپ ئامادەمان کردووە.

مەروان، هێڵی نێوان پەخشان و شیعری نەهێڵاوە و دەیسەلمێنێت کە دەقی شیعری هەر تەنها بە کەرەستەکانی شیعر نانووسرێت، ڕەنگە شیعر لە هاوارێک یا دیمەنێک یا سەمفۆنیایەک یا نامەیەکدا یا فرمێسکێکی گەرمدا ببینرێت.

شیوازی ڕەوانبێژی لای ئەم وەلادەخرێت و زۆر جار شیعری دەبێت بە سەرگوزشتەی خۆی و دەقی ئۆتۆبایۆگرافیی لێ پێکدێت.

 

 

ئەمە دڵ نییە

 

ساڵانێکە بێ دڵ دەژیم، جارێک دەرگاکەی کردەوە، تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە، بانگی دەکەم بە شێوەیەک دەستی بەرزدەکاتەوە، تێدەگەم کە دەڵێت: لێمگەڕێ با بەدەرد و کاری خۆمەوە..

 

 دڵم چی بەسەرهاتووە؟ ئەو باش بوو، جوان و بێدەنگ بوو، وەک غەریبێکی ناو شاریکی دوور لە دڵما دادەنیشت.

 

ڕیدەکەوێت بکەوێتە خۆشەویستیی کچێکەوە، کە تازە گیرۆدەی خۆشەویستیی بووبێت، شیعری ئەوینداریی زۆر جوان بنووسێت.

ڕێدەکەوێت دوای ئافرەتێکی هاوسەردار کەوتبێت، دەستی منداڵەکەی گرتبێت، کە بیشگەڕێتەوە بۆ ماڵ، وێنەی ئاسمان و درەخت و پیاوێکی تەنیا و دوور بکێشێت.

 

ڕێدەکەوێت جگەرە زۆر بکێشێت، لە تاکە شەوێکدا بوتڵێک مەی هەڵدا، لە باخی گشتیدا لەناو دەربەدەر و ئاوارە و پەنابەراندا بخەوێت، هاوڕێیەتی کەسی خراپیش بکات.

 

ڕێدەکەوێت کتوپڕ بڕیاری خۆکوشتنیش بدات، پاشانیش پاشگەزبێتەوە، بەدرێژایی ڕۆژیش بیر لەو خەڵکە بکاتەوە کە بە دەوری لاشەکەیدا کۆبوونەتەوە، یا بیر لە فرمێسکی دایکی و خوشکە بچکۆلەکەی بکاتەوە.

 

ڕوودەدات باوەڕبهێنێت کە ژیان جوانە، خەون بە تەمەنێکی درێژتر و ئەڤینێکی نوێوە ببینێت.

 

ڕوودەدات جانتاکانی ئامادە بکات و بیر لە کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لەم وڵاتە بکاتەوە کە بەرەو هەڵدێر دەچێت.

 

کە هەر جارێک بیر لە مێژووی ئەم دڵە بکەمەوە، دەڵێم: ئەمە دڵ نییە، بەڵکو خەنجەروەشانە لە ناخم

 

 

جەنگ

 

 لە وڵاتەکەی خۆمدا

 بوومەتە غەریب

ئەگەر گۆڕی هاوڕێیانم نەبێت

ڕێگەی ماڵ نادۆزمەوە.

***

 

جەنگ لە نێوانماندا دابەش دەکەین

تۆ هاوڕێیان بە خاک بسپێرە

منیش بە سەریاندا دەگریم.

***

 

ئائەمەیە جەنگ

 فرتوفێڵ نییە :

ئەوەی بە گوللە نەمرێت

بە خۆشەویستی دەمرێت.

***

 

ئەوەی 

دەسڕێژی لێ کردم

براکەم بوو

ڕۆژێک هەر دێتەوە هۆش خۆی و

بەکوڵ دەگری

جێگەیەکی دەسناکەوێت

سەربنێتە سەری

کێلی گۆڕەکەم نەبێت.

***

 

لە شەڕا

 لاشەکان سەردەکەون.

***

 

جەنگ کۆتایی هات

گۆڕێکی زۆر و

پێڵاوی سەربازێلێکمان بینی

لە جەنگێک هەڵاتبوون

جەنگی وان نەبوو.

***

 

جەنگ تەواوبوو

وڵاتم دۆزییەوە

ڕێگەم دۆزییەوە و

ماڵم نەبینی.

 

 

پیانۆ

 

لە کەرسوور

بیرمکردەوە

پیانۆیەک بکڕم

تاکو تریفەی مانگ

بۆ دایکم بژەنم

ئەو کاتەی قژی خوشکە بچکۆلەکەم شانە دەکات.

 

 

یادەوەرییەک

 

ماڵێکی چکۆلە لە کوردستان

لە ڕاستەوە

باوک و دایک و خوشکێک...

دەڕوانم و بەدوای کوڕەکەدا دەگەڕێم

پێش کەمێک لە وێنەکەدا بوو و

ڕۆیشت

چونکە پەیوەندیی لەگەڵ یادەوەریدا خراپە.

 

 

* الطريق الى البيت- مروان علي- دار المتوسط- ميلانو- 2018.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە