-012.jpg

خەڵاتى کارۆ دەبەخشرێتە مامۆستا عەبدولکەریم شێخانى

چاپخانەى کارۆ لە سلێمانى لەوەرزى سێهەمى بەخشینى خەڵاتەکانیدا و لە ساڵیادى دامەزراندنى چاپخانەکەدا خەڵاتى کارۆ دەبەخشێتە مامۆستا عەبدولکەریم شێخانى.
 
خەڵاتى کارۆ بەمزووانە لە مەراسیمێکى شایستەدا دەبەخشرێتە مامۆستا عەبدولکەریم شێخانى لەبەرامبەر بە وەرگێڕانى رۆمانى (کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە)ى چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی میسری محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا و لە مەراسیمەکەدا چاپێکى نوێى رۆمانەکەش بە تیراژى ٥٠٠ دانە بە دیارى دەبەخشرێتە مامۆستا عەبدولکەریم شێخانى لەگەڵ بەخشینى خەڵاتێک کە لەلایەن هونەرمەندى پەیکەرتاش چێنەر نزار دروستکراوە.
 
لەدەقى وتارى لیژنەى خەڵاتى کارۆ، ساڵى سێهەم، سەبارەت بە هۆکارى بەخشینى ئەو خەڵاتە بە مامۆستا عەبدولکەریم شێخانى هاتووە:
 
دەقی وتاری لیژنەی خەڵاتی کارۆ _ ساڵی سێیەم
کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە
ڕۆمانی نووسەرێکی عەرەب لە دەرهێنەرێکی کوردەوە بۆ وەرگێڕێکی کورد
چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی میسری محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا (١٩١٣-١٩٧٠) سەر بە نەوەیەکە لە نووسەرانی میسر کە هەوڵیان دەدا شێوازێکی نوێی گێڕانەوە بهێننە ئەدەبیاتی عەرەبییەوە کە دیارترینیان بریتی بوون لە نەجیب مەحفوز، یوسف ئەلسباعی، عبدولحەمید جەودە ئەلسحار، سەڵای زەهنی و هەندێکی تر. بەڵام کاتێکی تا ڕادەیەک درێژ تێپەڕی تا دان بە نوێگەری و داهێنەکانی ئەماندا نرا، چونکە هێشتا ناوە دێرینەکانی ئەدەبی میسری-عەرەبی کاریگەریی زۆریان بەسەر دنیای ڕۆشنبیرییەوە هەبوو. کاتێکیش ئاوڕ لە بەرهەمەکانی ئەو ناوانەی سەرەوە درایەوە،  محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا پشکی شێری لە توێژینەوە و هەڵسەنگاندنەکان بەرکەوت.
نووسەری ڕۆمانی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە"، محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠دا دەست بە بڵاوکردنەوەی نۆبەرەی دەقە ئەدەبییەکانی خۆی دەکات و زیاتریش ڕوانگەیەکی ڕۆمانسی بەرامبەر بە ڕووداو و واقیع لە دەقەکانیدا بەدی دەکرێت. لە دوای شەڕی جیهانیی دووەم (١٩٣٩-١٩٤٥) محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا لە چوارچێوەی قوتابخانەی واقعیدا کە لەو کاتەدا باو بوو، بایەخ بە ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و ئەم بایەخ پێدانەیشی بە ڕوونی لە ڕۆمانەکانی "الجنة العذراء" و "البیت الصامت" و چەند ڕۆمانێکی دواتریدا ڕەنگ دەداتەوە.
کاتێک محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا ساڵی ١٩٢٨ خێزانە هەژارەکەی خۆی لە گوندی "کفر بولین"ی سەر بە پارێزگای "البحیرة" بەجێ دەهێڵێت و بە مەبەستی خوێندن لە "تجهیزیة دار العلوم" لە قاهیرە دەگیرسێتەوە، گۆڕانێکی گەورە بەسەر ژیانیدا دێت و هەوڵی داوە بە نووسین گوزارە لە هەستی دووربوون لە خێزان و زێدی لەدایکبوونی بکات و زۆر بەپەرۆش بووە ببێت بەو پیاوە سەرکەوتووەی کە ئاوات و مەبەستی دایکی بووە. محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا بەرگەی هەژاری و نەداریی گرت و لەژێر گوشارەکانی ژیاندا نەچەمایەوە تا بەڵێنی خۆی بۆ دایکی بەجێ هێنا، بەڵام ئەم سەرکەوتنەی نەبوو بە هۆی سووکبوونی باری هەستکردن بە چەوساوەیی و پەراوێزخستن.
لە ساڵانی دوای تەواوکردنی خوێندندا کاتێک محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا سەرقاڵی کار و نووسین و بڵاوکردنەوەی وتار و کورتە چیرۆکە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو چاخەدا، هاوینی ساڵی ١٩٤٦ کۆرپەیەکی ساوا لە ناوەڕاستی ڕێگەی گوندەکەی نووسەردا دەدۆزرێتەوە و دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە بێ خاوەنە و نازانرێت منداڵی کێیە . ئەم ڕووداوە کاریگەریی زۆر لەسەر نووسەر دادەنێت و دەبێت بە هۆکاری پەلکێشکردنی ئەو بۆ دنیای نووسین و گینگڵ خواردنی نووسەر بەو ڕووداوەوە لە ئاکامدا ڕۆمانی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە"ی لێ دەکەوێتەوە. سەرلەبەری ئەم ڕۆمانە گەڕانە بە دوای وەڵامدا بۆ پرسیاری "ئایا کۆمەڵگە گەیشتووە بە ئاستێک کە کچێکی پەروەردەی خانەی منداڵانی شەقام لەخۆبگرێت؟" وەڵامی ئەم پرسیارە لەو سەردەمەدا هێشتا "نەخێر" بوو، ئەگەرچی لەیلای پاڵەوانی ڕۆمانەکە هەموو خەسڵەتە پێویستەکانی ئاوێتەبوونی کۆمەڵگەی تێدایە. ڕۆمانی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە" پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٧دا وەک یەکەم ڕۆمانی نووسەر چاپ و بڵاو کرایەوە و خەڵاتی کۆڕی زمانی عەرەبی بەدەست هێنا، دەرهێنەری میسریی بەڕەچەڵەک کورد ئەحمەد بەدرخان (١٩٠٩ - ١٩٦٩) ساڵی ١٩٥١ لە فیلمێکدا بە ناوی "شەوی عیشق" بۆ سینەما دەری دەهێنێت و ئەمەیش دەبێت بە سەرەتایەک بۆ ئاوڕدانەوەی بەهێز و چڕی سینەمای میسری لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا. ئەحمەد بەدرخان باوکی دەرهێنەری ناسراوی میسری عەلی بەدرخانە (تەمەن: ٧٥ ساڵ) کە لە زۆر بۆنەدا شانازی بە کوردبوونی بنەماڵەکەیانەوە دەکات.
ساڵی ١٩٥٢، واتە سالێک دوای دەرهێنانی ڕۆمانەکە بۆ سینەما، نووسەر و وەرگیڕ و پەروەدەکاری کورد عەبدولکەریم شێخانی لە ڕەواندز دەبیستێت کە کوڕێک کتێبی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە"ی هەیە و ئەمیش بەپەرۆش دەبێت بۆ خوێندنەوەی و دواجار نۆرەی دەگاتێ و کتێبەکە وەردەگرێت. ئیدی لەو ساتەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەوە و لە ساڵانی دواتردا قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و بۆ زمانی کوردی وەریدەگێڕێت. جا تۆ بڕوانە ئەمە ڕێککەوتێکی چەند جوان و سەرنجڕاکێشە کاتێک دەرهێنەرێکی میسریی بەڕەچەڵەک کوردی وەک ئەحمەد بەدرخان  ڕۆمانی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە"ی محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا بۆ سینەما دەردەهێنێت و ٧٠ ساڵ دوای ئەو کارە، هەمان ڕۆمان لە وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕی کورد عەبدولکەریم شێخانی بە چاپ دەگات! بە ڕای ئێمە، ئەم ڕێککەوتە چێژ و ڕەهەندێکی تایبەت بەم وەرگێڕانە کوردییەی ڕۆمانەکە دەبەخشێت.
هەر لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بە دڵنیایی بڵێین کە بڕیاری هەردوو بەڕێز عەتا مەحمود و هاوژین مەحمود وەک خاوەنانی چاپخانەی کارۆ بۆ دەستنیشانکردنی عەبدولکەریم شێخانی و ڕۆمانی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە" بۆ خەڵاتی سێیەمی کارۆ ٢٠٢١، بڕیارێکی تەواو لە جێی خۆیدایە و هەم ڕۆمانەکە و هەم وەرگێڕ تا ئەوپەڕی ئاستی شایەنداری، شایەنی ئەم خەڵاتە واتەدارە و ئەم ڕێزلێنانە گەورەیەن.
خاڵێکی تری گرنگی و بایەخی ئەم کتێبە لەوەدایە کە کارەکە دەکەوێتە خانەی ڕاکێشانی  پردی پەیوەندی لە نێوان هەردوو ئەدەبی کوردی و عەرەبیدا لە ڕێی میسرەوە. قاهیرە لە ڕابردوو و ئێستایشدا ناوەندی گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەب و هونەرە بە دنیای عەرەب و جیهاندا و دەکرێت سوود لەو پێگە و تایبەتمەندییەی قاهیرە وەربگیرێت بۆ ئاشناکردنی دنیای عەرەب بە ئەدەب و کولتووری کوردی لە ڕێی وەرگێڕان لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانی عەرەبی.
دوای مردنی لە ساڵی ١٩٧٠دا، کتێبخانەیەکی ئەدەبی بە ناوی محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵاوە لە گوندی کفر بولین دامەزرێندرا و مۆزەخانەیەکیش لە تەنیشت گۆڕەکەیەوە کرایەوە. ئێمە وەک ئەندامانی لیژنەی خەڵاتی سێیەمی کارۆ پێشنیار بۆ کاک عەتا مەحمود دەکەین چەند دانەیەک لە چاپی کوردیی ڕۆمانی "کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە" وەک دیاری بنێرێت بۆ کتێبخانە و مۆزەخانەی محەمەد عەبدولحەلیم عەبدوڵڵا.
ئەندامانی لیژنەی خەڵاتی کارۆ
بەکر شوانی  ڕێبین ئیسماعیل   نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
 ١-١٠-٢٠٢١

عبدولکەریم_شێخانی کێیە؟
ـ  ساڵی (١٩۳۳)  لە گەڕەكی (بەفریقەندی) لە كۆیە لەدایك بووە. ساڵی (١٩۳۹) چۆتە قوتابخانەی (ثانیة) لە كۆیە، سەرەتایی و ناوەندی لە كۆیە تەواو كردووە.لەبەرئەوەی دواناوەندیی لە كۆیە نەبوو، بۆ خوێندن چۆتە هەولێر و لەوێ دواناوەندیی تەواو كردوە.
-ساڵی (۱۹٥۳ـ۱۹٥٤) چۆتە بەغدا و خولی پەروەردەیی (الدورة التربویة) تەواو كرد.
-ساڵی (١٩٥٤) دامەزراوە بە مامۆستا. ئێستا خانەنشینە.
-لە ساڵی (١٩٥٤) یەكەم نووسینی لە گۆڤاری (هەتاو) بە ناوی (خەوێكی خۆش) بڵاوكردەوە لە گەلێك ڕۆژنامە و گۆڤار گوتاری هەمەجۆری بڵاوكردۆتەوە.
كتێبە چاپكراوەکانی:
1- ڕۆمانی براكوژی، ڕۆمان، نووسینی: نیکۆس کازانتزاکی، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە ساڵی ۱۹۸٤.
2- ماسییە ڕەشە بچكۆلە، چیرۆکی منداڵان، نووسینی: سەمەدی بهڕەنگی، وەرگێڕانی لە فارسییەوە، چاپی یەکەم ساڵی ۱۹۷۸، چاپی دووەم چاپخانەی کارۆ ساڵی ۲٠٠۸.
3- ڕۆمانی عابرة سبیل هائمة لە كوردییەوە بۆ عەرەبی
4- پێشەكی دیوانەكەی هێمن (لە كوێوە بۆ كوێ) كردووە
بە عەرەبی “الشاعر هیمن من جمیع (مراحل) الحیاتیة والنضالیة.
5- شیعرێكی درێژی پەنجاوپێنج لاپەڕەیی، بە ناوی(رەیحانا مە) بۆ کۆبانێ.
6- (تجاربی الصحفیة)ی فەرهاد عەونی لە كوردییەوە
كردووە بە عەرەبی.
7- (دوای خۆرئاوابوون) ڕۆمانێكی دیكەی عەبدولحەلیم
عەبدوڵڵا یە و لەژێر چاپدایە.
8- نزیكەی (١5) كتێبی قوتابخانە؛ بە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندییەوە.
9- ڕۆمانی کچۆڵەیەکی هەڵگیراوە، لە عەرەبییەوە


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە