viber_image_2021-11-04_01-54-27-842.jpg

لە دواهەمین دۆڵی دۆزەخەوە

 

سەرهەد هادی – پەخشانە سوورەت

١
چەند شەکەتم، وەک ئەوەی ئیبلیسەکان خوێنیان مژیبم، ھێزی جوڵەیەک لە بەدەنم نەماوە! چەند بێھێزم، ئەندامەکانی جەستەم، وەک ئەوەی بە لادیوارێکی دۆزەخ ھەڵواسرابن، بۆنی ھاڵاوی دۆزەخیان لێ دێت.
ئەم شەوەی کە زانیم چوویت بۆ غەیبووبەیەکی ئەبەدی، من بووم بە تۆفانێک لە گریان و خۆ خواردنەوەیەکی بێ بەزەییانە، وەک ئەوەی خودا بۆ ئەم ساتە دروستی کردبم، تا وەک تەنهاترین مرۆڤ شین بکەم و فریشتەکان خەمناک بکەم...تۆ دەزانی فریشتەکان خەمناک ببن، چی ڕوودەدات! ئایی ئەگەر دەزانی کاتێک ئەوان خەمناک دەبن هیچ مانایەک بۆ ئاسمان نامێنێتەوە!

٢
تا ئێستاش نەچوومەوە بۆ ژێر ئەو دارەی کە لەوێ بۆ یەکەمجار بڕیاری ئەوەمان دا بچین بۆ نێو ژیانێکی جاویدانی، بۆ نێو شانشینێک کە جگە لە دەنگی تێلی ئامێرەکەی "گوینڤارە" نۆتەی هیچ کەسێکی تری تێدا نەژەنرێ، جگە لە کەمانچەکەی "ئەندرێ ڕیۆ" هیچ شتێک نەبێتە سیمبول و جگە لە ئارامی "کاڕۆلین" و جگە لە رۆحی "ریڤێرا" و "شاڵێ" و وەفای "ئێدوارد کینگ" هیچی تر رەنگی ئەم شانشینەی ئێمە نەبێ... بڕیاربوو ئەم شانشینە ببەین بۆ کەشکەشانی فەلەک و لەوێوە نیشانی هەموو ئەستێرەکانی بدەین، تا لەوێ بڵێین؛ وەرن ببینن، چ عیشقێکی خواییانە لەم شانشینەدا باڵا دەکات...!

وای لەم دارە پیرۆزەی کە هەموو جار دەمگوت؛ ئەگەر بودا لە ژێر دارێکدا "کەشفی حەقیقەت"ی کردبێ ئەوا ئێمە لە ژێر ئەم دارەدا "کەشفی عیشق"ێکی خواییانەمان کردووە، ئاخر عیشقی ژێر ئەم دارە بوو ئێمەی بەرەو "نێرڤانا" دەبرد... من ناتوانم بچمەوە بۆ ژێر ئەم دارە... دوای ئەوەی کە وەک کەرتە شاخێک لە ڕۆحم کەوتی و بۆ ئەبەد وون بوویت!
ئاخر تۆ نازانیت گەڵاکانی ئەوێ، زیاتر لە زەمەن، زیاتر لە دابڕان و زیاتر لە تەنھایی ئازارم دەدەن... ئەوان بێ بەزەییانە من لەو ساتانەدا دەکوژن، کە لەگەڵ تۆدا لە ھەیەجانێکی وجودیدا بووم!

٣
تا ئێستا... تا ئێستاش زاتی دانیشتن لەسەر ئەم کورسییە ناکەم، کە بەر جەستەت کەوتبوو، ئاخر پێم ناڵێی چۆن دەتوانم جەستەم بەر تەنێک بخەمەوە، کە دڵنیام جارێکی تر جەستەت بەری ناکەوێتەوە... نا ھەرگیز من ھێزی ئەوەم نییە ساتێک بخولقێنمەوە کە ھەموو شتێک تێیدا ئامادە بێ، تەنھا تۆ نەبێ!
من ئێستاش رقم لە شنەبایە، ئەو شنە بایەی کە دڵ و دەروونی مرۆڤ دەخاتە سەر ریتمێکی بەھارییانە... بەڵێ... ئەم کزە بایە فێنکەی کە ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی لە جەنناتی خوداوە ھەڵی کردووە، بەڵام ئیتر شنەبای کۆتا دیداری ئەوێ بۆ من بووە بە تیغێک لە "سەعیر"ەوە تا وجودمی پێ ببڕێ، بووە بە جەللادێک پێستە لە ئێسقانم بکاتەوە... ئایی... من دەمەوێ لە ئارەقی ھاویندا بتلێمەوە، نەک بەو "شنە"ی کە بە ھەڵکردنی من لە ساتێکی خواییانەی رابردوودا دەسووتێنێتەوە!

٤
ئەو رۆژە ئاسمان ساماڵ بوو، ھیچ پەڵەھەورێکی تیر لە ئاسماندا نەبوو، من ئێستاش لە ئاسمانێکی ساف دەترسم، ئێستاش ئاسمانی ساف من لە خۆیدا وەک کەرەیەکی لادێیی دەتوێنێتەوە... تۆ بە ئاگا نیت تا بزانیت من حەزدەکەم ئاسمان وەک ساتی لافاوەکەی نوح، ببێت بە ھەورێک کە ھێندەی ھەموو ئۆقیانووسەکان ھەوری ھەڵگرتبێت، و ببارێت تا من وەک یەکەم مرۆڤ بکوژێت! خۆزگە دەتزانی کە چۆن ھەموو ھەستەکان لە منی ئادەمیدا وەک ئیبلیسێک ھەڵگەڕاوەنەتەوە، ھەموو ساتەکانی ژووان بوونەتە پۆرترێتی تابلۆیەکی خوێنین، وەک ئەوەی کە لە بری پارچە کانڤاسێک لەسەر رۆحم بە دڕک و تێل نەخشێندرابێ!

٥
ئەو رۆژەی کە خەریکی کڕینی پارچەیەک شوکولاتە بووم بۆت تا لە بەیانی زوودا وەک کۆترێک بیخەمە دەستە نەرمەکانتەوە، هەواڵی ببێهۆشبوونی تۆیان پێدام... بیرمە وەک ئەوەی ھەواڵی مەرگی ھەموو کەونم پێ بڵێن حەپەسام! من ئیتر لەم چرکە ساتەدا وەک لاولاوێکی تازە پێگەیشتوو، وشک ھەڵگەڕام، لاولاوێک بە وشکبوونی جاڕی لەناوچوونی لایەکی گەردوون رابگەیەنێت!

٦
ئاخ مەرگت چۆن منی وەک مس لە بۆتەی دووریتدا تواندەوە! چۆن منی لەبەهەشت حەڕام کرد و منی وەک ملوانکەیەک خستە گەردەنی دۆزەخەوە... ئاخر کێ ئەم دۆزەخە وجودییەی دەبینی کە دوای مەرگت منی وەک تاقانەترین دروستکراو تێیدا سووتاند... وەک ئەوەی لە دواهەمین دۆڵی دۆزەخەوە فریشتەی خەزنەی ئاگر چاوەکانم بڕژێنێ و وێنەی چاوەکانت لە ئەندێشەم بسڕێتەوە!
ئەگەر دەزانی مەرگت چۆن منی لە وجوددا تۆراند... من هەموو درەنگانێکی شەو، پڕ بە بۆشایی ئاسمان هاوارم دەکرد؛ وەرە لەناوم ببە، وەرە و کۆتایی بەم هەمەجیەتە بهێنە کە ئازارەکانی شەرمنانە دەمانکوژن... ئاخ ئاسمانیش وەک تۆ بێ دەنگ بوو!
بۆ یەکەمجار بوو، ھەستێک لە چەشنی ھەستی مەریەمی عیمران لە مندا ببزوێ، ئەوە ئەو چرکە ساتە بوو، دەرکم بە ڕشانەوەی وجود کرد بە سینگ و بەرۆکم، سینگێک کە لە ناواخنیدا دڵێکی ھەڵگرتبوو کە تینی ئازارەکانی وجود ببوو بە پۆلیەکی نەکوژاوە تێیدا! ئەگەر دەزانی کە چەند سوورەتی مەریەمم دەخوێندەوە ھێندە رقم لە ھەموو بوون ھەڵدەستا... ئیتر دوای ئەوە سوورەتێک نەما ھێورم بکاتەوە!
بیرمە، سەرەتا تەنھا داریوشی ئیقبالی دەیتوانی مەستم بکات، ئەو ھەم موتریب ھەم بادەی پڕ لە شەڕابی شەوانم بوو... دوای ئەوە چیتر ھیچ گۆرانییەکی ئەو، ھیچ وشەیەکی ئەو نەیدەتوانی لە بۆتەی سڕبوونێکی وجودیانە بۆ تاوێک ھۆشم لێ بسەنێ، ئاخر من ھەموو شەوێک دەمویست ھێزێک بێت، وشەیەک بێت ئاوازێک بێ، دێڕی شیعری دێوانەیەک، شاعیرێکی بەد بەخت بێ... بێت و ئاگاییم بۆ شوێنێک بڕفێنێ کە تێیدا خۆمم لەبیر بەرێتەوە! بەڵام، جگە لە نیگای پر لە ئازارت لە زیهنمدا... جگە لە وێنەی چاوەکانت لە یادگەمدا هیچ هێزێک نەیدەتوانی بۆ تاوێکی کەم لەم وجودە پڕ ئازارە سڕم بکات!
دروود بۆ ئەو چاوانەی کە زیاتر لە گەردوون نهێنی و ئازاری لە خۆیدا هەڵگرتووە... دروود... دروود ئەی بێگوناه... دروود!


ئەم بابەتە 165 جار خوێندراوەتەوە