viber_image_2021-11-11_04-10-16-190.jpg

زۆربای ئێرانی

ڕۆمانێک لەنێوان شۆڕش و تاراوگەدا

 

مەریوان هەڵەبجەیی

 

ڕۆمانی (زۆربای ئێرانی) نووسەری بەناوبانگی ئێرانی قادر عەبدوڵڵا لەلایەن (شەفیقی حاجی خدر) لە زمانی هۆڵەندییەوە کراوە بە کوردی و ساڵی ٢٠١٩ لە هەولێر چاپ کراوە. حسەین سەجادی قائم مقامی فەرەهانی ناسراو بە قادر عەبدوڵڵا، ساڵی ١٩٥٢ لە پارێزگای ئاراک لە ئێران و لە خێزانێکی ناسراوی سیاسی و کولتووری لەدایک بووە و باپیرە گەورەی باوکی شاعیر و نووسەرێکی دیاری ئێران بووە. خێزانەکەی لە سەردەمی قاجاردا دەسەڵاتدار و خاوەن پێگەی تایبەت بوون لە ئێراندا. قادر عەبدوڵڵا لە سەرەتای لاوی و لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە حەز و خولیای نووسین لە ناخیدا هەبووە، هەست بە نادادپەروەری و ستەمکاری لە کۆمەڵەکەیدا دەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیری چەپ و یەکێک دەبێت لەو گەنجانەی دواتر و لە ساڵی ١٩٧٩دا بەشدار دەبن لە چالاکییە ساسییەکانی ئەو ساڵانەدا. دەبێتە ئەندامی پارتێکی چەپی ئێرانی و لەپاش باڵادەستبوونی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و لە سێدارەدانی دوو هاوڕێی کوردی بە ناوەکانی قادر و عەبدوڵڵا، بڕیار دەدات نازناوی قادر عەبدوڵڵا هەڵبژێرێت بۆ خۆی. پاش نووسین و چاپکردنی دوو کتێب بە ناونیشانی "کوردەکان چی دەڵێن؟"، "کوردستان پاش بزوتنەوەی بەرگریی" بەشێوەی ژێرزەمینی و نهێنی، ساڵی ١٩٨٨ ناچار دەبێت ئێران بەجێبهڵێت و سەرەتا دەڕواتە پاکستان و حەوت مانگ چاوەڕانی حیزب دەبێت لە ڕێگەی ئەوانەوە بگاتە یەکێتی سۆڤیەت. یەکێتی سۆڤیەت لە دواین ڕۆژەکانی تەمەنی خۆی نزیک دەبێتەوە و چاوەڕوانییەکەی ئەو بێهودەیە و بەناچار ڕوو لە هۆڵەندا دەکات بەو هیوایەی وەک زۆربەی ئێرانییەکان لەوێوە ڕوو لە ئەمەریکا بکات. پاش هەوڵ و کۆششێکی زۆر و سێ جار دەرچوون بە پاسپۆرتی تەزویرەوە بۆ ئەمریکا، بێ ئەنجام دەبێت و دواجار بەناچاری وڵاتی هۆڵەندا هەڵدەبژێرێت بۆ ژیان. قادر عەبدوڵڵا زۆر زوو پەی بەوە دەبات کە دەبێت زمانی هۆڵەندی فێربێت و کتێبەکانی بەو زمانە بنووسێت بێ هیچ خۆسانسۆرییەک، چونکە ئەو پێی وایە نووسین بە زمانی دایکی ناتوانێت دایبماڵێت لە هەموو ئەو گیروگرفت و خۆسانسۆرییەی زەینی بووەتەوە بۆی و دەربازبوون ئاسان نییە لێی. ئەو دەڵێت "بیرکردنەوەی ئێرانیم بە زمانی هۆڵەندی دەنووسم، ڕۆحی شیعری فارسیم بە پەخشانی بێدەنگی هۆڵەندی نووسیوە". قادر عەبدوڵڵا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە دەبێتە گۆشەنووسی یەکێک لە پڕتیراژترین و باشترین ڕۆژنامەکانی هۆڵەندا (فلوکس کرانت). تا ئێستا بیست ڕۆمان و چەند کۆمەڵە چیرۆکێکی نووسیوە و بەرهەمەکانی وەرگێڕادراونەتە سەر زیاتر لە سی زمان و دکتۆرای فەخری زانکۆی خرونینگنی وەرگرتووە. چەندین خەڵاتی گەورەی جیهانی وەرگرتووە، لەوانەش خەڵاتی ئەدەبی گونئزلسوی. ڕۆمانی (کچەکان و پارتیزانەکان)ی خەڵاتی شارلوت کولەری پێ بەخشراوە. خەڵاتی کوژیون دونورفرانسەی وەرگرتووە. خەڵاتی باشترین کتێبی بیانی ٢٠٠٩ی ئیتاڵیا بۆ ڕۆمانی خانوەکەی مزگەوتێ. ڕۆمانی زۆربای یۆنانی کە بە هۆڵەندییەکەی بەناونیشانی ڕێچکەی قاپقاپە زەردەکان بڵاوبووەتەوە و وەرگێڕ کردوێتی بە زۆربای ئێرانی. ئاشکرایە وەرگێڕ ئازادی ئەوەی هەیە ناونیشان بگۆڕێت و زۆر سروشتییە، بەڵام کە بە وردی ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە، هەست بەوە دەکەی ناونیشانە ئەسڵییەکە زۆر جوانتر و کاریگەرترە و نووسەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتایی بەوردی کاری لەسەر قاپقاپەکان کردووە لەسەر ئاستی دوو نەوە، لە قەڵاکەوە بۆ ناو کێڵگەکەی تاراوگە. کتێبەکە پێنجسەد و دوو لاپەڕەیە و جگە لە پێشەکی وەرگێڕ، پێشەکییەکی جوانی نووسەریشی لەخۆگرتووە. جگە لە پێشبەند و بەرایی کتێبەکە، پێنج بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت لەژێری ناونیشانی کتێبی یەکەم: ئەفسانە، کتێبی دووەم: سینەمای ئێران، کتێبی سێیەم: ڕۆژگاری شۆڕش، کتێبی چوارەم لە کێڵگەکەدا، کتێبی پێنجەم: هەنگە ڕەنگ زێڕینەکان، کۆتایی.

سوڵتان، کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکە، دەرهێنەرێکی سینەمایی بەناوبانگ و شۆڕشگێڕ بووە و ئێستا لە تاراوگە و لە هۆڵەندا دەژی و سەرگوزەشتەی خۆی بەزمانی هۆڵەندی نووسیوەتەوە و داوێتی بە هاوڕێ نووسەرەکەی پێداچوونەوەی بۆ بکات و بیکات بە کتێب. قادر عەبدوڵڵا بە شێوازێکی ڕیالیستیانە و بەزمانێکی پڕ لە وێنە و نیشانەی کاریگەر و کەڵکوەرگرتن لە فلاشباک و یاریکردنێکی جوان و هونەرمەندانە، لەنێوان ئێستا و ڕابردوودا کار دەکات. نووسەر لە ڕێگەی چیرۆکی سوڵتانەوە، چیرۆکی زیاتر لە نیوسەدەی ئێران بە هەموو هەوراز و نشێو و کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە دەگێڕێتەوە. هەر لە ستەمکاری سەردەمی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی، تا سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران و گەڕانەوەی ئایەتوڵڵا خەومەینی بۆ ئێران و دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق و کوشتار و لەسێدارەدانی هەزاران کەس لە زیندانەکانی ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، تا دەگاتە ژیانی ئێرانییەکان و تەنیاییەکانیان لە تاراوگەدا. نووسەر هەر بەو ڕادەیەی ئاگاداری کولتووری مەزنی ڕۆژئاوایە و کەڵکی لێ وەرگرتووە، ئاگاداری ئەدەبیاتی کلاسیک و دەوڵەمەندی ئێرانە و سودێکی زۆری لە هەزار ئەفسانە و (منطق الطیر)ی عەتاری نیشاپووری وەرگرتووە. ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆی و خێزانەکەی بەقوڵی ڕەنگی داوەتەوە لە ڕۆمانەکەدا، بە چەشنێک وەک چۆن دەتوانین بڵێین ڕۆمانێکی میژوویییە، دەکرێت بڵێین ڕۆمانێکی ئۆتۆبیۆگرافیشە. ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆی بەوردی لە کەسێتی سوڵتاندا دەبینین. دەستپێکی ژیانی سوڵتان لە قەڵەکەیانەوە و لە شاری ئاراک دەست پێ دەکات کە زێدی نووسەرە، زۆر پرۆسەی تر لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سوڵتاندا دەبینین، زۆر نزیک و هاوشێوەی ژیانی خودی قادر عەبدوڵڵایە.

کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکە لە قەڵاکەیاندا و لە منداڵییەوە، لە ڕێگەی دووربینێکەوە سەیری ناو قەڵا و دەرەوە و دونیای دەوروبەری دەکات. بە مانایەکی تر کەشفی دونیا لە ڕێگەی ئەو دووربینە و خوێندنەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام چێژ لە دۆزینەوەی شتی نوێ وەربگرێت و بەدوای شتی تازەتردا بگەڕێت. نووسەر لە ڕێگەی نیشاندانی ژیانی ئەندامانی نیشتەجێی قەڵا و شاری ئاراک لەو سەردەمەدا، وێناکردنی مزگەوت و سینەما و نەریتی کۆمەڵی ئێرانی لەو ڕۆژگارەدا. ئەکرەم جون، کچەمامی سوڵتان، یەکەم کەسی کاریگەری ژیانی سوڵتانە لە قۆناغی یەکەمی ژیانیدا و دواتریش هوشەنگ یەکدەست کە دواتر لەگەڵ ئەکرەم جوندا قەڵاکە بۆ هەمیشە بەجێدەهێڵن. ئەکرەم نموونەی سەرکێشی و جەسوری کچی ئێرانە کە سەرەڕای ئەو ئازادییە زۆرەی لەلایەن خێزانەکەیەوە و لە قەڵاکەدا پێی دراوە، لەوەش زیاتری دەوێت و بۆ دووردە ڕوانێت، لە قەڵادا سێکس لەگەڵ هوشەنگ دەکات و پەیوەندی ئاشکرای هەیە لەگەڵیدا، لەهەمان کاتدا دەشبێتە دەروازەیەک بۆ کرانەوەی بیری سوڵتان و هوشەنگ و فێری خوێندنەوە و زمانی ئینگلیزییان دەکات. شابانو بە چالاکییە کولتوورییەکانی ئەکرەم دەزانێت و هاوکاری بۆ دەنێرێت و بڵاوکراوەکانی پایتەخت ڕاپۆرتی چالاکییەکانی بڵاودەکەنەوە. جگە لە ئەکرەم زۆربەی ئافرەتەکانی تری ناو ڕۆمانی زۆربای ئێرانی خەونی گەورەیان هەیە، زارا هاوسەری یەکەمی هوشەنگ یەکدەست، ڕازی نییە بە ژیان لەگەڵ هوشەنگدا و بەجێی دەهێڵێت، ناتاشا دژ بە نەریت دەوەستێتەوە و بە جەسورانەترین شێوە دەژی و دەبێتە یەکەم ئەکتەری ئافرەت لە سینەمادا ڕۆڵ دەبینێت و خۆی ڕووت دەکاتەوە. زۆریان بەشداری سیاسییان هەیە، وەک مەرجان و زەمانە. لەگەڵ ڕۆشتنی هوشەنگ و ئەکرەم و بەجێهشتنی قەڵا، سوڵتان بە ئاواتی دەگات و لە تاران و لە بەشی سینەما وەردەگیرێت. تاران بۆ سوڵتان تەنیا ئاشنابوون بە سینەما نییە، بەڵکو نەمانی کەپتی جنسی و ناسینی هاوڕێی زۆر و چوونە ناو دونیای سیاسەت و بەشداریکردن لە جوڵانەوەی سیاسی و پارتیزانی و شەڕی چریکدا. عاشقبوون و شکست لە عشق و سیاسەت و تا چوونە زیندان و حوکمی دە ساڵ. لە ڕێگەی سوڵتانەوە نووسەر سەفەرێکی ورد و گرنگ و پڕچێژمان پێ دەکات و بە ڕۆژگاری محەمەد ڕەزاشا و دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتدارێتی تا بەجێهێشتنی ئێران ئاشنامان دەکات. ڕۆڵی فەرەح دیبا و کارە کولتوورییەکان، نووسەر زۆر بێلایەنانە و بەدوور لە دیدی سیاسی، کاریگەری ئەوی لەو ڕۆژگارەدا نیشان داوە. بەهەمان شێوە هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران و گەڕانەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ ئێران و قەدەغەکردنی سینەما و دروستبوونی سانسۆرێکی زۆر زیاتر لەوەی کە لە سەردەمی شادا هەبوو.

سوڵتان پاش یەکەم شکستی عیشقی لەگەڵ لەیلا، لە تاران عاشقی باران دەبێت و شکستی دووبارەی عیشق ئەمجارەیان بەهۆی سیاستەوە. ئافرەت ڕووناکی و هیوایە لە ڕۆمانەکەدا بەگشتی و بەتایبەت لە ژیانی سوڵتاندا، گەرچی هەمیشە تەنیایە و لە دۆخێکی دوور لە ئافرەت و سۆز و ئامێزی ئەواندا دەژی، بەڵام هەمیشە و لە خراپترین کاتەکاندا، ئافەتێک پەیدا دەبێت و گەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، کاریگەری لەسەر ژیانی دادەنێت و دەبێت پەناگە و هیوا و بەردەوامی بۆ ئەو. لە کتێبی دووەم سینەمای ئێراندا، پانۆڕامایەکی تاڕادەیەک ورد و سەرنجڕاکێشی سینەمای ئێران و چەندین نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەری گەورە دەبینین کە نووسەر زیرەکانە لەم بەشەی ڕۆمانەکەیدا کەڵکی لێ وەرگرتوون. ستۆدیۆکەی ئیبراهیم بۆستان، هەمان ستۆدیۆی نووسەر و دەرهێنەری گەورەی سینەمای ئێران ئیبراهم گوڵستانە، کە زۆر کەسی مەزنی وەک فروغ و ناسر تەقوایی و چەندین کەسێتی گرنگی تێدا پەروەردە بوو. لەم بەشەدا سیمای یەکیک لە باشترین ئەکتەرەکانی سینەمای ئێران بەهرۆز و سوقی و دەرهێنەر مەسعود کیمیایی و ڕۆڵی گرنگی ئەرمەنەکان لە سینەمای ئێراندا دەبینین. کتێببی سێیەم و ڕۆژگاری شۆڕش لە باشترین و سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ڕۆمانەکەیە، کارەکتەرسازی بەهێز و فەزاسازی و ڕەگەزە درامییەکان بە باشترین و کاریگەرترین شێوە ڕۆژگاری پڕ لە هیوای سەرەتاکانی شۆڕش و ئەو بێهیواییەی بە خێرایبەکی زۆر باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێت نیشان دەدات. سوڵتان کە هیوای ئەوە بووە ڕۆژێک یەکەم فیلمی بێ سانسۆر دروست بکات، ئێستا لە بەندیخانە ئازاد بووە و دەیەوێت یەکەم فیلمی دەربارەی بزوتنەوەی دارستان و چالاکییەکانیان دروست بکات، بەڵام چەرخی ڕۆژگار لەگەڵیدا یەک نایەتەوە و کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاکانی دەسەڵات گرتنەدەستیدا سینەما قەدەغە دەکات. سوڵتان پێشتر بەهۆی سیاسەت و زیندانەوە عیشقەکەی بارانی لەدەست داوە و ئێستاش بۆ جارێکی تر عیشقە گەورەکەی، یانی سینەما ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە. بەناچار و لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراقدا، سوڵتان ڕوو لە بەرەکانی شەڕ دەکات بۆ دروستکردنی فیلمی بەڵگەنامەیی و هەر لەوێش بریندار دەبێت و چارەنووسی بە ئاڕاستەیەکی تردا دەڕوات. جارێکی تر پارتیزانەکان دەیانەوێت کەڵکی لێ وەربگرن، پێشتر بۆ دەستبەسەراگرتنی شابانو، ئێستا بۆ تیرۆر یان دەستگیرکردنی ئایەتوڵڵا خومەینی. سانسۆری زۆر تەنگی پێ هەڵدەچنێت و ڕێگەیەک نامێنێت بۆی جگە لەوەی بیر لە دەرەوەی وڵات بکاتەوە.

لە بەشی کتێبی چوارەم و لە کێڵگەکەدا، دوکتۆر ماینەما، ئاورێلیا، گۆرگی و ڕەخش و ئەفسانەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی، شیعری فارسی و شیعری هۆڵەندی. تەنیایی، ئەدەبیات و جوانی و سروشت و سوڵتان و دکتۆر ماینەما و هاوسەرەکەی و ئەکرەم و هوشەنگ و جیهانە نوێیەکەیان لە غوربەتدا بەیەک دەگەنێتەوە و ئەوروپا و ئەمەریکا دەبێتە جێگەی گەیشتن بە خەونەکانی سوڵتان و زۆر لە هاووڵاتییەکانی. لە تاراوگە بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی فیلم و دەتوانێت لە ڕێگەی فیلمەکانیەوە بژی و مافی کۆپیڕایتی بەرهەمەکانی دەبێتە هۆی ئەوەی ببێتە خاوەن ژیانێکی نوێ و پڕ لە هیوا و کار و پڕۆژەی نوێ. لە کتێبی پینجەم، هەنگە ڕەنگ زێڕینەکان، دوابەش و بەشی هیوا و نوێبوونەوە، عیشق و ژیان و نوێبوونەوە، دەرکەوتنی ژنێکی تر و ڕووناکی و بەردەوامی. ڕۆمانی زۆربای ئێرانی ڕۆمانی بەردەوامی و خۆشەویستی و تەسلیم نەبوونە. هەریەک لە سوڵتان، هوشەنگ یەکدەست و باران و مەرجان و زمانە و هاوەڵەکانیان، نموونەی ئەو مرۆڤانەن لەوپەڕی دژوارییەکانی ژیاندا تەسلیم نابن و بە هیواوە دەڕواننە ئایندە و بەردەوام دەبن و دەجەنگن لەپێناو جوانییەکاندا، وەک چۆن سوڵتان لە ژیانی دژواری تاراوگەدا دەگاتەوە بە هاوزمانەکانی و دەیان کۆڕ و بەرنامەی کولتووری بەڕێوەدەبن و لە دووری هەزاران فەرسەخ لە وڵاتەوە بەردەوامی بە کار و چالاکییەکانیان دەدەن.

قادرعەبدوڵڵا بیگومان باشترین نووسەری ئێرانییە لە دەرەوەی وڵات و بە جوانترین شێوە وێنەی ڕابڕدوو و ئێستای کۆمەڵی ئێرانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەگوازێتەوە و دەیکاتە ئەدەبێکی باڵا. گرنگە خوێنەری کورد سەرجەم بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنە بخوینێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر و قوڵتر کۆمەڵی ئێرانی لە سەد ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ بناسێت. ناکرێت وەرگێڕانی جوان و کاریگەر و زمانی سەرنجڕاکێشی برای وەرگێڕ شەفیقی حاجی خدر لەبیر بکەین، بەم وەرگێڕانە خزمەتێکی گەورەی ئەدەبیاتی کوردی کردووە. هیوادارین لە ئایندەدا وەک پڕۆژەیەک، هەوڵ بدات کۆی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی.


ئەم بابەتە 118 جار خوێندراوەتەوە