viber_image_2021-11-11_18-26-39-668.jpg

قورسایی ڕستەی کۆتایی لە دەقی گێڕانەوەدا

بەختیار حەمە سوور


هەر بەش و جومگەیەک لە ژانری گێڕانەوە (لێرەدا مەبەست لە "گێڕانەوە"، چیرۆک و ڕۆمانە)، گرنگی خۆی هەیە و بە هەمەهەنگی یەکدی دەتوانن دەقێکی جددی بخەنەوە، بە واتایەکی تر، لە هیچ دەقێکی گێڕانەوەی جددیدا، چاو لە هیچ ڕستە و بەشێک ناپۆشرێ و پانتایی دەق، وەک کێڵگەیەک دەبینرێ و کاری ورد لەسەر وشەبەوشە و ڕستەبەڕستەی دەکرێت. نووسەری بەسەلیقە و چازان، هیچ کات لەپێناو تەنیا پاژێک، یان ڕستەیەکدا دەست ناداتە کردەی نووسین، بەڵکوو لە بەهەندوەرگرتنی هەریەک لە بەشە بچووکەکان، گشتێکی تۆکمە دەڕسکێنێت. ئەمە لە شاکارە جیهانییەکانی کایەی گێڕانەوەوە ڕاستە تاکو کورتەچیرۆکێکی چەند سەد وشەیی.
لێرەولەوێ زۆر جار قسە لەسەر بەشێک، یان جومگەیەک لە ڕۆمان یان چیرۆک کراوە و دەکرێت، ئەوەشی کە زۆر دووبارە بووەتەوە و باسگەلێکی لێ هەڵخێنراوە، "گرێ"، "چنین"، "تێما"، "دیالۆگ"، "دەستپێک" و... بۆ نموونە "دەستپێک"، کە وەک گرێبەستێکی ئیمزانەکراوی نێوان خوێنەر و نووسەر دانراوە و دەرگایەک کە خوێنەر لێیەوە دەچێتە ناو دەق و... یان هەریەک لەو جومگانەی تر، کە بێگومان لە کۆی پڕۆسەی گێڕانەوەدا گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام نە "دەستپێک" و نە هیچ بەشێکی تر بە تەنیا بەس نیین و بەڵکوو پێکڕای جومگەکان، وەک پەل و پەڕی ماشێنێکی زەبەلاح، دەتوانن ببنە داینەمۆ و بزوێنەری ئەو ماکینە گەورەیەی ناوی گێڕانەوەیە. دەکرێ دەقێک "دەستپێک"ێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشیشی هەبێت، کە خوێنەر تووشی سەرسووڕکێ و لەگەڵ‌خۆدابردن بکا، بەڵام هەر بە ترازانمان لەو دەستپێک و سەرەتایە، بکەوینە ناو گێژاوێک لە بێسەروبەری و لێکترازاوی، کە نەک بێزار و وەڕز دەبین، بەڵکوو دەستبەرداری خوێندنەوەشی دەبین. ئەمە نەک بۆ "دەستپێک"، بۆ هەموو جوگەکانی تریش هەر ڕاستە. کەوایە چۆن دەتوانرێت لە دەقێکدا هەموو ئەو جومگانە پێکەوە و بە یەک تەرز بچنە پێش و گێڕانەوە بگەشێننەوە؟ بێگومان ئەمە دەکەوێتە سەر توانستی نووسەر و قابیلیەتی لە واری گێڕانەوەدا و زاڵبوونی بەسەر زمان و دیکەی یەکەکانی چیرۆکدا.
لەم یادداشتە کورتەدا لەسەر "ڕستەی کۆتایی" دەوەستین، ڕستەی کۆتایی لە گێڕانەوەدا.
دەقە جیهانییەکان، ئەوانەی چەند سەردەم و ڕێی دووریان بڕیوە و گەرەنتی داهاتووشیان مسۆگەرە، پێمان دەڵێن: لە گێڕانەوەدا، ڕستەی سەرەتا و کۆتایی وەک یەک گرنگن، بە جۆرێکی تر، هیچ ڕستەیەک لە دەقدا بێ ڕۆڵ نییە و هەر ڕستەیەک بە نیازێک و مەبەستێکەوە گرێی خواردووە، کە دەکرێ هەمان نیاز و مەبەستی "دەمانچەکەی چێخۆف" بێت، چێخۆف پێی وایە، لە چیرۆکێکدا، ئەگەر دەمانچەیەک هەبوو بە دیوارێکەوە هەڵواسرابوو، دەبێت حەتمەن لە جێیەکی ئەو چیرۆکەدا تەقەیەکی پێ بکرێت، تەنانەت ئەگەر بۆ خۆشیش بێت. لەبەر ئەم ڕۆشناییەدا، دەکارکردنی ڕستە لە دەقی گێڕانەوەدا، کردەیەکی لە خۆڕا و بەهەوەنتە نییە، کە هەرچیمان پێ خۆشبوو بیهۆنینەوە و لە دەقی بترنجێنین. بەڵکوو ڕیسا و یاسای خۆی هەیە و دەبێت هەر ڕستەیەک وەڵام بێت بە ڕستەیەکی دی، کە مەرج نییە ڕاستەوخۆ لەپێش یان پاشیەوە بێت، بەڵکوو دەلوێ ڕستەی کۆتایی وەڵامێک بێت بۆ ڕستەی یەکەم و وەڵامی ڕستەیەکی ناوەڕاستیش، لە چەند ڕستەیەکی پێش کۆتاییدا بدۆزینەوە.
ڕوونی ڕستەی کۆتایی و قورساییەکەی، زیادتر لەو دەقە گێڕانەوەییانەدا وەدیار دەکەوێت کە پڕماجەرا و ڕووداون، زیاد لە پێچێک و دەورەیەک و کێشە و ململانییەک دەبڕن و دەگەن بەو تاقە ڕستەیە کە ڕستەی کۆتاییە؛ ڕستەی شیاو بەو هەموو هێنانوبردنە. ئەم ڕستەیە، کە ڕەنگە لە زۆربەی جاراندا ڕستەیەکی بچووکی چەند وشەیی، یان چەند ڕستەی بێت و بە هەموویان یەک ڕستە و یەک واتا بدەن بە دەستەوە، قورساییەکی زۆری لە بونیاد و زنجیرەی ڕووداو و کەسێتییەکاندا هەیە، ئەمە بەو مانایە نا کە ئەم ڕستەیە کۆی ڕووداوەکان بە لایەکدا بخات و یەکلاکەرەوە بێت، بەڵکوو بە مانای جێگەوپێگەی ڕستەکەیە لە هەناو دەقەکەدا، چونکوو لە دەقی مۆدێرندا، ئەوەی زۆر جار دەبێت بە لایەکدا بکەوێت و یەکلا بێتەوە، هەر لە ڕستەی سەرەتا و دەستپێکدا ڕووی داوە و تەواوی ڕستە و بەشەکانی تر بە دەوری ئەودا دەخولێنەوە، بۆ نموونە. ڕۆمانی "ڕاپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت ڕاگەیەندراو"ـی گابرێل گارسیا مارکیز لەو دەقانەیە، لەم ڕۆمانەدا هەر لە دەستپێکەوە "سانتیاگۆ نازار" ڕۆژی کوشتنەکەی پێ ڕادەگەیەنن و ئێمەی خوێنەرانیش دەزانین، ئیتر کۆی زنجیرەی ڕووداوەکان دواتر بە دەوری ئەو ڕۆژە و کوشتنەکە و کەسێتیی سانتیاگۆ نازاردا دەسووڕێنەوە، ئەمەم بۆیە هێنایەوە تا دەریبخەین کە مەبەست لە "ڕستەی کۆتایی" لەم نووسینەدا، "قسەی کۆتایی" دەق نییە، بەڵکوو زۆر جار درێژەی هەمان گێڕانەوەیە کە لە سەرەتا هاتووە، لە هەندێک جاریشدا "ڕستەی کۆتایی" نەک نابێت بە "نوختەی کۆتایی"، بەڵکوو دەبینین لەپاش ئەو ڕستەیەوە گێڕانەوەیەکی تر و چیرۆکێکی تر دەست پێ دەکات.
مەرج نییە ڕستەی کۆتایی ڕستەیەکی زۆر سەرنجڕاکیش بێت و قومبەلەئاسا بە دەق و زەینی بتەقێتەوە، بەڵکوو دەکرێ ڕستەیەکی زۆر سادە بێت (وەک دواتر لە چەند نموونەدا دەیبینین)، تەنانەت ڕەنگە ئەم ڕستەیە هەڵگری هیچ ئاماژەیەکی قووڵ نەبێت، بەڵکوو تەواو ڕواڵەتی و ساکاریش بێت، بەڵام بە نەبوونی، نوقسانییەک و کەمییەک لە ڕەوتی گێڕانەوەدا ساز دەبێت، کە ڕەنگە هیچ ڕستە و شاڕستەیەکی تر جیا لەو ڕستەیە، پڕی نەکاتەوە. ڕستەی کۆتایی، کە لە هەناوی گێڕانەوە و چنین و یەکبەدوایەکداهاتنی ڕووداوەکانەوە دادەکەوێت، ڕێک دەڵێیت یەکەیەکی دینامیکییە و هەموو وزە و بەر و بەرهەمی لاپەڕەبەلاپەڕە و دێڕبەدێڕی لە خۆدا پەستاوتووەتەوە و کۆی کردوونەتەوە. ڕستەی کۆتایی قورسایی هەیە، قورساییەک کە لەسەر شانی نیشتووە و ئەمیش سیزیفئاسا شانی خستووەتە ژێر، ڕێک بەو مانایە کە هەریەک لە وشەکانی ڕستەی کۆتایی، وەک کۆڵبەرێک و ڕەنجکێشێک، سەدان و هەزاران وشە و ڕستەیان هەڵگرتووە و تا کۆتایی تەمەنیشیان، مەحکوومن بەو بارە قورسە.
زۆرن ئەو ڕستانەی وەک "ڕستەی کۆتایی" لە دەقی گێڕانەوەییدا تووشیان هاتووم و خۆشم ویستوون، لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەو زەحمەتی و ڕەنجە زۆرەی بە درێژایی مێژووی دوور و نزیکی ئەو دەقە هەڵیان گرتووە، بە واتایەکی تر، لەبەر ئەو خۆڕاگرییەی نواندوویانە و دەقەکەیان لە زەین و یادگەی مندا، لە دوایین ڕستەدا، مۆر و تاپۆ کردووە و چەسپاندوویانە. لێرەدا چەند "ڕستەیەکی کۆتایی"، وەک چەند نموونەی کەم (ئەگەر هەموو ئەو ڕستە کۆتاییانە بنووسمەوە کە خۆشم دەوێن، ئەم نووسراوە لە یادداشتێکی چکۆلەوە دەبێت بە کتێبێکی دووسەد لاپەڕەیی!)، لە چەند دەق، دەنووسمەوە، مەرجی درککردن و هەستکردن بە قورسایی هەریەک لەم ڕستانە، تەنیا بە خوێندنەوەی ڕستەبەڕستەی دەقەکان سەر دەگرێت.
***
«ئاخ بارتێلبی! ئاخ مرۆڤایەتی!»
بارتێلبی ڕوونووسکار؛ هێرمان مێلڤیل
*
«دەستی بە نووسینی یەکەم دێڕ کرد: من سلێمان، وەجاخزادەی ئەو بنەماڵە پیر و کەنەفتەم کە خوا بۆ هەتا هەتای لێی زویر بوو...»
ئافاتەکانی بنەماڵەی مێخەک؛ عەتا محەمەد
*
«هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و بە تەواوی هەناسەی دەرنەدابۆوە پشووی ڕاوەستا. لەشی شەکەت و کەلەلای کێشایەوە و جووڵەی لێبڕا و مرد.»
مەرگی ئیڤان؛ لیۆ تۆلستۆی
*
«مەولوود بە خۆی وت: "من لەم دنیایەدا، بەتەنها ڕایحەم زۆر خۆش ویست."»
سەمەرەیەک لە سەرمدا؛ ئۆرهان پاموک
*
«بە بێدەنگبوون و تێگەیاندنێک لە ڕێی نیگایانەوە بیریان لەوە دەکردەوە، ئێستا وەختی ئەوە هاتووە پیاوێکی باشی بۆ بدۆزنەوە. ئیدی ئەوەش وەک پشتڕاستکردنەوەیەکی خەونە تازەکان و نیازە باشەکانیان وابوو، کاتێک بینییان کچەکەیان لە دواوێستگەدا یەکەم کەس هەستایە سەرپێ و جەستە لاوێتییەکەی کێشایەوە.»
مەسخ؛ فرانس کافکا
*
«لە بەردا بوخچەکەی داکەوتبێت. لەبەرداتر دڵی شەقاری بردبێت. پاشان پەنجەکانی لەریبێت و یەک بە یەک هەرچی حرووف و خەتە لێی داوەریبێت. خەڵتانی خوێن بووبێت و تا هەتا خەت و خوێن لێک ئاڵابێتن. بە فەرمانی والی، گولـلەیەکی قەجەری دوانوختەی سەر هەموو خەت و حەرفی تەمەنی بووبێت، مەرگ ترنجابێتە فیشەک و بۆ هەمیشە داوود و ئامێدی پێکەوە دووراندبێت. بە دەستی هەرکەس بووبێت و هەرچۆن کوژرابێت، خوێنی وەک بەفرەکەی هەمان ساڵ توایەوە و سەبەبکاران وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون. نە کەس لە تۆڵەیدا شەتەک دراوە، نە کێلی بۆ هەڵکۆڵراوە، نە گۆڕی دیاری کراوە.»
ئەلف/یا؛ ڕەزا عەلی‌پوور
*
«ئەو کاتەی کەشتییەکە لە فیۆردەوە تێپەڕی، کەمێک بە پێوە وەستام و لە کاتێکدا بە دەست ماندوویی و تاوە، سەر تا پێم بە ئارەقە خووسابوو، سەیرێکی وشکانییم کرد و ماڵئاواییم لە شاری "کریستیانیا" کرد، شارێک کە دەرچە و پەنجەرەی ماڵەکانی نوقمی ڕووناکی بوون، ڕووناکییەکی سەیر لە دەرگا و دیوارەکەی دەچۆڕا.»
برسێتی؛ کنووت هامسۆن
*
«تۆش ئاگاداری خۆت بە. لە کاتی هەور و باراندا دەرمەکەوە. ئاگات لە سکت بێت. تا لەم دووگیانییە ڕزگار دەبی، لە کاتی برووسکە و شریخەی هەور و باراندا هەوڵ بدە لە قاتی خوارەوە بی. سڵاوی دایە مەرجان بگەیەنە و بەم هیوایە هەر چوارمان یەکتر ببینینەوە.»
کۆچی هەورەتریشقە؛ مستەفا شێخە
*
«دەنگێک لە ئێسکپەیکەرەکانەوە دێت و پێدەچێ کاتی کەوتنیان هاتبێت، ئەو هاڕە دەکات و ئەمیش دنیایەک مەراق لە دڵیدا ماوە، گەورەترین غەم و مەراقی ئەوەیە کە بۆی ڕوون نییە لەگەڵیدا ئێسکەکانیش دەسووتێن یان نا، لە هەموو شتێکیش زیاتر دڵی لای ئەو سەبەتەیەیە کە نازانێت ئەمانەتە لای یان دزیوێتی، ئەو سەبەتەیەی پاش هەموو پارچەکانی ئێسکەپەیکەرەکە بە ئەسپایی دەکەوێتە بنی سندووقە شووشە شینباوەکەوە.»
بەهەشتی ئەوبەر پردەکە؛ ڕێبوار حەمەڕەحیم
*
«م م من... ش ش ش شەهید ک ک کراوم.»
دووپشک؛ حوسێن مورتەزاییان ئابکەنار
*
«بەیانی ئەو ڕۆژە، کاتێ بۆ قاوەخواردنەوە هاتمە خوارەوە، ڕۆیشتبوو. برازاکەم وەک ڕۆژان خواردنی ئامادە کردبوو، لە خامۆشییەکی تەواودا بۆی هێنام، هەردووکمان بە بێدەنگی فنجانەکانمان بەتاڵ کرد. لە دەرەوە، لە پشت تەمەکەوە پرشنگی هەتاوێکی بێڕەنگ دەدرەوشایەوە، دیاربوو هەوا زۆر سارد بوو.»
خامۆشیی دەریا؛ ڤێرکۆر
*
«هاوارهاواری بێن لەپەستا بەرز دەبۆوە. کوینی دیسان وەڕێ‌کەوت، دیسان خرموهوڕی یەکهەوای سمی بەرز بوونەوە، بێن دەستەوجێ بێدەنگ بوو. لاستر بەپەلە ئاوڕێکی داوە، پاشان درێژەی بە ڕۆیشتنەکەی دا. گوڵی شکاو شۆڕ بۆوە بەسەر مستی بێندا و لەودەمەیدا کە قەڕنیز و ڕووکاری بیناکان وێڕای کۆڵەکەی کارەبا و دار، پەنجەرە و بەردەرکەی ماڵەکان و تابلۆی سەردوکانان و لەسەرەخۆ لە چەپەوە بەرەو ڕاست دەهاتن و دەڕۆیشتن، نیگای بێن سەرلەنوێ بەتاڵوهەتاڵ و چاوی شین و هێور و هێمن بوونەوە.»
هەرا و تووڕەیی؛ ویلیام فاکنێر
*
«ئای ماتلیدای نەگبەت و بەختڕەش... خۆ گەردانەکەی من ئەڵماس نەبوو، شووشە بوو، نرخەکەشی لە پێنج سەد فڕانک تێنەدەپەڕی.»
چیرۆکی گەردانەی ئەڵماس، گێ دی مۆپاسان
*
«کتێبەکەم دەخەمە سەر مێزی خاوەنی چاپخانەکە و لەبری سڵاو پێی دەڵێم: ماڵاو ئەی قەقنەس... ماڵاوا. ئەو لێم دەپرسێت: مامۆستا دەڵێیت چی؟ من بێئەوەی بزانم چی وەڵام بدەمەوە، وەک شێت دەڵێم: نا، بەڕێز هیچ نییە، هیچ نییە... هێندە هەیە سەرەتای گۆرانییەکی کۆنم بیر کەوتەوە کە دەڵێت: ماڵاوا ئەی قەقنەس ماڵاوا... ماڵاوا ئەی قەقنەس ماڵاوا... ماڵاوا... ماڵاواااا.»
شاری مۆسیقارە سپییەکان؛ بەختیار عەلی
*
«محەمەدی حاجی زادە کاتێ باسی (ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی) کرد، بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی وشەی (ناسنامە) بەتەواوەتی وەک حونجەکردنی مسیۆ لووسیانا حونجە بکات.»
هۆتێل ئەوروپا؛ فەرهاد پیرباڵ
*
«لە ئاوەکەدا لە ڕووخساری خۆی دەڕوانی. لەناکاو... ترسێکی زۆر گەورە و کوشندەی بینی لەسەر ئەو دەموچاوە. ئەوەیان دوادیمەن بوو بینی و... ئیتر تەواو.»
ژیان وا لە شوێنێکی دیکە؛ میلان کۆندێرا
*
«وەک تێکدانی سەرلەبەری ئەو ڕێسایانەی بۆ پۆلینکردنی ئەلبومەکانی داینابوون، دوای تەماشاکردنێکی ورد و بێ بیرکردنەوە، بڕیاریدا ئەو وێنەیەی ئەم ئێوارەیە هێنابوویەوە، بخاتە ئەلبومی چوارەمەوە.»
چیرۆکی چوارەمین ئەلبومی تەنهایی؛ سیامەند هادی
*
«هەموو ڕووداوەکانی ئەو ئێوارەیە خێرا تێپەڕین، وەک تێپەڕبوونی هەموو کۆتاییەکانی تری ناو ژیان.»
ماڵی پشیلەکان؛ هیوا قادر
*
«ژنەکەی پرسی: پێم بڵێ چی دەخۆین؟
کۆلۆنێل نەوەد و پێنج ساڵی پێویست بوو، خولەک‌بەخولەکی ئەو نەوەدوپێنج ساڵەی کە ژیابوو، پێویستی بوو بۆ ئەوەی بگات بەم چرکەیە، کە ئیتر هەستی کرد لەبەزین نایەت، وەڵامی دایەوە:
-گوو!»
کەس نییە نامە بۆ کۆلۆنێل بنێرێت؛ گابرێل گارسیا مارکیز
*
«ئەمڕۆ بارمان کرد. ئاننا ناوی هەردووکمان و من چیرۆکی دووساڵ و سێ‌مانگی پێکەوەبوونمان لێرە، بۆ لیستی ناو و چیرۆکەکان زیاد کرد و لە خانووەکەدا، بۆ کەسی دواتر، بەجێمان هێشت.»
چیرۆکی "شالۆم علێیخێم"؛ بەختیار حەمەسوور
ـــــــــــــــــــــ
"سوپاس بۆ هەموو ئەو نووسەر و وەرگێڕانەی لەم نووسینەدا "ڕستەی کۆتایی"م لێ وەرگرتوون."


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە