viber_image_2021-11-16_03-25-10-297.jpg

مێژووی فەلسەفەی یۆنان فەیلەسووفانی پێش سوکرات

نووسینی: ئاراس سەعید

مێژوویی فەلسەفەی یۆنان بەسێ قۆناغدا تێپەڕیوە، هەرقۆناغێکیش پەیوەستە بەو کۆسێپتە مێژووییەی ئەندێشەو شێوازی ژیاری و کۆمەڵایەتی یۆنانیەکان. فەلسەفەی یۆنانی بەقۆناغی"پەیدابوون" دەست پێدەکات کە قۆناغی یەکەمی فەلسەفەیە، دواتریش هەنگاو دەنێت بەرەوە قۆناغی"کامڵبوون" کە بەقۆناغی دووەمی فەلسەفەی یۆنانی ناسراوە، کۆتا قۆناغیش قۆناغی"پوکانەوەیە" کاتێک ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانییەکان کۆنیاڵیزەی شارستانیەتی یۆنان دەکەن، ئەم قۆناغانەش هەڵگری سیماو تایبەتمەندی جیاوازە، کە بەمشێوازە ناونراون. قۆناغی پەیدابوون، بە قوتابخانەی پێش سوکرات ناسراوە، بەوە جیادەکرێتەوە یەکەمین قۆناغە کەمرۆڤ هەوڵی داوە بەشێوازێکی تیۆریی تەفسیری جیهان و دیاردەکانی بکات. قۆناغی دووەم فەلسەفەی سوکرات و سۆفستاییەکانە، بەوە دەناسرێتەوە کە فەلسەفە لە تێۆرییا داڕشتن و تەفسیرکردنی جیهانەوە، ڕوویکردە مشتوومڕو (گفتووگۆ) دیالەکتیک دەربارەی بنەماکانی مۆڕاڵ و چاندنی تۆویی بنەمایی "پراکتێکی" کرداری لەفەلسەفەدا. دواتریش قوتابیەکانی سوکرات پلاتۆ و ئەڕستۆ درێژە بەم ڕێچکەیە دەدەن و داهێنانی درەوەشاوەیان لە فەلسەفەی یۆناندیدا کردووە، وەکو لێکۆڵینەوەی ئەقڵی پەتی بۆ سروشت و دیاردەکان و لە تەتەڵەدان و فۆڕمۆڵکردنی قۆناغەکانی پێش خۆیان. قۆناغی سێیەم هیچ داهێنانێکی گەورە لە کۆنسێپتەدا بەدی ناکرێت، جگە لەسوود وەرگرتن و دووبارە کردنەوەی قۆناغەکانی پێش خۆیان و ئاوێتەکردنی فەلسەفە لەگەڵ ئایین.

فەلسەفی ئەیونیەکان:

٭تاڵیسی ماڵتایی:
مێژووی نووسان کۆکن لەسەر ئەوەی، کە فەلسەفەی یۆنانی لەسەر دەستی تاڵیس دامەزراوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "ئەڕستۆ" لە (کتێبی میتافیزیک ئاماژەیی) بە تاڵیس کردووە. تاڵیس( ٦۲٤) پ ز، لە مەڵتیە لە دایک بووە، لە سەرەتایی لاوێتدا بە دوای زانست و فێربووندا گەڕاوەو بۆ ئەم مەبەستەش بە شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا گەڕاوە. سەرچاوە مێژووییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی تاڵیس سەردانی شارستانیەتی نیل و بابلی کردووە، ٭دەوترێرت وەکو ئەندازیاری جەنگی کاری بۆ قاروون دواهەمین پاشایی لیدیەکان کردووە لە ئاسیایی بچوک. تاڵیس بەڵگەی لەسەر ئەو گۆشەی نیوە بازنە هێناوەتەوەو لەسەر بەرزاییەکەوە دووری کەشتیەکانی پێواوە.
تاڵیس یەکەمین کەس بوو، کە پێشبینی ڕووداوی خۆرگیرانی کردووە، پێشبینیەکەشی لە (٢٨- ی ئایاری ‌٥٨٥) ڕوویدا. لە شارستانیەتی نیل فێری زانستی ڕووپێوی بوو، ماوەیەک خۆی بە بابەتی ڕووباری نیلەوە خەریک کردووەو ڕێگەیەکی نیشانی میسرییەکان داوە، بۆ پێوانەکردنی بەرزی هەرەمەکانی جیزە.

تاڵیس بۆ تەفیسرکردنی جیهان و دیاردەکانی ڕێچکەیەکی نوێی داهیناو پشتی لە میتۆلۆژیا و ئایین کرد. واتا چیتر مرۆڤ هۆکاری دیاردەکان ناگەڕێنێتەوە بۆ پاڵەوان و خوداکان و هێزە ئەوپەڕسروشتیەکان. تاڵیس فەلسەفەی سروشتی خۆی لەسەر بنەمایەکی تیۆری دامەزراند. فەلسەفەی ئەیونیەکان بە پەیدابوونی زانستی سروشتی و لێکۆڵینەوە لە ماددەی سەرەتایی، (المادة المواد) واتا ئەو مادەی بنەڕەتی، یان ئەو مادەیە چیە کە جیهانی لێ درووستبووە. تاڵیس دەڵێت: (ئاو تاکە جەوهەرە کە شتەکانی تری لێپێکدێت). تاڵیس تێڕوانینی خۆی بۆ بنچینەی سەرەتایی، یان ئەو ماددەیەی هەمووشتێکی لێ، درووست بووە، بە بەڵگە پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت:(ڕووەک و ئاژەڵ لە شێ خۆراک وەردەگرن، بنچینەی شێش ئاوە، جا هەرشتێک خۆراک لەچی وەربگرێت بە زەرورەت لەویش درووست دەبێت). بەبڕوای تاڵیس؛ ئاو مادەی سەرەکی شتەکانە. ئەم بیروڕایە لای پێشینیەکان باو بوون، "هۆمیرۆس" دەڵێت؛ سەرچاوەی یەکەمی شتەکان "ئۆقیانووس"ە.
هەروەها ئەفسانەیەکی بابلی، هەیە دەڵێت: (پێش ئەوەی ئاسمان ناو بنێرت و ناوێک بۆ زەوی دابنرێت ئۆقیانووس و دەریا یان زەریا هەبوون). لەدەقە عەرەبییەکەدا بە (المحیط) هاتووە. لە چیرۆکێکی میسری کۆنیشدا بەم شێوازە سەبارەت بە مادەی سەرەکی دواون:(سەرەتا ئۆقیانووسی تاریک یان ئاو هەبوو، کە خوداوەندی یەکەم و درووستکەری خواوەندەکان و مرۆڤ و شتەکان بوو). مەبەست لە خوداوەندی یەکەم خوداوەند (ئاتوونە). لە کتێبی پیرۆز (پەیمانی کۆن)دا، ئەم باسە بەم شێوازە هاتووە:(سەرەتا خوداوەند ئاسمانەکان و زەوی درووستکرد، زەوی چۆڵ و وێرانەبوو، ڕووی مانگ تاریک بوو، ڕووحی خودا لەسەر ڕووی ئاو دەگەشایەوە).
"ئەڕستۆ" لە کتێبی میتافیزیک، لە زاری "تاڵیس"ەوە، ئەوەمان بۆ دەگێڕیتەوە، کە تاڵیس یەکەمین کەسە، کە پشت بەبەڵگەی میتۆلۆژیی نابەستێت و بەڵگە دەهێنیتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەربڕینەکەی، بەڵام تاڵیس خاوەنی هەمان بیرۆکە نیە، بەڵکو لێ ڕاماوەو درێژەی پێداوە و لەڕێگای ئاوەزەوە جڵەوی کردووە، چونکە ئەم بیرکردنەوەیە لەبارەی ماددەی بنەڕەتی جیهان بیکردنەوەیەکی کۆنەو ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کۆنترین پتنی شارستانیەتەکان لە قۆناغی میتۆلۆژیا و بیرکرنەوەی ئایینیدا، لەلای بابلییەکان و ئەغریقیەکان و میسرییەکان هەمان تێڕوانین دەبینینەوە.
تاڵیس بەپێچەوانەی قۆناغەکانی تری بیرکردنەوەی مرۆڤەوە، ڕێچکەی شکاندن و لە جیاتی بەکەساندنی هێزەسرووشتیەکان گێڕانەوە بەهێزی خواوەندەکان لێک بداتەوە هەوڵی بەڵگەهێنانەوەی داوە. هەروەها یەکێک لە بۆ چونەکانی تری تاڵیس ئەوەبوو، کە (زەویی لەسەر ئاو ڕاوەستاوە). تاڵیس دەڵێت:(چۆن پارچەدارێک لەسەر ئاو ڕاوەستاوە، بەو جۆرەش زەوی لەسەر ‌ئاو ڕاوەستاوە).


٭ئەنکسمیندریس:
یەکێکە لە خوێندکارەکانی تاڵیس ساڵانی (٦١٠-٥٤٧)پ ز، لە مەڵتیە ژیاوە. شوێن دەستی لە پێشکەوتنی زانستدا زۆر باس دەکرێت، بۆنمونە درووستکردنی کاتژمێری هەتاوی(الشمسي، المزولة)هەرچەندە ڕای زاڵ لەمێژوودا ئەوەیە، ئەو فێرکارییە لە بابلیەکانەوە فێربووە.
فەلسەفەی "ئەنکسمیندریس" بەڕەخنەکردنی بیروڕاکانی "تاڵیس" دەستی پێکرد.
 

ئەو هەمان نەریت و تێڕوانینی مامۆستاکەی درێژە پێنەدا، بەڵکو ڕەخنەی کرد و بەڵگەی بۆ تێڕوانینیەکانی خۆی دەهێنایەوە. بەڵام ئەو فۆڕمەی پاراست کە هەمووشتێک لە شتێک درووستبووە، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، (هەرچی داهێنانی فەلسەفیە، لە ڕەخنەکردنەوە بەرهەم دێت)."ئەنکسمیندریس" ڕەخنەی تیۆری "تاڵیسی" کرد و بەشێک لە بۆچونەکانی قبوڵکرد.
"ئەنکسمێندریس" گووتی:"هەموو شتێک لە ئەپایرۆن درووست بووە" واتا:بۆشایی یان بێسنوور. ئەو بۆ پشتڕاستکردنەوەی بیروڕایی خۆی بەڵگەی زانستی دەهێنیتەوەو دەڵێت:(ئاو نابێت سەرەتایی یەکەم بێت، چونکە گۆڕانی بەستوو ڕوو ئەدات بەگەرماو سەرما. کەواتە (گەرم و سارد) پێش ئەو هەبوون.)
"ئەنکسمێندریس" بۆیە ئەپایرۆن(بێ سنوور) بەکاردەهێنێت، بەبڕوای ئەو هەرشتێکی تایبەتی سنوردار لەگەڵ شتێکی تری تایبەتی سنوردار، لە ململانێدایە، وەکو:(گەرم و سارد)،(ئاو و ئاگر). واتا جیهان تێکەڵەیەکە لە هەموو دژەکان.
"ئەنکسمێندریس" تەفسیرێکی میکانیکی بۆ درووستبوونی شتەکان داڕشتووە.واتا تەنیا بەکۆبوونە یان جودابوونەوەی هەندێک توخم بەکاریگەری جوڵەیەکی هۆیەکی بکەرانەی جیاواز و بوونی هیچ ئامانجێک. ئەو دەڵێت: ئەپایرۆن بەبێ جوڵە لە گیژاوێکی گەردوونیدا لە خولدابووە، بەهۆی ڕوودانی کارەساتێک ئەو خولانەوە ئەزەلییە ڕاوەستاوەو لە ئەنجامدا، مادەکان لێک جودا بوونەتەوە. (ئەمەش یاسایەکی هۆ و ئەنجامە پشتی پێ بەستووە، بۆ تەڵەڵەکردنی پرسیارەکانی). هەروەها دەڵێت:"درووستبوونی جیهان دەرئەنجامی هەڵەیەکی گەردوونیە".


٭ئەناکسیمانس:
یەکێک بوو لە قوتابیەکانی "ئەنکسمێندریس" لەدەوروبەری ساڵانی (٥٨٨-٥٢٤) ژیاوە. ئەناکسیمانس، خەیاڵی بەرتەسکتربوو، لە مامۆستاکەی و گەرایە و سەر بیروڕاکانی "تاڵیس" دەڵێت:(ماکی سەرەتا، شتێکی بەرهەستی لێکچووە، ئەو شتە هەوایە، هەوایش ناکۆتایەو دەوری جیهانی داوەو زەوی هەڵدەگرێت). ئەو پێی وایە، هەوا خەست دەبێت و دەبێتە باران، دەبێت بەخۆڵ و دەبێتەبەرد. ئەگەر شلیش بێتەوە دەبێتە ئاگر. بەبڕوای ئەو ناکۆتا ئاوێتەیەکە لە شتەکان، کە بەیەک شت دەگۆڕێت ئەویش هەوایە. ئەو پێی وایە، هەوا چڕبێتەوە یان شل بێتەوە ماددەی نوێ بەرهەم دەهنێنت. ئێمە نازانین ئەم تێڕوانینەی لە کوێوە هێناوە بەڵام ڕای نزیک ئەوەیە، کە ئەمەی لە تێرمی(psyche) یۆنانی وەرگرتبی، کە لەزمانی یۆنانی بەواتایی (نەفس و نەفەس) دێت. هەواش نەفەسی جیهان و یەک بوونیەتی. هەواش لە زاراوەی عەرەبیدا، لە (روح)، (ریاح) وەرگیراوە. بۆیە دەڵێن ڕوحی ڕەوان بێت، یان دەڵێن: ڕوح دەڕوات. بەکورتی؛ ئێمە لەڕێگەی هەڵمژینی هەواوە زیندووین.

هێرکلیتس:
لە خێزانێکی خانەدان لە دایکبووە، لە دووروبەری ساڵانی(٥٤٠-٤٧٥) پ ز، لە مەڵتیە ژیاوە. ئەو سەرەڕایی ئەوەی لە خێزانێکی خانەدان بووە، هەر بە ئەرستۆکراتی مایەوە. شانازی بەخۆیەوە کردووەو بەچاوی نزم و سووک تەماشایی خەڵکی ڕەشۆک و خاوەن بیروباوەڕە کلاسیکەکان کردووە. لە هۆمیریۆس و هیزیود نیگەرانبووە، بە بڕوایی ئەو، گومڕایی خەڵک لە حوکمکردنی سیاسی، بەڵگەی خوڕافات و گومڕایی بڵاوکراوە پووچەکانی هۆمیریۆسە.
پوختەی فەلسەفەکەی لە دوو وێنەدا خستۆتە ڕوو:
یەکەم: (شتەکان لە گۆڕانێکی سەرەمڕدان)... ئەمە پوختەیی ڕێبازەکەیەتی، کە بە دوو وێنە نمونەی بۆ دەهنێتەوە.
ٱ. ڕۆشتنی ئاو: "هێرکلیتس" دەڵێت:(مرۆڤ دووجار پێ ناکاتە نێو ڕووبارێکەوە، چونکە هەمیشە ئاوی نوێ لە دەورت دەڕۆن).
ب.هەڵگیرسانی ئاگر: ئەو پێ ی وایە ئاگر جووڵەی خێراترەو باشتر ئاماژە بە گۆڕان دەکات، هەر بۆیە (ئاگر) بەسەرەتایی ماددەی یەکەم دەستنیشان دەکات، کە هەموو شتەکان لەوەوە پەیدا دەبن و بۆی دەگەڕێنەوە.
لەدیدی ئەوەوە گۆڕان پەیوەستە بە بوونەوە، ئەگەر گۆڕان نەبووایە بوون، نەدەبوو، بەشێوازێکی تر، ڕاوەستان واتا نەمان و مردن.
 

گۆڕان میدۆمێکە لە نێوان کێشمە کێشمی شتەکاندا، بۆنمونە، ئەگەر لەشمان گۆڕانی بەسەردا نەیات و نەخۆش نەکەوین، هەرگیز حەزمان لە لەش ساغی نەدەبوو. "هێرکلیتس" بڕوای بە یەکەیەکی وجودی هەیە، کە بە گۆڕان جیا دەکرێتەوە.

پوختە:
یەکەم: فەلسەفەی ئەیونیەکان (فەیلەسووفە سروشتیەکان) لێکۆڵینەوەی بووە، ماکی سەرەتایی(بنەڕەتی مادە)، پیان وابووە هەموو شتێک لە شتێکی تر درووست بووە. لە جیهانی دەروروبەرمان چوار مادەیی سەرەک هەیە، لە مێژووی فیکری مرۆڤدا گوتراوە جیهان بەگشتی لە چوار ماددە درووست بووە. تاڵیس یەکەمین فەیلەسووفەو بە بەڵگە پشتڕاستی کردەوە جیهان لەمادەیەکی بنەڕەتی درووست بووە کە ئاوە. هەروەها تاڵیس پێ ی وایە، (زەوی لەسەر ئاو ڕاوەستاوە.)

دووەم: "ئەنکسمێندریس" شوێنی بیروڕاکانی "تاڵیس" نەکەووتوە، بەڵکو بەهۆی ڕەخنەکردنی "تاڵیس"ەوە، تیۆرێکی میکانێکی داڕۆشتۆتەوە بۆ تەفسیرکردنی جیهان، ئەو پێ ی وایە، ماکی سەرەتا، ئاو نیە، بەڵکو "ئەپایرۆنە" واتا، بێ سنوورە. هەروەها بەپێچەوانەی تاڵیسەوە، پێ وایە، زەوی بەشێوەیەکی (معلق) هەڵواسراوە، زەوی چەقی گەردوونە.

سێیەم: "ئەناکسیمانس" گەڕاوەتەوە سەر میتۆدەکەی "تاڵیس" و لە بنەڕەتی ماددەی سەرەتایی دەکۆڵیتەوە. ئەو نەچۆیەوە سەر بیڕوڕای تاڵیس، بەڵکو لە دیدی ئەوەوە، ماددەی سەرەتایی بریتیە لە (هەوا).

چوارەم: "هێرکلیتس" ئەو پێی وایە، هەموو شتەکان لە ناو سوڕێکدا پەیدابوون، ئەویش گۆڕانە. بنەڕەتی ماددەی سەرەتایی ئاگرەو دەگۆڕێت بۆ ماددەیی تر، بەڵام هەمووان بۆی دەگەڕێنەوە. ئەو پێی وایە، زەوی لە تۆپەڵێک ئاگر درووستبووە و وردە وردە ئەم گەرمییە دەبێتە شێ و هەوا، دواتریش دەبێتە ئاو. هەموو شتێک لە بنەڕەتدا لە ئاگر درووستبووە و لە ئەنجامی دیالەکتیک و گۆڕاندا، لەناو سوڕێکدا دەسوڕێنەوە.
 

بەسوود وەرگرتن لەم سەرچاوانە:

د. ڕەهبەری مەحمود زادە:کۆرسی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا. بەشی دووەم.

ڕێبوار سیوەیلی: فەلسەفەی پێش سوکرات. چاپی یەکەم، چاپخانەی هاوسەر.

د. جعفر آل ياسين: فلاسفة يونانيون من طاليس إلى سقراط. دار ومكتبة البصائر بيروت – لبنان.طبعة الأولى 2012
 

holy bible: kurdi sorani standar(ks


ئەم بابەتە 126 جار خوێندراوەتەوە