viber_image_2021-11-18_02-25-28-930.jpg

ئەحمەد کایا دیموکراتی ماندو

وەڕگێڕانی لە فارسیەوە /ئازاد نجم 

ئەحمەد کایا دیموکرات و ئازادیخواز،

ھونەرمەندی پڕفرۆشترین کاسێت لە مێژوی تورکیا بە یەکێک لە داڕێژەرانی سەبکی موزیکی (پرۆتێست ) ، لەمێژوی تورکیا دێتەئەژمار. ھونەرمەندی بەناوبانگ ئەحمەدکایا لەساڵی (١٩٥٧) لە شاری مەلاتیە ھاتۆتە دنیاوە. پێنجەمین و دواھەمین منداڵی خێزانەکەیان بو، لەتەمەنی منداڵیەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ سازی باغڵەمە پەیدا کرد. یەکێک لەگۆرانیەکانی سەردەمی منداڵی کایا ، گۆرانیەک بو کەبۆ برا گەورەکەی (یاشار) داینابو کەشیعرێکی لەم شێوەیەی ھەبو: ڤولکس واگۆنیک دەکڕم نێوی لێ دەنێم یاشار...
لە تەمەنیی ھەرزەکاریدا بەھۆی ھەل ومەرجی سەختیی ژیانی خێزانەکەیانەوە ، ناچار بون مەلاتیە جێبێڵن و ڕوبکەنە ئەستانبول. باوکی پێشتر لەمەلاتیە لە کارخانەیەکی ڕستن و چنیندا کاری دەکرد، لەئەستانبوڵ بە شۆرینی ئۆتۆمبێل ، گوزەرانی خێزانەکەی بەڕێوە دەبرد.
کایا ، بۆخَۆی لەبارەی ئەو ڕۆژانەوە دەڵێ: ڕۆژانە کە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە ماڵێ دەمبینی باوکم سەرگەرمی شۆرینی ئۆتۆمبێلە ، زۆر نیگەران دەبوم و لە دڵی خۆمدا دەمگوت کاتێ گەورەبوم پێشانگایەک بۆباوکم دەکڕم تا بۆخۆی سەربەست بێت و کەس فەرمانی بەسەر دا نەکا.
بەڵام ئەم ئارەزوەی کایا ، لە خەونێک زیاتر نەبو، چونکە ھێندەی نەبرد باوکە بەمەرگی خۆی کایا و خێزانەکەی جێھێشت و کایاش کەبچوکترین ئەندامی خێزانەکەی بو ، لەھەلومەرجێکی زور سەخت و دژوار دا دەژیا. بۆخۆی لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەو ڕۆژانە تەنانەت بۆ پارەی کرێ پاسیش دادەمام.
سەردەمی لاوێتی کایا ، ھاودەم بو لەگەڵ کودەتا سەربازیەکەی (کنعان ئیڤرن) کە شەپۆلێکی توندی سەرکوت وخەفەقان ، کەش و ھەوای سیاسی تورکیای گرتبۆوە.
ئەلبومی یەکەمی ، بەتوندی دژی ئەو ھەلومەرجە زاڵە بو کەسایەی بەسەر کەشوھەوای تورکیادا کردبو. بەگوتەی خۆی ھیچ ئومێدێکی بەوە نەبو لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ بکرێت و تەنیا مەبەستی ئەوە بو دەنگی نارەزایەتی خۆی بەدژی ھەلومەرجی زاڵ ، لەڕێگەی گۆرانیەکانیەوە ڕابگەیەنێت، کەسەرەتا ھیچ کام لە کۆمپانیاکان و ناوەندەکانی بڵاو کردنەوە ، ئامادە نابن سەرمایەی خۆیان لەبەرھەمێکدا بخەنەگەڕ کەنازانن ئەو گۆرانیانە سەر بە چ شێوازێکن. سەرەنجام لەساڵی ١٩٨٥ بەیارمەتی ھاوڕێَکانی ئەلبومێکی گۆرانیەکانی بەنێوی (مەگری مناڵەکە) بڵاو کردەوە. چەند ڕۆژ دوای بڵاو بونەوەی ئەلبومەکەی ، کارمەندانی ئاسایشی تورکی ، بەبیانوی بونی چەند گۆرانیەکی سیاسی لەئەلبومەکەیدا کەوتنە کۆکردنەوەی کاسێتەکانی لەبازاڕەکاندا. سەرەنجام دوای ناڕەزایەتیەکی زۆر ، فرۆشتنی کاسێتەکانی ئازاد کران. ھەر ئەم کار و کاردانەوەیەش بوە ھۆکاری زیاتر ناساندنی کایا لەلای خەڵکی و لەگەڵ پێشوازیەکی تاڕِادەیەک باش ، بەرەو ڕِو بۆوە، ئەمەش بوە دڵگەرمیەکی زیاتر بۆی. لێرە بەدواوە ، کایا بوە دەنگی ناڕازی چینی چەوساوەی کۆمەلگا و کوردە ماف خوراوەکان. گورانی و سرودی کردە چەکیًک بە دژی سیاسەتی نابەرابەری و چەوسانەوەو کپکردنی دەنگی کوردەکان. بەگۆرانیەکانی دوژمنانی ئازادی ئازار دەدا. لەم ڕێگایەشدا چەندین جار دەسگیر و زیندانی دەکرێت و لێَی دەپێچرێتەوە و ئەلبومەکانی ڕادەگیرین و کۆنسێرتەکانی لێ ھەڵدەوەشێننەوە. جارێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیونیدا گوتی: من ناترسێم من کفنی خۆمم ھەمیشە لە گەڵ خۆمدا ھەڵگرتوە، ھەمیشە بە سەر لێواری کەندەڵانێکدا ڕێ دەکەم ، ھەردەم ئامادەی مەرگم لە پێناوی ئازادیدا.
ئەو جارانەش کەحکومەت مۆڵەتی ساز کردنی کۆنسێرتی دەداتێ ، لەسەرانسەری وڵاتدا لە گەڵ پێشوازی بێ وینەی خەڵکیدا بەرەو ڕوو دەبێتەوە. زۆر جاران بەپێخواسی لە سەر شانۆ دەبینری و ھەردو پەنجەکانی بەنیشانەی سەرکەوتن ھەڵدەبرێ. لەگۆرانیەکانیدا زۆرجۆر ستایل بەکار دێنێ. لەموزیکی فۆلکلۆری و ناوچەییەوە بگرە تا ڕاپ و ڕۆک. کە لەھەمویاندا سەرکەوتوو بو ..جگە لەکارەکانی خۆی ، سودی لەشیعر و گۆرانیەکانی کەسانی ناسراوی وەک (نازم حیکمەت ، ئورھان ولی ، ئەحمەدعارف ، ئەنوەرگوکچە ، حسن حسینی گیل ، ئاتیلا ئیلھان ، نواز چلیک ، ئوولکو تامیر ، یوسف ھایال ئوغلو و، جان یوجل ، علی جینار، ئورھان کوتان و ھاوسەری وەفاداری (گولتەن کایا) ، وەرگرتوە. ئەلبومەکانی لەِریزی باشترین ئەلبومەکانی ساڵدا جێ دەگرن. ھەرگۆرانیەک کە دەیچڕێ ڕوداوێک و کێشەیەک بە دوای خۆیدا دێنێ. لە دادگاکاندا داوای لەسەر تومار دەکەن. بۆخۆی لەم بارەیەوە دەڵێ: ناو نیشانی دووەمی من ، فەرمانگەی ئەمنیەت و ئاسایشی تورکیایە. لەگەڵ ھەمو ئەم گیر گرفتانەی کە بۆیان ساز دەکرد ، لەو ماوە کورتەی تەمەنی ھونەری خۆیدا ، توانی چەندین ئەلبوم بەرھەم بێنێ کە بریتین لە (مەگری مناڵەکە) ، (دڵتەنگی بۆ غەمەکان) ، (گۆرانی سپێدە) - کە شیعرەکانی ئەم ئەلبومەی ھی ئولکو تامر بون کە بەھۆی ھەبونی فیکری سیاسی لەزینداندا چاوەروانی پەتی سێدارەی دەکرد - (ئەوساتە ھەر دەگا) ، (دیموکراتی ماندوو) کە دیموکراتی ماندو نێوی یەکێک لە گۆرانیەکانی نێو ئەم ئەلبومەی بو و دواتر لەمەوە نازناوی دیموکراتی ماندوو بەکایاوە لکا. (ھەڵدەستینە سەر پێ) ، (بەختیار) ، (دیواری عەشق) ، (ڕیستالەکان) ، (گرفتاری بەڵا بوم) ، (بمدۆزەوە) ، (ئەستێرەومانگەشەو) ، (بەرامبەر دوست ودوژمن) ، (ماڵاوایی) ، ( لێم نزیک مەکەوە دەسوتێی) ، (گۆرانیەکانم بۆ َکێوەکان).
سەرەنجام حکومەتی تورکیا ناچار دەبێ شتێکی جارسکەر بەنێوی ئەحمەد کایا و گۆرانیەکانی ، کە زۆربەیان زوڵم و ستەم و بێدادیان ڕیسوا دەکرد ، قبوڵ بکا.
ئامادە بونی کایا ، لەھەر بەرنامەیەکی تەلەفیزێونیدا بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر ئاماری بینەرانی دەبردە سەرێ ، چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ھەر ڕۆژنامەیەکدا ، بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕێژەی فرۆشتنی ئەو ڕوژنامەیەی زیاد دەکرد. لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا کۆنسێرت و ئاھەنگ ساز دەکات و لەسەر ھەمان ئەو ئامانج و ڕێگایەی کە لە سەرەتاوە باوەڕی پێی ھەبوو، درێژەی بە کارەکانی دەدا. لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا چەندین خەڵاتی ڤیستیڤالەکانی ناۆخۆ و دەرەوەی وەرگرتبو. تاوەکو سەرەنجام لە ئەلبومی (گۆرانیەکانم بۆ کێوەکان) ، کە لەساڵی ١٩٩٤ دا ڕیکوردی پڕ فرۆشترین ئەلبومی سەدەی تورکیا دەشکێنی و زیاتر لە ١٥٠٠٠٠٠ لێ دەفروشرێ. دواتریش لەساڵی ١٩٩٨ دا خەڵاتی یەکەمی باشترینەکانی ساڵ بەھۆی ئەلبومی (ڕوبەڕو لە گەڵ دۆست و دوژمن ) لەلایەن (ئەنجومەنی ڕۆژنامەنوسان) وە وەردەگرێ ، کە گۆرانی (گیدەریم) دەڕۆم ، لەو ئەلبومەیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبو .
لەو ڤیستیڤاڵەشدا ڕایدەگەیەنێت کەئەو بە ِرەگ و ریشە کوردە و ھەر بەوھۆیەشەوە لەئەلبومە تازەکەشیدا گۆرانیەکی کوردی بەناوی (کاروان) ، ئامادەکردو و زۆر کومپانیای موزیکیش ھەن کە ئامادەن بۆی بڵاو بکەنەوە. وەھەروەھا دەڵێ لە نێو تورکیاشدا شتێک ھەیە ناوی کوردوستانە و منیش لەگوتنی ئەم قسانەم بەو کەسانەی کە نایانەوێ ڕاستیە کان ببینن ، ھەرگیز ماندو نابم،
دواتریش ڕەخنەی لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن گرت کەکلیپەکانی پەخش ناکەن دەبێ لەم بارەیەوە وەڵامی خەڵکی بدەنەوە. .
ئەم قسانەی ئەحمەد کایا ، بونە ھۆی توڕەبونی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی نێو ھۆڵی ڤیستیڤالەکە.
 

دوا بە دوای قسەکانی کایا ، نۆرەی سەردار ئارتاج بو کەئەویش خەڵاتی پەپولەی زێڕینی ڤیستیڤاڵەکەی وەرگرتبو. سەردار دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بەرەو سەکۆکە وەڕێکەوت وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی ئەحمەد کایا دەستی کرد بەخوێندنەوەی چەند شیعرێک کە ھەموی ستایش و پیاھەڵدان بو بەسەر ئەتاتورکدا. ڕوون بو کە ئەو شیعرانەی لە دژی قسەکانی کایا خوێندەوە. دوای ئەوەش کەوتە گوتنی مارشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا. بەم کارەشی کەش و ھەوای نێو ھۆڵی مەراسیمەکەی لە دژی ئەحمەد کایا گۆڕی. لەم نێوەدا ھێندێک لە ھونەرمەندانی تورک کە ئامادەی مەراسیمەکە بون ، دەستیان کرد بە ھوتاف کیشان: (خائین بڕۆ گوم بە). پاشان ھێرشیان بردە سەر کایا. لەو کاتەدا کایا زۆر تەنیا بو ، تاکە پشتیوانیی گوڵتەنی ھاوسەری و ئازادی بون. بەڕونی دیار بو کە پیلانێکی لە پێشدا نەخشە بۆکیشراو لە ئارادایە. سەرەنجام پۆلیس کایای لەدەستی ھێرشبەران ڕزگار کرد و لە گەڵ ھاوسەرەکەیدا بەدڵێکی پڕ خەم و بەچاوێکی پڕ لەگریانەوە بەسواری تاکسیەک گەڕانەوە ماڵێ. ڕۆژی دواتر ھێرشی ڕوژنامەکان لەدژی کایا دەستیان پێکرد. ڕۆژنامەی (حوڕیەت) نوسیبوی: (ئەی بێشەرەف ئەم کارەت ڕەوا نەبو ). کە ڕۆڵێکی زۆرخراپی گێرا لەِروی ھاندان و ژەھراویتر کردنی ڕقی ناسیونالیستە تورکەکان بەرامبەر بە کایا. دادگای ئەمنیەتی نەتەوەیی تورکیا فەرمانی دەسگیر کردنی کایای بە ھۆی ڕوداوەکەی ئەو شەوەو تومەتی چەندین ساڵ پێشتری دەرکرد و لەژێر بارانێکی بەخوڕدا کاتژمێر چواری بەیانی ، کایایان لەماڵ دەرکرد و گرتیان. بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک پارێزەرەکانی بە کەفالەت ئازادیان کرد. دادگا بڕیاری دا لە ٣٠ نیسانی ١٩٩٩ لە دادگا ئامادە بێت. ڕوون و ئاشکرا بو کەدادگا بەدوای بیانویەکدا دەگەڕا تا کایای پێ تاوانبار بکات و ئەو تۆمەتانەش کە بریار بو کایای لەسەر دادگایی بکەن ، بریتی بون لە سازکردنی کونسێرتێک لە ساڵی ١٩٩٣ بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە پ.ک.ک ، گوتنی گۆرانی بە زمانی کوردی ، بەرز کردنەوەی دو پەنجە بە نیشانەی سەرکەوتن. ئەحمەد کایا لە ڕۆژی دیاریکراودا لەبەردەم دادگادا ئامادە دەبێت. دانیشتنی دادگاش ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزێونەکانەوە پەخش دەکرێت. خەڵک بەرگرینامەکەی ئەویان گوێ لێ دەبێ ، بەڵام ئەمجارە گۆرانی ناڵێ ، بە ڵکو قسەکانی بەوێنەی شەپۆلەکانی زەریا ، جار جار ئارام و جار جار دەخرۆشین و ھەمو شتێک پێکدادەدەن لەبەشێکی بەرگرینامەکەیدا دەڵێ: لە ساڵی ١٩٨٥ وە گۆرانی دەڵێم ، ھاوسەر و دو کچی تەمەن ١٢ و ١٧ساڵم ھەیە ، سەدان گۆرانیم ھەیە کۆنسێرت و ئاھەنگم لەزۆر وڵاتان ساز کردوە ١٧ ئەلبومم ھەیە کە بەملیونان دانەیا ن لێ فروشراوە ، چەندین جار لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە باشترین ھونەرمەندی ساڵ دەستنیشان کراوم ٤٢ ساڵە لە تورکیا دادەنیشم ، بەتورکی بیرم کردۆتەوە ، بەتورکی نوسیومە بەتورکی گۆرانیم گوتوە ، من موزیککارم خۆم بەھیچ شوێنیک لەسەر نەخشەی ئەم جیھانەوە نابەستمەوە ، ھاوڵاتیەکی ئەم جیھانەم ، ھەست و نەست و نرخی مرۆڤ لای من گرنگن ، نەک ھۆز و بنەماڵەو نەتەوە و زمانێکی دیاریکراو. دڵم ھێندە گەورەیە کەجێگای پێشوازی لە شتە جوانەکانی نێو فەرھەنگ و باوەڕ و گۆرانیەکانی ھەموو دنیای تێدا دەبێتەوە. تۆمەتێکیان داوەتە پاڵم کە کە ژیانمی ھەڵگێراوەتەوە ، تۆمەتی خیانەت. بە کەسێکی ئاژاوەچی و غوڵامێکی ئەڵقە لە گوێی و بێ ئەدەب و بێ ئەقڵ و شێت وەسفیان کردوم. کە ئەمانە ھیچیان لەھیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەم جیھانەدا ، بە تاوان ناژمێردرێن. من لە ئەلبومە نوێیەکەمدا گۆرانیەکی کوردیم گوتوە ، ئەویش بەو ھۆیە سادەیەی کە کەسێکی کوردم ، کە ئەو گورانیەم کلیپ کردوە و پێموایە لەنێوماندا کەسانێکی زۆر ھەن کە حەز دەکەن ئەم بەرھەمە لە کەناڵەکانیانەوە پەخش بکەن ، گەر ئەوەش نەکەن دەبێ گومان لە کورد بون و مرۆڤ بونیان بکرێت. ئایا ئەو کەسانەی کە تۆمەتی خیانەت دەدەنە پاڵم و بەم قسانەشیان ھەست ونەستی ھۆگرانی من دەبزوێنن و جیاوازی چینایەتی و نەتەوایەتی دروست دەکەن ، کەمینە نین؟ ئەو ملیۆنان کەسەی کە گوێ لە گۆرانیەکانی من دەگرن ، خەڵکی ئەم وڵاتە نین؟ ئەوساتە من لە ھوڵەکە زۆر لەو قسانەتوڕە بوم کە دەیانگوت خائین برۆ دەرێ. چونکە ئەو کەسانە ھەر کاتێک گوێیان لە وشەیەکی کوردی دەبێت ، دەست دەکەن بە جنێو دان. ھەر لێرەوە بەو کەسانە دەڵێم تا ئەوان ھەقیقەتی بونی کورد قبوڵ نەکەن ، منیش دوا جارم نابێت. بەباوەڕی من ھەر ئەم جۆرە کەسانە بون کە دەستەواژەی برایەتییان لە نێوماندا سڕیەوە و بونە ھۆکاری درزێک لە فەرھەنگی ھاوبەشی وڵاتەکەمان. بەھێزترین چەکی دەستی ھونەمەندێک گۆرانیەکانیەتی. من لێناگەریم ئەم جۆرە لێکدانەوانە بۆ گۆرانیەکانم بکرێت. بیری لێ بکەنەوە! گەر ھاتباو ڕامگەیاندبا گۆرانیەکی ئیتاڵی یان عەرەبی و ئینگلیزی دەڵێم ، پێتان وابو ئەم ھات و ھاوەرەیان لە دژی من وەڕێخستبا ؟؟؟ من ھەمیشە گۆرانی کۆمەڵایەتیم گوتوە ، ھەر شتێک لەوڵاتەکەمدا ڕویدابیت و لایەنێکی خراپەی ھەبوبێت بە ئاشکرا ناڕەزایەتی خۆمم لە سەری دەربڕیوە. ھەرکاتێکیش پێشکەوتن و گەشەکردنێکم بینیبێ ، ڕای خۆمم لەسەر دەربڕیوە ، دەبینن ئەمە لە گۆرانیەکانیشمدا ڕەنگی داوەتەوە و گورانیەکانیشم ھەڵگری ھەمان پەیامن. ئەم تۆمەتە ھەوڵی ھێندێک کەناڵە کە بەوردی تاوتوێی قسەکانم دەکەن تا درامایەکی تەلەفیزێونی لی ساز بکەن. ئەگەر من لە تەواوی کۆنسێرتە چەند ھەزار کەسیەکانمدا ، شتێکم گوتبو کە ببێتە ھوکاری درز خستنە نێو خەڵکەوە ، ئەوا دەمتوانی قبوڵی بکەم کە ئەم تومەتانەی بۆیان داتاشیوم ڕاستن ... بەڵام وانیە. ئەگەر بێتو دەقی ڤیدیۆیی ڕوداوەکەی ئەو شەوە ، بە بیر و ھزرێکی ڕۆشنەوە ، سەیربکرێ و ھەڵسەنگێنری ، دەردەکەوێ کە ئەمە پیلانە و ئەم تۆمەتانە ، بنەمایەکی دروستیان نیە. لەمێشکی خۆتاندا بەرجەستەی بکەن ، ئەگەر ھونەرمەندێک لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانەدا ڕایگەیاندبا ئیدی لەمەولا گۆرانی بەشێوەی بلوز یان جاز دەڵێ وەک من دوچاری ئەم چارەنوسە دەبۆوە؟ پێیان دەگوت جیاوازی لەنێو خەڵکدا دروست دەکەیت؟ موزیک زمانێکی جیھانیە ، ھیچ گۆرانیەک ناتوانێ خەڵکی جیھان لێک دابرێ و درز و کەلێن لە نێوانیان دا دروست بکات. ئەگەر ئەو کەسانەی ئەو شەوە ساتیک بۆ ویجدانیان بگەرێنەوە و دەست لەدابەش کردنی مرۆڤەکان بو ئیمە و ئەوان ، ھەڵگرن ، ئەوا بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگایەکی دروست و پیشکەوتوترمان دەبێت.
ھەروەھا کایا لە وەڵام بە تۆمەتی بە رزکردنەوەی پەنجەکانی بە نیشانەی سەرکەوتن دەڵێ: ئەم تۆمەتە ڕەت دەکەمەوە ھونەرمەندان لە ھەمو شوێنیکی ئەم دنیایەدا سەبک و شێوازی تایبەت بە خۆیان ھەیە ھەریەک بە شێوازیک خۆشحاڵی خۆی دەردەبرێت منیش لەکۆنسێرتەکانمدا ئەو کارە بەنیشانەی سەرکەوتنی خۆم و بەخێرھاتنی ئامادەبوانی کۆنسێرتەکانم ، دەکەم. کە ئەمە بۆتە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی من. کە ئێستا لە دنیاشدا بۆتە نیشانەی دەربڕینی خۆشحاڵی زۆرێک لە یاریزانانی وەرزش و ھونەرمەندان. ئەم نیشانەی حەوتە ، جگە لە ٍدەربڕینی ھەستی خۆشی و سەرکەوتن ، نابێ لێکدانەوەیەکی تری بۆ بکرێت. ھەروەھا سەبارەت بە تۆمەتی پشتگیری کردن لە
پ .ک.ک.گوتی : تەنیا و تەنیا بە داھاتی ئەلبوم و کۆنسێرتەکانم بژێوی خۆم و ماڵ و منداڵەکانم دابین دەکەم. جگە لەمە دەرامەتێکی ترم نیە و ئەو قسانە بە درۆ دەخەمەوە. تەنانەت یەک (پەن) یم لە ھیچ حیزب ڕێکخراوێک وەرگرتبێ. ھەروەھا کایا لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت : بەڕای من نوسەرانی دەستور و یاسای تورکیا ، دەبێ وەڵامی ئەم نوکتە گاڵتە جاڕیە بدەنەوە. دەبێ خەڵک بزانێت کە ئەوان چەندە دورن لە جیھانی ئەم سەردەمەوە. بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی نیگەرانی دابەشبونی وڵاتەکەی نەبیت بەھۆی گورانیەکی کوردیەوە. دەبێت ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ ھونەر و موزیک ، لە بەین بچێت. دەبێ بواری ھەناسەدان بھێڵنەوە بۆ ھونەرمەندان. دواتر کایا گوتی :ئەگەر ڕاستیەکان ببینین ئەوا بە دڵنیاییەوە ژیانێکی باشتر و وڵاتیکی پێشکەوتوترمان دەبێت. لەوانەیە منیش لێرە بە دواوە گۆڕانکاری بەسەر گۆرانیەکانمدا بێنم بەڵام ئایا دەکرێ من بەو ھەمو کۆت و پێوەندەوە ھەست بە ئازادی بکەم؟ ئەم دادگایە بەم ھەموو کەم و کوڕیانەیەوە کە تەواوی یاسا و ڕێساکانی ئەم سەردەمەی جیھانی بەھێند نەگرتوە. منیش لێرە بە دواوە ئەم وڵاتە جێدەھێلم کەتێیدا بە خائین و ئاژاوەچیم بزانن. ئەویش لەسەر بنەمای تێروانینێکی ھەڵە لەبەرھەمیک ، کەچەندین ساڵ لەمەوبەر بەرھەمم ھێناوە . دوای بەرگرینامەکەی کایا ، بێدەنگییەکی قوڵ باڵ بەسەر دادگادا دەکێشێ.دوای ٥ خولەک دادگا دانیشتنی دواتری خۆی دوا دەخا بۆ ١٥ی ژوئەن.
 

مەرگی پڕ لە گومانی کایا

کایا دوای چەند ڕۆژێک لەدادگایکردنی ، بەمەبەستی زنجیرە کۆنسێرتێک بەرەو فەرەنسا وەڕێدەکەوێ. دادگای ئەمنیەتی میلی تورکیا لە دانیشتنی دواتریدا کە ئەحمەد کایا تێیدا ئامادە نابێت ، بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانی بۆ دەردەکات. بێئاگا لەوەی کە ئەم ھونەرمەندە مەزنە ئیدی ھەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو خاکەی کە عیشق و خۆشەویستیەکی زۆری بۆی ھەبوو. لە ڕێکەوتی ١٦/١١/١٩٩٩ تەرمی کایا لە ژوری میوانخانەیەک لەپاریس دەدۆزنەوە. ھۆکاری مەرگی وی دەگەرێننەوە بۆ جەڵدەی دڵ. بەڵام ئاشقانی ئاشتی و ئازادی و زۆرێک لە دیموگراتە بێدەنگراوەکانی جیھان دەزانن ھۆکاری مەرگی کایا چی بو. تەرمەکەی لە گۆرستانی (برلاشنز ) لە پاریس بە خاک دەسپێرن ھەزاران کیلۆ مەتر دور لەو خەڵکەی کەخۆشیدەویستن. لەم یەک دوساڵە ی دواییدا دەوڵەتی تورکیا ھەوڵیدا تەرمەکەی بگەرێنتەوە تورکیا بەڵام ھاوسەرەکەی ڕەزامەندی نیشان نەداو گوتی : تورکیا شایستەی ئەوە نیە مرۆڤێکی مەزنی وەک کایا بگرێتەخۆ.
دوای مەرگی کایا بە ھەوڵ و کۆششی ھاوسەرەکەی ، دو ئەلبوم لە گۆرانیەکانی بڵاو بونەوە بەنیوی ( ؟ ) (تۆش ھێندێک بگری ) دواتریش لە تورکیا ئەلبومیک بڵاو بۆوە بە ناوی (گوێ بگرە سەرزەمینی خوشەویستم) کە تێیدا ٢٠ کەس لەھونەرمەندە لاو و ناسراوەکانی تورکیا ،٢٠ گورانی ئەحمەد کایایان گوتبۆوە. مێژوی موزیکی تورکیا ھەرگیز ئەحمەد کایا لەیاد ناکات بە ھۆی ئەو کاریگەریەی کە لەسەر مێژوی سیاسی و ھونەری ئەو وڵاتەدا داینا .. ئەمەش یەکێک لە گۆرانیەکانی کایایە بەناوی دەرۆم

دەڕۆم

ئیدی لە گەڵ تۆدا ئارام ناگرم
ئێوارانێک ملی ڕێ دەگرم و دەڕۆم
ڕۆژی دوایی ئەمەت لە گەڵدا یەکلایی دەکەمەوە
دەستت لێ ھەڵدەگرم و دەڕۆم
**
ئیدی ھیچ خوت نیگەران مەکە
وەک ئاو بێدەنگ و ئارام و لە سەرخۆ
لە سەر نوکی پەنجەکانم شۆڕ دەبمەوەو دەڕۆم
*
شاد بژی لەمەودوا بێ من
نە جەستەم جێ دەمێنی نەجەفام
ئەمجار ئیدی گلەیت لی ناکەم
لە توڕەیدا دانم بە سەریەکدا دەگرم و دەڕۆم
*
تۆ ڕەنجەکانی من لە نێو دەبەی
خۆم دوچاری کارەسات دەکەم و دەڕۆم
وەکو فیشەک وەک سەرەنێزە
کێو ئاسا دەتەقمەوە و دەڕۆم
*
ئەگەر ھەمو شتێکیش لە دەست دەم
دوایی بەم عیشقە دێنم و دەِرۆم
ڕۆیشتنم ئارام و بێدەنگ نابێت
دەرگاکە پێک دادەدەم و دەڕۆم
*
ئەو گۆرانیەی بو تۆم چڕی
لە سازەکەمی دەکەمەوەو دەڕۆم
دەزانیت حەزم لە گریان نیە
ڕوخسارم دەشێوێنم و دەڕۆم
*
ھەمووسەگ و باڵندەکانم
لە پارچەی گیانم دەکەمەوەو دەڕۆم
ھەمو ئەو شتانەی لێم وەرگرتوی
دەیدەمەوە دەستت و دەِرۆم
*
لای تۆ خۆم ناکەم بە دڕک
بونم لە ئاگر ھەڵدەکیشم و دەڕۆم
نیگەران مەبە نەفرەتت لێ ناکەم
تۆ لە میشکی خۆمدا خاڵی دەکەمەوەو دەڕۆم


ئەم بابەتە 72 جار خوێندراوەتەوە