viber_image_2021-11-20_02-21-02-641.jpg

ڕۆمانێكی نایابی ‏‎نووسەرێكی خۆڕەزاگران كردوو

عەبدولغەنی كاكۆ

‏‎ئەم ڕۆمانەی كنوت هامسون ناوی (خێروبێری زەوی)ە و ساڵی ١٩١٧ بڵاوی كردۆتەوە، كە ئەوكاتە هێشتا ڕەزای خۆی گران نەكردبوو، ئەوكاتە نووسینەكانی لە لووتكەی شكۆدارییدا بوون. كە ئەو ڕۆمانەم دەخوێندەوە هەستم دەكرد كارێكی زۆر نایاب و ناوێزە دەخوێنمەوە، كە باس لەوە دەكات ئەگەر مرۆڤ ویستی هەبوو دەتوانێ هەمیشە ئەوخاكەی لەسەری دەژی بیكاتە ئەو شوێنەی خەونی پێوە دەبینێت. هەرچەندە ڕۆمانەكە یۆتۆپی ئامێزە بەڵام نرخ و بەهایەكی زۆر بۆ مكووڕی و ویستەكانی مرۆڤ دادەنی، مرۆڤ ئەگەر بە دووربینی لە ژیان بڕوانێ دەتوانێ بگاتە ئامانج. بە هۆی ئەم ڕۆمانەوە هامسون خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوە.

---------------------------
‏‎ئەم ڕۆمانە بەو چەشنە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەكات وەك ئەوەی تاكێك بێت و لە دەرەوەی فاكتەرە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكاندا بۆی هەبێت كە بتوانێ ژیانی خۆی بەو ئاڕاستەیەدا ببات كە خۆی دەیەوێت، ئەوە لە كاتێكدا خودی نووسەریش ئەو ڕاستییە دەزانێ كە مرۆڤ بەهۆی ئەوەی بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە هەموو ئاڕاستەو قاڵبی ژیانی لەچوارچێوەی مەرجە كۆمەڵایەتی و بابەتییەكاندا شێوە دەگرن. بۆیە هەموو گۆڕانكارییەكانی ژیانیشی پابەندی ئەو مەرجانەن. تۆ لەسەر مێژووی هەزاران ساڵەی بەر لە ئێستای كۆمەڵگە وەرە سەر ڕۆژی ئەمڕۆ، دەبینین دەسەڵاتی سیاسی لەژێر كۆمەڵێك بارودۆخی مێژوویی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەهێزەوە ژیانی تاكەكان ئاڕاستە دەكات. تاك بە تەنیا ناتوانێ بەهەشتێك بۆخۆی دروست بكات لەكاتێكدا دەسەڵات دێت دۆزەخی بۆ ئاور دەدا. ڕەنگە ئەو شێوە بیركردنەوەیەی نووسەر لەوكاتەدا وەك بیرۆكەیەك لەو ڕوانگەیەوە بووبێتە شوێنی پرسیارو سەرسوڕمان كە ئەو هەوڵی ورووژاندنی بیرۆكەی كۆمەڵگای خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆی داوە بۆ ئەوەی ئەگەر جەنگی سەرتاپاگیری ڕووبدات ئەو كۆمەڵگایانە بەهۆی سەربەخۆیی خۆیان توانای بەردەوامییان لە ژیان و گوزەراندن بمێنێ..بەڵام ئەمڕۆ لەدوای ئەو هەموو فراوانبوونەی توانای جەنگی و بەناویەكداچوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و تێكەڵاوی وڵاتان و كاریگەرییان لەسەر یەكتری ، ئەو جۆرە بۆچوونە ناتوانێ لەسنووری بیرۆكەیەكی یۆتۆپیایی بچێتە دەرەوە.

‏‎دەربارەی ئەو نووسەرەی بە ڕەزاگرانی سەری نایەوە
-------------------------------
‏‎ نووسەری نەرویجی (كنوت هامسون١٨٥٩-١٩٥٢)
‏‎ئەو نووسەرەی لەسەرەتای هاتنە ناو دونیای نووسینی چەندین ڕۆمانی نووسیوە وەك (برسێتی)و (پان) و (ڤیكتۆریا) و (خێروبێری زەوی) زۆری . ئەو لەسەرەتادا بیروباوەڕەكانی لەسەر ئەو بناغەیە داڕشتووە كە شارستانییەتی ڕۆژئاوای ناو دونیای سەرمایەداری (بەتایبەتی ئەمریكی)هەمیشە كار لەسەر دابەزاندنی بنەماكانی ئاكارو پیسكردن و تەنگەبەركردنی ژیانی مرۆڤەكان دەكات.
‏‎كنووت هامسون لە سەرەتادا ڕۆمانەكانی هێندە كاری نایاب بوون كە دەنگدانەوەیەكی زۆر گەورەیان لەناو خوێنەرانیاندا هەبوو بەشێوەیەك كە كاریگەری لەسەر ئەوسای دنیای ئەدەبیشدا جێهێشتووە.لە ئاكامیشدا ساڵی ١٩٢٠ خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبیاتدا پێ بەخشراوە.
‏‎بەڵام بەداخەوە دواتر لەوكاتەی نازییەكانی ئەلمانیا دەسەڵاتیان گرتە دەست ئەو نووسەرە بە تەواوەتی گۆڕاو چووە سەنگەری پشگیری لە نازییەكان. بەشێوەیەك بەدەسەڵاتی هیتلەر سەرسام بوو كە تەنانەت لەوكاتەی سوپای نازی وڵاتی نەرویجی داگیر كرد ئەو پشتگیری لە سوپای داگیركەری وڵاتەكەی كرد لە جیاتی ئەوەی لە سەنگەری بەرگرییدا بمێنێتەوە كەچی پیرۆزبایی و ملكەچی خۆی بۆ سوپای داگیركەری نازی كرد. نەك هەر ئەوەندە تەنانەت هاتە وڵاتی ئەڵمانیاو چاوی بە هیتلەر كەوت و خەڵاتی نۆبڵەكەی خۆشی كردە دیاری بۆ گۆبڵزی وەزیری ڕاگەیاندنی ڕژێمی نازی.. ئینجا دەستی كرد بە هێرشكردنە سەر هەموو كەسانی ئاشتیخواز و خەباتكەر و سووكایەتیكردن بە نووسەرو ئەدیبانی پێشكەوتوو خواز. ئاستی نامەردییەكەی تا ئەو ڕاددەیە دابەزی كە هێرش بكاتە سەر خەڵكانی زیندانی و پاكانەش بكات بۆ ئەو زیندانە ترسناكانەی نازییەكان كە ملیۆنان خەڵكیان تێدا سوتاند.
‏‎ دواتر بەهۆی ئەو هەڵوێستە قێزەونانەی لە هەموو دنیادا خۆی كردە كەسێكی بێزراو و ڕەزاگران و لە وڵاتەكەی خۆیشی هەتا مردن وەك (خائینی نیشتیمان) لێی دەڕوانرا..
‏‎حەیف و مخابن بۆ هەر نووسەرێكی ئەم دنیایە بێت و لە پێناوی بەرژەوەندییەكی تایبەت یان قەناعەتێكی گەمژانەی كورتبینەوە قوربانی بە هەموو ڕابردووی جوانی خۆی بدات و لەسەنگەری هێزو دەسەڵاتی زاڵمانەوە پشت لە شكۆی ڕابردووی بكات هیچ حیسابێك بۆ حوكمی ئەو مێژووە نەكات كە پێی دەڵێ: هێی ئەی مرۆڤ ئاگاداری هەڵوێست و كردارەكانت بە، چونكە شكۆی ڕابردووت ناتوانێ هەڵوێستە ناشیرینەكانی ئەمڕۆت دابپۆشێت..


ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە