viber_image_2021-11-21_03-26-49-898.jpg

قاوەی سوێر

 

 

بەختیار حەمەسوور


تێبینی: ئەم کورتە چیرۆکەی 'بەختیار حەمەسوور خەڵاتی یەکەمی کورتەچیرۆکی لە فیستیڤاڵی گەلاوێژدا ٢٠١٧دا پێبەخشرا
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

قاوەی سوێر

کافی شۆپێک لەبەر دەممانە، هەر دەگەینە ئەو ئاستە، دەڵێت ڕۆژێک قیر و سیای لێ دەکەین و لا دەدەین.
بیرم نییه حەزم لە قاوە خواردنەوە بووبێت، سەرەتایش کە ناسیم، لەم کافێیەوە ڕایدەکێشامە ئەو کافێ و هەر دەیگوت بۆ نایخۆیتەوە؟

تا سارد دەبووەوە، هەر تەماشایم دەکرد، گوتی:
حەکایەتت بۆ بکەم دەیخۆیتەوە؟
سەرم لەقاند.

کوڕێک هەبوو هەمیشە دڵتەنگ، لەگەڵ کچێک تازە یەکتریان ناسیبوو، کچە بێئەندازە جوان بوو، ڕۆژێک پێکەوە بڕیاریان دا بچنە دەرەوە، کافێیەک لە نزیک ئەو شوێنەی ئەوانی لێ دەژیان هەبوو، ناوی "کافێ بلوو" بوو.

بۆ یەکتربینین قەراری ئەوێیان دا. کچە دەستی کوڕەی گرت، یان کوڕە دەستی کچەی گرت. گەیشتن و لای پەنجەرەیەکی تەمگرتوو دانیشتن.
گارسۆنەکە هاتە لایان: چیتان بۆ بێنم؟
کوڕە گوتی: قاوەی سوێر!

کچە برۆی تێک نا و هێڵەکانی نێو چاوانی دەرکەوتن. گارسۆنەکە کە هەروا سەری سووڕمابوو، نەیدەزانی دەبێت چی بکات.
کوڕە تەماشای کرد: بۆ وەستاوی؟
قاوەمان بۆ بێنە، قاوە بە خوێوە!
گارسۆنەکە بەدەم داواکارییەوە چوو کە هەرگیز نەچووبوو...

کچەکە پرسی: بۆ قاوەی سوێر؟
گرژیی لە ڕووخساری نەمابوو ئیتر،
كوڕەكە گوتی:
بە منداڵی ماڵمان نزیك دەریا بوو،
كە باران دەباری، شەپۆلەكان دەگەیشتنە بن درەختەكان و تا ناوقەد تەڕ دەبوون. دەوەستاین تاكو باران خۆشی دەكردەوە، شەپۆلەكان دەگەڕانەوە و دەریایش هێمن دەبووە و ژێر درەختەكان پڕدەبوون لە ماسی.

كە هەڵدەبەزینەوە بریسكەیان دەهات، سرک و لووس بوون. لەگەڵ منداڵانی گوند، سەتڵ و سووزگیمان دەكرد بە قۆلدا و دەچووین كۆمان دەكردنەوە.
دواتر پەنجەمان بەسەری زماندا دەهێنا، سوێر بوو، دەتریقانەوە. ڕۆژانێكی خۆش بوون، ناگەڕێینەوە ئیتر.

ئێستا دەمەوێت یەكەم ژوانی ئەڤینداریم، بە یادی سوێری جارانەوە بێت.
كچە بۆ ساتێک، هەورێک جوانییەكەی داپۆشی. كوڕە بە لەپی دەست كەمێک شووشە تەمگرتووەكەی سڕی: پیرەژنێک و سەگێكی سپیی تیسكن دەچوونە شوێنێک، پاش ماوەیەک، دوو لاوەكە بوون بە هاوسەری یەكتر، ئیدی كچەكە هەمووكات قاوەی سوێری بۆ مێردەكەی ئامادە دەكرد.

ساڵان تێپەڕین، پێكەوە پیربوون و پیاوەكە بە نەخۆشییەكەوە ڕۆیشت و ژنەكەی تەنیا مایەوە، ڕۆژێک ژنەكەی بە ناو یادگارییەكانی مێردەكەیدا دەگەڕا، چاوی بە دەفتەرێكی بەرگ سەوزی بچووک كەوت، كردیەوە،
لە یەكەم پەڕەدا بە گەورەیی نووسرابوو: یاداشت...
لاپەڕەكانی هەڵدایە و لە لاپەڕەیەكدا چەند دێڕێكی كەم نووسرابوون،

خوێندیەوە:
(من قەد حەزم لە خواردنەوەی قاوەی سوێر نەكردووە، ئەسڵەن هەر حەزم لە قاوە نەبووە، چجای قاوەی سوێر!
ئەو ڕۆژەی لە "کافێ بلوو" داوای قاوەی سوێرم كرد، بە هۆی شڵەژان و شپرزەیی حاڵمەوە بوو، ئاخر ئەوە یەكەم جار بوو لەگەڵ كچێک بچمە دەرەوە، كچێک ئەو كات خۆشەویست و ئێستا ژنمە، تەنانەت مندالێكیش لە سكدایەوە وەک هەمیشەیش هەر دێمەوە قاوەی سوێرم بۆ ئامادە دەكات)

مرۆڤ لە پێناو خۆشەویستەكەیدا هەر قاوەی سوێر نا، گۆشتی كاڵیش دەخوات...

  • ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ


ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە