viber_image_2021-11-21_03-26-51-259.jpg

محەمەد مەهدی جەواهیری شاعیری پادشاکان بوو.


حسێن لەتیف
1
کاتێک ساڵی 1997 محەمەد مەهدی جواهیری کۆچی دوایی کرد،لە سلێمانی چلەی بۆ ساز کرا. من لە تیڤییەوە، ئەو ڕێڕەسمەم بینی. مام جەلال زۆر بایەخی بە مەرگی ئەو شاعیرە عێراقییەدا. خۆی گوتاری پێشکەشکرد. باسی دۆستایەتی محەمەد مەهدی جەواهیری و کێشەی گەلی کوردی کرد. ئەو قەسیدەیەشی بەنموونەی دەقێکی ئەدەبی باڵا وەسف کرد کە تیایدا دەڵێت:
شعب دعائمه الجماجم والدم
تتحطم الدنیا ولا يتحطم.
مام جەلال باسی وێنە شعیریەکانی ئەم قسیدەیەی دەکردو لەو کاتەشدا زومی کامێرا خوالێخۆش بوو دکتۆر عزەدین مستەفا ڕەسوڵ و مامۆستا لەتیف هەڵمەتی دەهێنایە پێشەوە، ئەو دوو زاتە بەڕێزە زۆر بەقوڵی گوێیان بۆ هەڵسەنگاندنە ئەدەبییەکەی مام جەلال ڕاگرت بوو. بۆ منی گەنجی تازە ئاشنای کتێب و خوێندنەوە گرنگ بوو ،سەرکردەیەکی کورد بەو ڕادە ئاگای لە ڕەخنەی ئەدەبی بێت. وتارەکەی مام جەلال لەو کاتەوە هەتا چاپ بوونی ئەم کتێبە (دیوەکەی تری جەواهیری) وێنەیەکی فریشتە ئاسای بۆ جەواهیری لە زەینی مندا کێشا بوو. دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئەو وێنەیە پارچە پارچەبوو، بۆ؟
چونکە ئەم کتێبە باس لە جەواهیرییەک دەکات، شاعیری خەڵکێکی ڕەش و ڕووت و بەشمینەتی وەکو عێراق و کوردستان نەبووە، بەڵکو هەمیشە بەدوای خۆشگوزەرانی خۆیدا گەڕاوە. لە عێراقدا شیعری بۆ مەلیک فەیسەڵ و عبدولئیلاه و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و محەمەدی کوڕیشی نووسیووە.
شیعری بۆ حافز ئەسەد و کوڕی حافز ئەسەد نووسیووە. شیعری بۆ عەوێس نووسیووە، شیعری بۆ سەرۆک وەزیرانەکانی عێراق نووسیووە.ئەم کتێبە زۆرێک لەو دەقانەی جەواهیری خستووەتە ڕوو،تەنها ئەو دەقە نەبێت کە بۆ مام جەلالی نووسیووە لەو شیعرەدا دەڵێت :
شوقاً(جلال) کشوق العین للوسن
کشوق ناء غريب لدار الوطن.
جەواهیری لەو شاعیرانەیە هەندێک لەو شیعرانەی خۆی کە بۆ میرو سەرکردەکانی نووسیووە، لە چاپ لەدوای چاپی دیوانەکانیدا دەریهێناونەتەوە، ئەمەشی بەباوەڕی من لە دوو ڕوانگەوە کردووە، یەکەمیان: لەبەرئەوەی لەگەڵ میرو پادشای تازەدا کێشەی بۆ دروست نەبێت.
دووەمیان: یادەوەری خوێنەری عێراقی و عەرەبی بەلاواز دەزانێت.
بۆیە پێشنیار دەکەم بۆ مامۆستا ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی لەچاپی داهاتووی کتێبەکەیدا، کەهەڵبەت زۆر بەناو وردەکاری ژیانی محەمەد مەهدی جەواهیریدا چووە،ئەو شیعرەش دابنێتەوە کە بۆ مام جەلالی نووسیووە.
2
ئەم شاعیرە عێراقییە هەرچەندە هونەرێکی باڵای نووسینی هەبووە، دواین نوێنەری شیعری کلاسیکی عەرەب بوو،بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان لەبەرەی گەلی ستەملێکراوی عێراق و کوردستاندا نەبووە بەکردەوە،بەڵکو لە خەمی خۆشگوزەرانی خۆیدابووە. بە چ پێوانەیەک شیعر بۆ ئەحمەد حەسە ئەلبەکر دەنووسێت کە ڕەمزێکی گەورەی بەعس بوو، لەهەمان کاتیشدا شیعر بۆ کورد و مام جەلال دەنووسێت ،کورد قوربانی ئەو ڕژێمەبووە ئەلبەکر سەرکردایەتی کردووە، مام جەلالیش ڕابەرێکی دیاری بزووتنەوەی کوردی بووە؟ ئەم پارادۆکسە مەگەر هەر لە جەواهیری بووەشێتەوە! ئەگەر ئەمە لەپێناوی خۆشگوزەرانیدا نەبووبێت لەپێناوی چیدابووە؟
3
جەواهیری ئەوەی نووسیوویەتی حەقیقەتی شیعری و بیرکردنەوەکانی خۆی بووە. لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەدۆنیس لەگەڵی ساز کردووە دەڵێت:( باوەڕم بە شاعیرێک نییە ، شیعری شتێک بێت و ژیانی شتێکی تربێت، شیعری من خودی منە)* کەواتە جەواهیری زۆر ڕاستگۆ بووە لەگەڵ ناخی خۆی ،ئەو حەزی لە بەرەی پادشا و میران بووە بۆیە شیعری بۆ زۆرینەی پادشا و میرەکان گوتووە!
4
جەواهیری هەرگیز وەک شاعیری گەل ناوی ناچێتە مێژووی ئەدەبەوە،بەڵکو وەک شاعیری دەربار ناوی دەچێتە مێژووی ئەدەبەوە.
5
شیعر و شاعیری دەربار مێژوویەکی ئێجگار دوور و درێژی هەیە لەناو عەرەبدا، تەنانەت ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و ئیسلامیش کۆتایی پێنەهێنا، ڕەنگە نەشیوەیست بێت کۆتایی پێ بهێنێت. حەسانی کوڕی سابتیش شاعیری پێغەمبەر بوو.
6
بەراورد بە شیعری عەرەبی ، شیعری کوردی لەم ڕووەوە، ڕووی گەشتر و ڕۆشنترە. شیعری دەربار لە ئەدەبی کوردیدا هەر لەنەبوونەوە نزیکترە.
7
جەواهیری دواین نوێنەری شیعری کلاسیکی عەرەبی بوو مرد،بەڵام وەک شاعیری پادشاکان نەک وەک شاعیری ستەملێکراوانی عێراق .
.
.
* بۆخوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکەی ئەدۆنیس و جەواهیری،دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کتێبی ( النص القرآني وافاق الکتابە....ل153 و154 )


ئەم بابەتە 79 جار خوێندراوەتەوە