viber_image_2021-11-25_02-52-31-526.jpg

ئەلیخۆ کارپێنتێر و ڕیالیزمی جادوویی

 

مەریوان هەڵەبجەیی

سەدەی بیست، سەدەی پێشکەوتن و گەشانەوە و داهێنان و سەرهەڵدانی ڕەوتی نوێی ئەدەبی بوو لە جیهاندا. هەر لە ئەمەریکای باکورەوە تا ئیرلەندا و ئینگلتەرا و فەرەنسا و ئیسپانیا تا دەگاتە ئەمەریکای لاتین. داهێنەرانی گەورەی وەک جیمس جۆیس و ولیام فۆکنەر و ئیرنیست هەمینگوای و ڤێرجینیا وۆڵف و خۆرخێ لویس بۆرخیس و خوان ڕۆڵفۆ و ئەلیخۆ کارپێنتێر و سامۆیل بیکیت و چەندین داهێنەری تر لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و تادەگاتە نیوەی دووەمی سەدە، شاکارەکانی خۆیان دەنووسن و گۆڕانکاری گەورە لە نەخشەی مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا دروست دەکەن. بە مانایەکی تر سەدەی بیستەم سەدەی سەرهەڵدانی قوتابخانە جۆراوجۆر و جیاواز و پێشکەوتوخوازەکانە لە جیهاندا، سەرەتاکانی هاوڕابوو لەگەڵ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی مۆدێرنیزم لە ئەمەریکای لاتین و شەپۆلی هۆش لە ئەوروپا و دواتر بزتنەوەی سوریالیزم و دادایزم و ڕۆمانی نوێ و چەندین بزوتنەوەی گرنگ و کاریگەری تر، کە هەر یەکەیان بوونە سەرچاوەی گرنگ بۆ لێکۆڵەران و ڕەخنەگرانی گەورەی دونیا و سەدان کتێبیان لەبارەوە نووسران و تا ئەمڕۆش گفتوگۆ و توێژینەوەی گرنگیان لەبارەوە دەنووسرێت و سەرچاوەی گرنگن بۆ نوسەران و ئەکادیمیستەکانی دونیا. "سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکای لاتیندا بۆ ڕەخنەگرانی ئەدەبی بە بیرهێنەرەوەی بزوتنەوەی مۆدیرنیزمەوەیە. ئەم بزوتنەوەیە لە ڕوانگەی نەریتییەوە بە دیاردەیەکی کامڵبوو دادەنرا کە لە دەیەی ١٨٨٠وە تا شەڕی جیهانی یەکەم بەردەوام بوو".

لە ساڵی ١٩٢٠ بزونتەوەی نوێگەرایی دەست پێدەکات و ئەدەبیاتی ئاڤانگاردیزم بەشێوەیەکی گشتی تر لە ئەمەریکای لاتیندا پەرەدەسەنێت و لە دەیەی سییەکاندا گەشە دەکات و لە چل و پەنجاکاندا دەگاتە ترۆپک. هەر لە دەیەی سی و چلدا ڕووداوی گرنگی ئەدەبی لە ئەمەریکای لاتیندا ڕودەدەن، ڕیالیزمی جادوویی لەدایک دەبێت کە تا ئەمڕۆش بە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین شێوازە ئەدەبییەکانی جیهان دادەنرێت. لە پاش دەرکەوتنی خورخێ لویس بۆرخیس لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا و ئەو ناوبانگەی سەرەتا لە ئەمەریکای لاتین و دواتر لە جیهاندا بەدەستی هێنا، هەر یەک لە میخێل ئەستوریاس و دواتریش خوان ڕۆڵفۆی مەکسیکی لەو داهێنەرانەن کە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە نوێکردنەوە و داهێنانی ئەدەبی ئەو سەدەیەدا هەبوو. بۆرخیس لەو نووسەرانە بوو جگە لە زمانی دایکی، چەند زمانی تری زۆر بە باشی دەزانی و ئاگاداری ئەدەبیاتی جیهان بوو. هەر لە مناڵییەوە ئینگلیزی وەک زمانی ئیسپانی خوێندووەتەوە، ئەو دەڵێت پێش ئەوەی ئیسپانی بە باشی فێرببم، بەرهەمەکانی سێرڤانتسم بە ئینگلیزی خوێندەوە. بۆرخیسناسی گەورە ئەمیر ڕودریگز مونەگال بڕوای وایە بۆرخیس لە ئاستی ڕابلیە، سێرڤانتس، لۆرانس سترندایە. لەدوای بۆرخیس ئەستوریاس وەک نووسەرێکی زۆر دیار و گرنگ لە ئەمەریکای لاتیندا دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەکەم جار دەستەواژەی ڕیالیزمی جادوویی بەکاردەهێنێت و ڕاڤەی بۆ دەکات، ئەلخۆ کارپێنتێر بوو. بەو پێشەکییەی بۆ ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە) نووسی، ئەو ڕۆمانەی کە لە ساڵی ١٩٤٣وە دەستی بە نووسینی کردبوو لە ساڵی ١٩٤٩دا چاپ بوو، یەکەم بونیادی بۆ ڕیالیزمی جادوویی دانا. ئەلیخۆ لەلاوێتییەوە و لە سەرەتای دەستکردن بە نووسینەوە، چالاکی سیاسی دەست پێکرد.

ئەلیخۆ لەدایکێکی بەڕەچەڵەک ڕوس و باوکێکی فەرەنسی ٢٩ی دیسەمبەری ١٩٠٤ لە نزیک شاری هاڤانا لەدایک بوو. دایک و باوکی دوو ساڵ پێش لەدایکبوونی کۆچیان کردبوو بۆ کوبا. باوکی ئەندازیار بوو، دایکی پزیشکی لە سویسرا خوێندبوو. ئەلیخۆ سەرەتایی و ناوەندی لە هاڤانا خوێند. لە دە ساڵیدا یەکەم سەفەری گرنگی ژیانی کرد و ڕۆشت بۆ دیداری نەنکی و باپیری لە باکۆ. لە ڕۆژگارێکدا کە کۆمەڵی ئەو سەردەمەی باکۆ لە دۆخێکی خراپدا بوو، پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر کۆمەڵێکی زۆر نابەرابەر و ستەمکار و فەرمانڕەواییەکی خراپی هەبوو، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ئایندەی کارپێنتێر دادەنێت، بەتایبەتیش لە ڕۆمانی سرووتەکانی بەهاردا کە لە ساڵی ١٩٧٨ بڵاوبووەوە. ئەلیخۆ سەرەتا وەک موزیکناسێکی بەناوبانگ دەرکەوت و ئەو نووسینانەی دەربارەی موزیک دەینووسین، دەنگدانەوە و کاریگەری زۆری هەبوو لە ئاستێکی باڵادا و لەگەڵ لێکۆڵەران و موزیککارە گەورەکانی کوبادا کاری دەکرد. دواتر بووە مامۆستای ئەدەبیات و مێژووی ئەدەبیات و هونەر و ئەندازیاری. لە پاریس کاری لەسەر موزیک  دەکرد و بووە پیانوژەنێکی زۆرباش. ئەو بڕوای وابوو هەر نووسەرێک دەبێت هاوکات ئاشنابێت بە یەکێک لە ژانرە هونەرییەکان و لەو ڕێگەیەوە جیهانی مەعنەوی زەینیی خۆی فراوان بکات. ئەو مۆسیقارێکی بەتوانا و لێکۆڵەرێکی گەورەی موزیک بوو، نەک تەنیا لە ئاستی کوبادا، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی لە ئەمەریکای لاتیندا. کتێبی تیۆریی موزیک لە کوبا تا ئێستاش بە یەکێک لە گرنگترین و باشترین سەرچاوەکانی بواری مۆسیقا دادەنرێت کە لە ساڵی ١٩٤٦ دا چاپی کردووە. ئەو کە لە تەمەنی هەژدە ساڵی و لە سەرەتاکانی چوونە زانکۆوە بەشدارییەکی کار و چالاکی هەبوو لە ڕێپێوان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ناو زانکۆ و دەرەوەشدا، زۆر زوو بەشداری و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی فراوان کرد و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دژایەتیکردنی فەرمانڕەوایانی ئەو سەردەمەی کوبادا. بەشداری زۆربەی چالاکییەکانی بزوتنەوەی ئاڤانگاردی کوبای دەکرد. هەر ئەم کارانەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٧ لە دادگایەکدا کە بە دادگای کۆمۆنیستەکان ناسرابوو، بەهۆی چالاکی سیاسییەوە دەستگیر بکرێت. لە بەندیخانەدا یەکەم چیرۆکی دەنووسێت و لەپاش ئازادبوونی بیر لە ژیانی تاراوگە دەکاتەوە. ساڵێک پێش چوونە زیندان و لە پانزە و شانزەی مارسی ١٩٢٦دا بەشداری حەوتەمین کۆنگرەی بڵاوکراوەکانی ئەمەریکای لاتینی لە هاڤانا کرد و ئەمەش پەیوەندی زۆری بۆ دروستکرد و بووە هۆی ئەوەی لەگەڵ ئازادبوونی لە زیندان ژیانی تاراوگە هەڵبژێرێت و بە پاسپۆرتی فەرەنسی ڕۆبێر دۆسنوسی شاعیری بەناوبانگی سوریالیست، هاڤانا بەجێبهێڵێت و بڕوات بۆ فەرەنسا و لە پاریس و لەڕێگەی ئەوەوە ئەندرێ بریتۆن و هاوڕێکانی بناسێت و بریتۆن داوای لێ بکات بەشداری بکات لە پڕۆژەکەیدا و لە بڵاوکراوە ڕادیکاڵەکەیاندا بنووسێت. هەر لەو سەرەتایەوە ئاراگۆن و ترستیان تزارا، پۆل ئیلوار، پابلۆ پیکاسۆ، جۆرجیۆ کیرکۆ، بنژامین پرە، ژرژ سادول و چەندین نووسەر و هونەرمەندی ناوداری تر دەناسێت و بەشداری کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی نووسەرانی دژی فاشیزم و بەرگریکاری کولتوور دەکات کە ئەراگۆن سەرپەرشتی دەکرد و هاوکات لە چەند شاری ئیسپانیا و فەرەنسا بەڕێوەدەچوو. لە پاش ئەو کۆنگرەیە ئەراگۆن و کارپێنتێر پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان دەبێت بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و ئایداکانیان بۆ دژایەتیکردنی فاشیزم. سەرەڕای نزیکایەتی و هاوڕێیەتی و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سوریالیستەکاندا، بەڵام هەموو ئەمانەش نابێتەوە هۆی ئەوەی ببێتە یەکێک لە ئەندام و هاوبیرانی ئەوان و ڕێگەی جیاواز هەڵدەبژێرێت و پشتیوانی ئەو گروپەی تر دەکات کە گوتاریان دژ بە سوریالیستەکانە. جیاوازی ئەو لەگەڵ سوریالیستەکان ئەوە بوو ئەو بەرگری لە سەرسوڕهێنەربوونی واقعییەت لە ئەمەریکا دەکرد و ئەم بابەتەشی بە دورودرێژی لە پێشەکی ڕۆمانی شانشینی ئەم جیهانەدا نووسیوە، هەربۆیە زۆربەی ڕەخنەگران و لێکۆڵەرانی جیهان، ئەو پێشەکییەی کارپێنتێر بۆ ڕۆمانی شانشینی ئەم جیهانەی نووسی، بە یەکەم بابەتی تیۆری ڕیالیزمی جادوویی دەزانن لە میژوودا. هەر لەو قۆناغەشدا دوو چیرۆکی سوریالیستی نووسیوە. پاش چاپی یەکەم ڕۆمانی، زۆر زوو توانی وەک نووسەرێکی بەتوانا و لێهاتوو خۆی بسەلمێنێت.

ئەوەی هەر لە سەرەتای نووسینیەوە وای کرد نووسەرێکی جیاواز و تایبەت بێت، کاریگەری چەند کولتووری و چەند نەتەوەیی بوو لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی. بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هەم ژیانی ڕەشپێستەکانی ئەمەریکای لاتین دەبینین، هەم ئەفریقا و کاریگەری فەرەنسا و ئەوروپای خۆرائاواش بەگشتی. گرنگترین بەرهەمەکانی پێکهاتووە لە سوپاس بۆ خودا (١٩٣٣)، سەفەر بۆ سەرچاوە (١٩٤٤)، شانشینی ئەم جیهانە (١٩٤٩)، هەنگاوە ونبووەکان (١٩٥٣)، راوەدوونان (١٩٥٦)، شەڕی سەردەم، (١٩٥٨) سەدەی ڕووناکییەکان (١٩٦٢)، شاری ستوونەکان (١٩٧٠)، کۆنسێرتی بارۆک (١٩٧٤)، بەکارهێنانی میتۆد (١٩٧٤).

ساڵانی ژیانی لە پاریس کاریگەرییەکی زۆر دادەنێت لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی. پاریسی ئەو سەردەمە مەئوای زۆر لە نوسەران و هونەرمەندانی ئەمەریکای لاتین و ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور بوو، بە چەشنێک دەکڕێت بڵێین پاریس تا کۆتایی سەدەش ناوەندی ڕووداوە کولتووری و ڕۆشنبیرییە گەورەکانی دونیا بوو. کارپێنتێر لە ڕۆمانەکانیدا بەشێوازی تایبەت بەخۆی کار لەسەر مێژوو دەکات و قوڵایی نابەرابەری و ستەم و شەڕە ناوخۆییەکان و پرسی نەتەوە و زمان و ئایین و ناکۆکییەکان نیشنان دەدات، بەتایبەت لە هەر سێ ڕۆمانی شانشینی ئەم جیهانە و هەنگاوە ونبووەکان و سەدەی ڕووناکییەکاندا. ڕەخنەگری گەورە هارلد بلوم دەربارەی ڕیالیزمی جادوویی و کارپێنتێر دەڵێت: (گابرێل گارسیا مارکیز بە ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی، دەستەواژەیی "ڕیالیزمی جادوویی" بەدنیا ناساند، بەڵام ئەوەی ڕیالیزمی جادوویی دروست کرد کارپێنتێر بوو. ئەو چەمکەی کە خەڵکی ئەمەریکای لاتین لە کوبا بن یان کۆڵۆمبیا یان هەر جێگەیەکی تر، بە ناچار لە واقعییەتێکدا دەژین کە جادوویی ترە). بلوم پێی وایە کارپێنتێر یەکێک لە درەوشاوەترین سیماکانی بونیادنەری ئەدەبیاتی ئیسپانی-ئەمەریکییە و دەڵێت (کارپێنتێر ناوبانگی کەمترە لە بۆرخیس و گابرێل گارسیا مارکیز و خولیۆ کۆرتاسار و چەندین چیرۆکنووسی تری ئیسپانی-ئەمەریکی. زۆر سەیرە بەلامەوە، چونکە هەر سێ ڕۆمانە سەرەکییەکەی کارپێنتێر لە ڕووی ئەدەبییەوە هێندە بەهێزن کە دەکرێت لانیکەم بڵێین هاوئاستی چیرۆکەکانی بۆرخیس و سەد ساڵ تەنیایی مارکیزن. ڕەنگە حساب و کتابێکی سیاسی لە ئارادا بێت: کارپێنتێر زۆر کەم لە کوبای پێش شۆڕشدا ژیاوە و تا ٢٤ی نیسانی ١٩٨٠ کە کۆچی دوایی کرد، پشتیوانی لە حکومەتەکەی ڤیدڵ کاسترۆ دەکرد و هەر لەبەر ئەم هۆیەش ستەمکاری نوێ زۆر پشتیوانی لەو دەکرد. تەرمەکەیان بۆ بەخاکسپاردن لە مەراسیمێکی دەوڵەتیدا بە فڕۆکە لە پاریسەوە هێنایەوە، ئەمەش کۆتایی تەنزێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ ئەو نووسەرە، نووسەرێک کە وێرانبوونی شۆڕش و کەوتنە ناو ئەو هەموو ترس و تیرۆرەی، هەم لە شانشینی ئەم جیهانە و هەم لە سەردەمی ڕووناکییەکاندا هێندە درەوشاوە دەخاتەڕوو. کارپێنتێر لەم ڕووەوە قوربانی ڕەوتی میژوو بوو). کارپێنتێر بە پێچەوانەی زۆربەی ڕۆمانەکانیەوە ڕۆمانی (راوەدوونان)ی بە شێوازی شەپۆلی هۆش نووسیوە، ئەم ڕۆمانە زیاتر ژیاننامەی خۆیەتی.

 

سەرچاوەکان:

١- درآمدی برادبیات آمریکای لاتین، فیلیپ سوان سون، برگردان سارا کاظمی منش چاپ اول ۱۳۹۵.

٢- ئالیخو کارپنتیه، رمان امریکای لاتین، در گفتگوبا رامون چائو، ترجمه: کاظم فرهادی، ۱۳۹۱ نشر نی.

٣- درآمدی بر تاریخ ادبیات اسپانیایی-امریکایی، کاظم فرهادی، ۱۳۹۰ نشر نی.

٤- داستان کوتاه امریکای لاتین، گردآوری: روبرتو گونسالس، اچه وریا، ترجمه: عبدالله کوثری، ۱۳۸۰ نشر نی.

٥- قلمرو این عالم، آلخو کارپنتیه، ترجمه: کاوه میرعباسی، نشر کتابسرای نیک، چاپ دوم سال ۱۳۹۷.

٦- نبوغ، سیمای پنجا نابغه سخن، هرولد بلوم، ترجمه: محبوبه مهاجر، نشرهرمس، چاپ ۱۳۹۱.


ئەم بابەتە 84 جار خوێندراوەتەوە