ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ن)
Oct 15, 2020

نیتچە


ناوى ته‌واوى: فرێدریچ ویلھڵم نیچە  (Friedrich Wilhelm Nietzsche)

پیشه‌: فەیلەسوف و شاعیرى ئەڵمانى

لە رۆژى 15/10/1844 لە شارى پرۆس لە دایکبووە.

یه‌كه‌م مناڵه‌ى خێزانه‌كه‌یان بووه‌.

له‌ ساڵى 1848 له‌ ته‌مه‌نى (4) ساڵى دەستی بە خوێندن و نوسین کردووه‌.

له‌ رۆژى له‌دایكبوونى فرێدریچ ویلھڵمى چواره‌م پاشای ئەو کاتەی پرۆس له‌دایكبووه‌، بۆیه‌ باوکی بە شانازیەوە مناڵه‌كه‌ى به‌م ناوه‌ ناو ناوه‌، خۆی سەبارەت بەو ڕووداوە لە کتێبێکیدا دەڵێت: "ئەو یەکسان بوونە، بە قازانجم بوو لەبەر ئەوەی تەواوی دەورانی مناڵیم ڕۆژی لە دایک‌بونم ڕۆژی جەشنی گشتی بووە".

له‌ ساڵى 1849 له‌ ته‌مه‌نى (5) پێنج ساڵى باوكى كۆچى دوایى كردووه‌.

له‌دواى كۆچى دوایى باوكى كاته‌ ته‌نیاییه‌كانى خۆى تەرخان كردووه‌ بە خوێندنەوەی ئنجیل و لێکۆڵینەوە له‌سه‌رى، زۆرجاریش به‌ خوێندنه‌وه‌ى کۆپلیەکی وا بە ھەست بۆ دۆستانی ئەخوێندەوە کە فرمێسکی لە چاوانى هاتۆته‌خوار.

له‌ ساڵى 1856 له‌ ته‌مه‌نى (12) ساڵى شیعرى نوسیووه‌.

له‌ ساڵى 1865 خوێندنى له‌ كۆلێژى خواناسى و ناسینى ئاینییه‌كان خوێندووه‌، سه‌باره‌ت به‌ئایینی خاچ پەرستی لە کتێبێکیدا نووسیویەتی: "لە ڕاستیدا تەنھا یەک خاچ پەرەستی ڕاستەقینە ھەبووە، ئەویش بەسەر خاچەکەوە کوژرا".

دواى ئه‌وه‌ى ده‌چێت بۆ بۆ شاری لایپزیك، له‌وێ ده‌ست ده‌كات به‌ لێکۆڵینەکانی سەبارەت بە  وشه‌ناسین.

هه‌ر له‌و شاره‌ فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانى دەناسێت و گیرۆدەی دەبێ، دواى خوێندنه‌وه‌ى کتێبێکی  شۆپنهاور، بیروڕاكانى ده‌بنه‌ چوارچێوه‌ى زه‌ینى ئه‌و.

خاوەن بیروڕای رەخنەگر لە  ئایین و فه‌رهه‌نگ بووه‌.

نوسراوەکانی شێوازی تایبەتی خۆیان ھەیە و وەک نووسراوەکانی تری سەردەمی خۆی نییە.

لە ساڵی ١٨٦٩ بۆ ماوەی (10) ساڵ بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بازێل لە بواری وشەناسیى کلاسیکدا.

جگه‌ له‌وه‌ى له‌ زانكۆى بازێل مامۆستا بووه‌، له‌هه‌مان كاتدا له‌ خوێندنگایه‌كیش وانه‌ى زمانى یۆنانى وتۆته‌وه‌.

ئه‌وكاته‌ى مامۆستا بووه‌ له‌گه‌ڵ ڕیچارد ڤاگنەر موزیسیانى ئه‌ڵمانى بوونه‌ته‌ هاوڕێ و زۆر سه‌رسام بووه‌ پێى، بۆیه‌ له‌ كتێبى له‌دایكبوونى تراژێدیا باسى دونیاى موزیكى ڤاگنەره‌ى كردووه‌ و وتویه‌تى: "من لە تەمەنی لاوێتیمدا بەبێ موزیکی ڤاگنەر، نەمدەتوانی کار بکەم، هەر ئەوکاتەی کە ئەو مۆسیقای تریستان‌ـی بە پیانۆ ژەند، ئیدی من بووم بە ڤاگنەری".

بیڕوڕاکان سەبارەت بە نیچە جیاوازن، ھێندێ کەس بە دژە ژنی دەناسن، لەبەر قسەکانی سەبارەت بە ژن، بەڵام ڕون نییە مەبەستی ڕاستەقینەی چی بووە لەو دوور کەوتنیەی لە ژن، بەڵام ھۆکاری زۆری دژ بوون بە ژن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شکستەی کە لەگەڵ خانمە ڕوسی لۆسالۆمی خواردی.

بەهۆى نەخۆشیەوە وازى لەمامۆستایەتى زانکۆ هێناوە، تەنانەت لە هاوڕێکانیشى دوورکەوتۆتەوە و تەنیایى هەڵبژاردووە و بە وڵاتانى (ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا و فه‌ڕه‌نسا) گەڕاوە.

لە رۆژى 25/8/1900 لە تەمەنى (55) ساڵى بە جەڵتەى مێشک لە شارى فایمار کۆچى دوایى کردووە.

چه‌ندین كتێبى له‌لایه‌ن نوسه‌ران و وه‌رگێڕانى كورد كراوان به‌ كوردى.

به‌شێك له‌به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانى:

فه‌لسه‌فه‌ له‌ سه‌رده‌مى تراژیدیاى گریكیدا، رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل ورگیڕاوه‌ سه‌ر زمانى كوردى.

زەردەشت ئاوای گوت، ئازاد به‌رزنجى ورگیڕاوه‌ سه‌ر زمانى كوردى.

ئەوه‌یه‌ مرۆڤ، رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل ورگیڕاوه‌ سه‌ر زمانى كوردى.

چاکە و خراپە

ئاوابوونی بتەکان

سپێدە

ڕەگەزناسی ئەخلاق

لە دایکبوونی تراژیدیا