ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ع)
Oct 25, 2020

عەلى ئەشرەف دەروێشیان


- پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: رۆماننوس و نوسەرو رەخنەگرى ئەدەبى

- لە رۆژى 25/8/1941 لە شارى کرمانشانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان لە دایکبووە.

- یەکەمین مناڵى بنەماڵەكه‌یان بووه‌ و هەر لە مناڵیەوە لەگەڵ کاركردندا ئاشنا بوه‌، بە وتەى خۆى: هەر لە پێنج ساڵیەوە لەگەڵ باوکم دەچووم بۆ ئاسنگەرى و کارى من گەساندنەوەى ئاگرەکە بوو، چونکە قاچم نەدەگەیشتە پێداڵەکە ئەبوایە چەند خشتێکم بنیە ژێر پێم.

- خوێندنى سەرەتایى و دوا ناوەندى لە کرماشان تەواو کرد و بە نووسینى داڕشتنه‌كانى یەکەمین بەردى بناغەى نوسەرێتى دانا.

- له‌ ساڵى 1947 لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خراوەتە بەرکار و شاگردیی بەقاڵی و تەنەکەچی و مسگەری و دەستگێڕیی كردووه‌.

- لەگەڵ خوێندندا کرێکاری کردوە هەمیشە یارمەتیدەرو هاوکاری باوکی و ئەندامی خێزانە کەی بوە تا زانکۆی تەواو کردوە.

- دواى ته‌واوكردنى خوێندن بوه‌ته‌ مامۆستا لە گوندەکانی کوردستان.

- له‌ ساڵی 1966 لە زانکۆی تاران لەبەشی ئەدەبی فارسی وەرگیراوه‌ و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەدەبی فارسی بەدەستهێناوە.

- لە زانکۆی تاران خوێندنى ماستەری له‌ بەشی دەروونناسی پەروەردە خوێندووه‌.

- بۆ ماوەی 15 ساڵ لەگوندەکانی ناوچەی کرماشان مامۆستاى بووه‌.

- ژیانی دژوارو ناخۆشی گوندنشینەکان و نەهامەتی و نەدارییەکانیان کاریگەرییەکی زۆریان لە سەرژیانى دروست كردووه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هه‌وێنى نوسینه‌كانى.

- چەند جارێک دەستگیركراوه‌ و ڕەوانەی بەندیخانە كراوه‌ و له‌كار دورخراوه‌ته‌وه‌ و بەردەوام له‌لایه‌ن پەروەردە سزا دراوه‌ و لەم گوندە و بۆ ئەو گوند گواستراوه‌ته‌وه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ (3) سێ ساڵ لە گوندێک وانە بڵێتەوە.

- یەکەمین چیرۆکی لە بەندیخانەدا نوسیوه‌ و هەرلەوێش چیرۆكه‌كه‌ى لەناوچووه‌.

- له‌ ساڵى 1974 یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی به‌ناوى (لەم هەرێمەدا) بڵاوده‌كاته‌وه‌، دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى جارێکی تر بەلکێشی بەندیخانە دەکرێتەوە و بەفەرمی نوسین و بڵاوکردنەوەی لێ یاساغ دەکرێت.

- هه‌ر ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات دووەمین کۆمەڵە چیرۆکی بەناونیشانی ئابشوران بەناوی خوازراوی (لەتیف تەڵخستانی) بنوسێت و وەک یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی، پێشوازییەکی زۆری لە لایەن خوێنەران و ڕەخنە گرانەوە لێدەکرێت و لەماوەیەکی کەمدا چەندینجار بە تیراژی بیست هەزار نوسخەیی چاپكراوه‌ته‌وه‌.

- لەپاش دووهەمین چیرۆكى بڵاوكراوه‌كه‌یدا بە هۆی چاودێری بەردەوامی ساواکەوە بەرهەمە کانی بەچەند ناوێکی خوازراوی ترەوە بڵاوكردۆته‌وه‌.

- لەبوارەجیاجیاکانی ئەدەبیاتدا، بەتایبەت لەبواری فەرهەنگی خەڵکی ئاساییدا کۆمەڵێک کارو پرۆژەی بەنرخی ئەنجامداوە.

- چەندین کتێبی رۆمان و بەرهەمی چیرۆکی بەزمانی فارسی نووسیوە، کە لەم چیرۆکانەدا زیاتر گرینگیداوە بەخەبات و کێشەی گەلی کورد و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.

- سەرجەمی کتێب و بەرهەمە نووسراوەکانی کە ئامادەى چاپن یاخو چاپكراون زیاتر لە (60) بەرهەمە، کە بریتین لەبوارەکانی چیرۆك، رۆمان، ئەفسانەی كوردی، لێكۆڵینەوەی فۆلكلۆری، زمانەوانی، چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان.

- گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی بریتى بووه‌ له‌ نووسین و کۆکردنەوەی پرۆژەیەکی گەورە بەناوی فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێرانه‌ لە (20) بەرگدا، کە بەرهەمی (22) ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی بووه‌، كه‌ بەهاوکاری رەزا خەندان مەهابادی ئامادەکراو ەو لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی کتێب و فەرهەنگ لەتاران چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

- یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانى ڕۆمانى (ساڵە هەوریەکان)ه‌، كه‌ چه‌ندین جار چاپكراوه‌ته‌وه‌.

- چیرۆکەکانى لە ژیانى خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووه‌، بۆیه‌ وتویه‌تى: "من نووسەرى چینى کرێکارم و ناتوانم باسى ژیانى ئەشراف بکەم".

- خاوه‌نى چه‌ند به‌رهه‌مێكى چاپكراوه‌، له‌وانه‌، ساڵە هەورینەکان، بەندی 18، کەی دەگەڕێیتەوە کاکە گیان.

- لەسەردەمی حوكمڕانی شادا ماوەی حەوت ساڵ زیندانی كراوە.

- لەسەردەمی كۆماری ئیسلامیشدا هەمیشە لەژێر چاودێری و سانسۆردا بووه‌.

- ئەندامی یەكێتی نووسەرانی ئێران بووه‌.

- لە رۆژى 25/11/2013 لە حەڤدەهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا به‌شدارى كردووه‌ و خەڵاتی تایبەتی پێ بەخشراوه‌.

- چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە.

- لە رۆژى 26/10/2017 لە تەمەنى (76) ساڵى بەنەخۆشى لە شارى تاران کۆچى دوایى کردووە.