ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ک)
Oct 25, 2020

كاكه‌مه‌م بۆتانى


ناوى ته‌واوى: کاکەمەم فەخری سامی.

پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: چیرۆكنوس و رۆماننوس و نوسه‌ر

له‌ رۆژى 10/1/1937 له‌ كۆیه‌ لە دایکبووە.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكى كارى سیاسى و كوردایه‌تى كردووه‌ بۆ گوندی (هەرتەل) دوورخراوەتەوە.

له‌ ساڵى 1948 له‌ ته‌مه‌نى (11) ساڵى باوكى كۆچى دوایى كردووه‌.

دواى كۆچى دوایى باوكى له‌لاى خاڵه‌كامى به‌خێوكراوه‌.

خوێندنی سەرەتایی لە هەرتەل، کۆیە و سلێمانی ته‌واوكردووه‌.

خوێندنى ناوه‌ندى له‌ شارى كه‌ركوك ته‌واو كردووه‌.

له‌ زانکۆی بەغداد بڕونامه‌ى به‌كالۆریۆسى به‌ده‌ستهێناوه‌.

سەرەتای چیرۆکنووسینی رێبازی (ریالیستی) گرتووە و بەرەو رێبازی (ریالیستی رەخنەگرانە) چووە.

یەکەمین چیرۆکی لە ساڵی 1957 بڵاوکردەتەوە، کە بەرای هەندێ رەخنەگر سیمایەکی نوێی پێوە دیار بووە.

لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە ریالیستی رەمزی کردۆتە رێباز و رۆمانەکانی (ریالیستی سیحری) بە خۆیەوە دەگرێ.

لەگەڵ (4) چوار نوسەر و داھێنەر و پێشکەوتنخواز بزووتنەوەی ڕوانگەیان دامه‌زارندووه‌، کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە پێشخستنی ئەدەب و کولتووری کوردیدا بینیوه‌، كاتێك بانگەوازی (ئەی قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن)یان بڵاوکردەوە خەریکبوو سەری هەر پێنجیان تیابچێت.

لە ساڵی 1968 بە یارمەتی هەندێك له‌ ئەدیبانی کوردی بەغدا خەریکی دروستکردنی رێکخراوێکی ئەدەبی بووە.

له‌ ساڵى 1969 یه‌كه‌مین به‌رهه‌مى چاپكراوى خۆى به‌ ناونیشانى (بوومەلەرزە لە گۆمی مەندا) له‌ شارى بەغداد بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ رۆژى 10/2/1970 بە شێوەی فه‌رمى یەکێتی نووسەرانی کوردی دامەزراندووه‌.

لە ساڵی 1971 لەگەڵ (30) سى ئەدیب دژی بیروباوڕی کۆنە پەرستى وەستاونه‌ته‌وه‌و پشگیری سەربەستی ژنیان كردووه‌.

له‌ ساڵى 1975 به‌هۆى بارودۆخى سیاسى كوردستان لە دەزگا و بڵاوکراوەکانی راگەیاندنی حکومەتی عێراق دوور كه‌وتۆته‌وه‌ و هیچ به‌رهه‌مێكى ئه‌ده‌بى تێدا بڵاونەکردۆته‌وه‌.

له‌ دژی پلانی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی نووسەرانی کورد وەستاوه‌ته‌وه‌، ئاماده‌ نه‌بووه‌ ببێته‌ ئەندامی یەکێتی ئەدیب و نووسەرانی عێراق.

بۆ ماوه‌ى (20) ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی دارستان (ئەندازیاری کشتوکاڵ) بووە.

زۆریان بۆ هێناوه‌ خۆى ته‌رخان بكات و بچێتە ناو (سوپای میللی)، به‌ڵام به‌وه‌ رازى نه‌بووه‌ و خۆی خانەنشین کردووه‌ و خەریکی کار و کاسپی بوو.

به‌یه‌كێك له‌ داینامۆ و كارێزماكانى ئاشتى ده‌ژمێردرێت، كه‌ رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بوو له‌ كوژاندنه‌وه‌ و هه‌واڵى ئاشتیانه‌ى بۆ ڕاگرتنى شه‌ڕى خۆكوژى له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانى تریدا.

له‌ ساڵى 1993 تاكو 2000 بۆ ماوەی (7) حەوت ساڵ بووەته‌ ڕاوێژکاری رووناکبیری لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

له‌ ساڵى 2000 وڵاتى سوید مافى مانه‌وه‌ى له‌ وڵاته‌كه‌ پێداوه‌.

ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی سوید بووە.

سەرۆکی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو.

له‌ رۆژى 25/10/2020 له‌ ته‌مه‌نى (83) ساڵى به‌ فایرۆسى كۆرۆنا له‌ شارى هه‌ولێر كۆچى دوایى كردووه‌، له‌   گۆڕستانی شێخ ئەحمەد له‌ شارى هه‌ولێر به‌خاكسپێردراوه‌.

خاوه‌نى چه‌ندین كتێب بووه‌ له‌وانه‌:

یه‌كه‌م: چیرۆک و کورتیلە چیرۆک :

بوومەلەرزە لە گۆمی مەندا، بەغداد، 1969.

سمکۆڵی ئەهریمەن، سلێمانی، 1973.

بازنە، هەولێر، 1979.

خەرەندی مەرگ، هەولێر، 1992.

دووەم: نۆڤلێت و رۆمان:

درز، هەولێر، 1997.

کەوشەنی پەیکەر تاشێکیتر، سلێمانی 2003.

میری ئاوایی وەرزێر، هەولێر 1992.

سێیه‌م: پەخشانە شیعری شیوەن:

هۆ – تاکە برا،  رانیە،  2003.

چواره‌م: مێژووی سیاسی:

لەدوو تۆڵی یاد داشتی شاردا – چاپخانەی پێشمەرگە ،1984 بەنازناوی (علی خالید حەمید) دوو جاریش لە سلێمانی لە چاپدراوەتەوە.

تورکمانی کوردستانی باشوور، بەنازناوی (سامی فخری)، سلێمانی، 2002.

پێنجه‌م: ژیاننامە:

کاکی کاکان، هەولێر، 1997.

کاکە بلە لەیاد من، سلێمانی، 2007.

شه‌شه‌م: بیرەوەری و بەسەرهاتی نووسەر:

کاکەمەمێکیتر، سلێمانی، 2003.

ژانە رێیە خۆڵەمێشیەکان، سلێمانی، 2007.

بەهارێزان، سلێمانی، 2008.

حه‌وته‌م: ئابووری و ئاماری:

دارەبەن لە پارێزگای سلێمانی، بەغداد، 1985.

بەرهەمی رۆژانەی کرێکارانی نەمامگای دارستان، هەولێر، 1981.