- پیشهى ئهدهبى: رۆماننوس و شاعیر و فەیلەسوف و شانۆنوس و نوسهرى فەڕەنسى
- لە رۆژى 7/11/1913 لە لە گوندێكی شارى زرعان لە جەزائیر لە دایکبووە.
- تەمەنى (8) هەشت مانگ دهبێت كاتێك (لوسیەن)ی باوکی، لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا له خزمەتی سەربازی له شەڕی (مارن) بەدەستی نازییەکان دەکوژرێت.
- بەبێ باوکیی و لەگەڵ دایکێکی نەخوێندەوار و نەنکێکی تووند و برایەکیدا لە ئاپارتمانێکی کۆنی سێ هۆدەیی تەنگەبەردا کە نە ئاو نە کارەبا دەبێ ژیان لهسهر دهبات.
- هەر لە منداڵییەوە نەخۆشی سیل و زەردووی لەگەڵ بووە، ههر بۆیه تەنیاو بێدەنگ و گۆشەگیر بووه، بەڵام ژیر و وریابووە.
- مامۆستایەکی قۆناعی خوێندنى سەرەتایی بەناوی (لوی ژێرمەن) درکى بەو توانا توند و یاخییبوونە ناوەکییەكانى كامۆ كردوه و دەرگای فراوانی خوێندن و خوێندنەوەی بەڕویدا كردۆتوه.
- لە قۆناغی دواناوەندیدا لە کۆی ئەو کتێبانەی خوێندونیەتەوە دوو کتێبیان پێ باشترین دەبێت، ئەوانیش "چارەنووسی مرۆڤێک"ی ئەندرێ مالڕۆ و "دووڕگەکان"ی ژان کنێیر.
- له ژیانیدا (2) دوو جار ژیانى هاوسهرى پێكهێناوه، بههۆى زۆر خواردنی ماددە هۆشبەرەکان له خێزانى یهكهمى جیابۆتهوه، پاشان لەگەڵ (فرانسین) ژیانى هاوسهرى پێكهێناوه و بوهته باوكى (2) دوو مناڵ بەناوەکانی (کاترین و ژان).
- لە ساڵی 1935 خوێندنى زانكۆیى تەواو دەكات و توێژینهوهى دهرچوونى بەناوی (مێتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی ئەفلاتونیی نوێ) پێشکەش دەکات.
- له ساڵى 1935 نەخۆشی سیل زۆری بۆ دەهێنێ و بههۆیهوه زۆر ئازار دهكێشێت.
- لە ساڵی 1935 ناوەندی شانۆ دادەمەزرێنێ و چەندن دەقی شانۆیی خۆی و نوسەرانی دیکەی وەکو دۆستۆڤسکی، پۆشکین، گۆرکی، ئەندرێ مالڕۆ هتد... دەباتە سەر شانۆ.
- لە ساڵى 1937 تاكو ساڵى 1939 لە ڕۆژنامەی سۆشیالیستی دەست بەکاردەبێت و ڕەشنووسێک بەناوی (مەرگێکی شاد) دەنوسێت.
- له تهمهنى لاوێتیدا گرنگیی بە سیاسەت داوە و پێوەندی بە چەند پارتێكی سیاسییەوە كردووە، لەوانە پارتی كۆمەنیستی فەرنسایی و پارتی گەلی جەزائیری، بهڵام كاتێك بۆی دەردەکەوێ كه حزبهكان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یهكتریدا نیه، بۆیه وازى له سیاسهت هێناوه.
- له ساڵى 1942 یەكەمین بەرهەمی ڕۆمانی (نامۆ) بڵاوكرهوه، كه رۆمانهكه لهو سهردهمه پڕفرۆشترین كتێبی گیرفان بووە.
- لە ساڵی 1942 كە لە شاری پاریس نیشتەجێ دەبێت، پێوەندی بە رۆژنامەی (كومبا) دەكات، كە رۆژنامەیەكی نهێنیی بەرگری خوازەكان بوو، لەو كاتانەدا سەرجەم ئەو سەروتارانەی دەنووسی، كە لەو ڕۆژنامە نهێنییەدا بڵاو دەبوونەوە هەر لە هەمان ساڵدا، جگە لە كاری سیاسی، كتێبێكی ئەدەبی نووسی بەناونیشانی ئەفسانەی سیزیف.
- له ساڵى 1943 بوهته سەرنووسەری بڵاوكراوهى خهبات، كه لە ماوەی شەڕی جیهانی دووەمدا، پێوەندی بە شانەی بەرگری فهڕەنسا دەكات، كە ناوی (خەبات) دەبێت، ههر بۆیه بڵاوكراوەكهش بهو ناوهوه ناو دهنێن و دژ بە نازییەكان شەڕ دەكەن، هەر لەم ڕێگەیەشەوە برادەرایەتی لەگەڵ (جان پۆل سارتەر) پەیدا دەكات.
- بەهۆی ههڵگیرسانى جەنگ بەرەو پاریس دەچێت. لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ سارتەر و سیمۆن دی بۆڤواردا پەیدا دەکا، نێوانیان خۆش دەبێت، بەڵام بەهۆی هەندێ لە بۆچونەکانی کامۆ سەبارەت بە مارکسیزم و کۆمۆنیزم، ههروهها هەڵوێستی بەرامبەر شۆڕشی جەزائیر، كە بەوڵاتی یەك ملیۆن شەهید ناسراوە، ناكۆكی دەخاتە نێوان خۆی و ژان پۆڵ سارتەرەوە، پێشتر بەرگرییان لە شۆڕشی سۆسیالیزمی دەكرد، ئەم هەڵوێستەش بەئاشكرا لە كتێبی (پیاوی یاخی) كە لە ساڵی (1952) دەینووسێ و بڵاودەكرێتەوە، ناكۆكییەكان زیاتر قوڵ دەكاتەوە.
- له ساڵى 1947 واز لە بڵاوكراوەكە دێنێت، دوای ئەوەی دەبێتە ڕۆژنامەیەكی بازرگانی.
- دژی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بوو، كە لە هێرۆشیما بەكارهات، لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا.
- خۆی بۆ بواری مافی مرۆڤ تەرخان كرد، بەڵام لە ساڵی 1952 دەستی لە كاری یونسكۆ كێشایەوە، دوای ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڕابەرایەتی ژەنراڵ (فڕانكۆ) ئیسپانیای وەك ئەندام قبووڵ كرد.
- شۆڕشی جەزائیر و دامركاندنەوەی شۆڕشەكە كاریگەریی دەروونی قوڵی لەسەر بەجێهێشتووه، بەشێوەیەك، كە ماوەی چەند ساڵێك بە تەنیا دەژیا و زۆر بەكەمی تێكەڵ بەكەسانی تر دەبوو.
- لە ساڵی 1956 رۆمانى کەوتن چاپ دەکات، لە شەش مانگی یەکەمدا (126500) دانەی لێ فرۆشرا.
- لە ساڵى 1957 خەڵاته نۆبڵى ئەدەبى وەرگرتووە.
- نزیكەی (30) سی كتێبی جۆراوجۆری لە بوارەكانی ڕۆمان، دەقی شانۆیی، فیكر نووسیوە و چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
- بەر لەمردنی سەرقاڵی نووسینی رۆمانی (یەكەمین پیاو) دەبێت، كارێكە ژیاننامەی خۆی دەگێڕێتەوە، دواجار ئەم ڕۆمانە ساڵی (1994) چاپ و بڵاوكرایەوە، بۆ چەندان زمان وەرگێڕدراوە.
- لە کۆتا کتێبیدا نوسیویهتى: "خێزانەکەم دەتوانم بڵێم هیچیان نەبوو، لە ڕاستیدا ئارەزووی هیچیشیان نەدەکرد، ئەندامانی خێزانەکەم تەنانەت خوێندەوارییشیان نەبوو، بەوپەڕی بێدەنگی، خۆڕاگریی و بە ویقاری سروشتی خۆیانەوە، بەنرخترین وانەیان فێری من کرد... گەرمی ئەو سۆزو خۆشەویستییەی کە لە سەردەمانی منداڵیم دا سێبەری هەڵدابوو، منی لە هەموو جۆرە ڕقێک بەتاڵ دەکردەوە. تەقریبەن بە "هیچ" دەژیام، بەڵام لە شێوەی شاگەشکە و خەودا بەسەرم دەبرد، هەستم بە هێزێکی بێسنوور دەکرد لە خۆماندا، تەنیا دەبوایە ڕێگەیەک بۆ سوود لێوەرگرتنی بدۆزمەوە"
- خاوهنى بهناوبانگترین رۆمانه به ناوى (تاعون) كه له ساڵى 1940 نوسیویهتى و له ساڵى 1947 بڵاویكردۆتهوه، ئهم رۆمانهشى لهلایهن (رەسول سوڵتانی) كراوه به كوردى، ههروهها كتێبى (کۆمەڵێک بەرهەم)ى له ساڵى 2003 حەمە کەریم عارف له فارسیهوه وهریگێڕاوهته سهر زمانى كوردى، ههمان ساڵیش رۆمانى (نامۆ)ى كردوه به كوردى، ههروهها رۆمانى (بێگانه)ى لهلایهن د. موحسین ئەحمەد عومەر لە فەرنسییەوە وهرگێڕدراوهته سهر زمانى كوردى، كه ئهم رۆمانه له ساڵى 1942 له فهڕهنسا چاپ و بڵاوکرایهوه، پڕفرۆشترین کتێبی گیرفان بووه له فهڕهنسا، ههروهها كتێبی (مرۆڤی یاخی) ئازاد بهرزنجی وهریگێڕاوهته سهرزمانى كوردى.
- لە رۆژى 4/1/1960 لە تەمەنى (46) بە روداوى ئۆتۆمبێل كاتێك بهرهو پاریس دهرۆیشت لە شارى فیلبلافل لە فەڕەنسا خۆی کێشا بە دارێکدا کۆچى دوایى کردووە، لە گۆڕستانی (لور ماران) بەخاکسپێردرا.