ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (د)
Nov 20, 2020

دڵدار


- ناوی ته‌واوى: یونس ڕه‌ئوف مه‌حمود سه‌عدی

- پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: شاعیر

- له ڕۆژی 20/2/1918 له‌ كۆیه له‌دایكبووه‌.

- به‌هۆى كارى باوكى كه‌ فه‌رمانبه‌ری سه‌رژمێری بووه‌ له‌ رانیه‌ بۆیه‌ رودو ده‌كه‌نه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن.

- له‌ ساڵى 1928 له ته‌مه‌نی (10) ده‌ ساڵیدا له‌ رانیه‌ ده‌خرێته به‌ر خوێندن و پۆلی یه‌كه‌م و دوه‌می سه‌ره‌تایی له ڕانیه ته‌واو ده‌كات.

- یه‌كه‌مین هۆنراوه‌ی له ساڵی 1935 نوسیوه‌ و له ژماره‌ی (2)ى ساڵی 1935 له گۆڤاری (ڕووناكی) بڵاویكردۆته‌وه‌.

- دڵدار له باره‌ی ژیانی ڕانیه‌وه ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌ند ڕۆژێكی چاك‌ و چوار ڕۆژانیش نه‌خۆش بووم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕانیه‌م هه‌ر له‌لا خۆش بوو، به تایبه‌تی سه‌وداسه‌ری قولـله بووم. هه‌ر كاتێ چاك بووبامایه‌وه، مه‌له‌م له ڕووباره‌كه‌و له بن داربییه‌كان ڕاوه‌چۆله‌كه‌م ده‌كرد."

- دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م باوكی له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى لاده‌به‌ن ‌و ناچار به‌ ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كۆیه ‌و خوێندنی سه‌ره‌تایی له كۆیه ته‌واو ده‌كات.

- له باره‌ی خولیای هۆنراوه‌و چێژ لێوه‌رگرتنی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: "هێشتا له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییدا بووم، که دیوانی حاجی قادری كۆیی-م زۆرتری له‌به‌ر كردبوو، هه‌میشه به وردی سه‌رنجم له هه‌ڵبه‌سته‌كانی عه‌ونی ‌و راجی ‌و عاسی‌ و حسێنی‌ و هیرانی ده‌داو له‌به‌ریشمده‌كردن، به‌وانه‌ش ‌دابین نه‌بووم هه‌ڵبه‌ستی هه‌ركه‌سێكم ده‌ستبكه‌وتایه ده‌منووسیه‌وه‌و له‌به‌ریشمده‌كردن. به‌تایبه‌تی هه‌ڵبه‌ستی وه‌فایی، كوردی، بێكه‌س، پێره‌مێردم زۆر له‌به‌ركردن ‌و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هه‌ستم به‌وه ده‌كرد، كه چێژ له هه‌ڵه‌به‌ست وه‌رگرم‌ و زۆر گیرۆده‌ی بووم."

- هه‌روه‌ها له باره‌ی سه‌ره‌تای خۆ تاقیكردنه‌وه به شیعر ده‌ڵێت: "له 1935 له پۆلی یه‌كی ناوه‌‌ندیی بووم، كه دیوانی 'نالی'م زۆر به‌وردی خوێنده‌وه، هه‌ڵبه‌سته جوانه‌كانی 'نالی' له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌سته ئاگرینه‌كانی حاجی قادری له‌سه‌ر پێشه‌وایه‌تی وێژه‌‌یی له مێشكمدا شه‌ڕیان بوو. ئه‌و كێشمه‌کێشه ده‌رگای هونه‌ری شاعیری لێكردمه‌وه، زۆر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی وام له كه‌له‌دا بوو حه‌زم ده‌كرد له بۆته‌ی هه‌ڵبه‌سته‌دا دایڕیژم. ئه‌وجا به‌ناو خه‌ڵكیاندا بڵاوبكه‌مه‌وه‌ و ئیتر هه‌ر خۆم تاقیكرده‌وه."

- له ساڵی 1940 له شاری كه‌ركوك قۆناغی دواناوه‌ندی ته‌واو ده‌کات.

- له‌ ساڵى 1940 هۆنراوه‌ى سروودی ئەی ڕەقیب نوسیوه‌، كه‌ سروودێکی بەناوبانگی کوردییە کە بە سروودى نیشتمانیى کوردستان ناسراوە، ئەم سروودە به‌ فه‌رمى سروودی هه‌رێمى كوردستانه‌، لە پێشتریشدا له‌ ساڵى 1946 سروودی كۆمارى كوردستان بووه‌.

- له‌ ساڵى 1945 بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس له‌ یاسا له‌ كۆلێى یاساى زانكۆى به‌غداد به‌ده‌ستده‌هێنێت و ده‌بێته‌ پارێزه‌ر.

- یەكێك بوە لە ئەندامە كاراكانی حزبی هیوا.

- لە ژیاندا شەیدای سروشتی جوانی وڵاتەكەی بووه‌، هۆنراوەكانی حاجی قادری كۆیی و نالی و عەونی و وەفایی و كوردی و بێكەس و پیرەمێرد سەرچاوەی ئیلهامی شیعره‌كانى بوونه‌.

- له‌ رۆژى 12/11/1948 له‌ ته‌مه‌نى (30) ساڵى به‌هۆى ژه‌هراویبوون له‌ شارى هه‌ولێر كۆچى دوایى كردووه‌ و هه‌ر له‌و شاره‌ش به‌خاكسپێردراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى 2005 له‌ دوای (57) ساڵ مه‌زار و مه‌نزڵی گه‌ڕێنرایه‌وه‌ كۆیه‌ و له‌ گۆڕستانی كه‌كۆن به‌ ته‌نسشت قشڵه‌ى كۆیه‌ جارێكى دیكه‌ به‌خاك سپێردراوه‌ته‌وه‌.

- له‌ ساڵى 1959 دیوانه‌كه‌ى به‌ناوى (دیوانی دڵدار)، له‌ چاپخانەی کوردستان له‌ شارى هه‌ولێر چاپكراوه‌ و گیوی موکریانی پێشه‌كى بۆ نوسیوه‌.

- له‌ ساڵى 1985 عه‌بدولخالق عه‌لائه‌ددین كتێبى (دڵدار، شاعیری شۆڕشگێڕی کورد)، له‌ شارى به‌غداد به‌چاپ گه‌یاندووه‌.

- ساڵانه‌ به‌چه‌ندین شێواز یادى ئه‌م شاعیره‌ ده‌كرێته‌وه‌، له‌ رۆژى 20- 22/2/2018،بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی زانکۆی کۆیە کۆنفرانسێکی زانستی- نێودەوڵەتی بەناونیشانی (دڵدار؛ شاعیری ڕەسەنایەتی، زمان و شیعر و هزری نەتەوەیی) سازكردووه‌.

سرودی ئه‌ی ره‌قیب

ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كورد زوبان

نای ڕمێنێ دانه‌یی تۆپی زه‌مان

ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی ڕه‌نگی سوور و شۆڕشین

سه‌یریكه‌ خوێناویه‌ ڕابووردومان

ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و كه‌ی خوسره‌وین

دینمان ئاینمانه‌ نیشتمان

كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌ كورد زیندووه‌

زیندووه‌ هیچ نانه‌وێ ئاڵاكه‌مان

چه‌ند هه‌زار لاوانی كوردی نه‌ڕڕه‌شێر

بوون به‌ قوربانی و هه‌موویان نێژران

لاوی ئێستاش حازر و ئاماده‌یه‌.....

جانفیدانه‌ جانفیدانه‌ جانفیدان

لاوی كورد هه‌ڵسانه‌ سه‌رپێ وه‌ك دلێر

سا به‌ خوێن نه‌قشی ئه‌كه‌ن تاجی ژیان

كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌ كورد زیندووه‌

زیندووه‌ هیچ نانه‌وێ ئاڵاكه‌مان.

یه‌کێکیس له‌ هۆنراوه‌ جوانه‌کانی

كوردستان

كوردستانى خۆش نیشتمانى جوان

تۆ قیبله‌ كاهى منى بیكومان

جاوم بشكوتوى شاخه‌كانته‌

فیرى زیانى باغه‌كانته‌

ده‌نكى شمشالى شوانه‌كانت

زریق و باقى جوانه‌كانت

قاسبه‌ى كه‌وانى قه‌د كیوه‌كانت

خوره‌ى ئاوه‌كه‌ى نشیوه‌كانت

ئه‌مانه‌ هه‌مووى كوییان كردمه‌وه‌

هه‌وینى شیعرى دلیان كرتمه‌وه‌

نه‌و نه‌مامى بووم له‌م خاكه‌ روام

به‌خۆشه‌ویستى وولات ئاودرام

به‌لى كوردستان تۆ منت خولقاند

تۆمنت خولقاند بیت به‌خشیم زیان