ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ن)
Sep 17, 2019

نالی


- ناوى تەواوى: خدر ئەحمەد شاوەیس ئاڵی بەگی میکایلی.

- لە گوندی خاک و خۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە.

- تاکو ئێستاکە ساڵى لە دایکبوونى نەزانراوە، هەندێک لە نوسەران واى بۆ دەچن لە ساڵى 1800 لە دایکبووبێت و هەندێکى دیکەش ساڵى 1797 دەکەن بە ساڵى لە دایکبوونى.

- بە بەردی بناغە و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعری بابان دادەنرێت.

- لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە.

- لە تەمەنی منداڵیدا نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە و زمانى فارسی و قورئانی خوێندووە.

- زمانەکانى کوردی، فارسی،  تورکی و عەرەبی زانیوە.

- لەگەڵ ھەر دوو میری بابانی سەردەمى ژیانی خۆی، سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا پەیوەندییەکی زۆر تایبەتی هەبووە. ئەم پەیوەندییەش لە زۆرێک لە شیعرەکانی نالیدا ڕەنگی داوەتەوە.

- لە تەمەنى (25) ساڵی کوردستانى جێهێشتووە و چووەتە حەج.

- لە ساڵی ١٨٥٠ چۆتە شام و تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ لەوێ ماوەتەوە.

- لە ساڵى 1856 چوەتە ئەستەمبۆڵ و تا کۆتایى ژیانى لەوێ ژیاوە.

- ویستویەتى بگەڕێتەوە بۆ شارى سلێمانى، بەڵام بەهۆى ئەوەى لەو سەردەمەدا میرنشینی بابان روخابوو و هەواڵى ڕووخانەکەی پێگەیشتبوو، ھەستى کردبوو خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبە نەما، دۆست و هاوڕێکانى وەکو جاران نەماون، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:

توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم

بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر.

- ئەگەرچی زۆربەی شیعرەکانی بە کوردی نوسیووە، بەڵام وشەی فارسی و عەرەبی لە شیعرەکانیدا دەبینرێت، ئەویش بەهۆى لە سەرەتای سەدەى نۆزدەهەمدا ژیاوە، لەو سەردەمەدا زمانی باوی ئەدەبی بریتی بووە لە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی، چونکە کورردستان یان سەر بە ئیمراتۆریەتی عوسمانی یان ئێران بووە و زمانی رەسمی فارسی یان تورکی بووە، جگە لەوەش زمانی عەرەبی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە.

- یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالمی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی (دوو نامەکەی نالی و سالم) ناوبانگیان دەرکردووە، بەم شێویە قەسیدەکەی دەست پێ دەکات:

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور

وەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفییو ھەوا خواە و ھەمدەمە!

وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!

- جیاوازى هەیە لە ساڵى کۆچى، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن لە ساڵى 1855 کۆچى دوایى کردبێت، هەندێکى دیکەش ساڵ 1856 یان بە ساڵى کۆچى بۆ دیاریکردووە، کە لەش ارى ئەستەمبۆڵ کۆچى دوایى کردووە.