- ناوى تهواوى: نیهاد رزق وەدیع حەداد
- پیشهى هونهرى: گۆرانیبێژ و ئەکتەر و موزیسیانى لوبنانى
- لە رۆژى 21/11/1935 لە گەڕەکی زەقزاقی بیڵات لەشاری بەیرووت لە خێزانێکی ھەژاری ئاشووری لە دایکبووە.
- باوکی لە شارى ماردینى باكورى كوردستان له دایكبووه، دواتر رویان كرۆدۆته لوبنان و لهوێ نیشتهجێ بوونه.
- دایكیشی ناوی لیزا ئەلبوستانی بووە كە كچی خێزانێكی لوبنانیی مەسیحیی ماڕۆنیی بووە و ئەو ڕۆژەی فەیروزی كچی گۆرانی (یا جارە الوادی) تۆماركردووە ئەم كۆچی دوایی كردووە.
- ھەر لەمنداڵیهوە بە گۆرانی وتن لەنێو خێزانەکەی و گەڕەکەکەیان ناوی دەرکردووە.
- لەساڵی 1940 ئەوكاتە ى لە ئاهەنگێكی خوێندنگەكەیدا بەشداریی دەكات و گۆرانی دەڵێت، یەكێك لە مامۆستاكانی بە ناوی (محەمەد فلیفل)، كە ئاوازدانەری مارشی نیشتمانیی سوریایە بە ناوازەیی دەنگی سەرسام دەبێت و بەو هۆیەشەوە لەگەڵ باوكی قسەدەكات كە ڕێگەی پێ بدات كچهكهى گۆرانیی بڵێت، بەڵام باوكی بە مەرجێك ڕازی دەبێت كە تەنها گۆرانیی نیشتمانیی بڵێت، ئهمهش سهرهتاى دهركهوتنى بووه له كارى هونهریدا.
- لەساڵی 1940 لە رادیۆى لوبنان لەگەڵ کۆرسێکدا گۆرانى وتوه و (حەلیم ڕومی) باوكی ماجدە رومی نازناوی (فەیروز)ی پێبهخشیوه، ئهویش لهوكاتهى لە ئێستگەی لوبنان گۆرانى وتوه لێی پرسیوە ناوت چییه" ئهویش لهوهڵامدا وتویهتى: نهاد حەداد، دوای گوێگرتن لە دەنگی پێی وتووە، ناوی هونەری تۆ (فەیروز دەبێت)، چونکە دەنگت وەكو بەردە پرۆزە دەگمەنەکانی وەك فەیروز وایە.
- هەر لەو كاتەدا لەگەڵ گۆرانی وتندا مانگی (21) دۆلاری ئەمریكیش وەردەگرێت و دەیدات بە كرێی خوێندنی پەیمانگای میوزیكیی (كۆنسێرڤاتوار) كە تێیدا دەیخوێند.
- لە ساڵی 1952 گۆرانى به ئاوازەکانی (عاسی ڕەحبانی) وتوه و لەو سەردەمەدا ناوبانگی لە جیھانی عەرەبی بڵاوبویهوه.
- لە ساڵی 1955 ھاوسەرگیری لەگەڵ ئاوازدانهر و نوسهرى گۆرانى عاسی ڕەحبانی کردووە و بوهته دایكى دوو كوڕ و دوو كچ بهناوهكانى (زیاد، لهیال، ریما و هالى).
- دوابهدواى ئهو هاوسهرگیرییه كاریی پێكەوەیی لەگەڵ (مەنسور ڕەحبانی) برای مێردەكەیدا دهكات و ههر دوو برا هۆكارێكی گرنگ دهبن بۆ دەستپێكردنێكی كاروانێكی پڕ بەرهەم و سەركەوتنی گەورەی هونەریی كە خۆی دەدات لە (800) بەرهەمی شانۆیی و گۆرانی.
- له ساڵى 1986 عاسی ڕەحبانی ھاوسەری كۆچى دوایى دهكات، بۆیه لهو ساڵه بهدواوه شیعر و ئاوازی زۆر كهسى دیكهى ھەڵبژاردووە، لهوانه زیاد ڕەحبانی كوڕە گەورەی كە خاوەنی ئاوازێكە بەناوی (دیاربەكر)، سەرپەرشتی هەموو كارە هونەرییەكانی دایكی كردووە و ژمارەیەكی زۆر ئاوازی بۆ گۆرانییەكانی داناوە و شێوازێكی نوێی لە موزیكی لوبنانیی و عەرەبیی و شەرقیی جیهانیدا بۆ خوڵقاند.
- لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبى و جیهانى ئاهەنگی گەورەی سازكردووە لەوانە: زنجیرە كۆنسێرتەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەعەلبەك، فێستیڤاڵی سەیدا، شانۆی قەسری پیكادیللی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیمەشق، شانۆی ڕۆمانی لە عەمان، فەلەستین، بەحرەین، كوەیت، ئیمارات، قەتەر، عێراق، میسر، مەغریب، جەزائیر، تونس، هۆڵەندا، یۆنان، سویسرا، فەرەنسا، ئەمریكا، بەریتانیا، مەكسیك، بەڕازیل، ئەرجەنتین، ئوستورالیا و كەنەدا).
- لە ماوەی كاروانی هونەرییدا بووەتە خاوەنی (65) ئەلبومی گۆرانی.
- لەگرنگترین ئەو نازناوانەی پێبەخشراوە (دراوسێی مانگ، دراوسێی قودس، چۆلەکەی ڕۆژهەڵات، دەنگی سیحراویی، دەنگی جیھانی، ژێی ڕۆژھەڵات، باڵوێزی خەونەکان، دەنگی لوبنان، شاژنى گۆرانى عەرەبى، یاسەمینى شام، سیمبولی خەمەکانی لوبنان و ..... هتد).
- بەیەکێک لەکاریگەرترین گۆرانیبێژەکانی جیهانی عەرەبی دادەنرێت.
- له ساڵى 2020 ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا له ماڵهكهى خۆى سهردانى كرد و مەدالیای شەرەفی بە پلەی (کۆماندۆر) پێبهخشى، لە بەرامبەردا فەیروز تابلۆیەکی هونەری پێشکەشى ماکرۆنکرد، ئەم دیارەى ماکرۆن بۆ فەیروز بووە سێهەمین دیارى سەرۆکەکانى فەڕەنسان بۆى.