- ناوى تەواوى: محەمەد عوسمان بەڵخی
- پیشەى ئەدەبى: شاعیر
- چەند بۆچوونێک لە سەر ساڵى لەدایکبووە هەیە، لەوانە مێژونوسی کورد (موحەممەد ئەمین زەکی بەگ) وتویەتى لە ساڵی (1836-1837) لە دایکبووە، مامۆستا (عەلائەدین سەججادی)یش وتویەتى لە ساڵى 1830لە دایکبووە، و (کاکەی فەلاح)یش وتویەتى لە ساڵى (1831-1832) لە دایکبووە.
- بە یەکێک لە چڵەپۆپەکانی شیعری کوردی دادەنرێت.
- لە تەمەنى حەوت ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەک لای باوکی خوێندوییەتی.
- بۆ خوێندن چووەتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵای پیرەباب خوێندویەتی.
- دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شارى سلێمانی و لای مەلا ناودارەکانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی.
- پاشان چوە بۆ شارى بەغداد و بوە بە فەقێ و زانای بە ناوبانگی کورد مفتی زەھاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە.
- لە ساڵى 1859 لە شارى بەغداد بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم.
- لە ساڵى 1862 شارى بەغدای بەجێھێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ شارى سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا.
- لە ساڵى 1868 بە ھۆی مردنی باوکییەوە دەستی لە کاری میری کێشاوەتەوە و بوەتەوە بە مەلا و دەستی کردەوە بە وانەوتنەوە بە فەقێیان.
- لە ساڵی (1847-1875) لەگەڵ چەند مەلایەک لە سلێمانییەوە نەفی کراون بۆ شارى بەغداد.
- لە ساڵى 1883 چووە بۆ حەج و لەوێوە چوە بۆ شارى ئەستەنبوڵ و ڕێگەی پیاوماقوڵانی کوردەوە لە ئەستەنبوڵ چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمید عوسمانی کەوتوە، سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێگرتووە و فەرمانی داوە خانەقایەکیان لە سلێمانی بۆ کردۆتەوە کە ئێستا بە (خانەقای مەحوی) بەناوبانگە.
- شیعرەکانی لەسەر مانا و بیرکردنەوەیەکی تەواو قوڵ دەوەستێت و بەگشتی ھۆنراوەکانی لەسەر چەندین تەوەری جیاواز دەدوێت، لەوانە شانازی کردن بە نەتەوەی کورد و زمانی کوردییەوە لە ھەندێک لە شیعرەکانیدا، ھەروەھا ھەڵوێستی توندی شاعیر بەرامبەر ستەمکار و زۆرداران لە شیعرەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە لەگەڵ بەگژداچوونی ئەوانەی بازرگانی بەسەر ئایینەوە ئەکەن، زۆرترین بەشی شیعرەکانی لە چوارچێوەی جوانی و خۆشەویستی و عەشق دەسوڕێتەوە ھەروەھا چەندیین شیعری ھەیە لە بواری ڕاستی پەرستی و فەلسەفەدا و لە ستایشی ئایینی و تەسەووفدا.
- وەکو شاعیرانی سەردەمی و پێشووتر لەخۆی کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارھێناوە، ھەروەھا یەکێتی قافییە پاراستووە، بەواتایەک کە سەرانسەری ھۆنراوەکە لەسەر یەک قافیەیە. بەھۆی ئەوەی زمانی کوردی لەو سەردەمەدا ھێز و تینی ئێستای نەبووە.
- وشەی فارسی و عەرەبی زۆر بەکارھێناوە، ھەروەھا وشەکاری و وردەکاری زۆری بەکارھێناوە و بەدوای وشە دەربڕینی گراندا گەڕاوە.
- جگە لە نوسینى شیعرە بە زمانی کوردی بە زمانی فارسی و عەرەبی چەندین شیعرى نووسیوە.
- سەرجەم ھۆنراوەکانی لە دیوانی مەحویدا کۆکراونەتەوە.
- لە رۆژى 25/2/1906 لە شاری سلێمانی کۆچى دوایى کردووە و لە یەکێک لە ژوورەکانی خانەقاکەیدا بە خاک سپێردراوە.