ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ب)
Sep 18, 2019

بەختیار عەلی


- ناوى تەواوى: بەختیار عەلی محەمەد

- لە رۆژی 8/8/1966 لە گەڕەکی (ئیبراهیم پاشا)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە.

- خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (شێخ سەلام) لە سلێمانی تەواو کردووە.

- خوێندنی ناوەندی لە (ناوەندی ئەزمەڕ) و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی "ھەڵکەوت"ی کوڕان تەواو کردووە.

- لە هەردوو زانکۆی (سلێمانی و سەڵاحەددین ) خوێندکاری بەشی زەوی ناسی بووە.

-  لە خۆپشاندانەکانی ساڵی 1983ی خوێندکارانی زانکۆی (سەلاحەدین) لە هەولێر دەستی بریندار دەبێت.

- بەهۆى برینداربوونیەوە لە ساڵى 1983 بە یەکجاری دەست لە خوێندنی زانکۆ هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و بە تەواوەتی خۆی بۆکاری نوسین یەکلا دەکاتەوە.

- لە ساڵی 1983 (قەسیدەی نیشتمان)، کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەیەتی نوسیووە.

- ساڵی 1985 بە هۆی بارودۆخی ناهەمواری باشورى کوردستان ئەم بەشەى کوردستان بەجێدەهێڵێت و  ڕوودەکاتە رۆژهەڵاتى کوردستان، سەرەتا بۆ ماوەیەک لە ناوچەی (چەمپاراو) دەبێت و پاشان لە شاری بانە نیشتەجێ دەبێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری شەری ئێران و عێراقەوە و ئەو پەستانە زۆرەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەری دەبێت جارێکی دیکە دەگەڕیتەوە باشورى کوردستان.

- لە ساڵى 1989یەکەم وتاری لە ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق دا بڵاوکردۆتەوە.

- لە نێوان ساڵانی 1992تا 1994چەندین کۆڕ و سێمینار لە شارەکانى سلێمانی و ھەولێر پێشکەش کردووە.

- لە ساڵى 1994 کوردستان جێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە تاراوگە، سەرەتا (9) مانگ لە دیمەشقى پایتەحتى سوریا دەبێت و دواتر تا ساڵى 1999 لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت.

- دەستەى دامەزرێنەرى ناوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەھەند بووە.

- زمانەکانى (کوردى، فارسى، عەرەبى و ئەڵمانى) دەزانێت.

- تاکو ئێستاکە خاوەنى خاوەنى چەندین رۆمانى ناوازەیە کە گفتۆگۆى زۆریان لەبارەیەوە دەکرێت، لەوانە (مەرگی تاقانەی دووەم، ١٩٩٧، ئێوارەی پەروانە، ١٩٩٨، دواھەمین ھەناری دونیا، ٢٠٠٢، شاری مۆسیقارە سپییەکان، ٢٠٠٦، جەمشید خانی مامم کە ھەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، ٢٠١٠، کەشتیی فریشتەکان – بەرگی یەکەم، ٢٠١٢، کەشتیی فریشتەکان – بەرگی دووەم، ٢٠١٣، ھەورەکانی دانیال، ٢٠١٥، کەشتیی فریشتەکان – بەرگی سێیەم، ٢٠١٧ و دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩).

- خاوەنى چەند دیوانە شیعرێکە، لەوانە (گوناھ و کەرنەڤاڵ، ١٩٩٢، بۆھیمی و ئەستێرەکان، ٢٠٠٠، کۆی بەرھەمە شیعرییەکان، (١٩٨٣-١٩٩٨)، ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا، ٢٠٠٤، تا ماتەمی گوڵ.. تا خوێنی فریشتە، کۆی بەرھەمە شیعرییەکان (١٩٨٣-٢٠٠٤)، ئەی بەندەری دۆست.. ئەی کەشتی دوژمن، ٢٠٠٩ و شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت، ٢٠١٩).

- خاوەنى چەند بەرهەمێکى فکرییە لەوانە: (وەڵام لە ڕۆژگاری ونبوونی پرسیاردا، ١٣ چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر، ٢٠١٣، ئیمان و جەنگاوەرانی، ٢٠٠٤، خوێنەری کوشندە، ٢٠٠٥، سێوی سێھەم، ٢٠٠٩، چێژی مەرگدۆستی، ٢٠١١، لە دیارەوە بۆ نادیار، ٢٠١١، وەک باڵندەی ناو جەنگەڵە ترسناکەکان، ٢٠١٢، ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس، ٢٠١٤، نەرسیسی کوژراو، ٢٠١٥، رەخنە لە عەقڵی فاشیستی، ٢٠١٥، جوانییەکانی ناڕێکی، ٢٠١٥، یادەوەری و زەمەن، ٢٠١٥، ناشوێن، ٢٠١٩، خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی، دەربارەی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩ و ئایدۆلۆژیست، ٢٠١٩.

­- بەرهەمەکانى بۆ زۆربەى زمانە زیندووەکانى جیهان وەرگێڕدراون، لەوانە (ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، فارسی و عەرەبی).