ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (پ)
Sep 2, 2019

پیرەمێرد


- ناوى تەواوى: تۆفیق مەحمود ھەمزە.

- لە ساڵى 1867لە گەڕەکی گۆیژەی  شارى سلێمانى لە دایکبووە.

- شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکى کوردە.

- لە تەمەنى (7) ساڵیدا  چوەتە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە بۆ تەواوکردنى خوێندن.

- لە لاویدا زانستی ئایینی لە شارى سلێمانى خوێندووە.

- لە مزگەوتەکانی شاری بانەى ڕۆژهەڵاتی کوردستان وزتنستى ئاینى خوێندووە.

-  لە ساڵى 1925بەهۆى بارو دۆخ و تێکچوونی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەگەڕێتەوە شارى سلێمانی.

- لە مانگى (9)ى ساڵی 1882 کە ئەوکاتە تەمەنی (15) بووە، بووەتە کاتبی نفوسی سلێمانی، بەڵام زۆری پێناچێت دەکرێت بەکاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی.

- لە مانگى (6)ى ساڵی 1883 بووەتە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە و نزیکەی سێ ساڵ لەوێ‌ ماوەتەوە، دواتر بووەتە بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا.

- لە مانگى (10) ى ساڵی 1895 گوازراوەتەوە بۆ شارى (کەربەلا) بەوەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرتووە و شێخ موستەفای نەقیب کردوویەتى بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی.

- لە ساڵى 1898دەچێتە ئوستەمبۆڵ و کۆلێژی یاسا دەخوێنێت.

- لە رۆژى 14/9/1899 بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ.

- لە نێوان ساڵانی 1905 تا 1908لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە.

- لە ساڵی 1907 (کۆمەڵەی کورد)یان بەسەرۆکایەتی (شێخ عەبدوڵقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵای شەمزینی) درووستکردووە.

- لە مانگى 9ى 1909 بووەتە قائیمقامی چۆڵەمێرگ.

- لە مانگى 4ى 1912 بووەتە قائیمقامی قەرەمورسل.

- لە مانگى 2ى 1915 بووەتە قائیمقامی بالاوا.

- لە مانگى 9ى 1916 بووەتە قائیمقامی بیت الشباب.

- لە مانگى 3ى 1917 بووەتە قائیمقامی گموش کوی. لە ھەمان ساڵدا بە ھەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.

- لە رۆژى 17/4/1918 کراوەتە موتەسەڕیفی (ئەماسییە)، کە ئەمە دوا وەزیفەی بووە لە تورکیا، تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.

- بۆ ماوەی (25) ساڵ لە تورکیادا ماوەتەوە.

- لە تورکیادا ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە و دوو منداڵیشی لێى بووە.

- لە ساڵی 1923ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لە ڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

- لە ساڵى 1924گەڕاوەتەوە شارى سلێمانى.

- لە مانگى 12ى 1926 شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەکات کراوەتەوە  سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەکە.

- لە ساڵی 1932دەکرێت بە بەڕێوبەری ڕۆژنامەی ژیان.

- بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1932نازنازناوى پیرەمێرد بۆخۆى هەڵدەبژێرێت، کاتێک شیعری (بەیانی بوو لەخەو ھەستام) بڵاودەکاتەوە، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت.

- لە ساڵی 1934 چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی،.

- لە ساڵی 1937 لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا نێوانى تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام کۆڵنادات و دەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی (ھەتیوان)ەوە و مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی (ژین) دادەمەزرێنێت.

- لە بواری شیعردا دەستێکی باڵای هەبووە و یەکێکە بووە لە شاعیرە دەگمەنانەی کورد.

- لەچەندین رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەى ئێران و تورکیا وتارى بڵاوکردۆتەوە.

- گرنگى زۆرى بە جەژنى نەورۆز داوە و ھۆنراوەی نەورۆزى لە مانگى ئاداری ١٩٤٨دا نووسیووە.

- لە بوارى شانۆدا رۆڵى بەرچاوى هەبووە و چەندین دەقى شانۆیى نووسیووە.

- دەستێکی باڵاى هەبووە لە نوسینى پەندی پێشینان، لە ئێستاشدا پەندەکانى پیرەمێرد لەسەر زمانى هەموان دایە و خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە ژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند.

- لە تورکیا بەناوی جیاجیا بابەتى بڵاوکردۆتەوە لەوانە: سلیمانیەلی توفیق، س. ت، سلیمانیەلی مەحمود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م. م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.

- زمانەکانی تورکی، فارسی و عەرەبی  بەباشى زانیووە.

- خاوەنی چەند کتێبێکى چاپکراوە، لەوانەش:  (دیوانی مەولەوی، ساڵی 1935، چیرۆکی مەم و زین 1936، دوانزە سوارەی مەریوان، 1935، کتێبی پەندی پێشینان، 1936، چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،1942، گاڵتەوگەپ ساڵی 1947، دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی - بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە).

- لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی: (گەشتی ھونەرمەندێک لە جیھاندا، ڕۆمانی کەمانجەژەن، 1942، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی).

- شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.

- شیعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردۆتەوەوەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.

- زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.

- لە رۆژی 19/6/1950 لە شاری سلێمانی لە تەمەنی (83) ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیەکانی شەکرە و گورچیلە  کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتى خۆى لە گردی مامەیارە نێژراوە.

- پیرەمێردی شاعیر لە پێش مردنی وەسێتنامەیەکی نووسیوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

"ئەمجارە ئەمرم، لە مردن ناترسم، ژیانێکی باش و عومرێکی درێژم ڕابوورد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورە و پادشاھانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بە نیوە خوێندەواری لە سلێمانی دەرچووم و خوێندنێکی بەرزم ھێنایەوە، بە سەربەرزیی دەزانم کە لە ڕێی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێکی زۆرم دیوە. لەم وڵاتەدا دوو چاوم ھەبووە، یەکێ (زانستی) و یەکێ (ژین)، ئێستا کە ئیتر لەوانەیە کەڵکی خزمەتم پێوە نەمێنێ و ببم بە بار بەسەر خەڵکەوە، ڕوو ئەکەمە قاپی ئەبەدی، ڕوو ئەکەمە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەی کە ماڵی کەسم خواردبێ، موحتاجی کەس بووبێتم، ھیچم پاشەکەوت نەکردووە، ھیچیشم لە دوا بەجێ نەماوە، چاوم لە دوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخر خێر ئەزانم، ھەرچەندە یەکانە ھیوام ئەوە بوو کە ببینم قەوم و میللەتەکەم پلەیەک لەمە بەرزتر و خوێندەوارتر و پێگەشتووتربن، بوو بەگرێ و لەدڵما و نەمدی، لەگەڵ ئەوەشدا بەختیارم، چونکە بۆم دەرکەوت کە قەوم و میللەتەکەم لە پێشکەوتنان و ھەموو جۆرە توانا و قابیلیەتێکیان تێدایە، ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، کوڕ و کچ تا خوێندەوار نەبن بێسوودە، ھەموو شت بە عیلم و فەنەوەیە وەکو وتومە:"لای من بە خوێندەوارییە، ئاە خوێندەوارییە/ ھەر میللەتێ کە فەنی نەبێ دەردی کارییە/ ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەک من ئارەزوو ئەکەم/ بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم.

ئامۆژگاریم ئەوەیە بە شوێن ماددە مەکەون، دنیا زۆر بە گران مەگرن، تا ئەتوانن خزمەتی ڕاست و بێ موقابیلی قەوم و زمان و وڵاتەکەتان بکەن و دەستی داماوان بگرن و لە دین لامەدەن، خوا و پێغەمبەری خۆتان بناسن و ڕەوشتتان پاک و خاوێن بێ. ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەکە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێکمەدەن، ئەو یەک دوو کەسانەی ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من، بێ نازیان مەکەن حەقیان بەسەرمەوەیە. ڕۆژنامەکەش لەدەست مەدەن، چاپخانەکە ئیش پێبکەن، چونکە لەلایەکەوە ناکوژێتەوە و خزمەتی پێ ئەکرێت، لەلایەکی تریشەوە ئەو جیھەتەی من یارمەتیم داون، بەڵکو بەھۆی ئیشکردنی چاپخانەکەوە ئەو یارمەتییەیان لێ نەبڕێت. ئامۆژگاریم ئەوەیە کە شیعر و نووسینەکانم کۆکرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستیفادەی لێ ئەکرێت، ئامۆژگاریم ئەوەیە لە گردی مامەیارە بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر زۆر بیرتان کردم جارجارە سەرم لێدەن، فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو کەسانەیە کە بە تەنگمەوەن".