ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ح)
Sep 28, 2019

حەسەن قزڵچى


- لە رۆژى 15/9/1914 لە شارى بۆکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.

- نووسەر، ئەدیب، رۆژنامەنووس ، وەرگێڕ و زمانزان بووە.

- لە تەمەنی‌ (6) ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن.

- سەرەتا لە لای‌ باوکی‌ و دواتر لە لای‌ مامۆستا مەلا ئەحمەدی‌ فەوزی‌ و مەلا ئەحمەدی‌ تورجانی‌ زادە خوێندویەتی‌.

- پاش چەند ساڵ‌ خوێندن بۆتە فەرمانداری‌ شاری‌ مھاباد.

- زۆربەی‌ لایەنەکانی‌ ژیانی‌ شاراوەن.

- یەکێک بووە لەوانەى رۆڵێکی‌ رووناکبیری‌ و رامیاری‌ باشیان هەبووە لە کۆماری‌ کوردستان.

- لە سەردەمى لاوێتیدا بە ناوی‌ نھێنی‌ (ژیر) پەیوەندی‌ کردووە بە کۆمەڵەی‌ ژیانەوەی‌ کوردستان.

- لە گۆڤارەکانی‌ (کوردستان)، (ئاوات) و (گۆڤارى هەڵاڵە) نوسینەکانی‌ بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵی‌ ١٩٤٦ سەرنووسەر و بەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ وێژەیی‌ و رامیاریی‌ گشتیی‌ (ھەڵاڵە) بووە کە لە بۆکان دەرچووە.

- دواى نەمانى کۆماری‌ کوردستان لە باشوورى کوردستان جێگیردەبێ‌.

- لە ساڵی‌ ١٩٥٣ دا بەبیانوی‌ ئەوی‌ خەڵکی‌ عێراق نیە لەلایەن رژێمی‌ بەعسەوە تەسلیم بە ئێران کراوەتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی‌ لە دەستی‌ پۆلیسی‌ ئێران رزگار دەکا و خۆی‌ دەگەیەنێـەوە شاری‌ ھەڵەبجە و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ دەبێ‌، دواتر دەچێتە شارى بەغدا.

- لەدواى ئەوەى لەشارى بەغدا جێگیر دەبێت دواتر دەچێتە  وڵاتی‌ بولگاریا و لەوێ‌ لە رادیۆی‌ پەیکی‌ ئێران دەبێتە بێژەری‌ ھەواڵی‌ رامیاری‌ بە زمانی‌ کوردی‌.

- دواى رووخانی‌ رژیمی‌ پاشایەتی‌ ئێران، لە ریزەکانی‌ حیزبی‌ توودەی‌ ئێران وەک سەرنووسەری‌ رۆژنامەی‌ (مردم) کە بە کوردی‌ دەردەچوو کاری‌ کردوە.

- لە ساڵی‌ ١٩٨٣ لە تەمەنى (70) ساڵى جارێکى دیکە دەگیرێت و زیندانى دەکرێتەوە .

- لە رۆژی‌ ٢٨/٩/١٩٨٥، دواى ئەوەى (10) مانگ لە ژێر شکەنجەی‌ جەستەیی‌ و دەروونی‌ دا دەبێ‌ لە بە ھۆکاری‌ نادیارەوە لە زینداندا کۆچی‌ دوایی‌ کردووە و لە ژێر چاودێریی‌ حکومەت تەرمەکەی‌ لە گۆڕستانی‌ بەھەشتی‌ زارای‌ تاران بەخاک دەسپێردراوە.

- دەیان بابەتی‌ ئەدەبی‌ لە زمانەکانی‌ فارسی‌، تورکی‌، بولگاری‌ و عەرەبی‌ وەرگێڕاوە بۆ زمانی‌ کوردی‌.

- زمانەکانى کوردى، فارسی‌، تورکی‌، بولگاری‌ و عەرەبی‌ زانیوە.

- تاکو ئێستاکە چەندین کۆڕ و سمینار لە بارەى ژیانیەوە ئەنجامدراوە.

کۆمەڵێک بەرهەمى هەیە، لەوانە:.

- ئاشتیخوازیی‌ لادێیی‌ و پەیمانی‌ دوولایی‌، بەهاوبەشى لەگەڵ عەبدولڕەحمانی‌ زەبیحی‌، بەغدا، ١٩٥٩.

- پێکەنینى گەدا، کۆمەڵە چیرۆک، ١٩٧٢، بەغدا.

- تیۆری‌ ئەدەبی‌، وەرگێڕان لە بولگارییەوە.

- زاراوەی‌ سیاسی‌ کۆمەڵایەتیی‌ وەرگێڕان.

- کورتە چیرۆکەکانی‌ ئەنگیل کارالچیڤ، وەرگێڕان لە بولگارییەوە.