- ناوى تەواوى: سلێوە خواجە یەڵدا سڵێوە
- لە ساڵی 1890 له گه‌ڕه‌کی به‌فری قه‌ندی شاری کۆیه له خێزانێکی مه‌سیحی له‌دایک بووه.
- مه‌قامزان و شاعیری میللی کوردە.
- له سه‌ره‌تای ژیانی گه‌نجییه‌وه خولیای هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات بووه.
- سەرسام بوە بە شیعره‌کانی حاجی قادری کۆیی، ئه‌خته‌ر، قاسید، دڵدار و سافی هیرانی.
- له سەردەمى لاویێتیدا عاشقی (وارێ)ی کچی یوسف ناوێک ده‌بێت به‌عیشقی ئه‌و کچه نازداره گاوره‌وه هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌ی کوردی له‌لا ده‌خوڵقێ، کە بۆشى نابێت، مهقامەکانى په‌رده‌یه‌کی خه‌ماوییان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌کێشرێ.
- له سه‌ره‌تادا هونه‌ری مه‌قامبێژی له (نه‌شئه‌تی ره‌شید ئاغای حه‌وێزی)یه‌وه فێر بووه.
- بۆئەوەى زیاتر فێرى وتنى مەقام بێت بۆ ماوه‌ی ساڵێک چووه‌ته لای (حه‌ننا تۆما)ی ناسراو به (حه‌نیل)ی شاگردی (مه‌ربێن)، که یه‌کێ بووه له مه‌قامبێژه ناسراوه‌کانی کۆیه، له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا هه‌موو ده‌ستوور و بنچینه‌کانی مه‌قامی کوردی به ده‌قه ئه‌ده‌بی و ئاوازه‌کانییه‌وه به نووسین و له‌به‌رکردنه‌وه فێر بووه.
- ژیانێکی سه‌خت و ناخۆشی بردووەته سه‌ر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وازی له خولیای هونه‌ریی نه‌هێناوه و به‌رده‌وام بووه.
- له‌سه‌ره‌تادا، هونه‌ره‌که‌ی له چوارچێوه‌ی دیوه‌خان و کۆڕ و دانیشتنی دۆست و یارانی بووە.
- لە ساڵى چله‌کان، هونه‌ره‌که‌ی برده سه‌ر شانۆی ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆز.
- لە ساڵی 1952 له‌ڕێی قادر دیلانی هونه‌رمه‌نده‌وه چۆته ڕادیۆی کوردی به‌غدا و له‌وێ پێنج مه‌قامی تۆمار کردووه، به‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی کوردستان ناسراوه، کە مەقامەکانیش بریتى بوون لە (سه‌حه‌ر، ئایشه گوڵ، گوڵێ، خه‌رامان، به‌هار و کراسی ته‌نگ میره‌م).
- چەندین مەقامى بەتۆمارنەکراوى ماونەتەوە.
- بە میراتگری مه‌قامزانانی کۆیه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌م دادەنرێت.
- زمانه‌کانی کوردی، سریانی، فه‌ره‌نسی، عه‌ره‌بی و فارسی زانیوه.
- له کەنیسەی کۆیە، شوێنێکی تایبه‌ت و دیاری هه‌بوو له هه‌ڵسوڕاندنی کاروباری ئایینی، له کاتی نوێژکردن و سرووتەکاندا، هه‌ر ده‌نگ و ئاوازه‌کانی ئه‌و بوون له گوێی نوێژکه‌راندا ده‌زرنگایه‌وه.
- خه‌ڵکه‌که تام و چێژێکی زۆریان له‌و ئاواز و گۆرانییه ئایینییانە وه‌رده‌گرت، که له هه‌موو ئێواره‌یه‌کی یه‌ک شه‌مە و له جه‌ژن و سرووتە ئایینییەکاندا به ده‌نگه پڕ جۆش و خرۆشه‌که‌یه‌وه ده‌یگوتن.
- یه‌کێ له هه‌ره به‌ناوبانگترین ئه‌و ئاواز و گۆرانییانەى لە کەنیسە دەیوت، ئاوازێک بوو به‌ناوی (نقوم شه‌پیر)، که ماناکه‌ی به کوردی واتا (با هه‌ستین ته‌سبیحات بۆ خودا بکه‌ین)، سێوه ئه‌م سرووده دینییه‌ی له‌سه‌ر ئاوازی (مه‌قامی حیجاز) خوێندووه، که به‌و ده‌نگه پڕ سۆزه‌ی نوێژکه‌رانی ناو کەنیسەی هێناوەتە گریان.
- له‌ناو کەنیسە و له کاتی جێبه‌جێکردنی سرووتی ئایینیی مه‌سیحی (کریستیانی) هه‌ر ئاوازی کوردیی به‌کار هێناوه.
- لە رۆژى 9/12/1963 لە تەمەنى (73) ساڵى لە شارى کۆیە کۆچی دوایی کردووە و له گۆڕستانی هه‌رمۆته‌ی ئەو شارە به خاک سپێردرا.
- لە دواى کۆچیشى ساڵانە لە شارى کۆیە یادى دەکرێتەوە و بەرهەمەکانى پێشکەش دەکرێنەوە.
گه‌لی براده‌رینه
ئه‌من پاییزهکم گهییهتێ
چ پاییزهکێ فه‌قیره!
که داره به‌نی ماڵ وێران
سێبه‌ری خۆی له‌من ده‌کاته
سه‌ره تیره
ئه‌گه‌ر دری خه‌رکی ئه‌و عه‌یامه‌ی
برینداره به‌شیران، به‌تیران
به‌ماری ده دنیایێ
به‌ڵام دری منی غه‌ریبه مارێ
برینداره لۆ کیژۆره‌کی چارده
ساران
تازه له مه‌مکۆڵانی گه‌ڕاینه‌وه
شیره!!