- ناوى تەواوى: عەلی حسێن موحسین ئەلوەردی.
- پیشە: کۆمەڵناس و مێژوونوس
- لە ساڵى 1913 لە ناوچەى کازمیەى شارى بەغدا لە دایکبووە.
- کۆمەڵناس و مێژوونوس و مامۆستای ناوداری عێراقییە.
- بە زانای کۆمەڵناسیی عێراقی دادەنرێت.
- یەکێک بووە لە پێشەنگەکانی (عەلمانیەت) لە عێراقدا.
- لە ژێر کاریگەریی ئیبن خەلدوندا بووە.
- پاشگری ناوی وەردی لە خێزانەکەیەوە بۆی ماوەتەوە لەبەرئەوەی باپیرە گەورەی کاری کردوە لە دروستکردنی دڵۆپاندنی ئاوی گوڵدا.
- لە ساڵی 1924 وازى لە خوێندن هێناوە بۆ ئەوەی لە لای عەتر دروستکەرێک کار بکات.
- بەهۆى خوێندنەوەى کتێب و ڕۆژنامە، کڕیارەکانی فەرامۆش کردووە بەمەش لەکارەکەی دوور خراوەتەوە.
- لە ساڵی 1931 پەیوەندی بە خوێندنی ئێوارانەوە کردوە لە پۆلی شەشی سەرەتایی دەستی بە خوێندن کردۆتەوە.
- لە خوێندنی ئامادەیی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستھێناوە.
- بۆ تەواوکردنى خوێندنى بەکالۆریۆس لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری دیکەدا لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت وەرگیراوە.
- لە ساڵی 1943 بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە لە سۆسیۆلۆجیاى لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت بەدەستهێناوە.
- لە ساڵی 1943 لە وەزارەتی مەعاریف وەک مامۆستای ئامادەیی و ناوەندی بەغداد دامەزراوە.
- لە ساڵی 1948 لە زانکۆی تەکساس بڕوانامەى ماستەری لە سۆسیۆلۆجی بەدەستھێناوە، ناونیشانی نامەکەشى بەناوى (لێکۆڵینەوەیەک لە سۆسیۆلۆجیای ئیسلام) بووە.
- لە ساڵی 1950 لە زانکۆی تەکساس بڕوانامەى دکتۆراى بەدەستھێناوە، ناونیشانی نامەکەشى بەناوى (تیۆری مەعریفە لای ئیبن خەلدون).
- لە ساڵی 1950 دا وەک مامۆستای زانستی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد دامەزراوە و وانەی سۆسیۆلۆجیای وتۆتەوە.
- لە ساڵی 1970 دا لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە.
- لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە کەسایەتی تاکی عێراقی، لە گرینگترین توێژینەوەکانى هەژمار دەکرێت.
- لەماوەی پتر لە نیو سەدەی ژیانی زانستی و نووسیندا کۆمەڵێ کتێبی زۆر گرنگی چاپکردووە، لەوانە: (کەسایەتیی تاکی عێراقی 1950، خوارق اللاشعور 1951، گاڵتەجاڕیی ئەقڵی بەشەری 1954، واعیزی سوڵتانەکان 1955، ئەفسانەی ئەدەبی بڵند 1957، خەون لەنێوان زانست و باوەڕدا 1959، لۆجیکی ئیبن خەلدون 1962، لێکۆڵینەوە لە سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی 1965، چەند نیگایەکی سۆسیۆلۆجی لەمێژووی نوێی عێراق 1969).
- بەرهەمەکانى بۆ زۆربەى زمانە زیندووەکانى جیهان وەرگێڕدراون.
- بەشێکى بەرهەمەکانى بۆ زمانى کوردى وەرگێڕدراون.
- لەکۆتایی حەفتاکاندا دەستی کرد بە نوسینەوەی یادەوەریەکانی خۆی لە دووتوێی کتێبێکدا، کە باسی لە ژیانى منداڵی و قۆناغەکانی خوێندن و سەرەتاکانی نووسینی خۆی کردووە.
- لە رۆژى 13/7/1995 لە تەمەنى (81) لە شارى بەغداد کۆچى دوایى کردووە.