ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ک)
Dec 20, 2019

کەریم کابان


- ناوی تەواوى: عەبدولکەریم جەلال مەحمود عەزیز کابان.

- لە ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی شێخان لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.

- پیشەى هونەرى: گۆرانیبێژ

- لە تەمەنى منداڵیدا خراوەتە بەر خوێندنى ئاینی.

- دواى خوێندنى ئاینى لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە) خوێندویەتی.

- لە دواى تەواوکردنى خوێندنى سەرەتایى بووە بە پۆلیس.

- سەرەتای کاری هونەریی بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە لە تیپی سروودی قوتابخانەکاندا بووە.

- لە ساڵی ١٩٤١ یەکەمین گۆرانی لەو ئێزگەیەدا وتووە، کە ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانییدا دایانمەزراندووە.

- هەر لەم ماوەیەدا یەکەمین گۆرانى خۆى بەناوى (لە رێى دڵدارى) بۆ رادیۆى بەغدا تۆمارکردووە.

- لە ساڵی 1945 دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە رادیوی بەغدا.

- لە رۆژى 1/7/1945 لەشاری بەغدا ئاهەنگێکی گەورەى ئەنجامداوە.

- لە ساڵى 1945 یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە لە (8) گۆرانى پێکهاتووە.

- لە سەرەتاى پەنجاکاندا، ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە، خاوەنى (3) سێ کوڕ و (3) سێ کچ بووە.

- لە بوارى ئاوازداناندا کارى کردووە و ئاوازى بۆ زۆربەى گۆرانیەکانى خۆى و چەند گۆرانییەکى قادر کابان و عوسمان عەلى و چەند هونەرمەندێکى تر داناوە.

- لە ساڵى 1963 بەهۆى هەستى نیشتمانپەروەرى بۆ ماوەى (6) شەش ساڵ تاکو ساڵى 1969 بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق دوورخراوەتەوە.

- لە ساڵى 1974 پەیوەندى بە شۆڕش کردووە و چەند بەرهەمێکى لە رێى رادیۆى (دەنگى کوردستان) بڵاوکردۆتەوە.

- لە دواى نسکۆى شۆڕش جارێکى دیکە بۆ شارەکانى ناوەڕاستى عێراق دوورخراوەتەوە، بەم هۆیەشەوە لە کارە هونەرییەکانى دابڕاوە.

- لە دواى راپەڕین و بەهۆى کۆڕەوى گەلى کورد، رووى لە رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە و لەلایەن هونەرمەندان و هاووڵاتیانەوە پێشوازى لێکراوە و لە ئۆردوگاى (سەردەشت) چەند گۆرانیەکى وتوە.

- لە شارى سنە بەشدارى فێستیڤاڵێکى گەورەى شارەکەى کردووە.

- لەماوەى ژیانی هونەریدا لە چەندین ئاهەنگ و فێستیڤاڵدا بەشدارى کردووە.

- چەندین جار لە پاى ئەو خزمەتەى پێشکەشى کردووە خەڵات کراوە.

- زیاتر لە نیو سەدە کاری هونەری ئەنجامداوە.

- لە ساڵى 2008 لەلایەن بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بۆ بەرزراگرتنى خەباتى هونەرى پەنجا ساڵەى خەڵاتى ئاڵتونى پێبەخشراوە.

- ئەو کاتەى لە ژیاندا بوو خەڵاتى (بلە)ى پێبەخشراوە.

- لە پارکى ئازادى لە شارى سلێمانى پەیکەرێکى بۆ دروستکراوە و بەدەستى خۆى پەردەى لەسەر پەیکەرەکە لاداوە.

- لەژیانی ھونەریشدا ئەگەرچی بەرھەمی زۆری نەبووە، بەڵام بەو چەند بەرھەمەی کە ھەیەتی توانیویەتی زۆرترین ھەوادار کۆبکاتەوە.

- لە رۆژى 14/1/2016 کاژێر (5:20)ى بەرەبەیان لە تەمەنی (89) ساڵی لە نەخۆشخانەى شار لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کردووە.

- لە دواى کۆچى دوایى کردنى ساڵانە بە مەراسیمى جیاواز یادى دەکرێتەوە.

- چەندین گۆرانیبێژ گۆرانیەکانى بەبەردەوامى دەڵێنەوە.

- لە ساڵى 2019 هونەرمەندان و نوسەران و هاووڵاتیانى کوردستان رێگەیان نەدا ماڵەکەى بڕوخێندرێت و بکرێت بە باڵەخانە، بەڵکو داواکار بوون بکرێت بە ناوەندێکی کەلەپوری بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردی و کەل و پەلەکانیشى لەوێدا هەڵبگیرێن و بپارێزرێن.

- خاوەنی زیاتر لە (20) بیست گۆرانی تۆمارکراوە، لەوانە: (قەت نەدەیت ئازارى گیانى، یاران وەسیەتم، یاران لە پرخەى، نازانم چۆن خۆشم ویستى، من دوور و تۆ دوور، فریشتە، باوانم، ئەى یار، تەمەن، یار جوانە، ئەرێ هۆ کاڵێ، خۆزگەم بەپار، سەیرى خاڵەکەى، لەمابەینى گوڵ و گوڵزار، بەرى بەیانە، گوڵاڵە سوورە، ئاواتى دوورى، ساقى، من و سەحەر و لە زۆرکەس وایە).