ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ئـ)
Dec 21, 2019

ئیدریس عەلى


- ناوى تەواوى: (ئیدریس عەلى عەبدولقادر).

- پیشەى ئەدەبى: شاعیر و نوسەر.

- لە رۆژى 1/3/1974 لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە.

- خوێندنى سەرەتایى لە شارى هەڵەبجە تەواوکردووە.

- لە ساڵى 1988 بەهۆى کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە لە خوێندن دابڕاوە.

- لە ساڵى 1990 لە خوێندن وەرنەگیراوەتەوە و کراوە بە سەرباز و ڕەوانەى کوێت کراوە.

- لە دواى راپەڕینى 1991 گەڕاوەتەوە شارى هەڵەبجە و دەستى بەکارى هونەرى کردووە و لەگەڵ گروپى شانۆى شارەکە رۆڵى سەرەکى لە چەند شانۆیەکدا بینیووە.

- لە سەرەتاى ساڵى 2000 دەستەى نوسەران و بەڕێوەبەرى نووسین بووە لە رۆژنامەى ئاڵاى ئازادى و گۆڤارى سەردەم و گۆڤارى گەلاوێژى نوێ.

- لە ساڵى 2000 یەکەم کتێبى خۆى بەناوى (یاساى باخچەکەى ئێمە) کە دیوانە شیعر بووە بەچاپ گەیاندووە.

- زیاتر لە بوارەکانى (شیعر، رۆمان، گێڕانەوەى ئەدەبى، تەوەرى ڕەخنەیى و لێکۆڵینەوە) دەنوسێت.

خاوەنى چەند بەرهەمێکى چاپکراوە، لەوانە:

- یاسای باخچەکەی ئێمە.

- سازش لەگەڵ با دا.

- مردن لە ژیان دەبوورم.

 - لەمناڵی دوورت لە ئیستا تەنهاتر.

- دڵی خۆتە لە سینەم دا.

- عەشقى هاجەرە.

- تەقینەوەى خەونەکان.

- سەدەفى ئارامى.

- بەڕێى پوچیدا.

- شوفێرى چیرۆکەکان.

- مردووەکان ئازادن.

- زمانی زەین و ڕوداو.

 

شیعرێکى شاعیر:

 

باخى میر:

 ئینجانەیەکە لەدارستانى بەهەشتدا

 قومێکە لەئاوى کەوسەر

وشەیەکى شیرینە لەسەر زارى  تەڕى شیعر

 سێوێکى سورە لە "دەنگى پێى ئاو" دا

 بەستەیەکە لەگەرووى " حەمە قوتو" دا..

گۆمێکە پڕ لەباق وبریقى پولەکە

گوڵێکە لەمابەین لاپەڕەى رۆمانێکدا

 ژنێکە  تازە لەحەمام دێتەدەر

هێشتا هەڵم لە لاشەى هەڵدەستێ..

شوێن پێى راکردنى مناڵێکە

بەدواى پەپولەیەکى پاییزیدا       

جێ ماچى لێوى باخەوانێکە

بەروومەتى باخەوە..

باخى میر:

گوڵدانێکە پڕ لە ئەستێرەى وردو درشت

پڕ لەبۆن و بەرامى باران..

پڕکردنى دەغیلەى چۆلەکەیەکە لەجریوە

مانەوەى دەستى سڵاوێکە بەئاسمانەوە..

 راوەستانى عیشقە لەژێر لێزمەى چاوەڕوانیدا

شوشەیەکى پڕ لەبۆنى رێحانەیە

لەنێو جانتاى سەر شانى کچێکدا..

قوڵپە قوڵپى مەنجەڵێک شۆربایە

لەماڵە باجێنەى کۆڵانێکدا..!

لەو باخەدا.. هەزاران دڵ بەرووتى چێنراون

هەزاران گوڵ چرۆیان کردووە بەهەڵواسراوى

هەزاران نیگا لەمەمکدا چەقیون

هەزاران ماچ بەئاگرى لێوەوە چزاون

هەزاران بوتڵە شەراب لەژێر شۆرەبیدا

بەمەستى راکشاون..!

لەوێ هێشتا ریزى رەشبەڵەک

 جمەى دێت لەقاو قیژ..

لەوێ هێشتا شوێن پێى عەشق

رۆشنە بەترپەکانى دڵ و ئاوێزان بوون..

کانى لەوێ کە خەستەو سەرخۆش دەبێت

قوڵپە.. قوڵپ دەڕشێتەوە.

درەخت لەوێ کەباوەش بۆ "با" دەکاتەوە

چڵ.. چڵ.. شەهوەت لەگەڵاکانى دەچۆڕێ..

هەنار.. کە منداڵێک دەبینێ دەستى بۆ رایەڵ کردووە

دەنک.. دەنک.. هەڵدەوەرێتە نێو دەستیەوە..!

ترێ.. کە شاعیرێک دەبینێ بەغەمبارى

هێشوو.. هێشوو.. بۆى دەبێتە شەراب.

پایز کە ملپێچە زەردەکەى لێ بزر دەبێت

لێرە پژمینى خۆى رادەگرێ..

زستان کە بەچەترێکى رەشەوە دێت

لێرە جلکە تەڕەکانى خۆى هەڵدەخات..

بەهار کە بەدەم فیکە لێدانەوە دێت

 لێرەوە شنەى خۆى هەڵدەکات..

هاوین کە تینوى دەبێت دێت و

لێرە بەرچنەکانى خۆى پڕ دەکات لە هەنجیر..

ساڵەکان بە گاگۆڵکێ دێن و

لێرە یادى لەدایکبوونەکان دەکەنەوە..

جەنگەکان بەجگەرەکانى لێویانەوە دێن و

لێرە شەربەتى ئاشتبوونەوە دەخۆنەوە..

چۆڕ.. چۆڕ.. رووبارەکان دێن و

لێرەبەکەنارەکانى رۆح دەگەنەوە..

هۆن.. هۆن.. عاشقەکان دێ نو

لێرە گۆرانیەکانى تەنیایى دەڵێنەوە..

پەیتا .. پەیتا شاعیرەکان دێن و

لێرە... لەم باخەدا

غەمەکانیان دەهۆننەوە..

پۆل .. پۆل.. شەهیدەکان دێنەوەو

لێرە هوتافە حەماسیەکان دەکێشنەوە..

پیریى بەگۆچانێکى شەلەوە دێ و

لێرە مناڵیەکانى خۆى دەدۆزێتەوە..

بەکۆمەڵ نۆتەکان دێن و

 باوەش بۆ گۆرانیەکان دەکەنەوە..

بەتۆپەڵ رەنگەکان دێن و.. دەچنەوە ناو تابلۆکان

مناڵان بەحانتاکانى قوتابخانەوە دێن و

 لەسەر هێڵى خەتخەتێنەکان رادەوەستن بۆ وتنەوەى سرودەکان..

مەفرەزە سەرەتاییەکانى گوڵچنین دێن و

لێرە دڕکە چەقیوەکانى پەنجەیان دەردێنن..

ماڵەکان یەک لەدواى یەک دێن و

لێرە سفرەى جەژن رادەخەن..!

ژنەکان دەتریقێنەوەو

هەنارەکان شەق دەبەن..

مناڵەکان دەقیژێنن و

چۆلەکەکان دێنە سەما..

بوتڵە شەرابەکان لاردەبنەوەو

ترێکان دەبنەوە بەهێشوو..

رەشەبا "توو" دەتەکێنێ و

گۆرانیەک کۆشى بۆ دەکاتەوە..!

تێبینى: باخى میر باخێکى بەناوبانگى هەڵەبجە بوو شوێنى سەفاو ئاهەنگ و دڵدارى لاوان بوو ئێستا ئەو باخە بۆتە باڵەخانەو خانوو کۆنکرێت