ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ح)
Sep 13, 2019

حسێن حوزنی موکریانی


ناوى تەواوى حسێن عەبدولەتیفى ئیسماعیل

لە رۆژى 12/9/1893 لە مهاباد لە دایکبووە.

بە یەکەم مێژوونوسی کورد دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا.

خوێندنی لە حوجرەی مزگەوتەکان‌ و تەکیەکانەوە دەستپێکردووە. لەبەر لێهاتوویی بەوەوە نەوەستاوە و دەستیکردووە بەخوێندنەوەی‌ ئەو کتێبانەی کە بەزمانەکانی دیکە هەبوون لەو سەردەمەدا.

سەرەتا لای باوکی ‌و خاڵەکانی خوێندویەتی ‌و لەتەمەنی (21) ساڵیدا ئاوارەبووە و چەندین وڵاتی وەکو (ڕوسیا، ئەفغانستان، سوریا، لوبنان، میسر، حیجاز و فەرەنسا) بینیوە.

ساڵی (1915) لەشاری‌ حەلەبی‌ ڕۆژئاوای‌ کوردستان چاپخانەیەکی بچوکی‌ پێکەوە ناوە  بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەب‌ و مێژووی کوردی و چەندین بەرهەمى بەنرخى بە چاپ گەیاندووە، هەر لەو ماوەیەدا لە ئەستەمبوڵ و حەلەبدا بە نھێنی چەندین گۆڤاری دەرکردووە ، وەک  (کوردستان ، ئارارات ، بۆتان ، چیاکرمانج ، دیاربەکرو سۆران).

ساڵی (1925) هاتووەتە ڕواندزو چاپخانەی زاری کورمانجی دامەزراندووە، ساڵێک دواى ئەوە و لە ساڵى 1926گۆڤاری (زاری کرمانجی ) هەر لەو شارەدا دەرکردووە ، تا ساڵی 1943 لە ڕواندز ماوتەوە، بەڵام بەهۆى هەڵوێستەکانى دوورخراوەتەوە بۆ شارى بەغدا تا ئەو رۆژەى کۆچی دوایی کردووە.

ساڵی (1926) چیڕۆکی (خۆشی و ترشی) و (مەڕۆکەو بزنۆکە)ی چاپ کردووە.

لە ساڵی (1928)  کتێبێکی دەربارەی بەخێوکردنی کرمی ئاوریشم نووسیوە.

لە ساڵی (1935) لە ھەولێر گۆڤاری (ڕووناکی) دەرکردووە.

لە نێوان ساڵانى (1943 – 1947) گۆڤار و رۆژنامەى (دەنگى گێتى تازە)ى لەگەڵ (تۆفیق وەهبى و حەسەن شێخ مارف لە شارى بەغدا دەرکردووە.

خاوەنی (17) کتێبی گەورەیە کە یانزە کتێبیان لەسەر مێژووی کوردە.

بۆماوەی پازدە ساڵ بەهۆى شارەزایى زۆرى لە زمانەوانى بە ھەموو توانایەکیەوە ھەوڵی داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری مێژویی سەبارەت بە مێژوی گەلی کوردە کە بە زمانەکانی (عەرەبی، ھیندی ، تورکی ، فارسی ، فەڕەنسی و ڕووسیدا ھەبون لەو سەردەمەدا) و گەلێک نوسراو و بەرهەمی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.

لە ماوەی (30) ساڵى خزمەتیدا بە بوارى مێژوو ئەدەبى کوردى (١٧) کتێبی نووسیووە کە (11) لەسەر مێژووى کوردە.

بەشێک لەو کتێبانەى لەسەر مێژووی کوردن بریتین لە: (مێرگەی دڵان، خونچەی بەھارستان، پێشکەوتن، ئاوڕێکی پاشەوە، میرانی سۆران، کوردستانی موکریان، ناودارانی کورد، بە کورتی ھەڵکەوتی دێریکی و لاپەڕەیەک لە دێریکی کوردستانی موکری*.

ژمارەیەک دەستنووسى چاپنەکراوى هەیە و ئامادەن بۆ چاپکردن.،

سەبارەت بە ئەدەب و مێژووی کورد لە چەندین رۆژنامە و گۆڤار بابەتى نووسیووە.

شارەزایەکى زۆرى لە جوانوسیی هەبووە و دەستێکی باشیشی لە ھونەری ھەڵکۆلینی سەر بەردو تەختەو وێنەگرتن و مۆرھەڵکەندنیشدا ھەبووە.

لە دواى کۆچى دوایشیدا شارى سلێمانى پەیکەرێکى بۆ درووستکرا، بەڵام دواتر پەیکەرەکەشى گواسترایەوە زێدى خۆى و لە ساڵى 2013 لە شارۆچکەى رواندز پەیکەرەکەیان دانا.

لە 20/9/1947 لە شارى بەغدا کۆچى دوایى کردووە تەرمەکەى هێنراوەتە شارى هەولێر و بەخاک سپێردراوە.