ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ع)
Jul 24, 2020

عەلی مەردان


- پیشەى هونه‌رى: مامۆستای مەقامات و گۆرانی کوردی.

- له‌ ساڵى 1904 لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی له‌ شاری کەرکووک  لە دایکبووە.

- خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک و لە لای ماموستا ساڵح دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەئوف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

- پاش ھەشت ساڵ له‌ تەکیە، شاری کەرکوکی جێھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان.

- لە ساڵی 1918 پاش جەنگی جیهانی یەکەم، به‌هۆى گرانى و هه‌ژارى ماڵیان لە كەركووك چووه‌ بۆ گوندى لەیلان و له‌وێ تەموورە ژەنێکی بە تواناى بە ناوی (خدر بارم) ناسیوە، کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی.

- لە گوندى له‌یلان باوکی نەخۆش دەکەوێت و كۆچى دوایى ده‌كات، خۆی و خۆشکەکەی و دایکی، بارودۆخى ئابوریان خراپتر ده‌بێت و له‌لاى خاڵیان ده‌ژین.

- به‌هۆى ئه‌وه‌ى خاڵی لە گەڵیاندا خراپ بووە، به‌ناچارى ده‌بێته‌ شوان و كارى كشتوكاڵى ده‌كات و ڕێگای گەشە و بەرەوپیشچوونی لێ دەگیردرێت.

- بۆ گوزەرانی ژیانى، بەپای پەتی و سەری کۆت، جوتیاری و شوانی و گاوانی کردووە.

- له‌ ساڵى 1919 له‌ ته‌مه‌نى (15) ساڵیدا شه‌وانه‌ له‌ گوندى له‌یلان مه‌قام و گۆرانى ده‌ڵێت، بەڵام خاڵی زۆری پێ ناخۆش دەبێ و دەچێت بە گژیدا، بۆیه‌ عاجز دەبێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕواتە ('حەوتەغار)' و لەوێ لای برادەرێکیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.

- دواى ئه‌وه‌ى ھاوڕێكەی دەكوژرێت، به‌نه‌چارى لە حەوتەغاریش ئاواره‌ ده‌بێت و روو دەکاتە شارى ‌بەغداد.

- له‌ شارى به‌غداد لەوێ دەستى كردووه‌ به‌ ‌كارکردن و پاش ماوەیەک گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شارى كەركووك، كه‌ ئه‌وكاته‌ تەنیا (4) مەقامی زانیوە.

- دوای ماوەیەیك بە بۆ جاری دووەم بە ئەزموونی زیاترەوە چوه‌ته‌وه‌ بۆ شارى بەغداد و ھەوڵی داوە خۆی بگەینێتە لای مامۆستایانی گەورەی ئەو سەردەمە کە لە بەغدا ناودار بوونە و شارەزاییەکی باشیان لە موزیكدا ھەبووە و له‌لاى ئه‌وان فێرى گۆرانی و بەستە كوردیەكان بووه‌، له‌وانه‌: مرتزا خانی ئەسفەهانی، ئەسغەرخانی هەمەدانی، سەیفەدینی كارزان و چەند کەسێکی دیكه‌).

- عەلی مەردان لە بارەی مورتەزاخانی سابڵاغیەوە وتویه‌تى: "بۆ جاری دووەم چوومە بەغداد، دوای ماوەیەك چووم بۆ بەعقووبە، لەوێ مهەندسێک بە ناوی حەمید شاكر، لە بەعقووبە دایمەزراندم، ڕۆژیك چووم بۆ نانخواردن بۆ بازاڕ تەماشام كرد، كابرایەك دانیشتووە سی‌وجگەر دەبرژینێ، گوێم لێ بوو مەقامێكی دەخوێند، مەقامەكە نازانم چیبوو. دانیشتم لە‌لای و بە عەرەبی وتم، زەحمەت نەبێ (10) فلس جگەرم بۆ ببرژینە. (10) فلس؟ (10) فلس زۆر کەمە. تا گەیاندمە (40) فلس. كابرا بە توندی دەستی گرتم و وتی: تۆ درۆ دەكەی بۆ جگەرخواردن نەهاتووی، ئیشت هەیە.

وتم بە ‌خوا گوێم لەو مەقامە بوو دانیشتم.

وتی: بۆ حەز لە مەقامات ئەكەی؟

وتم: منیش دەخوینم.

وتی من ناناسی كێم؟

 وتم نەوەڵڵا.

 وتی: من مرتزاخانی ئەسفەهانیم ئەسڵم سابڵاغیە.

بۆ ماوەی دوو ساڵ پێكەوە بووین. لە‌دوای ئەو، لە گەڵ ئەسغەرخانی هەمەدانی كە له ‌عەشیرەتی تاهیری هەمەدانیە بوومە ئاشنا. لە‌ویشەوە چەند مەقامێك فێر بووم وەك ماهوور، شووشتەری و دەشتی".

- دواى ئه‌وه‌ى ده‌چێت بۆ شارى بەغداد، مەقاماتی كوردى، فارسى و عه‌ره‌بى لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێربووه‌.

- شارەزای ژەنینی چەندین ئامێری موزیك بووه‌ و خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە.

- شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و توركمانى بووه‌.

- شیعری زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستە و  مه‌قامه‌تدا خوێندۆتەوە.

- لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی ھەندێک لە گۆرانییەکانیشی ھێندە بەرزن، بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە.

- مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان زانیووه‌.

- له‌ ساڵى 1940 دواى كردنه‌وه‌ى ڕادیوێ كوردی بەغدا تا ساڵى 1972 لەوێ ماوەتەوە.

- له‌ ساڵى 1948 بۆ کۆنسێرت چوه‌ بۆ فەلەستین و بەیرووت.

- لە ساڵی 1965 لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمارکردووە.

- لە ساڵی 1972 لە ئێستگەی کوردی بەغداد دواهه‌مین گۆرانی كه‌ بەستەیەک بووە تۆماری کردووە.

- یەكێك لەوانە بووە كە بە مەقامی ئای‌ ئای، هۆرە، خاوكەر و قەتار ئاشنایه‌تی پەیدا کردووه‌.

- بۆ بەڕێوەبردنی کونسێرت چوه‌ته‌ وڵاتانی سوریا، لوبنان، توركیا و ئێران و زیاتر سروودە نیشتمانیەكانی وتوه‌ و لە ڕادوێی ئەو وڵاتانەشەوە گۆرانیەكانی بڵاوكردۆته‌وه‌.

- بەشی زۆری بەرهەمەكانی مەقامن، لەوانە: هۆمایوون، نەهاوەند، بەیاتی تورك، بەیاتی كورد، چوارگای عەرەبی، هۆرە، عوشاقی مەسنەوەی و گەلێكی دیكە).

- زیاتر لە (700)  بەستەی ڕەسەنی كوردیی لێ بەجێ ماوە كە فریاى نه‌كه‌وت تۆماریان بكات.

- لەگەڵ هونەرمەنداندا تیكەڵاو بووە. بە تایبەت لە گەڵ حەسەن زیرەك زۆرى هاوڕێ بوونه‌ و به‌رده‌وام سه‌ردانى یه‌كتریان كردووه‌.

- لە ڕۆژی 24/7/1981 له‌ ته‌مه‌نى (77) ساڵى لە شاری بەغداد كۆچى دوایى كردووه‌، ئه‌گه‌رچى وه‌سێتى كردبوو لە گردی سەیوان لە لای شاعیران و ھونەرمەندان بینێژن تا ھیچ کات و زەمەنێک لە ھونەر و ھونەرمەندان دوور نەبێت، به‌ڵام  لە گۆرستانی شێخ محێدین له‌ شارى كه‌ركوك نێژراوە.

- گۆرانییه‌ باوبانگه‌كانى:

شیرین کەلامە، گیانە بەسیەتی، یاریکە ڕاکە پێکەنە، خۆم و عودەکەم، کەتان کەتانە، مێوڵێ و دێلێژە، ئەسمەر، وەرە قوربان، ھۆ برای جوتیار، لەیلێ، ڕەنجی بێوەرم، ھەوری لە قەدی ئاڵاوە، ە دەنگی خۆش بمھێنە جۆش، کە ئەو جوانە، ئەڕۆی ئۆغر، ە دایم دڵ تۆی ئەوێ، مامە، کەی دێتەوە، لە خرنە خرنە، ھەتا مردن، ئەڵوەن ناوت شیرینە، ئای چەندم خۆش دەوێ، ھەر تۆم ئەوێ تۆ، مینا گیان، لە کەلە دەنگی ساز دێ، شەو ڕۆژ، گۆڵە باخ، دەھەستە، کراس کودەری ئاوریشم، سەد جار بەو مانگە، ھەستە با بچین بکەین تەماشا، کۆڵان بە کۆڵان، ئەم پەرچەم و ئەگیجە، ئاخ چی بکە نیمە چارە، ئەو چاو جوانە، ھۆ کاکەی شوان، وەرە قوربان، فاتمە، برای شیرینم، خاڵۆ خاڵۆ، شەو و ڕۆژ لە خایاڵ و لە بەرچاوی.

- مه‌قامه‌ بەناوبانگەکانی:

لەبەر چاوی بەد، چەند جارم وت، با یادم کا فریادم کە، ڕەنجی بێوەرم، ڕاستەی خیابان، لێم یاخی، لەبەر نازی چاو بازان، ئەی مانگ، چی بکەم، دڵ لە حەسرەت، مەمکوژە گیانە بە ھیجران، بە داوی زۆڵفت، بە بەردی فیرقەتت و بە غەمزەی چاوی مەخموری.