ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (م)
Aug 5, 2020

مامه‌ند كه‌ركوكی


- پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: شاعیر

- ناوی ته‌واوى:‌ ره‌مزی‌ ره‌حیم جاو فرۆش.

- له‌ ساڵی‌ 1894 له شارى‌ كه‌ركوك له‌ دایكبووه‌.

- له‌ زۆر شوێنی‌ كوردستان مامۆستایه‌تی‌ و فه‌رمانبه‌ری‌ كردووه‌.

- ماوه‌یه‌ك له‌ كۆیه‌ مامۆستا بووه‌ و هاوه‌ڵی‌ زۆرێك له‌ شاعیرو نوسه‌رانی‌ هاوسه‌رده‌می‌ بووه‌.

- خاوه‌ن بیرو باوه‌ڕو ئازادیویست و سه‌ربه‌خۆیخواز بووه‌.

- جگه‌ له‌ شیعر وتاریشی‌ نووسیوه‌، وتاره‌كانیشی‌ داكۆكی‌ بوونه‌ له‌ كورد بوون و زمانی‌ كوردی‌ بووه‌.

- له‌ شیعریشدا هه‌وڵی‌ داوه‌ جۆرێك تازه‌ گه‌ری‌ بكات، به‌ڵام كه‌می‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ و فه‌وتانی‌ زۆربه‌ی‌ نوسین و شیعره‌كانی‌ بواری‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ی‌ ورد تری‌ له‌ باره‌وه‌ بكرێت.

- زۆربه‌ی‌ ده‌ستنووسه‌كانی‌ كه‌وتوه‌ته ‌لای‌ دكتۆره‌ نه‌سرین فه‌خری‌ و ئیتر تیاچووه‌.

- هاوڕێی‌ نزیكی‌ بێكه‌س و گۆران و ئه‌سیری‌ و شێخ نوری‌ بووه‌.

- له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى ژیانیدا (2) دوو جار هاوسه‌رگیرى كردووه‌ و بوه‌ته‌ باوكى (3) سێ‌ كوڕو (5) پێنج كچ به‌ناوه‌كانى: (سه‌لاحه‌دین، نه‌وزاد، هه‌ڵۆ، خاتوزین، گوزیده‌، سه‌وزه‌، شه‌رمین و نه‌سرین).

- لە رۆژى 5/8/1966 له‌ ته‌مه‌نى (72) ساڵى كۆچى دوایى كردووه‌.

- له‌دواى كۆچى هه‌ندێك له‌ شیعره‌كانی كۆكراوه‌ته‌وه‌ و به‌ ناوی‌ (مامه‌ند كه‌ركوكی‌ شاعیرێكی‌ له‌ بیركراو) له‌چاپدراوه‌.

- له‌ یه‌كێك له‌ شیعره‌كانیدا وتویه‌تى:

به‌سه‌ له‌ گوێی‌ گادا نووستن

هاواره‌ وریا بن وریا

با دڵ به‌ یه‌كتر ببه‌ستین

به‌سه‌ په‌رده‌ی‌ دڵمان دڕیا

هه‌روه‌ها له‌ شوێنێكی‌ تردا ده‌ڵێت :

هه‌ ڵسن له‌ خه‌وێ‌ خزمه‌ ده‌م و چاوێ‌ بشۆرن

 

- هه‌روه‌ها له‌ شیعرێكى دیكه‌یدا وتویه‌تى:

ئه‌م جه‌هل و نیفاق و سیفه‌و زیلله‌ته‌ ده‌كه‌ی‌

ئه‌م بێشه‌ره‌فی‌ وخۆخۆری‌ و غه‌فڵه‌ته‌ تاكه‌ی‌

ئه‌م بوغزو شیقاق و حسد و عوزله‌ته‌ تاكه‌ی‌

بێ‌ فكری‌ و سه‌رمه‌ستی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ تاكه‌ی‌

تا كه‌ی‌ ئه‌بنه‌ مه‌سخه‌ره‌یی‌ عاله‌می‌ هۆشیار