ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (س)
Aug 5, 2020

سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی


- ناوی ته‌واوی: عه‌لی نیزامه‌ددین جامى.

- پیشه‌ى هونه‌رى: گۆرانیبێژ

- له‌ ساڵی 1881 له‌ گوندی (سه‌ڵوه‌تاوا)ی نزیك شاری سنه‌ له‌ دایك بووه‌.

- بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌نه‌وه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی (باباتاهیری هه‌مه‌دانی) شاعیری ناوداری كورد.

- سه‌ره‌تا خراوه‌ته‌ به‌رخوێندنی ئاینی لای مامۆستایانی ئاینی شاری سنه‌ ده‌رسه‌ ئاینییه‌كانی خوێندووه‌.

- له‌بۆنه‌ ئایینیه‌كاندا قورئان ‌و موناجاتی ئاینی خوێندووه ‌‌و له‌وه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ده‌نگێكی خۆشی هه‌یه‌، ئیدی له‌ دنیای ئایینه‌وه‌ هاتۆته‌ ناوی دنیای گۆرانی‌ و موزیكی كوردی.

- هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ كاتێ فه‌قێ بووه‌ خه‌ڵكی پێیان زانیوه‌ كه‌ ئه‌و خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆشە، به‌ تایبه‌تیش كاتێك له‌ مزگه‌وت بانگی داوه‌ و سه‌ڵای كردووه‌ و له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان قورئانی خوێندووه.

- ‌وه‌ك زۆربه‌ى هونه‌رمه‌ندان سه‌ید سه‌غه‌ریش تووشى به‌رهه‌ڵستى باوكى بووه‌و باوكى پێى خۆش نه‌بووه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ى گۆرانى بڵێت، به‌ڵكو حه‌ز ده‌كات زیاتر به‌ قورئان خوێندنه‌وه‌ سه‌رقاڵ بێت، باوكی زۆر جار له‌سه‌ر گۆرانی گوتن لۆمه‌ی كردووه‌و پێى گوتووه‌، كه‌ واز بهێنێت و له‌ پێش چاوی خه‌ڵك گۆرانی نه‌ڵێت! چونكه‌ بۆ ئه‌وان كه‌ سه‌یدن كارێكی ناشیرینه‌ و به‌جێ نییه‌، به‌ڵام ئه‌سغه‌ر له‌ وه‌ڵامی باوكیدا گوتویه‌تی"ده‌نگی من به‌هره‌یه‌كی خوداییه‌ و نابێ له‌ خه‌ڵك بشاردرێته‌وه‌" ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ناكۆكی خۆی و باوكی و ناچار ده‌بێت گونده‌كه‌ی خۆیان جێ بێڵێت و چووه‌ته‌ سنه‌.

- دواى به‌جێهێشتنى ماڵى باوكى چاییخانه‌یه‌ك له‌ سنه‌ بووه‌ ماڵێكى خنجیلانه‌ بۆ ده‌نگه‌ ناسكه‌كه‌ى سه‌ید ئه‌سغه‌رى كوردستانى، ئێواران ده‌چووه‌ ئه‌و چایخانه‌یه‌، له‌وێ گۆرانی ده‌وت و خه‌ڵك گوێیان بۆ ده‌گرت.

- له‌ ساڵى 1901 له‌ ته‌مه‌نی (20) ساڵی ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ (ماه شه‌ره‌ف خانم) پێكهێناوه‌ و (3) سێ كوڕ و (2) دوو كچیان بووه‌، به‌ناوه‌كانى (عه‌بدولئه‌حه‌د، مه‌سیح، عه‌لی ئه‌شره‌ف، زه‌هرا و شرافت).

- له ‌ساڵی 1929 ئه‌وكاته‌ی ته‌مه‌نی (47) ساڵ بووه‌، ته‌نها یه‌ك مانگ له‌ شارى تاران ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌نگی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركردووه‌.

- ‌له ‌ساڵی 1929 كۆمه‌ڵێ مه‌قام و گۆرانی بۆ كۆمپانیای گرامافۆنی (پۆلیفۆن) تۆمار كردووه‌.

- شاره‌زایی ته‌واوی ده‌سگاگه‌لی موزیكى ئێرانی بووه‌، زۆربه‌ی مه‌قامه‌كانی خوێندووه‌ به‌و ده‌نگه‌ داودییه‌ی، له‌وانه‌ سێگاه‌، هومایۆن، شور، به‌یات تورك (به‌یات زه‌ند)، ئه‌فشاری، شوشته‌ری، ئه‌بو عه‌تا ، ده‌شتی (غه‌م ئه‌نگێز)، ئیسفه‌هان.

- له‌گه‌ڵ خاتوو قه‌مه‌ر ملوكی وه‌زیری له‌ تاران یه‌كتریان بینیوه‌ و گۆرانی و مه‌قامیان به‌رامبه‌ر یه‌كتر وتووه‌.

- یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كه‌ مه‌قاماتی كوردی خسته‌ سه‌ر گرامافۆن (قه‌وان) بۆ مه‌قامه‌كانی شیعری (مه‌وله‌وی) هه‌ڵبژاردووه‌ و بۆ ئاوازی گۆرانییه‌كانی سودى له‌ شیعره‌كانی (وه‌فایی) بینیوه‌.

- له‌ وتنی مه‌قام و گۆرانی و ئاوازه‌كانی كه‌مترین وشه‌ی بێگانه‌ی به‌كارهێناوه‌، ئه‌مه‌ش جێی تێرامانه‌ چونكه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ فارسی زمانی ره‌سمی بووه‌.

- هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی مۆزیكیان بۆ ژه‌نیوه‌ فارس بوونه‌ و ئامێره‌ مۆسیقیه‌كانیش هیچی كوردی نه‌بوون، به‌ڵام گۆرانیه‌كانی ره‌نگ و بۆنی كوردی هه‌یه.

- له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى ژیانیدا گه‌لێ مه‌قام و ئاوازی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركردووه‌، به‌ڵام ته‌نها (14) چوارده‌ مه‌قام و گۆرانی پارێزراون و له‌ ئه‌رشیڤدا ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێك له‌و قه‌وانانه‌ فه‌وتاون، ئه‌وانه‌شی كه‌ پارێزراون خانه‌واده‌ی (ئاصف دیوان) له‌لای خۆیان پاراستبویان و پێشكه‌شی رادیۆی سنه‌یان كرد.

- ئه‌گه‌رچى گۆرانى تۆماركراوه‌كانى كه‌م بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ده‌نگه‌ سیحراوی ‌و به‌سۆزه‌كه‌یه‌وه‌، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌دا ناسرابوو.

- شیعرى‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كانی شیعری كلاسیكی كوردی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ مه‌قام و گۆرانیه‌كانی، ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ بۆ گۆرانیه‌كانی كه‌ بۆ گۆرانیه‌كانی هه‌ڵبژاردون، شیعری (مه‌وله‌وی، وه‌فایی، تاهیر به‌گی جاف و بابا تاهیری هه‌مه‌دانی) بووه‌.

- لە رۆژى 6/8/1936 له‌ ته‌مه‌نى (55) ساڵی له‌ گوندی سه‌ڵاواتى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كۆچى دوایى كردووه‌ و له‌ گۆڕستانی سه‌ڵوه‌ئاوا ته‌رمه‌كه‌ی به‌ خاك سپێردراوه‌ .

- هونه‌رمه‌ندی ئیرانی شه‌جه‌ریان یه‌كێ له‌ ئاوازه‌كانی سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی به‌ناوی (غه‌مگین و دڵپه‌شێوم... بروانه‌ باری لێوم). وتووه‌ته‌وه‌ به‌ شیعرێكی فارسی.

- هونه‌رمه‌ندان (مه‌زهه‌ری خالقی) و (عه‌زیزی شاروخی) له‌سه‌ره‌تای گۆرانی وتنیان و ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری لاسایی مه‌قام و گۆرانیه‌كانی سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ریان كردۆته‌وه‌، دوایی به‌ شێوه‌ و ئوسلوبی خۆیان گۆرانیان وتووه‌.

- گروپی موزيكی كامكاران ئه‌لبومێكی مۆسیقا و گۆرانییان به‌ناوی (زه‌ردی خه‌زان) به‌ یادی سه‌یده‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌.

مه‌قامه‌ تۆماركراوه‌كانى:

ـ سێگا

ـ ده‌شتی (غه‌م ئه‌نگێز).

ـ هومایون

ـ ئه‌بو عه‌تا

ـ به‌یاتی تورك (به‌یات زه‌ند).

ـ شوشته‌ری

ـ ئه‌صفه‌هان

ئاواز و گۆرانیه‌ تۆماركراوه‌كانى:

ـ غه‌مگین و دڵپه‌شێوم ـ ده‌شتی

ـ یار غه‌زال ـ به‌یاتی تورك (به‌یات زه‌ند).

ـ ئه‌ی ڕه‌فیقانی ته‌ریقه‌ت ـ شور

ـ جانی جانم وه‌ره‌ ـ ئه‌فشاری

ـ كراس كورتێ ـ ده‌شتی

ـ هه‌ی نابێ نابێ ئه‌فشاری

ـ ئای له‌ له‌نجه‌ ـ ئه‌صفه‌هان

ئه‌و مۆسیسیانه‌ى موزیكیان بۆ ژه‌نیوه‌:

- مورته‌زاخانی نه‌ی داود ـ تــار

- موسا خانی نه‌ی داود ـ ڤیۆڵۆن

- عه‌بدولحسین شه‌هنازی ـ تــار

- ئه‌میر ئه‌رسه‌لانی ده‌رگاهی ـ تـــار

- مه‌هدی خانی ئه‌سفه‌هانی ـ نـــه‌ی

- حه‌بیب سه‌ماعی ـ سه‌نتور

- سه‌لیم خان ـ ڤیۆلین

- موشیر خانی قه‌وام

- یه‌حیا خانی زێرشین ـ ڤیۆلین.